×
زه‌كات هه‌قێكی واجبه‌ خوای گه‌وره‌ دایناوه‌ له‌سه‌ر ماڵێكی تایبه‌ت، بۆ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی تایبه‌تی دیاریكراو، له‌كاتێكی دیاریكراودا، له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وپاككردنه‌وه‌ی ده‌روون و ماڵ وسامان وكۆمه‌ڵگه‌ .

    گرنگی زه‌كات و حیكمه‌ت له‌ مه‌شروعیه‌ته‌كه‌ی له‌ ئیسلامدا

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    حاجی ئومید چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی:پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    أهمية الزكاة والحكمة من مشروعيتها في الإسلام

    « باللغة الكردية »

    أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    گرنگی زه‌كات و حیكمه‌ت له‌ مه‌شروعیه‌ته‌كه‌ی له‌ ئیسلامدا

    سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌.

    زه‌كات له‌ زمانه‌وانییدا، واتا: گه‌شه‌كردن و پاككردنه‌وه‌، زه‌كاتیش گه‌شه‌ به‌ماڵ ده‌كات و داهاتیش پاك ده‌كاته‌وه‌.

    له‌شه‌رعدا زه‌كات، واتا : هه‌قێكی واجبه‌ خوای گه‌وره‌ دایناوه‌ له‌سه‌ر ماڵێكی تایبه‌ت، بۆ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی تایبه‌تی دیاریكراو، له‌كاتێكی دیاریكراودا، له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وپاككردنه‌وه‌ی ده‌روون و ماڵ وسامان وكۆمه‌ڵگه‌ .

    گرنگی زه‌كات و حیكمه‌ت له‌ مه‌شروعیه‌ت ودانانی :

    زه‌كات گرنگیه‌كی مه‌زن وگه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ حیكمه‌ت له‌ دانان و مه‌شروعیه‌تی ئه‌م ڕوكنه‌ گه‌وره‌ی ئیسلام به‌ڵگه‌ی ڕوون و ئاشكرایه‌ له‌سه‌ر گرنگی پله‌ و پایه‌كه‌ی، ئه‌ویش له‌ ڕوانگه‌ی باسكردنی حیكمه‌ته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زه‌كات چی ڕۆڵ و كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ ڕێكخستنی ئابووری ووڵات، وبه‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌ و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی :

    هه‌ندێك له‌ حیكمه‌ته‌كانی مه‌شروعیه‌تی زه‌كات له‌ ئیسلامدا :

    1) پاككردنه‌وه‌ی ده‌روونی مـــرۆڤه‌كانه‌ له‌ ڕژدی، و چروكی، و چاوبڕینه‌ ماڵی خه‌ڵكی .

    2) به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی هه‌ژاران، و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانیان، و هاوكاری كردنیانه‌ له‌ پێناو ڕاگرتنی هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌دا .

    3) به‌رپاكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌، كه‌ به‌خته‌وه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌ .

    4) دیاری كردنی سنوورێكه‌ له‌ پێناو كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بوونی داهات و ماڵ و سامان ته‌نها لای ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ده‌ستی بازرگان وكه‌سه‌ چاوچنۆكه‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌ك ماڵ و سامانی ووڵات له‌نێوانیاندا قه‌تیس ببێت و هه‌ژاران و نه‌دارانیش زاقه‌ی چاویان بێت، بۆ پارووه‌ نانێك پێستی سكیان هه‌ڵبگوشن .

    5) زه‌كات كۆمه‌ڵگه‌ وا لێده‌كات كه‌ وه‌ك خێزانێكی تۆكمه‌ وتوند وتۆڵ پێكه‌وه‌ بژین، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌زه‌ییان بێته‌وه‌ به‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش چاویان له‌ هه‌ژاره‌كان بێت، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ژاران و نه‌دارانیش چاویان نه‌بڕنه‌ ماڵی خاوه‌ن ماڵ و سامانه‌كان ئه‌گه‌ر هاتوو له‌كاتی دیاری كراوی خۆیدا زه‌كاتی سامانه‌كه‌یان پێ گه‌یاندن .

    6) زه‌كات ئاگری شۆڕشی ده‌روونی هه‌ژاران ده‌كوژێنێته‌وه‌ وڕق و كینه‌یان له‌دڵدا ناهێڵێت، به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان .

    7) زه‌كات ڕێگره‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی دزی و جه‌رده‌یی و ماڵ بڕین و ‌هه‌ڵكووتانه‌ سه‌ر ماڵی خه‌ڵكی .

    8) زه‌كات گه‌شه‌ به‌ ماڵ وسامان ده‌كات، وپاكی ده‌كاته‌وه‌ له‌تێكه‌ڵ بوونی به‌ حه‌رامێك ئه‌گه‌ر تێی كه‌وتبێت .

    9) زه‌كات هۆكاری خێر و خۆشی و به‌ره‌كه‌تی ماڵ و سامانه‌ [ سه‌یری كتێبی الشرح الممتـــع على زاد المستنقع (6/12-14) ، منهــاج المسلم لاپه‌ڕه‌ (367) بكه‌ ] .

    به‌ڵگه‌كانی واجب بوونی زه‌كات

    كۆمه‌ڵێك له‌ ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر واجب بوونی زه‌كات له‌سه‌ر موسڵمانان، هه‌روه‌ها پێشه‌وای ئازیزمان موحه‌مه‌د (صلی الله علیه وسلم) ڕوونی كردوه‌ته‌وه‌ زه‌كات كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێزه‌ كه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌،‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ زه‌كات به‌ پله‌ی سێهه‌م دێت له‌ ناو ڕوكنه‌كانیدا.

    ئه‌مه‌ش كه‌ ئێستا ئاماژه‌یان پێده‌ده‌ین مشتێكه‌ له‌ خه‌رواری ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ باس له‌ واجب بوونی زه‌كات ده‌كه‌ن :

    له‌قورئانی پیرۆزدا خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ) وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ وَآتُواْ الزَّكَاةَ وَارْكَعُواْ مَعَ الرَّاكِعِينَ ([ سورة البقرة: الآية43 ] .

    واتا : فه‌رمانیان پێ بكه‌ با به‌ تێرو ته‌سه‌ل نوێژ ئه‌نجام بده‌ن و؛ به‌شێكی داراییشیان به‌ زه‌كات بده‌ن و، له‌گه‌ڵ كڕنووش به‌راندا، كڕنوش به‌رن، واتا‌: لـــه‌گه‌ڵ موسڵمانه‌كاندا نوێژ به‌كۆمـــه‌ڵ بكه‌ن, هه‌روه‌ها فــــه‌رموویه‌تی : )وَأَقِيمُوا الصَّلاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَمَا تُقَدِّمُوا لأَنفُسِكُمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ ( [ سورة البقرة: الآية110 ] .

    واتا : نوێژه‌كانتان به‌چاكی ئه‌نجام بده‌ن و زه‌كاتیش بده‌ن (به‌ خاوه‌ن مافه‌كان) و دڵنیا بن كه‌ هه‌ر كارێكی چاكه‌ بۆ خۆتانی ده‌كه‌ن، لای خوا بزر نابێت و ده‌ستتان ده‌كه‌وێته‌وه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی خوا بیناو به‌ ئاگایه‌ به‌و كارو كرده‌وانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن, وه‌ فه‌رموویه‌تی : )فَإِذَا انسَلَخَ الأَشْهُرُ الْحُرُمُ فَاقْتُلُوا الْمُشْرِكِينَ حَيْثُ وَجَدْتُمُوهُمْ وَخُذُوهُمْ وَاحْصُرُوهُمْ وَاقْعُدُوا لَهُمْ كُلَّ مَرْصَدٍ فَإِنْ تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلاةَ وَآتَوْا الزَّكَاةَ فَخَلُّوا سَبِيلَهُمْ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ( [ سورة التوبة : 5 ] .

    واتا : ئینجا كه‌ مانگه‌ حه‌رام و خاوه‌ن ڕێزه‌كان بڕانه‌وه‌ ، واتا: ئه‌وانه‌ی كه‌جه‌نگیان تیا قه‌ده‌غه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌وانیش ئه‌م چوار مانگه‌ن: (زیقه‌عه‌ده‌، زیحه‌ججه‌، موحه‌رره‌م، ره‌جه‌ب), ده‌سا ئێوه‌ش له‌ هه‌رجێگایه‌كدا موشریكه‌كانتان ده‌ستكه‌وت به‌مه‌رجێ (ژن و منداڵ و گۆشه‌گیر نه‌بن) له‌ حه‌ره‌م و له‌ ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌م، له‌چوار مانگه‌كان و، له‌غه‌یری چوار مانگه‌كانیشدا' بیانكوژن, وه‌له‌ هه‌موو كه‌مین و رێگه‌یه‌كیشدا بۆیان دانیشن, ئه‌مجا ئه‌گه‌ر په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شدانان بۆ خوا, و به‌رێك و پێكی نوێژیان ئه‌نجامدا, و زه‌كاتیان ماڵوسامانیان ده‌ركرد, ئێوه‌یش رێگه‌یان بۆ چوڵ بكه‌ن وهه‌قتان به‌سه‌ریانه‌وه‌ نه‌بێ، با بێن و بچنه‌ ناو حه‌ره‌میشه‌وه‌, به‌ ڕاستیی خوا له‌گوناح زۆر لێبورده‌یه‌، زۆریش دلۆڤان و میهره‌بانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ته‌وبه‌كاران.

    به‌ڵگه‌كان له‌ سوننه‌ت :

    1) فه‌رمووده‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی جوبره‌ئیله‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ : « الإسلام أن تشهد أن لا إله إلا الله وأن محمداً رسول الله وتقيم الصلاة، وتوتي الزكاة، وتصوم رمضان، وتحج البيت إن استطعت إليه سبيلاً » [ رواه البخاري في كتاب الإيمان، باب دعاؤكم إيمانكم (8)، ومسلم في الأيمان، باب قول النبي (صلی الله علیه وسلم) « بنى الإسلام على خمس.. (120)] واتا : ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ شاهیدی بده‌ی كه‌ هیچ په‌رستراوێكی به‌هه‌ق نییه‌ جگه‌ له‌ (الله) وه‌ موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ری خوایه‌، وه‌ نوێژه‌كان بكه‌یت، و زه‌كاتی ماڵوسامانت بده‌یت، و ڕۆژوی مانگی ڕه‌مه‌زان بگریت، و حه‌جی ماڵی خوا بكه‌یت ئه‌گه‌ر توانات هه‌بوو .

    2) عن ابن عمر (رضي الله عنهما ) قال : قال رسول الله (صلی الله علیه وسلم) : « بني الإسلام على خمس : شهادة أن لا إله إلا الله وأن محمداً رسول الله، وإقام الصلاة، وإيتاء الزكاة، وصوم رمضان، وحج البيت لمن استطاع إليه سبيلاً » [رواه البخاري في الإيمان، باب الإسلام والإيمان والإحسان (8) ومسلم في لإيمان باب أركان الإسلام (16) ] واتا : پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : ئاینی پیرۆزی ئیسلام له‌سه‌ر پێنج بنه‌ما وه‌ستاوه‌، شاهیدی دان به‌وه‌ی هیچ په‌رستراوێكی به‌هه‌ق نییه‌ جگه‌ له‌ (الله) وه‌ موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ری خوایه‌، وه‌ به‌جێهێنانی نوێژ، و دانی زه‌كات، و ڕۆژوی ره‌مه‌زان، و حه‌جی ماڵی خوا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی توانایان هه‌یه‌ .

    ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێدا كۆمه‌ڵه‌ ده‌قێك بوون له‌ قورئان و سوننه‌ت، به‌ ئاشكرا به‌ڵگه‌ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زه‌كات ڕوكنێكی گه‌وره‌ی ئیسلامه‌، وكۆڵه‌كه‌یه‌كی بته‌ویه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك ئیسلام ته‌واو نابێت به‌بێ زه‌كات دان له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌شه‌وه‌ موسڵمانان له‌كۆن و نوێیدا هه‌موویان كۆده‌نگ بوون له‌سه‌ر واجبیه‌تی زه‌كات و پێویستی به‌جێهێنانی .