×
ئه‌م ووتاره‌ بريتيه‌ له‌ ڕاڤه‌ی به‌سه‌رهاتی مردنی كیژێك كه‌ ابن القیم ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) باسی كردووه‌ و ده‌ڵێت : كیژێك به‌ نه‌خۆشی طاعون كۆچی دوایی كرد، دواتر باوكی له‌ خه‌ودا بینی و پێی ووت : ئه‌ی كچی شیرنم باسی ڕۆژی دواییم بۆم بكه‌ هه‌واڵی چۆنه‌ ؟ كچه‌كه‌ش ووتی : گه‌یشتین به‌ فه‌رمان وشتێكی زۆر گه‌وره‌ ومه‌زن، پێشتر ده‌مانزانی به‌ڵام كارمان پێ نه‌ده‌كرد، سوێند بێت به‌خوا تاكه‌ ( سبحان الله ) كردنێك، یان یه‌ك ڕكات نوێژ كه‌ له‌ ناو نامه‌ی كرده‌وه‌كانمدا زۆر لام خۆشتره‌ له‌ هه‌موو دونیا و ئه‌وه‌شی تێیدایه‌ .

    ده‌مانزانی و نه‌مانده‌كرد

    < كوردي >

    عبد السلام محمد پشده‌ری

    —™

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    كنا نعلم ولا نعمل

    < كردي >

    عبد السلام محمد بشدری

    —™

    مراجعة: بشتیوان صابر عه‌زیز

    ده‌مانزانی و نه‌مانده‌كرد

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودروود وصه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئال وبه‌یت و هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    ابن القیم ( ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) ئه‌ڵێت : كیژێك به‌ نه‌خۆشی طاعون كۆچی دوایی كرد، دواتر باوكی له‌ خه‌ودا بینی و پێی ووت : ئه‌ی كچی شیرنم باسی ڕۆژی دواییم بۆ بكه‌ هه‌واڵی چۆنه‌ ؟

    كچه‌كه‌ش ووتی : گه‌یشتین به‌ فه‌رمان وشتێكی زۆر گه‌وره‌ ومه‌زن، پێشتر ده‌مانزانی به‌ڵام كارمان پێ نه‌ده‌كرد، سوێند بێت به‌خوا تاكه‌ ( سبحان الله ) كردنێك، یان یه‌ك ڕكات نوێژ كه‌ له‌ ناو نامه‌ی كرده‌وه‌كانمدا زۆر لام خۆشتره‌ له‌ هه‌موو دونیا و ئه‌وه‌شی تێیدایه‌ .

    به‌ڕاستی ئه‌و كیژه‌ ووته‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ و به‌نرخ ومه‌زنی ووت، كاتێك ووتی : پێشتر ده‌مانزانی به‌ڵام كارمان پێ نه‌ده‌كرد، به‌ڵام مه‌خابن زۆرێك له‌ ئێمه‌ مانا و مه‌به‌ستی ئه‌م ووته‌یه‌ نازانێت .

    به‌ڵێ ده‌مانزانی ئه‌گه‌ر صه‌د جار بڵێین ( سبحان الله وبحمده ) ئه‌وا خوای گه‌وره‌ له‌ ته‌ووی گوناهو تاوانه‌كانمان خۆش ده‌بێت ئه‌گه‌ر هێنده‌ی كه‌فی ده‌ریاكانیش ببن، به‌ڵام مه‌خابن چه‌ند شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕن و یه‌كجاریش ئه‌م ذیكره‌ی په‌روه‌ردگارمان ناكه‌وێته‌ یاد .

    ده‌مانزانی دوو ڕكات نوێژی چێشته‌نگاو ( صلاة الضحی ) هێنده‌ی 360 خێر و صه‌ده‌قه‌ پاداشتی هه‌یه‌، به‌ڵام ڕۆژانێكی زۆر دێن وده‌چن بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م خێره‌ گه‌وره‌یه‌مان بكه‌وێته‌ بیر، و دوو ڕكات له‌و نوێژه‌ ئه‌نجام بده‌ین ..

