×
موسڵمانی بەڕێز: دیارە یەکێک لەچاکەو بەخششی خودا بۆموسڵمانان ئەوەیە کەکۆتای مانگەکانی ساڵی مانگی ( ذو الحجة ) یە کەمانگی حەج کردن و عیبادەت کردنە، وەسەرەتای مانگەکانی ساڵی دەست پێدەکات بە مانگی موحەرەم کەمانگی چاکەکردن و عیبادەت کردنە بەتایبەتی عیبادەتی ڕۆژوو گرتن.

    گەورەیی مانگی موحەڕەم وبەرۆژوبوونی عاشورا

    فضل شهر الله المحرّم وأجر صيام عاشوراء

    دكتۆر كه‌مال صادق یاسین له‌ك

    مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی صلاح الدین- ھەولێر -

    الدكتور كمال صادق ياسين لك

    أستاذ بكلية العلوم الإسلامية بجامعة صلاح الدين أربيل -

    —™

    پێداچونه‌وه‌ی: حاجی ئومید چروستانی

    مراجعة: أوميد عمر علي

    گەورەیی مانگی موحەڕەم وبەرۆژوبوونی عاشورا

    بسم اللە الرحمن الرحیم

    الحمد للە وکفی والصلاة والسلام علی عبادە الذین اصطفی، وبعد:

    موسڵمانی بەڕێز: دیارە مانگی موحەرەم مانگێکی زۆر مەزن وپیرۆزە لەڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە، خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: [ إِنَّ عِدَّةَ ٱلشُّهُورِ عِندَ ٱللَّهِ ٱثۡنَا عَشَرَ شَهۡرٗا فِي كِتَٰبِ ٱللَّهِ يَوۡمَ خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ مِنۡهَآ أَرۡبَعَةٌ حُرُمٞۚ ذَٰلِكَ ٱلدِّينُ ٱلۡقَيِّمُۚ فَلَا تَظۡلِمُواْ فِيهِنَّ أَنفُسَكُمۡۚ ...] { التوبە:٣٦ } .

    واتە: بەڕاستی ژمارەی مانگەکانی ساڵی لەلای خوا دوانزە مانگە، ئەمە لە لوح المحفوظ ولەعیلمی خوادادا بڕیار دراوە، لەوڕۆژەی کە خوا ئاسمانەکان وزەوی دروست کردووە، چوار لەو مانگانە زۆر گەورەو بەرێزن شەڕیان تێدا قەدەغە کراوە، بەڕاستی ئەوەیە ئاینی رێک و تەواو وڕاست کەواتە لەو چوار مانگە ھیچ جۆرە زوڵم وستەمێک مەکەن لە خۆتان ویەکتری ئازار نەدەن.

    ھەروەھا پێغەمبەری خواش ( صلی الله علیه وسلم ) دەفەرمووێت: " السَّنَة اثنَا عَشَرَ شَهرًا مِنْها: أَرْبَعَة حُرُمٌ ثلاث متواليات ذو القعدة وذو الحجة ومحرم ورجب مضر بَينَ جُمَادَى وشَعْبَانَ " { رواە الشیخان }.

    واتە: " ساڵ دوانزە مانگە چواریان زۆر بەڕێزو حورمەتن، سێیان لەدوای یەکترن: (ذو القعدة و ذو الحجة وموحەرەم) وەمانگی ڕەجەبیش بەتەنھا کەدەکەوێتە نێوان مانگی جمادی (دووەم) وشەعبان" .

    دیارە عەرەبەکان لە پێش ھاتنی ئیسلامیش ڕێزو حورمەتی ئەم چوار مانگەیان زۆر دەگرت وشەڕیان تێدا نەدەکرد ھەتا ئەگەر یەکێک تووشی بکوژی باوکی یان کوڕی یان برای خۆی ببوایە بێزاری نەدەکرد، وەکاتێک ئاینی ئیسلامیش ھات زیاتر بایەخیدا بە رێز گرتن وبەرز ڕاگرتنی ئەم مانگانە، وەبڕیاریدا کە پاداشت وسزای چاکەو خراپە چەند قات دەبێت بۆ خاوەنەکەی، وە خوای گەورە داوای لە موسڵمانان کردووە کە زوڵم وستەم وگوناهـ ئەنجام نەدەن بەتایبەتی لەم مانگانەدا.

    أبو عثمان النھدي (رەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: " پێشینەو پیاوچاکان سێ دە ڕۆژەیان بە بەبەرزی ڕادەگرت، دەڕۆژەی کۆتای مانگی ڕەمەزان، وە دەڕۆژەی یەکەمی مانگی ذو الحجة وە دەڕۆژەی سەرەتای مانگی موحەرەم ". (لطائف المعارف لاپه‌ڕه‌ ٨٥).

    ھەربۆیەش ڕاڤەکاری قورئان أبو قتادة (رەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: " ئەو بەرەبەیانەی خوا سوێندی پێ خواردوە (والفجر) بەرە بەیانی ڕۆژی یەکەمی مانگی موحەرەمە". (فتح القدیر٥/٤٩٢).

    دیارە یەکێک لەچاکەو بەخششی خودا بۆموسڵمانان ئەوەیە کەکۆتای مانگەکانی ساڵی مانگی ( ذو الحجة ) یە کەمانگی حەج کردن و عیبادەت کردنە، وەسەرەتای مانگەکانی ساڵی دەست پێدەکات بە مانگی موحەرەم کەمانگی چاکەکردن و عیبادەت کردنە بەتایبەتی عیبادەتی ڕۆژوو گرتن، پێغەمبەری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) دەفەرمووێت: " أفضل الصيام بعد رمضان شهر الله المحرم " { رواە مسلم } .

    واتە: چاکترین رۆژوو گرتن دوای مانگی رەمەزان بەڕۆژوو بوونی مانگی موحەرەمە .

    دیارە ناوھێنانی مانگی موحەرەم بە مانگی خوا ( شھر اللە المحرم ) واتە: خوا ناوی ئەم مانگەی داوەتە پاڵ ناوی پیرۆزی خۆی، له‌ ڕاستیشدا ئەمەش مانای زیادە ڕێزو تەشریف و گەورەیی ئەم مانگەیە.

    ئیمام ئیبن رجب (رەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرمووێت: " ھەر کەسێک لەمانگی (ذو الحجة) بەڕۆژوو بێت بەتایبەتی رۆژی عەرەفە وە لەموحەڕەمیش بەڕۆژوو بێت بەتایبەتی رۆژی عاشورا، ئەوکەسە ساڵەکەی کۆتایی ھێناوە بە عیبادەت کردن وەدەستپێکی ساڵی تازەی عیبادەتکردن بێت ئەوە ئومێد دەکرێت ئەوساڵەی ھەمووی بەچاکە بۆ بنوسرێت، چونکە ھەرکەسێک سەرەتای کردەوەکانی خێر وچاکە بێت وە کۆتای کردەوەکانیشی ھەر خێر وچاکە بێت ئەوە لە حوکمی ئەو کەسەیە کەبەردەوام لەچاکەکردن دابێت، واتە ساڵەکەی ھەمووی بە چاکە بۆ ھەژمار دەکرێت لەسەرەتای تاکۆتایی وە ئەو ماوەیه‌یشی لە نێوانیان دایە". (لطائف المعارف لاپه‌ڕه‌ ٨٥).

    شتێکی ڕوون وئاشکرایە کە مرۆڤەکان بەردەوام گوناهو تاوان ئەنجام دەدەن لەبەرامبەری ئەمەشدا دەرگای ڕەحمەتی خودا کراوەیە بۆ لێبوردن وعەفوکردن، بەکردنی چەند جۆرە چاکەیەک کە دەبێتە مایەی سڕینەوەی گشت تاوانەکان، وەیەکێک لەم کردەوانە بەڕۆژووبوونە، بەتایبەتی ھەندێک ڕۆژی دیاریکراو، وەک ڕۆژی عاشورا، کەڕۆژی دەیەمی مانگی موحەرەمە، کاتێ پرسیار کرا لە پێغەمبەری خوا ( صل الله علیه وسلم ) دەربارەی پاداشتی بەڕۆژووبوونی عاشورا فەرمووی: "يكفر السنة التي قبله " { رواە مسلم } .

    واتە: بەڕۆژووبوونی ئەو ڕۆژە دەبێتە مایەی سڕینەوەی گوناھی ساڵی ڕابردووی ئەو کەسە ". بەڕاستی خێرێکی زۆر گەورەیە، مژدەو خۆشی بۆ ئەو کەسەی لەدەستی خۆی نادات، ئەویش بەڕۆژووبوونی یەک ڕۆژە کەدەبێتە ھۆکاری سڕینەوەی گوناھی ساڵێکی تەواو، بۆیە پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم ) زۆر چاوەڕێی ھاتنی رۆژی عاشورای دەکرد، وەک ئیبن عباس (رەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت : " مَا رأيت النَّبِي ( صلى الله عليه وسلم ) يتحرى صيام يوْمٍ فضله عَلى غيره إِلا هذا اليوم, يوم عاشوراء " { رواە البخاري } .

    واتە: نەم بینیوە پێغەمبەری خوا ( صل الله علیه وسلم ) بگەرێت بەدوای رۆژێک تێدا بەرۆژوو بێت وبەچاکتری دانابێت لەرۆژانی تر تەنھا ئەم رۆژە نەبێت، واتا: رۆژی عاشورا .

    بەڕاستی رۆژی عاشورا ھەر لە کۆنەوە بەرۆژێکی مێژوویی گەورە دانراوە، ھەروەکو لە صه‌حیحی بوخاری ھاتووە: " عن ابن عباس رضي الله عنهما أن رسول الله ( صلى الله عليه وسلم ) قدم المدينة فوجد اليهود صياماً يوم عاشوراء فقال لهم رسول الله صلى الله عليه وسلم: «ما هذا اليوم الذي تصومونه فقالوا: هذا يوم عظيم أنجى الله فيه موسى وقومه وغرّق فرعون وقومه فصامه موسى شكراً فنحن نصومه. فقال رسول الله ( صلى الله عليه وسلم : ( فنحن أحق وأوْلى بموسى منكم فصامه رسول الله صلى الله عليه وسلم وأمر بصيامه " { رواه مسلم } .

    واتە: کاتێک پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم ) کۆچی کردو گەیشتە مەدینە بینی جولەکەکان ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبن، فەرمووی: ئەمە چیە؟ ووتیان: ئەم رۆژە زۆر چاک وپیرۆزە، لەم رۆژەدا خوای گەورە گەلی ئیسرائیلی رزگار کرد لە دوژمنەکەیان کە فیرعەونە، بۆیە موسا پێغەمبەر ( عليه السلام ) لەم رۆژەدا بەرۆژوو بوو وەک سوپاسێک بۆ خودا، ئینجاپێغەمبەری خواش ( صلى الله عليه وسلم ) فەرمووی: من لە موسا ( علیه السلام ) لە ئێوە لە پێشترم، خۆی بەرۆژوو بوو، وەداوای لە موسڵمانانیش کرد کە بەرۆژووبن لەم رۆژەدا.

    -وەلەبەر گەورەیی عاشورا قوڕەیشیەکان لە پێش ئیسلامدا لەگەڵ ئەوەی بت پەرستیش بوون لەم رۆژە دا ھەر بەرۆژوو دەبوون، وەکو دایکمان عائشە-رچی اللە عنھا- دەگێرتەوە: " كانت قريش تصوم عاشوراء في الجاهلية وكان رسول الله صلى الله عليه وسلم يصومه . فلما هاجر إلى المدينة صامه , وأمر بصيامه فلما فرض شهر رمضان ترك يوم عاشوراء, وقال من شاء صامه ومن شاء تركه " { رواە البخاری }. واتە: قورەیشیەکان لەسەردەمی نەفامی پێش ئیسلام لەم رۆژە دا بەرۆژوو دەبوون، وە پێغەمبەری خواش ( صل الله عليه وسلم ) لەپێش پێغەمبەرایەتی عاشورا بەرۆژوو دەبوو، وکاتێک کۆچی کرد بۆ مەدینە لەساڵی یەکەمی کۆچی بەخۆی عاشورا بەڕۆژوو بوو وەفەرمانیشی کرد بە موسڵمانان کە ھەمووان بەڕۆژوو بن تاکو ساڵی دواتر رۆژووی ڕەمەزان فەرز کرا، بەڵام کاتێک رۆژووی رەمەزان فەرزکرا وازی لەبەرۆژوو بوونی عاشورا ھێنا وەکو فەرز،پاشان فەرمووی: ئەوەی حەز دەکات با بەڕۆژوو بێت، وەئەوەی حەز ناکات با بەرۆژوو نەبێت .

