×
خۆشه‌ویستان له‌ووتاری ئه‌مجاره‌ماندا به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره ‌هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ئاماژه ‌به‌هه‌ندێك هه‌ڵه‌ وكه‌م وكورتی بكه‌ین كــه‌ڕۆژوه‌وانی تێ ئه‌كه‌وێت، به‌ئومێـــدی ئه‌وه‌ی إن شاء الله جێگای ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وپاشان ئێوه‌ی به‌ڕێزیش بێت، به‌و هیوایه‌ی كه‌ببێت به‌هۆی ڕاستكردنه‌وه ‌ودوور كه‌وتنه‌وه ‌لێیان .

ئاگاداركردنه‌وه‌ی ڕۆژوه‌وانان له‌هه‌ندێك هه‌ڵه ‌وكه‌م وكورتی

ئاماده‌كردنی : عه‌بدولسه‌لام پشده‌ری

پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

﴿ تنبيهات للصائمين على بعض الأخطاء ﴾

إعداد : عبد السلام بشدري

مراجعة: بشتيوان صابر عزيز


 ئاگاداركردنه‌وه‌ی ڕۆژوه‌وانان له‌هه‌ندێك هه‌ڵه ‌وكه‌م وكورتی

سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره ‌ومیهره‌بان و درود وره‌حمه‌تی فراوان بۆ سه‌رگیانی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی موحه‌مه‌دی كوڕی عه‌بدوڵڵا وسه‌رجه‌م هاوه‌ڵ وشوێن كه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌.

خۆشه‌ویستان له‌ووتاری ئه‌مجاره‌ماندا به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره ‌هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ئاماژه ‌به‌هه‌ندێك هه‌ڵه‌ وكه‌م وكورتی بكه‌ین كــه‌ڕۆژوه‌وانی تێ ئه‌كه‌وێت، به‌ئومێـــدی ئه‌وه‌ی إن شاء الله جێگای ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وپاشان ئێوه‌ی به‌ڕێزیش بێت، به‌و هیوایه‌ی كه‌ببێت به‌هۆی ڕاستكردنه‌وه ‌ودوور كه‌وتنه‌وه ‌لێیان .

1) نیه‌ت نه‌هێنان بۆ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌شه‌ودا یان پێش هه‌ڵهاتنی سپێده‌ی به‌یانی، چونكه ‌ئه‌گه‌ر نیه‌ت نه‌هێنرێت له‌شه‌ودا له‌پێش سپێده‌ی به‌یانی ئه‌وه ‌هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ری ئازیز ( صلی الله علیه وسلم ) ئه‌‌فه‌رموێت : ( لا صیام من لم یبت الصیام من اللیل ) { رواه أبو داود } واته‌: ڕۆژوو دروست نیه ‌بۆ كه‌سێك كه‌نیه‌تی له‌شه‌ودا نه‌هێنابێت .

هه‌رچه‌نده ‌ڕای په‌سه‌ند ئه‌وه‌یه ‌یه‌ك جار نیه‌ت هێنان له‌یه‌كه‌م شه‌وی ڕه‌مه‌زاندا بۆ هه‌موو مانگه‌كه ‌به‌س بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو حاڵه‌تیك ڕووی نه‌دا كه‌له‌به‌ر بوونی عذرێك ڕۆژووی شكاند وه‌ك سه‌فه‌ركردن یان كه‌وتنه ‌سوڕی مانگه‌ی ئافره‌تانه‌وه ‌یان نه‌خۆشیه‌ك، له‌و كاته‌دا پێویست ده‌كات به‌وه‌ی جارێكی تر نیه‌ت بهێنرێته‌وه‌.

2) خواردن وخواردنه‌وه‌ له‌كاتی بانگدانی به‌یانی یان كه‌مێك پاشتریش، ئه‌مه‌ش خوویه‌كی زۆر خراپه‌، بۆیه‌پێویست ده‌كات ڕۆژوه‌وانی خۆشه‌ویست له‌گه‌ڵ بانگدان وهه‌ڵهاتنی سپێده‌ی به‌یانیدا ده‌ست له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ وهه‌ر شتیكی تر هه‌ڵبگرێت كه‌ڕۆژوو ئه‌شكێنیت .