    ده‌مانزانی هه‌ر كه‌سێك یه‌ك ڕۆژی سوننه‌ت له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ به‌ڕۆژوو بێت، خوای گه‌وره‌ ڕوومه‌تی حه‌وت خه‌نده‌ق و ماوه‌ی حه‌فتا پایز له‌ ئاگری دۆزه‌خ دوور ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆژ و هه‌فته‌ و مانگ وساڵه‌كان دێن و تێده‌په‌ڕن به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م سوننه‌ته‌ گه‌وره‌ بۆ جارێكیش بێت جێ به‌جێ بكه‌ین ..

    ده‌مانزانی هه‌ركه‌سێك له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ سه‌ردانی نه‌خۆشێك بكات حه‌فتا هه‌زار فریشته‌ شوێنی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ون وداوای لێخۆش بوونی بۆ ده‌كه‌ن لای خوای گه‌وره‌، به‌ڵام جارێكی تر مه‌خابن ئه‌و هه‌موو موسڵمانه‌ نه‌خۆش ده‌كه‌وێت بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كه‌سێكیشیان بكه‌ین ..

    ده‌مانزانی هه‌ركه‌سێك نوێژ له‌سه‌ر مردوویه‌ك بكات و شوێن جه‌نازه‌كه‌ی بكه‌وێت تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ینێژن، ئه‌وه‌ هێنده‌ی دوو كێوی زه‌به‌لاحی وه‌ك كێوی ئوحود خێری بۆ ده‌نوسرێت، به‌ڵام چه‌ندان هه‌قته‌ به‌سه‌رماندا گوزه‌ر ده‌كات بۆ جارێكیش بێت سه‌ردانی گۆرستان ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ مردنمان بیر بكه‌وێته‌وه‌ ..

    ده‌مانزانی هه‌ركه‌سێك مزگه‌وتیك بۆ خوای گه‌وره‌ دروست بكات، ئه‌گه‌ر هێنده‌ی هێلانه‌ی باڵنده‌یه‌كیش ببێت، خوای گه‌وره‌ له‌ به‌رامبه‌ردا ماڵێكی له‌ به‌هه‌شتدا بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام چه‌ندان مزگه‌وت بۆ خوای گه‌وره‌ دروست ده‌كرێت و ئێمه‌ به‌ تاكه‌ دینارێكیش به‌شداری ناكه‌ین ..

    ده‌مانزانی ئه‌و كه‌سه‌ی یارمه‌تی ئافره‌تێكی بێوه‌ژن بدات له‌ به‌خێوكردنی هه‌تیوه‌كانیدا، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ وایه‌ له‌ پێناو خوادا تێده‌كۆشێت وڕۆژ به‌ڕۆژوو بێت و شه‌ویش شه‌و نوێژ بكات، به‌ڵام مه‌خابن تا ئێستا بیرمان له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ به‌خێوكردنی بێوه‌ژن و هه‌تیوه‌كانی بگرینه‌ ئه‌ستۆ ..

    ده‌مانزانی هه‌ركه‌سێك پیتێك له‌ قورئانی پیرۆز بخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ چاكه‌ی بۆ ده‌نوسرێت، به‌ڵام ڕۆژ و مانگه‌كان دێن و ده‌چن و تێده‌په‌ڕن به‌سه‌رماندا و بۆ جارێكیش ده‌می موصحه‌فه‌كان ناكه‌ینه‌وه‌ ..

    ده‌مانزانی كه‌ حه‌جكردنێكی پاكوپوخت پاداشته‌كه‌ی به‌هه‌شتی نه‌بڕاوه‌یه‌ و حاجی پاش حه‌جكردنه‌كه‌ی وه‌ك مناڵی تازه‌ له‌دایك بووی لێ دێته‌وه‌ و پاك ده‌بێته‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی، به‌ڵام زۆرێكیمان كه‌ توانای دارایی وجه‌سته‌یشی هه‌یه‌ هه‌ر بیر له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌رك وفه‌ریزه‌یه‌ ناكه‌ینه‌وه‌ ..

    ده‌مانزانی كه‌ شه‌ره‌فی مرۆڤی باوه‌ڕدار ئه‌وه‌یه‌ هه‌ستێت بۆ شه‌و نوێژكردن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) و هاوه‌ڵانی به‌ریز به‌درێژایی ته‌مه‌نیان كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كردووه‌ له‌م په‌رستنه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ژیانی دونیا و تێكۆشان له‌پێناو خوای گه‌وره‌ ومافی خێزان و مناڵه‌كانیشیان پشتگوێ نه‌ده‌خست، به‌ڵام ئێمه‌ به‌راستی زۆر بێخه‌م و كه‌مته‌رخه‌مین له‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌م عیباده‌ته‌دا ئه‌گه‌ر مانگی یه‌كجاریش بێت ..

    ده‌مانزانی كه‌ ڕۆژی دوایی هه‌ر دێت و زۆریش بێگومان بووین له‌ هاتنی، وه‌ ده‌مانزانی كه‌ زیندوو ده‌كرێینه‌وه‌ و جارێكی تر له‌گۆڕه‌كانمان دێینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هیچ خۆمان بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ ئاماده‌ نه‌كرد ..

    به‌ده‌ستی خۆمان مردووه‌كانمان ده‌ناشت و نوێژمان له‌سه‌ریان ده‌كرد، به‌ڵام بۆ ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌م ڕۆژه‌ی تێی كه‌وتوین خۆمان ئاماده‌ نه‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێپان ڕاگه‌یاند بین كه‌ مردن بۆ ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵام پێی گه‌یشتین ..

    جا بۆیه‌ خوشكی به‌رێزم، برای ئازیزم چاك بزانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ناسه‌ دانێكماندا ساتێك له‌ مردن نزیكتر ده‌كه‌وینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ خه‌می توێشوو كۆكردنه‌وه‌دا بین بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌گه‌ر ته‌واوی ماڵو سامانی دونیا هی تۆ بێت له‌و ڕۆژه‌دا وبیده‌یت له‌ پێناوی خوادا سوودی تۆزقاڵه‌ زه‌ڕه‌یه‌كی نابێت،، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتوو له‌مڕۆوه‌ شێوازی ژیانمان بگۆڕین و له‌بیر ئه‌وه‌دابین كه‌ چۆن خوا له‌خۆمان ڕازی بكه‌ین، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك بتوانێت په‌روه‌ردگار له‌خۆی ڕازی بكات ئه‌وه‌ سه‌رفرازی دونیا و دواڕۆژه‌ ..

    كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌م ساته‌ به‌دواوه‌ شێوازی ژیانمان بگۆڕین وله‌ خه‌می خۆ ئاماده‌كردندا بین بۆ ڕۆژگارێك كه‌ لێپرسنه‌وه‌ی وورد ودرشتی ژیانمان لێده‌كرێت، ڕۆژگارێك كه‌ وه‌ك قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێت : {يَومَ يَفِرُّ ٱلمَرءُ مِن أَخِيهِ * وَأُمِّهِۦ وَأَبِيهِ * وَصَٰحِبَتِهِۦ وَبَنِيهِ } [ سوره‌تی عبس : 34 -36 ] .

    واتا : ئه‌و ڕۆژه‌ (هێنده‌ سامناکه‌) مرۆڤ له‌ برا و له‌دایك وله‌ باوك وله‌ هاوڕسه‌ر وكوڕ و كچی خۆی ڕاده‌كات، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك له‌و ڕۆژه‌دا سه‌رگه‌رمی كێشه‌ی خۆیه‌تی ونایپه‌رژێت له‌ خزم وكه‌سه‌كانی بپرسێته‌وه‌ .

    خۆشبه‌ختی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م چه‌ند دێره‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ و په‌ند وئامۆژگاری لێوه‌رده‌گرێت وده‌یكاته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ك وهه‌میشه‌ له‌گوێیدا ده‌زرنگێته‌وه‌، تا ئه‌و ساته‌ی به‌ڕووی سپیه‌وه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ به‌ر داداگادی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان ...

    خوایه‌ ڕوومان سپی بكه‌یت له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ڕوخسار و ڕومه‌تگه‌لیك هه‌ن ڕه‌ش ودیز ده‌بن ..

    وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم ..