×
خوشكی به‌ڕێزم: یه‌كێك له‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌بیرت نه‌چێت و هه‌میشه‌ وهه‌رده‌م له‌بیر وخولیاتدا بێت ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانیت هاوه‌ڵ و ڕه‌فیقه‌كانت بخه‌یته‌ ناو پرۆسه‌ی بانگه‌وازكردن بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام.

    خوشكی به‌ڕێزم چۆن هاوه‌ڵه‌كه‌ت ئه‌كه‌یته‌ بانگخوازێك بۆ ئیسلام ؟

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    سومه‌یه‌ عبد الله

    پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2011 - 1432

    ﴿ كيف تجعلين أختك داعية إلى الإسلام ﴾

    « باللغة الكردية »

    سمية عبد الله

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2011 - 1432

    خوشكی به‌ڕێزم چۆن هاوه‌ڵه‌كه‌ت ئه‌كه‌یته‌ بانگخوازێك بۆ ئیسلام ؟

    سوپاس وستایش بۆ په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست وبه‌توانا و درود وسه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری ئیسلام محمد المصطفی یارویاوه‌ر وهاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كانی له‌هه‌موو چه‌رخ وسه‌رده‌مێكدا هه‌تا ڕۆژی دوایی .

    خوشكانی به‌ڕێزم سڵاوی خواتان لێ بێت، سڵاوی خوا له‌ئێوه‌ی په‌روه‌رده‌كاری نه‌وه‌كانی دواڕۆژمان، سڵاوی خوا له‌تۆیه‌ك كه‌ په‌روه‌ردگار كردویتی به‌ شه‌ریكه‌ به‌شی پیاوان له‌هه‌موو مافێكدا كاتێك كه‌ ده‌فه‌رموێت : " إنما النساء شقائق الرجال " { رواه احمد وأبو داود} واته‌ : ئافره‌تان هاوبه‌ش وشه‌ریكی پیاوانن .

    جا خوشكی به‌ێزم مادام هاوبه‌شی پیاوانی وشان به‌شانی پیاوانیش ئه‌ركی ئاینی ونیشتمانی خۆتت له‌سه‌ر شانه‌ و ده‌بێت پێیان هه‌ڵبسیت و ئه‌نجامیان بده‌یت، یه‌كێك له‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌بیرت نه‌چێت و هه‌میشه‌ وهه‌رده‌م له‌بیر وخولیاتدا بێت ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانیت هاوه‌ڵ و ڕه‌فیقه‌كانت بخه‌یته‌ ناو پرۆسه‌ی بانگه‌وازكردن بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام؟

    ئایا تا ئێستا بیرت له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ خوشكه‌كانت بخه‌یته‌ ناو پرۆژه‌یه‌كی بانگخوازی ئاشتیخوازانه‌وه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی بانگخوازێك به‌ته‌نها هه‌موو ئه‌ركه‌كانی له‌سه‌ر شان بێت وماندوو بێت به‌ده‌ستیانه‌وه‌ و له‌ئاكامیشدا كۆڵ بدات ونه‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و شاڕێیه‌ی كه‌ قه‌راره‌ تامردن پابه‌ند بێت پێوه‌ی ؟

    به‌ڵێ ئه‌وه‌ی باسمان كرد پێویسته‌ بكرێته‌ ئامانجێك وهه‌میشه‌ له‌خولیای ئه‌وه‌دابیت به‌شێوه‌ی ‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكه‌كانتدا واژۆی بكه‌یت... ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌مه‌رج بێت هه‌موویان وه‌ك خۆتیانی لێ بكه‌یت، چونكه‌ ئه‌مه‌ كارێكی گران وقورس و تائه‌ندازه‌یه‌كیش مه‌حاڵه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا و پێش ئه‌و گرێبه‌سته‌ ده‌بێت دڵنیا بین له‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ڕووی ده‌می كردۆته‌ هه‌موو ئومه‌تی ئیسلام و فه‌رموویه‌تی : " بلغوا عني ولو آية " {رواه البخاري} واته‌ : له‌منه‌وه‌ بیگه‌یه‌نن به‌خه‌ڵكی ئه‌گه‌ر ته‌نها ئایه‌تێكیش بێت .

    ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ هه‌موومان به‌ پیاوان وئافره‌تانه‌وه‌ به‌ گه‌نج ولاو پیرانه‌وه‌ داوامان لێكراوه‌ كه‌ به‌م ئه‌ركه‌ ئاینیه‌ هه‌ڵبسین.

    جا خوشكی به‌ڕێزم ئه‌وه‌یشی ده‌یڵێن له‌كاتێكدا ئه‌ركێكی پیرۆز وگرنگه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا كارێكی زۆر گران وقورس نییه‌ و نه‌توانیت جێ به‌جێیان بكه‌یت، ئه‌و ئه‌ركانه‌یش كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكه‌كانتدا له‌سه‌ریان ڕێ بكه‌ویت بریتین له‌ :

    یه‌كه‌م : ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ غه‌یبه‌تی كه‌س نه‌كه‌ین كاتێك له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانیشتین، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ پێی فه‌رمووین : (وَلَا يَغۡتَب بَّعۡضُكُم بَعۡضًاۚ أَيُحِبُّ أَحَدُكُمۡ أَن يَأۡكُلَ لَحۡمَ أَخِيهِ مَيۡتٗا فَكَرِهۡتُمُوهُۚ وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَۚ إِنَّ ٱللَّهَ تَوَّابٞ رَّحِيمٞ) {الحجرات : 12} واته‌ : له‌ پاشمله‌ به‌ خراپه‌ باسی یه‌کتری مه‌که‌ن ئایا کام له‌ ئێوه‌ پێ ی خۆشه‌ که‌ گۆشتی برا (ئایینی یه‌که‌ی) بخوات؟ به‌ مردوویی بێگومان قێزتان لێ ی دێته‌وه‌و پێتان ناخۆشه‌ وه‌ له‌خوا بترسن بێگومان خوا ته‌وبه‌ گیراکه‌ری به‌ به‌زه‌یی یه‌.

    دووه‌م : هه‌موومان كاری خێر و سوود وقازانجی دین ودونیا بیر یه‌كتر بخه‌ینه‌وه‌ تاوه‌كو ئیراده‌ی خێر وكاری چاكه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌ وكاری خراپه‌ وئاكاری ناشیرین لای خه‌ڵكی قێزه‌ون ده‌بێت، پێغه‌مبه‌ری خوداش (صلی الله علیه وسلم) فه‌موویه‌تی : " خیر الناس من ینفع للناس " { رواه الطبراني في الأوسط والضياء في المختارة ، وصححه الألباني } واته‌ : باشترین خه‌ڵك ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ خێری بۆ خه‌ڵكی بوێت.

    سێهه‌م : ئه‌بێت هه‌موومان ئاوێنه‌ی ئه‌وی ترمان بێن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ له‌هه‌له‌ وكه‌موكورتیه‌كانمان، چونكه‌ سروشتی مرۆڤ وایه‌ كه‌ كه‌م و كوررتی وهه‌ڵه‌كانی خۆی نابینێت، بۆیه‌ پێویستی به‌و هه‌یه‌ براكه‌ی یان خوشكه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی به‌ئسلوب وئه‌ده‌بێكی جوان و دوور له‌ ته‌شهیر وناوڕزاندن پێی ڕابگه‌یه‌نێت، پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : " الْمُؤْمِنُ مرآة الْمُؤْمِنِ " { رواه البخاري في الأدب المفرد (رقم: 239)، وأبو داود (2 / 304)، وحسَّنه الألباني في السلسلة الصحيحة: 926 } واته‌ : باوه‌ڕدار ئاوێنه‌ی باوه‌ڕداره‌ ...

    چواره‌م : پێشكه‌شكردنی ئامۆژگاری بۆ یه‌كتر به‌شێوه‌یه‌ك له‌چوار چێوه‌ی شه‌رعی خۆی ده‌رنه‌چێت، به‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیح هاتووه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت : " الدين النصيحة .... " {رواه مسلم} واته‌ : دین هه‌ر هه‌مووی ئامۆژگارییه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئامۆژگاریكردن نابێت له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی و له‌ناو مه‌جلیسێكدا بێت، چونكه‌ ئامۆژگاریكردن ئه‌گه‌ر له‌ناو خه‌ڵكیدا بوو ئه‌وا ته‌شهیركردن وسوكایه‌تی پێكردنه‌ نه‌ك دلسۆزی بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ر ...

    جا ئێستا بیرت له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ستی ده‌سته‌ خوشكه‌كانت یان كه‌سێكیان بگریت و بیانخه‌یته‌ ناو پرۆسه‌ی بانگه‌واز كردنه‌وه‌ ؟ .

    ئه‌گه‌ر بیرت لێكردۆته‌وه‌ ئه‌وا هه‌نگاوه‌كانت با به‌رده‌وام بێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سارد نه‌بیته‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌نگاویشت بۆ نه‌ناوه‌، ئه‌وا ئێستا ده‌ستیان بگره‌ وهانیان بده‌ ومه‌عنه‌ویات و ووره‌یان به‌رز بكه‌ره‌وه‌ و هانیان بده‌ له‌سه‌ر گه‌ڕان به‌دوای زانست وزانیاری شه‌رعیدا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ر چاو ڕۆشنی بانگ بكه‌ن بۆ بیروباوه‌ڕێكی سه‌حیح و دروست و ڕه‌وشت وئاكاره‌ جوانه‌كانی ئیسلام ...

    با هه‌میشه‌ ووته‌ وگفتوگۆكانت له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت چۆن وبه‌چ شێوه‌یه‌ك ئه‌و خێر و ڕه‌حمه‌ته‌ی ئیسلام كه‌ به‌ ئێمه‌یه‌ بیگه‌یه‌نین به‌خه‌ڵكانی تر، هانی بده‌ و پێی ڕابگه‌یه‌نه‌ ئه‌گه‌ر بانگخوازی وبانگه‌واز ئێمه‌ پێی هه‌ڵنه‌سین ئه‌ی كێ پێی هه‌ڵبسێت ؟ چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌رك و واجبی هه‌موومانه‌ ئه‌وه‌ی پیێمانه‌ له‌ ئیسلام بیگه‌یه‌نین به‌خه‌ڵكی به‌ حیكمه‌ت وئامۆژگاری جوان وگفتۆگۆی هێمانه‌ و له‌سه‌ر خۆ وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : (ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ...) {النحل : 125} واته‌ : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله‌ علیه‌ وسلم، ئه‌ی ئیماندار) بانگه‌واز بکه‌ بۆ لای به‌رنامه‌و ڕێبازی په‌روه‌ردگارت به‌حیکمه‌ت و دانایی (بۆ هه‌ندێك) و ئامۆژگاری جوان و به‌جێ، (بۆ هه‌ندێکی تر)و گفتو گۆو موجاده‌له‌ به‌جوانترین شێوه‌ (له‌گه‌ڵ هه‌ندێکی تردا به‌ تایبه‌تی خاوه‌ن کتێبه‌کان) ..

    هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی بیر بخه‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز ئیغرا نه‌بیت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دانیشتون وكه‌سێكی بێ كه‌ڵكن بۆ خۆیان و بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان. چونكه‌ كه‌س ئه‌و كه‌سه‌یه‌ بتوانێت جێ ده‌ستی خۆی له‌ناو كۆمه‌لگه‌دا دیاری بكات و خزمه‌تێك به‌ خه‌ڵكی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌شی بیر بخه‌ره‌وه‌ كه‌ بانگخواز لای خوای گه‌وره‌ پاداشتی وه‌ك پاداشتی ئه‌و كه‌سه‌ وایه‌ كه‌ تۆ ئه‌و كاره‌ خێر وچاكه‌یه‌ی پیشان ده‌ده‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ پاداشتی ئه‌و كه‌سه‌ خۆیشی كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : " الدال علی الخیر مثل أجر فاعله " { رواه مسلم} واته‌ : ڕێنیشانده‌ری خێر وه‌ك كه‌سی كارچاك ئه‌جر وپاداشتی هه‌یه‌ ..

    ئه‌وه‌یشت له‌بیر نه‌چێت ئێستا خوشكانێكی زۆر هه‌ن له‌م بواره‌دا خه‌ریكن وكاری سه‌ره‌كیان بانگه‌واز وپێگه‌یاندنی بانگخوازانه‌ جا پێویسته‌ ئه‌گه‌ر تۆیش حه‌ز وئاره‌زووی ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ پاداشتێكی زۆرت ده‌ست بكه‌وێت به‌ته‌مه‌نێكی كورته‌وه‌ ئه‌وا بگه‌ به‌كاروانی ئه‌و خوشكانه‌ی كه‌ بانگه‌وازی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن بۆ ڕیگا جوان وشیرنه‌كه‌ی ئیسلام یان به‌و خوشكانه‌ی كه‌ بانگخوازان پێ ده‌گه‌یه‌نن ..

    به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی إن شاء الله هه‌موومان بانخگوازێكی به‌حیكمه‌ت و دانا وهۆشیار بین و سه‌ره‌تا بتوانین به‌ ڕه‌وشت وسلوكی جوانمان خه‌ڵكی بانگ بكه‌ین بۆ ئیسلام پێش ئه‌وه‌ی به‌ ووته‌كانمان خه‌ڵكی بۆ بانگ بكه‌ین .