3) پێش خستنی پارشێو به‌ كاتژمێرێك یان دوو كاتژمێر، كه ‌ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌( صلی الله علیه وسلم ) كه‌ ده‌فه‌رموێت : (‏لا يزال الناس بخير ما عجلوا الفطر‏ وأخروا السحور ) { رواه أحمد } واته‌: هه‌میشه‌ خه‌ڵكی له‌خێر وچاكه‌دان مادام كه‌خێرا ڕۆژوویان بشكێنن و پارشێویشیان دوابخه‌ن - به‌و مانایه‌ی كه‌دوای بخه‌ن بۆ نزیك كاتی بانگی به‌یانی - .

4) زیاده‌ڕۆیی وئیسراف كردن له‌خواردن وخواردنه‌وه‌دا له‌م مانگه ‌پیرۆزه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی لێهاتووه ‌هێنده ‌خواردن وخواردنه‌وه‌ دروست ده‌كریت بۆ كاتی به‌ربانگ، كه‌چاره‌كێكی ناخورێت وپاشان ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه ‌فڕێ ده‌درێته ‌ناو زبڵ وخاشاكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ئیسلامدا قه‌ده‌غه‌ی لێكراوه‌ وهه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌شی له‌سه‌ره‌وه‌ك خوای گه‌وره ‌ده‌فه‌رموێت : ( ..... ولا تبذر تبذیـــرا * إن المبذرین كانـــــوا إخوان الشیاطین ... )   { الاسراء : 26-27 } واته‌: زیاده‌ڕۆیی مه‌كه‌و ماڵ وسامانت به‌فیڕۆ مه‌ده‌، چونكه ‌ئه‌وانه‌ی كه‌ماڵ وسامانیان به‌فیڕۆ ئه‌ده‌ن وه‌ك برای شه‌یتانه‌كان وان، شه‌یتانیش له‌به‌رامبه‌ر ناز ونیعمه‌ته‌كانی په‌روه‌ردگاریه‌وه ‌زۆر ناشوكر وبه‌د نمه‌كه‌.

وه‌له‌هه‌مان كاتیشدا مانگی ره‌مه‌زان بۆ په‌رستش وعیباده‌ت دانراوه ‌ویه‌كیك له‌حیكمه‌ته‌كانی ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ كه‌برسی ده‌بیت هه‌ژار ولێقه‌وماوانی بیر بكه‌ویته‌وه‌ وهه‌ست به‌ئازاریان بكات، وه‌هه‌روه‌ها مرۆڤ له‌گه‌ڵ برسیه‌تیدا زیاتر خشوعی بۆ دروست ئه‌بیت به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی گه‌ده‌ی ته‌وا پڕ بكات وخۆی بهه‌ڕه‌تێنێت له‌كاتی به‌ربانگ كردنه‌وه‌دا .

5) كه‌مته‌رخه‌می و گوێ نه‌دان به‌كردنی نوێژه‌كان به‌كۆمه‌ڵ وله‌مزگه‌وت له‌لایه‌ن هه‌ندیك له‌گه‌نج ولاوه‌كانمانه‌وه به‌تایبه‌تی هه‌ردوو نوێژی نیوه‌ڕۆ وعه‌صر كه‌زۆرێك له‌گه‌نجه‌كان شه‌وان تا دره‌نگانیك سه‌هره ‌وشه‌ونوخونی ده‌كێشن و ناخه‌ون، وپاشان خه‌به‌ریان نابێته‌وه ‌بۆ نوێژه‌كانیان‌خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی هه‌موو لایه‌ك بدات .

6) نه‌پاراستنی زمان وده‌ممان له‌قسه‌ی بێ مانا وگاڵته‌وگه‌پ وغه‌یبه‌ت ودرۆ و بوهتان و دوو زمانی، هه‌موو ئه‌مانه‌ قه‌ده‌غه‌یان لێكراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌مانگی ره‌مه‌زاندا، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : ( من لم یدع قول الزور والعمل به فلیس لله حاجة ان یدع شرابه وطعامه ) { رواه البخــاری } واته‌: هه‌ركه‌سێ واز له درۆ وده‌له‌سه وخه‌ڵك خه‌ڵه‌تان ئه‌م كارو بارانه نه‌هێنێ خوای گه وره هیچ نیازێكی نیه به‌وه كه واز له‌خواردن وخوار دنه‌وه بێنێ .

7) به‌فیڕۆدانی كات له‌ته‌ماشاكردنی به‌رنامه‌ی بێكه‌ڵك وزنجیره‌درامای ڕه‌وشت ڕوشێن وپێشبڕكێی بێ مانا وبێناوه‌ڕۆك وهه‌ندێ شتی تر، كه‌هه‌موو ئه‌مانه ‌باوه‌ردار سه‌رقاڵ وسه‌رگه‌رم ده‌كات وتاوای لێ دێت كه‌خێر وبێری ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ی له‌كیس بچێت .