    چونکە بووبە سوننەت پاش فەرزبوونی رەمەزان، ئەمە ڕای زۆر لەزانایانە کە یەکەم جار بەرۆژوو بوونی عاشورا فەرزو واجیب بوو پاشان بوو بە سونەت .

    دوای ھاتنە خوارەوەی ئایەتی رۆژووی رەمەزان لەساڵی دووەمی کۆچی.

    وەلەبەر گرنگی ئەو رۆژە ھاوەڵانی بەڕێز ڕۆژوویان بەمناڵەکانیشیان دەگرت، وەک لە بوخاریدا ھاتووە کە خاتوو ڕوبه‌یعی كچی موعه‌وه‌ذ (خوای لێ ڕازی بێت ) ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت : أرسل النبي صلى الله عليه وسلم غداة عاشوراء إلى قرى الأنصار من أصبح مفطرا فليتم بقية يومه ومن أصبح صائما فليص قالت : فكنا نصومه بعد ونصوم صبياننا ونجعل لهم اللعبة من العهن فإذا بكى أحدهم على الطعام أعطيناه ذاك حتى يكون عند الإفطار . { رواه البخاري } .

    واتە: پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم ) زۆر سوور بوو لەسەر بەرۆژوو بوونی عاشورا، بۆیە لەساڵی یەکەمی کۆچی بەیانیەکەی رۆژی عاشورا ھەواڵی بۆ گوند ولادێکانی ئەنصار نارد کەھەرکەسێک بەرۆژوو نیە، واتە شتی خواردووە با ھیچ نەخوات تا ئێوارە، وەھەر کەسێک بەرۆژووە با رۆژووەکەی تەواو بکات، وئەم ئافرەتە صەحابیە دەفەرموێت: دوای ئەم فەرمانەی پێغەمبەری خوا ( صلى الله عليه وسلم ) عاشورا بەرۆژوو دەبووین ورۆژوومان بە مناڵەکانیشمان دەگرت، وەیاریمان لە خوری بۆ دروست دەکردن، ئەگەر برسیبان ببوایه‌ و و گریابان مەشغوڵمان دەکردن بەیاری تا کاتی ئێوارەو رۆژوو شکاندن.

    بەڕاستی پێغەمبەری خودا ( صلى الله عليه وسلم ) گرنگی زۆری دەدا بەبەرۆژوو بونی ئەم رۆژە،وەک جابر بن سمرە ـ ڕەزای خوای لێبێت ـ دەفەرمووێت: " كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يأمرنا بصيام يوم عاشوراء ويحثنا عليه ويتعاهدنا عنده ... " { رواە مسلم } .

    واتە: پێغەمبەری خودا ( صل الله عليه وسلم ) فەرمانی پێدەکردین کە عاشورا بەرۆژوو بین وەزۆر ھانی دەداین وەزۆر لێی دووبارە دەکردینەوە.

    چەند تێبینی وڕوونکردنەوەیەکی بەسوود وگرنگ له‌ باره‌ی ڕۆژوو گرتنی ئه‌م ڕۆژه‌وه‌ :

    ١- سونەت وایە لەگەڵ بەرۆژووبوونی عاشورا ڕۆژیکی تر بەڕۆژوو بێت یان پێشتر یا دواتر، واتە: یا نۆی موحەرەم یان یانزەی موحەرەم چونکە پێغەمبەری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فەرموویەتی: " لإن بقيت إلى قابل لأصومن التاسع " { رواە مسلم } .

    واتە: ئەگەر لەژیاندا بم ساڵێکی تر رۆژی نۆیەمی موحەرەمیش بە رۆژوو دەبم، بەڵام پێغەمبەری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) وەفاتی کرد و لەژیاندا نەما تا بەرۆژوو بێت وەک ئاشکرایە، وەئەمەش بۆ جیاوازی لەگەڵ رۆژووی جولەکەکان بوو، چونکە ئەوان ئەم رۆژەیان کردبوە جەژن، بۆیە ھەندێک لەزانایان وەک ئیبن القیم (ڕەحمەتی خوای لێبێت) ووتویەتی: بەڕۆژوبوونی عاشورا سێ پلە وپایەیی ھەیە: -

    یەکەم: بەڕۆژوو بوونی نۆیەم ودەیەم و یازدەی موحەرەم ئەمەیان چاکترین وبەرزترین پلەیە.

    دووەم: بەڕۆژوو بوونی دەیەم ویانزەی موحەرەم .

    سێیەم: بەڕۆژوو بوونی دەیەمی موحەرەمە واتە تەنھا عاشورا. (زاد المعاد٢/٦٣).

    زانایانی شافیعی (ڕەحمەتی خوایان لێبێت) فەرموویانە: ئەگەر نۆیەم بەڕۆژوو نەبوو ئەوە سونەتە رۆژی یانزە بەرۆژوو بێت، وەک لە کتێبی ( مغنی المحتاج ١/٥٩٦) دا ھاتووه‌ : " فإن لم يصم معه تاسوعاء, سن إن يصوم مع الحادي عشر, بل نص الشافعي في الأم والإملاء على استحباب صوم الثلاثة " ، واتە: ئەگە نۆیەم بەرۆژوو نەبوو سونەتە رۆژی یانزە بەرۆژوو بێت، بەڵکو ئیمامی شافعی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) لە کتێبی (الأم) بەدەق فەرموویەتی: سونەتە ھەرسێ ڕۆژەکە بەڕۆژوو بێت، واتە: ( نۆو دە ویانزەی موحەرەم). بڕوانە: (حواشی الشروانی وتحفة المحتاج ٣/٤٥٦، ونھایة المحتاج ٣/٢٠٧) .

    وەحیکمەتی ئەمەش لەمە دەردەکەوێت زیادە گرنگی وئیحتیات کردنە بۆبەدەست ھێنان وپێکانی پاداشتی ئەم رۆژەیە، چونکە لەوانەیە ھەڵە کرابێت لە دیاریکردنی سەرەتاو ڕۆژی یەکەمی مانگی موحەرەم –بەزیاد وکەمی- رۆژی عاشورای بەرنەکەوێت ئەگەر تەنھا ئەم ڕۆژە بەڕۆژوو بێت، وھەروەھا جیاوازی وپێچەوانەکردنی عیبادەتی جولەکەکانیشە بەوەی کەلەگەڵ عاشورا ڕۆژێکی پێشتر یان ڕوۆژێکی دواتری لەگەڵ بەڕۆۆژوو بین، ئەمەش پێغەمبەری خوا (صل الله علیه وسلم ) وای حەز کردووە چونکە ئەوان تەنھا ڕۆژی دەیەم بەڕۆژوو دەبوون، بۆیە فەرموویەتی: " خالفوا اليهود صوموا يوما قبله أو يوما بعده " { صحيح ابن خزيمة 3/290، ومسند أحمد 2155 } .

    ٢- بنەمای ئاینی گشت پێغەمبەران یەکە، وھەمووان بران ویەک سەرچاوەیان ھەیە، وەپێغەمبەری خۆمان ( صلی الله علیه وسلم ) و ئۆمەتەکەی لەپێشترن لە موسا لە جولەکەکان، چونکە پێغەمبەر ( صلی الله علیه وسلم ) وئۆمەتەکەی ئیمانیان ھێناوە بە گشت پێغەمبەران وپەیامەکانیان، بەڵام ئەوان بڕوایان نەھێناوە بەمحمد وعیساو موسا وئیبراھیم وپێغەمبەرانی تر- علیھم السلام-.، خوای گەورە دەفەرمووێت: [ إِنَّ أَولَى ٱلنَّاسِ بِإِبرَٰهِيمَ لَلَّذِينَ ٱتَّبَعُوهُ وَهَٰذَا ٱلنَّبِيُّ وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَٱللَّهُ وَلِيُّ ٱلمُؤمِنِينَ ] { ال عمران : 68 } .

    واتە: بێگومان نزیکترین کەس لە ئیبراھیم – علیه السلام - ودۆسترین کەس بۆی ئەوانەن لەئۆمەتەکەی خۆی کەوەختی خۆی ئیمانیان پێ ھێناوەو پەیڕەویان کردووە وشوێن کەوتەی بوون، ھەروەھا ئەم پێغەمبەرەیە کەموحەمەدە ( صلی الله علیه وسلم ) وەئەوانەشن کەباوەڕیان پێ ھێناوە، نەک جولەکەو گاورەکان، کەواتە خۆشەویستی پەیرەوی کردن بە سەرزارەکی نابێت، وەخواش پشت وپەناو پارێزەری گشت ئیماندارانە ویارمەتیان ئەدات.

    ٣- شوکری خواکردن ودەر بڕینی خۆشی بە سەرکەوتنی موسڵمانان کارێکی پێویستە، وەک پێغەمبەری خوا( صلی الله علیه وسلم ) چۆن دڵخۆش بوو کاتێك بیستی رۆژی عاشورا رۆژی سەرکەوتنی موسا پێغەمبەر – علیه السلام- وگەلی ئیسرائیلە بەسەر فیرعەون ودارو دەستەکەی.

    ٤- مەبەست لەسڕینەوەی تاوانەکان تاوانە بچوکەکانە چونکە گوناھی گەورە تۆبەی تایبەتی دەوێت، ئیمام النووی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: " ئەو کردەوانە گوناهە بچوکەکان لادەبات، ئەگەر گوناهی بچوکی نەبێت ئەوە بەئومێدین گوناهی گەورەی سوک بکات، ئەگەر گوناهی گەورەو بچوکی نەبێت ئەوە پلەی زیاتری پێدەدرێت لە چاکەکانی زۆر دەبێت". ( المجموع ٦/٣٨٢).

    ئیمام ئیبن تیمیە (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: " دەست نوێژ گرتن ونوێژکردن وبەرۆژووبوونی رەمەزان وعەرەفەو عاشورا دەبێتە مایەی سڕینەوەی تەنھا گوناھە بچوکەکان". (الفتاوی الکبری٥/٣٤٢).

    ھەندێک لەزانایان رایان وایە: کەبەرۆژووبوونی ئەم رۆژە ھەموو تاوانەکان لادەبات گەورەو بچوک، چونکە دەقی فەرموودەکە (( یکفر)) گشتگیرە وجۆری تاوانەکەی دیاری نەکردووە.

    ئاگاداری: ئەنجامدانی ئەم کارە چاکانە ھەرچەند زۆریش بن نابێتە ھۆی سڕینەوەی تاوانی خواردنی مافی خەڵک، چونکە ئەمە تەنھا لەڕێگای گێڕانەوەی بۆ خاوەنەکەی یان گەردن ئازاد کردن لەلایەن خاوەن مافەوە چارەسەر دەبێت.

    ٥- ئەگەر موسڵمانێک نەیتوانی ڕۆژێکی تر بەڕۆژوو بێت وەتەنھا عاشورا بەڕۆژوو بوو ھەر دروستە با ڕۆژی جومعەش بێت، إن شاءاللە پاداشتی عاشورای ھەر بۆ دەنوسرێت.

    ٦- ڕووداوی شەھید کردنی پێشەوا حوسەینی کوری ئیمامی عەلی (ڕەزاو ڕەحمەتی خوا لەخۆی ولەباوکی بێت) ھیچ پەیوەندیەکی نیە بەڕۆژی عاشوراوە، چونکە پێشەوا حوسەین لە ساڵی چوارەمی کۆچی لەمەدینە لەدایک بووە، وەلەڕۆژی جومعەی دەی مانگی موحەرەمی ساڵی ٦١ کۆچی لەکەربەلا لە عێراق بە زوڵم شەھید کرا ولە تەمەنی ٥٨ ساڵی دابوو، وفەرمان کردن بەبەڕۆژووبوونی عاشورا پێش لەدایک بوونی ئەم پێشەوا خۆشەویست وبەڕێزەیە (ڕەزاو ڕەحمەتی خوای لێبێت) بەچەند ساڵ.

    لەکۆتاییدا: دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە بەڕێزەکەم نەکەی ئەم پاداشتە گەورەیە لەدەست خۆت بدەیت بەھەر بیانویەک، لەوانەیە ساڵێکی تر نەمێنیت بۆئەم ڕۆژە، بۆیە پشت بەخوا ببەستەو خۆت وماڵ وکەسوکارت بەرۆژووبن ھەرسێ رۆژەکە، یان رۆژی نۆیەم ودەیەم، یان ھەر تەنھا عاشوراکەش بێت، وەلەکاتی رۆژوو شکاندت بەسۆزی خۆتان برای بچوکتان لەبیر نەکەن لەدوعای خێر بەتایبەتی وەموسڵمانان بەگشتی، خوای گەورە کاری خێر لە ھەمووان قەبوڵ بکات.

    وآخر دعوانا أن الحمد للە رب العالمین.