×
ئه‌م وتاره‌ باسی دوو فیتنه‌ی کارەسات بارو لەناو بەرەکەی باوەڕدار ده‌كات كه‌ بریتین له: فیتنەی (الشبهات) گومان و دودڵی ‌: یەکەم: فیتنەی (الشبهات) گومان و دودڵی و فیتنەی (الشهوات) حەزو ئارەزوو!. ئەم فیتنەیە پەیوەستە بە ئاینەوە کەبەڕاستی زۆر سامناك و لەناوبەرە، چونکە مرۆڤی باوەڕدار لە پاکێتی یەکخوا پەرستی یەوە دەباتە ناو پیسی هاوەڵ پەیداکردن و بێباوەڕی وهەڵگەڕانەوەو دور کەوتنەوە لەدین دووەم: فیتنەی (الشهوات) حەزو ئارەزوو!. بریتی یە لە هەواو هەوەس و ئارەزو، کەپاڵ بە کەسەکەوە دەنێت بۆ سەرپێچی فەرمانەکانی خواو پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) و ئەنجام دانی کردەوەی خراپ بەکردەوە!.

    فیتنەی گومان و دودڵی وفیتنەی حەزو ئارەزوو

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ڕه‌نج شێخانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2015 - 1436

    فتنة الشبهات وفتنة الشهوات

    « باللغة الكردية »

    رنج شيخاني

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2015 - 1436

    فیتنەی گومان و دودڵی وفیتنەی حەزو ئارەزوو

    دوو فیتنە کارەسات بارو لەناو بەرەکەی باوەڕدار:

    یەکەم: فیتنەی (الشبهات) گومان و دودڵی!.

    دووەم: فیتنەی (الشهوات) حەزو ئارەزوو!.

    عن أبو هريرة ـ رضي الله عنه ـ أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال: (( بَادِرُوا بِالْأَعْمَالِ فِتَنًا كَقِطَعِ اللَّيْلِ الْمُظْلِمِ، يُصْبِحُ الرَّجُلُ مُؤْمِنًا وَيُمْسِي كَافِرًا، أَوْ يُمْسِي مُؤْمِنًا وَيُصْبِحُ كَافِرًا، يَبِيعُ دِينَهُ بِعَرَضٍ مِنَ الدُّنْيَا)).[أخرجه مسلم (118) واللفظ له، وأحمد (10772و 8030) والترمذي (2195) وابن حبان (6704 ) وغيرهم. وصححه : مسلم والترمذي وابن حبان وأبو عوانة والبغوي والألباني وغيرهم].

    واتە: لە ئەبو هورەیرەوە(خوای لێ ڕازی بێت) دەگێڕتەوە کەوا پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: دەست پێش خەری بکەن لەکردەوەی چاکەدا پێش ئەوەی فیتنە وەك پارچەیەك شەوی تاریك بدات بەسەرتاندا!، پیاو بەیانی بەباوەڕ داری بەسەردەبات و دەگاتە ئێوارە بێباوەڕ دەبێتەوە، یان ئێوارە بە باوەڕداری بەسەر دەبات و بەیانی بێباوەڕ دەبێتەوە، دینەکەی دەفرۆشیت بە بەشێك لەماڵی دونیا!.

    یەکەم" فیتنەی (الشبهات) گومان و دودڵی!.

    ئەم فیتنەیە پەیوەستە بە ئاینەوە کەبەڕاستی زۆر سامناك و لەناوبەرە ، چونکە مرۆڤی باوەڕدار لە پاکێتی یەکخوا پەرستی یەوە دەباتە ناو پیسی هاوەڵ پەیداکردن و بێباوەڕی وهەڵگەڕانەوەو دور کەوتنەوە لەدین، بەشێوەیەك کاریگەری دروست دەکات لەسەر بیروباوەڕی مرۆڤ کە لە نورو ڕوناکی سوننەتەوە دەیباتە دەرەوە بۆ تاریکایی بێباوەڕی و گومڕایی و داهێنراوەکان!.

    ئەم گومان و دوو دڵی یە لەکەسێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تریش ، تا زیاد دەکات و بەرامبەر لاواز دەکات ، گومانەکانیش بەشێوەیەکی گشتی لەڕێگەی گۆڤارو ڕۆژنامەو کتێب و کاسێت و کەناڵە ئاسمانیەکان و ، تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و ئەنتەرنێت ، یان لەڕێگەی گفتو گۆکردن و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کەسانێکی بێ دین یان گومڕادا سەرچاوە دەگرێت بەتایبەتی ئەگەر کەسی مسوڵمان نەشارەزا بێت لە ئاین و بیرو باوەڕەکەی خۆیدا!.

    هەر بۆیە دەبینین کەسایەتیەکی مسوڵمانی خاوەن بیرو باوەڕی ڕاست و پاك، کە یەکخواپەرستی و سوننەتی خۆش دەوێت و شوێن پێی گەورە پیاوچاکانی پێشینی ئوممەتی هەڵگرتوە، بەهۆی گوێگرتنی لە کەسانێکی بێ دین و گومڕا کاریگەری لەسەر دروست دەبێت و گومان دەچێتە نێو دڵی یەوەو، وتەو نوسین و گومانەکانیان بە لاڕێی دا دەبات و سەرەنجام ئەویش گومڕا دەبێت و گومانی بۆ دروست دەبێت لە بیرو باوەڕە ڕاستەکەیداو، سەرەنجام دوور دەکەوێتەوە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام، چونکە هێشتا خودی کەسەکە شارەزای تەواوی نەبوە لەزانستە شەرعیەکان!.

    نمونەکانی فیتنەی(الشبهات) گومان و دوو دڵیش گرنگترینیان بریتین لە:

    ئەو گومانانەی پەیوەستە بەخوای پەروەردگاری جیهانیان بە ناو سیفات و کردارە بەرزو پیرۆزەکانی و تەشریعات و حوکم و فەرمان و قەدەغە کراوەکانی، یان پێغەمبەری ئیسلام محمد(صلی الله علیە وسلم) و پێغەمبەرانی تر(علیهم افضل الصلاة والسلام)، یان قورئان، یان هاوەڵانی بەڕێز، یان مەسەلەی قەدەر خێرو شەڕەکەی، یان ڕۆژیی دوایی و ئەو باسانەی کە شاراوەن، یان یەکخوا پەرستی و هاوەڵ پەیدا کردن، یان سوننەت و داهێنراوەکان، یان هەندێك پە پێویستی و واجباتەکان، یان حەرام کراوەکان، یان ئەوشتانەی کە لە سوننەتدا ئاماژەیان پێدراوەو لەگەڵ عەقڵی ئەم دا یەك ناگرێتەوە!.

    کەوابو پێویستە بەندەی باوەڕدار زۆر بەتەواوەتی و گرنگیەوە بڕوانێت لەم نمونانەو خۆی شارەزابکات، لەڕێگەی خوێندنی زانستی شەرعی یان گوێگرتن لەزانایان و بانگخوازانی سەر ڕاستەوە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو فیتنەی (الشبهات) گومان و دوو دڵی، چونکە هەرکەس کەوتبێتە ناو ئەم گومانەوە، ئەوە بیروباوەڕەکەی لەدەست داوەو ئەستەم بوە ڕێگەی ڕاست و ڕەوانی دۆزیبێتەوە بۆ جارێکی تر!.

    ئەم فیتنەیەش لە دوو هۆکاری سەرەکی یەوە سەرچاوە دەگرێت:

    یەکەم: گرتنە دەسەڵات لەلایەن کەسانێکی بەناو مسوڵمان، یان بەئاشکرا بێباوەڕ: هەرکات ئەم جۆرە دەسەڵات دارانە هاتنە سەر حوکم و ویستیان پێگەیان بەهێز بکەن، دەست دەکەن بەنوسینەوەی دەستورو یاسای دەستکرد، تاوەکو خەڵکی مسوڵمان لە نیگاو وەحیە خوایی یەکە داببڕن و، هیچ پەیوەندیەك لەنێوان مرۆڤ و خوای گەورەو دروستکاریەوە نەهێڵن سەبارەت بە حوکم کردن بە تەشریعاتی خوایی و، لەڕێگەی دەیان و سەدان کادێرو نوسەرو تاریكبیرو شارەزایانەوە دسەڵاتەکەو یاسا دەستکردەکانی خۆیان جوان دەکەن لە پێش چاوی مسوڵمانان و، سەرجەم ئەو حوکمە شەرعیانەشی کە زەرەری هەیە بۆ پێگەی دەسەڵاتەکە، تانەی لێ دەدەن و گومان دەخەنە دڵی مسولمانانەوە لەسە ڕاستی و دروستی فەرمان و قەذەغەکراوەکان و حوکمە شەرعیەکان!.

    دووەم: زانای دوونیا ویست و بەکرێگیراو: هەر دەسەڵاتێك ویستبێتی حوکمی خوای گەورە وەلا بنێت و، مسوڵمانان دوور بخرێنەوە لە بیرو باوەڕی ڕاست و دروست، ئەوە لەڕێگەی کۆمەڵێك زانای دروستکراو، دوونیا ویستەوە!، بە ڕێگەی پارەو سامانی دوونیاو ناو پلەو پایەو دەستکەوتەوە، توانیویەتی مسوڵمانان سەرقاڵ بکات بە هەندێك شتی لاوەکی یەوە و، لەڕێگەی کۆڕو وتارو کردارەکانیانەوە گومان بخەنە دڵی مسوڵمانان لەڕاستی و دروستی ئەم پەیامە ئاسمانیە!، کە بەو شێوەیە گومان لەدڵی مسوڵمانانی کەم شارەزا دروست دەبێت و، ئیتر ڕقیان لە ئیسلام و بەرنامەکەی دەبێتەوە!، لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو توانایەکیانەوە پاڵ دەدەنە لای ئەو دەسەڵاتە بێ باوەڕەوەو بەرگری لێ دەکەن ودەبنە پشتیوان و سەرخەری ئەوان و، دژایەتی مسوڵمانانی سەر ڕاست دەکەن و بەرامبەریان دەوەستنەوە!.

    دووەم: فیتنەی (الشهوات) حەزو ئارەزوو!.

    بریتی یە لە هەواو هەوەس و ئارەزو، کەپاڵ بە کەسەکەوە دەنێت بۆ سەرپێچی فەرمانەکانی خواو پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) و ئەنجام دانی کردەوەی خراپ بەکردەوە!.

    ئەم فیتنە سامناکەش زۆر بەر بڵاوە لەم سەردەمەی ئێمەدا، زۆر کەسیشی بەلاڕێدا بردووە!، وە نزیكە لەکەسانێكەوە کە خاوەن ئیرادەیەکی لاوازن و، هەر ئەوەندەی مسوڵمان کەوتە داوی شەیتان و نەفس و فیتنەی ئارەزووەکانیەوە! ، گەر زوو فریای خۆی نەکەوێت ئەوە پێ یەکانی هەڵدەخلیسکێت و بەرەو هەڵدێرو خراپەکاری دەبات!، بەو هۆیەوە یان ئیمانەکەی لەدەست دەدات، یان بە تەواوی ئیمانی لاواز دەبێت!.

    نمونەکانی فیتنەی(الشهوات) حەزو ئارەزووش گرنگترینیان بریتین لە :

    ئارەزوی ماڵ وسامان و دزی و داگیرکردن، یان ئارەزووی داوێن پیسی و شەڕواڵ پیسی، یان ئارەزووی چونە شوێنە خراپەکانی وەك باڕو قومارخانەو، هۆڵەکانی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و گوێگرتن لە گۆرانی مۆسیقا، یان ئارەزووی خواردنە حەرام کراوەکان و خواردنەوە کحولیەکان، یان لەبەرکردنی پۆشاك و جل و بەرگی نیمچە ڕوت و ناشەرعی، یان ئارەزووی تێکەڵ بونی ناشەرعی هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ بەتەنها، یان لاسایی کردنەوەی بێباوەڕان و لەسنور دەرچوان، یان ئارەزووی دەسەڵات و پلەو پایەو ناوبانگ دەرکردن!.

    ئەم فیتنەیەش لە دوو هۆکاری سەرەکی یەوە سەرچاوە دەگرێت :

    یەکەم : زۆربونی پارەو سامان: کە هەرکات پارەو سامان زیادی کردو خەڵکی تەنها لەخەمی پەیداکردنی ماڵ و سامانی دوونیا بون بەبێ گوێدانە حەرام یان حەڵاڵ و دواڕۆژیان لە یاد کرد!، ئەوکاتە شەڕو ئاژاوەو فیتنە بەرۆکی مسوڵمانان دەگرێت و، بەو شێوەیە دەست درێژی دەکەنە سەر ماڵ و سامان و ناموسی یەکتری و سەرەنجام بۆ هیچ کامێکیشیان نابێت!.

    دووەم : هۆکارەکانی بڵاو بونەوەی بەد ڕەوشتی و خراپەکاری: ئەمەش بەهۆی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و کردنەوەی دەیان سەنتەرو پیلانی گەورەو سامناك بۆ سەرقاڵ کردنی گەنجەکان و وروژاندنی لایەنی ئارەزووە شەهوانیەکانیان و، ئاسان کاری و ڕێگە کردنەوە بۆ ئەنجام دانی کاری بەد ڕەوشتی و خراپە، لەنێوان هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ دا، کەوای لێهاتوە گرێ بەستی هاوسەر گیری بەرەو کاڵ بونەوەو نەمان ڕۆشتوەو، کوڕان و کچان بە ئاسانی ناتوانن متمانە بەیەکتری بکەن بۆ ئەنجام دانی ئەو گرێ بەستەو،بەو شێویە سەرەنجام کۆمەڵگە بەرەو تیاچون و نەمان دەچێت!.

    کەوابو بزانە ئەی مسوڵمانی بەڕێزو خۆشەویست: سەبارەت بەم دوو فیتنەیە کۆمەڵێك لەخەڵکی بەزانایی یەوە تێی کەوتون!، کۆمەڵێکیش بەنەزانی و، کۆمەڵێکیش لەنێوان زاناو نەزانەکاندا گیریان کردوەو، سەرەنجام ئەوانیش گەر فریای خۆیان نەکەون ئەوە لە ڕێگەیەکەوە دەکەونە ناو فیتنە لەناو بەرەکەوە!، ئەو کۆمەڵەشی کە نیەت پاك و دڵسۆزن بۆ خوای پەروەردگاریان و خەمی قیامەتیان لەپێش خەمی دوونیایانەوەیە خوای گەورە بەویستی خۆی بەرچاو ڕۆشنی کردون و پاراستونی لەم فیتنە کارەسات بارەدا جا بزانە تۆ لەکام کۆمەڵیان خۆت دەبینیتەوە؟!.