8) كه‌مته‌رخه‌می كردن وگوێ نه‌دان به‌كاروكرده‌وه‌ چاكه‌كان له‌م مانگه ‌پیرۆزه‌دا، وه‌ك صه‌ده‌قه وقورئانخوێندن ویاد وذكری په‌روه‌ردگار وپاڕانه‌وه‌ وئه‌نجامدانی نوێژه ‌سوننه‌ته‌كان وزۆر كاری تر‌، كه‌باوه‌رداران لێی غافڵ وبێ ئاگان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و ئه‌جر وپاداشته ‌گه‌وره‌یه‌ی كه‌خوای گه‌وره ‌ومیهره‌بان تایبه‌تی كردوه‌ به‌م مانگه ‌پیرۆزه‌وه ‌له‌كیس ئه‌و كه‌سانه ‌بچێت كه‌پاشتر به‌هیچ شتێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، چونكه ‌ته‌مه‌ن كه‌تێپه‌ڕی هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ئایا هیچ كه‌س له‌وه‌ دڵنیایه ‌كه ‌ساڵێكی تر بگاته‌وه‌ به‌مانگی ره‌مه‌زان وخوای گه‌وره ‌ده‌رفه‌تی پێ بداته‌وه‌، چونكه ‌زۆر كه‌س هه‌بوون كه‌ڕه‌مه‌زانی پار ساڵیان گرت، به‌ڵام بۆ ره‌مه‌زانی ئه‌م ساڵ ئێستا وا له‌ژێر گڵدان .

9) كه‌مته‌رخه‌می كردن له‌كردنی نوێژی ته‌راویح به‌كۆمه‌ڵ وله‌مزگه‌وت، یان هه‌ندێك كه‌س هه‌ر نایكه‌ن به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌سوننه‌ته‌، خۆ نازانن په‌روه‌ردگار وه‌ك دیاریه‌ك ئه‌م مانگه ‌پیرۆزه‌ی عه‌طا كردوه ‌به‌ئوممه‌تی ئیسلام، وه‌هه‌ندێك كه‌سی تر فێر بوون ته‌راویحه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئیمام و پێش نوێژدا ئه‌نجام ئه‌دات و ئیتر مزگه‌وت به‌جێ ده‌هێڵیت وئارام ناگرێت تا نوێژی { شه‌فع و یه‌ك ڕكاتی ویتره‌كه‌} له‌گه‌ڵ ئیمامه‌كه‌یدا بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌جر وپاداشتی ئه‌و كه‌سانه ‌كه‌م ده‌كاته‌وه‌، چونكه ‌پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌فه‌رمووده‌یه‌كی صه‌حیحدا فه‌رموویه‌تی : ( من قام مع الإمام حتى ينصرف كتب له قيام ليلة ) { رواه الإمام أحمد وأهل السنن بسند صحیح من حدیث أبي ذر } واته‌: هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵ پێش نوێژدا - نوێژی ته‌راویح ئه‌نجام بدات - وه‌به‌رده‌وام بێت له‌گه‌ڵیدا تا له‌مزگه‌وت ده‌رده‌چێت, ئه‌وا ئه‌جر وپاداشتی شه‌و نوێژی ئه‌و شه‌وه‌ی بۆ ده‌نوسرێت .

10) تێبینی ئه‌وه‌ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه ‌خه‌ڵكی زۆر به‌گه‌رم وگوڕی روو ده‌كه‌نه ‌مزگه‌وته‌كان، به‌ڵام له‌كۆتاییه‌كه‌یه‌وه‌ وورده ‌وورده ‌روو له‌كه‌م بوونه‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا خێر وپاداشتی گه‌وره‌ی ئه‌م مانگه ‌له‌ده‌شه‌وی كۆتاییه‌كه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌بریتی له‌شه‌وی قه‌در، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ده‌شه‌وی كۆتایی جێگای گرنگـی پێدانی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) بووه‌، وه‌ك له‌ڕیوایه‌تیكدا هاتووه‌،كه‌دایكی باوه‌ڕداران حه‌زره‌تی عائیشه ‌ڕیوایه‌تی كردوه ‌كه ‌ده‌فه‌رموێت : (كان إذا دخل العشر أحيا الليل وأيقظ أهله وشد مئزره) {رواه البخاري ومسلم }واته‌: هه‌ركاتێك كه‌ده‌شه‌وی - كۆتایی مانگی ڕه‌مه‌زان بهاتایه‌ - پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ئه‌و شه‌وانه‌ی زیندووی ده‌كرده‌وه ‌‌وخێزانه‌كانیشی به‌خه‌به‌ر ده‌هێنا ودامێنی توند قایم ده‌كرد - به‌و مانایه‌ی له‌و ده‌شه‌وه‌دا كه ‌ئیعتكافی ده‌كرد وازی تێكه‌ڵاوی خێزانه‌كانی ده‌هێنا - .

11) ڕژدی وبه‌خیلی كردن لای هه‌ندێ كه‌س له‌م مانگه ‌پیرۆزه‌دا، به‌وه‌ی ده‌ستی خۆیان ده‌نوقێن وگرێ ئه‌ده‌ن وبه‌زه‌ییان نایه‌ته‌وه‌ به‌هه‌ژاراندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌خێر وصه‌ده‌قه ‌كردن له‌م مانگه ‌پیرۆزه‌دا له‌خێر وصه‌ده‌قه‌ی مانگه‌كانی تر زۆر باشتره‌، وه‌ك له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌: ( أفضل الصدقة صدقة في رمضان ) { أخرجه الترمذي عن حدیث أنس } واته‌: چاكترین خێر وصه‌ده‌قه‌یه‌ك خێر وصه‌ده‌قه‌ی مانگی ره‌مه‌زانه‌ .

12) بێ ئاگایی له‌كردنی نزا وپاڕانه‌وه ‌له‌كاتی به‌ربانگ كردنه‌وه‌دا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س له‌به‌ر هه‌ڵپه‌كردن بۆ خواردن وخوانی نانخواردنه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له‌بیر چووه‌ته‌وه‌ كه‌پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : ( وإن لكل مسلم دعوة يدعو بها فيستجاب له ) { رواه أحمد والبزاز وقال الشيخ ناصر الدين الألباني خديث صحيح} واته‌: بۆ هه‌موو موسڵمانێكی - ڕۆژوه‌وان - نزا وپاڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه ‌كه‌پێی بپاڕێته‌ وه‌گیرا ده‌بێت بۆی .

13) له‌كیس خۆ دانی زیندووكردنه‌وه‌ی سوننه‌تی ئیعتكاف كردن ومانه‌وه ‌له‌مزگه‌وت به‌نیه‌تی عیباده‌ت كردن، به‌تایبه‌ت له‌ده‌شه‌وی كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌ كه‌به‌ده‌قی قورئانی پیرۆز خێری زیندوو كردنه‌وه‌ی شه‌وی قه‌در كه ‌ده‌كه‌وێته ‌ده‌شه‌وی كۆتاییه‌وه ‌له‌عیباده‌تی 83 ساڵ زیاتر خێری زیاتره‌وه‌ك خوای گه‌وره ‌ده‌فه‌رموێت : ( لَيلَةُ القدرِ حَيرٌ مِنْ ألفِ شَهرٍ ) { سورة القدر : 3 } .

14) چوونه ‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ ئافره‌تان وبۆنی خۆش له‌خۆدان وله‌به‌ركردنی جل وبه‌رگی سه‌ره‌نج ڕاكێش له‌كاتی چوونیان بۆ نوێژی ته‌راویح له‌مزگه‌وته‌كاندا، كه‌هه‌موو ئه‌مانه ‌ده‌بنه ‌هۆی فیتنه ‌وسه‌رگه‌ردانی گه‌نج ولاوان له‌هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر ومێ .

15) دواخستنی ده‌ركردنی زه‌كاتی سه‌ر فیتره ‌بۆ دوایی جه‌ژن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا سوننه‌ته ‌كه‌ڕۆژی جه‌ژن ده‌ربكرێت، هه‌روه‌ها دروستیشه ‌كه‌ یه‌ك دوو رۆژێك پێش جه‌ژن بدرێت به‌هه‌ژاران .

خۆشه‌ویستان ئه‌وه‌ی كه‌باسكرا هه‌ندێك بوو له‌و هه‌ڵه‌و كه‌موو كورتیانه‌ی كه‌ ڕۆژووه‌وانان تیی ده‌كه‌ون كه‌به‌پێویستم زانی سه‌ره‌تا خۆم وپاشان ئێوه‌ی به‌ڕیزیشی لێ ئاگادار بكه‌مه‌وه‌.

والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته