×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس، وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌‌ ئه‌مه‌یه: ئايا حوكمی عه‌لمانیه‌ت چیه‌ له‌ ئیسلامدا ؟

حوكمی عه‌له‌مانیه‌ت له‌ ئیسلامدا

] kurdish – كوردی – كردي [

ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

2012 - 1433

 حكم العلمانية في الإسلام

« باللغة الكردية »

فريق قسم اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

2012 - 1433

حوكمی عه‌له‌مانیه‌ت له‌ ئیسلامدا

پرسیار: ئايا حوكمی عه‌لمانیه‌ت چیه‌ له‌ ئیسلامدا ؟

وه‌ڵام: سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌.

عه‌لمانیه‌ت ڕێچكه‌یه‌كی جاهلی كۆنه‌، هه‌ندێك له‌ پێغه‌مبه‌رانیش (سه‌لامی خوایان لێ بێت) ڕووبه‌رڕوی ئه‌م داواكاریه‌ بونه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ گه‌له‌كانیاندا، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆماندا ئه‌م ڕێچكه‌ كۆنه‌ی سه‌رده‌می جاهلی به‌درۆ و ده‌له‌سه‌ جلوبه‌رگێكی سه‌رده‌میانه‌یان له‌به‌ر كراوه‌، وڕازاندویانه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی قبوڵ كردن بێت لای خه‌ڵكی، چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت له‌سه‌ر ( ئازادی بێ قه‌ید وشه‌رتی بیروڕا ) بنیات نراوه‌، شوێنكه‌وتوانی ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو شه‌ریعه‌ت و ئاینه‌كانی تردا ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌وه‌ی نابێت دین تێكه‌ڵاوی یاسا وڕێساكانی ده‌وڵه‌ت بكرێت، عه‌لمانیه‌ت وه‌ك ووتمان مه‌زهه‌بێكی كۆنه‌ و له‌د‌ێر زه‌مانه‌وه‌ نه‌یارانی پێغه‌مبه‌ران به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك وویستویانه‌ له‌ژێر ئازادی بیروباوه‌ڕ و ڕای جیاوازدا به‌های پیرۆزیه‌كان نه‌هێڵن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌شێوه‌یه‌ك شه‌ریعه‌ت دوور بخه‌نه‌وه‌ له‌ كایه‌ سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی و چه‌ند بوارێكی تریش، تاوای لێ دێت ئاین گۆشه‌گیر بكه‌ن له‌ كاریگه‌ریه‌كانی له‌ناو خه‌لك و كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ڵگرانی ئه‌م بیروبۆچوونه‌ نه‌فامییه زۆر ڕاشكاوانه‌ ده‌ڵێن : ده‌بێت دین و ئاین له‌ ده‌وڵه‌تداری دابماڵرێن، دین بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تی نێوان خوا و به‌نده‌كان بێت، ئه‌وی دیكه‌یش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت و به‌رێوه‌به‌ردنی كاروباری ده‌وڵه‌ت له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌‌، مرۆڤه‌كان خۆیان شاره‌زای حاڵی خۆیانن و ده‌بێت خۆیان یاسا و ڕێساكانی ژیان دابڕێژن ودین و پیرۆزیه‌كانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه‌ ئه‌و بوارانه‌، ئه‌مه‌ش بێ هیچ گومانێك خۆی له‌خۆیدا بێباوه‌ڕیه‌كی ئاشكرا و ڕوونه‌ و كه‌س ناتوانێت نكولی لێ بێكات، چونكه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام له‌یه‌ك كاتدا هه‌م (عه‌قیده‌) و هه‌م ( شه‌ریعه‌ت) یشه‌، عه‌قیده‌یه‌ به‌و مانایه‌ی ئیسلام هاتووه‌ بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌ی خه‌ڵكی ڕاست بكاته‌وه،‌ ئه‌ركان و بنه‌ماكانیان بۆ دابڕێژێت وچوار چێوه‌یه‌كی ڕوون وئاشكرایان بۆ دیاری بكات، له‌باوه‌ڕ به‌ خوای گه‌وره‌ و فریشته‌كان و كتێب و پێغه‌مبه‌ران و ڕۆژی دوایی و قه‌زا و قه‌ده‌ر، له‌گه‌ل ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌ركانه‌نی ئیسلام له‌ چۆنیه‌تی شایه‌تو‌مان و به‌جێ هێنانی نوێژ و ڕۆژوو و زه‌كات و حه‌ج، وته‌وای په‌رستنه‌كانی تر، به‌و جۆره‌‌ش شه‌ریعه‌ته‌ واته‌ ده‌بێت ئیسلام ویاسا وڕێساكانی حوكم بكه‌ن له‌ناو خه‌ڵكیدا وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ثُمَّ جَعَلْنَاكَ عَلَى شَرِيعَةٍ مِنَ الْأَمْرِ فَاتَّبِعْهَا وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاءَ الَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ [الجاثية : 18] واتا‌ : ئه‌ی موحه‌مه‌د ئێمه‌ ئه‌تۆمان خسته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ و شه‌ریعه‌تێك له‌ ئایین، جا تۆیش شوێنی بكه‌وه‌و به‌ پوختی په‌یڕه‌وی بكه‌، وه‌ شوێن هه‌واو هه‌وه‌س و ئاره‌زووی ئه‌و نه‌زانانه‌ مه‌كه‌وه‌ .

وه‌ فه‌رموویشیه‌تی : ▬ وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ ♂ [ المائدة : 44] واتا : ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری به‌و به‌رنامه‌یه‌ نه‌کات که‌ خوا دایبه‌زاندووه‌، ئائه‌وانه‌ بێ باوه‌ڕن .

ئه‌وه‌یش عه‌لمانیه‌كانیش داوای ده‌كه‌ن خۆی له‌خۆیدا شه‌ریعه‌تیكه‌ غه‌یری شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوای گه‌وره‌، خوای گه‌وره‌ش فه‌رمانی پیكردووین ئێمه‌ی باوه‌ڕدار ته‌نها شوێن شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خۆی بكه‌وین، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ▬ أَمْ لَهُمْ شُرَكَاءُ شَرَعُوا لَهُمْ مِنَ الدِّينِ مَا لَمْ يَأْذَنْ بِهِ اللَّهُ وَلَوْلَا كَلِمَةُ الْفَصْلِ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ وَإِنَّ الظَّالِمِينَ لَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ♂ [ الشورى : 21] واتا : (ئایا ئه‌و بێباوه‌ڕانه‌ ڕازین به‌به‌رنامه‌ی خوا) یاخود شوێنی ئه‌و هاوه‌ڵگه‌رانه‌ ده‌که‌ون که‌ به‌ناوی دینه‌وه‌ به‌رنامه‌یان بۆ داناون و په‌یڕه‌وییان ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی خوا مۆڵه‌تی دابێت و پێی ڕازی بێت (حه‌رام و حه‌ڵاڵیان بۆ دیاری ده‌که‌ن) .

خوای گه‌وره‌ جگه‌ له‌ ئیسلام و به‌رنامه‌ وشه‌ریعه‌ته‌كه‌ی هیچ به‌رنامه‌یه‌كی تر له‌خه‌ڵكی وه‌رناگرێت، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ▬ وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ♂ [ ال عمران : 85 ] واتا : ئه‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ ئاینی ئیسلام په‌یڕه‌وی هه‌ر ئاینێکی تر بکات لێی وه‌رناگیرێت، له‌قیامه‌تیشدا له‌ خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ندانه‌ .

بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك موسڵمان له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ فه‌رمان پێكراوه‌، ته‌نها شوێن ئیسلام بكه‌وین و جگه‌ له‌ ئیسلامیش هیچ ڕێچكه‌ وڕێبازێك نه‌كه‌ینه‌ ئاین و شه‌ریعه‌ت له‌ ژیانماندا، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ كه‌ مرۆڤه‌كانی به‌دیهێناوه‌ هه‌ر خۆیشی ده‌زانێت چی شه‌ریعه‌ت و ڕێسا و یاسایه‌ك به‌كه‌ڵكیان دێت بۆ ژیانی دونیا و به‌رێوه‌بردن وپه‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌ناوخۆیان و ده‌ره‌وه‌ی خۆشیاندا، بۆیه‌ ناكرێت ئێمه‌ زاده‌ی بیری كه‌سانێك كه‌ مه‌حكومن به‌و ژینگه‌یه‌ی تییدا ده‌ژین بكه‌ین به‌ یاسا وڕێسای ژیانی خۆمان، بۆیه‌ ده‌ بینین ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه‌ عه‌لمایه‌ت تێدا باڵاده‌سته‌ هه‌ر ماوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی تر خه‌ریكی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسا و ڕێنماییانه‌ن كه‌ خه‌ڵكانی پێش خۆیان دایان ناون، چونكه‌ به‌ كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مان‌ نایه‌ت، ئه‌وه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌ كه‌ به‌ردێژایی هه‌زار و سێ صه‌د ساڵ (1300) حوكمی به‌شێكی زۆری له‌ جیهان كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له‌ڕۆژان یاسا و ڕێساكانی هه‌موار بكرێنه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و نهێنیه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ له‌ شه‌ریعه‌ته‌كه‌ خۆیدا هه‌یه‌، چونكه‌ ئیسلام له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ هاتووه‌، و ده‌ستی مرۆڤه‌كانی تێكه‌ڵاو نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش مانای وانییه‌ مرۆڤ وژیری مرۆڤ هیچ ڕۆڵێكیان نییه‌ له‌ ئیسلامدا، نه‌خێر به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ له‌ ئیسلامدا كۆمه‌ڵێك چوار چێوه‌ی ده‌ست نیشان كردووه‌ له‌ بیروباوه‌ر و شه‌ریعه‌ت كه‌ نابێت ببه‌زێنرێت له‌ لایه‌ن كه‌سه‌كانه‌وه‌، وه‌ جێگای لێكۆڵینه‌ و ئیجتهاد كردنن نین تێیاندا، كه‌ به‌ (ثوابت) ئه‌حكامه‌ جێگر و نه‌گۆڕه‌كان ناسراوون، له‌به‌رامبه‌ردا پانتاییه‌كی فراوانیشی به‌جێهێشتووه‌ بۆ ئیجتهاد و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانا و داناكان كه‌ ئه‌سپی خۆیانی تێدا تاو بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش ده‌بێت له‌ چوار چێوه‌ی مه‌به‌ست و مه‌قاصیده‌كانی شه‌ریعه‌تدا بن و سنوور به‌زێنی تێدا نه‌كرێت .

عه‌لمانیه‌ت له‌سه‌رده‌می نوێدا كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاش شۆڕشی ئه‌وروپی له‌و كاته‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا و‌ خه‌ڵكی وه‌ك فریادڕه‌سی خۆیان ته‌ماشایان كرد، كاتیك كه‌نیسه‌ و ده‌سه‌لاتی كه‌نیسه‌ به‌ناوی دینه‌وه‌ هه‌رچی زوڵم وسته‌م بوو له‌خه‌ڵكیان كرد، به‌ناوی دینه‌وه‌ ماڵو سامانی خه‌ڵكیان خوارد، به‌ناوی دینه‌وه‌ زۆرێك له‌ زاناكانی له‌ سێداره‌دا، باج و خه‌راجێكی زۆری له‌ خه‌ڵكی وه‌رده‌گرت، بۆ چه‌ند كه‌سانێكی دیار كراو له‌ كه‌نیسه‌، بۆیه‌ پاش تێپه‌ڕ بوونی ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی ئارامیان لێ هه‌ڵگیرا و نه‌یانتوانی له‌وه‌ زیاتر ملكه‌چ بن‌، بۆیه‌ شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ریان دژی ده‌سه‌لاتی كه‌نیسه‌ كرد، و دوا قه‌شه‌ و پیاوانی كه‌نیسه‌یان له‌ سێداره‌دا و به‌یه‌كجاری ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ئاینی ده‌ستكاری كراوی كه‌نیسه‌ پاك كرده‌وه‌، ئێستاش كه‌ كه‌سانیكی گه‌مژه‌ و نه‌زانن له‌ كۆمه‌لگه‌ ئیسلامیه‌كاندا داوای عه‌لمانیه‌ت و جێ به‌جی كردنی ده‌كه‌ن دووچاری ڕه‌خنه‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌كی توند بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بیانوانه‌ی كه‌ عه‌لمانیه‌تی ئه‌وروپای له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌ له‌ ئیسلامدا به‌دێ ناكرێت، چونكه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی یه‌كخواپه‌رستی و عه‌داله‌ت و زانست و ڕیزی زانایانه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌ولێك بۆ به‌ عه‌لمانیه‌ت كردنی كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌كان نه‌زۆك و بێ ئاكام ده‌بێت .

خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ .