كۆچی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ مه‌دینه
پۆڵێنه‌كان
سەرچاوەکان
Full Description
كۆچی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ مه‌دینه
] kurdish – كوردی – كردي [
موحه‌ممه‌د ئیدریس
پێداچوونه‌وه‌ی: پشتیوان صابر عزیز
2014 - 1435
هجرة الرسول صلى الله عليه وسلم إلى المدينة
« باللغة الكردية »
محمد إدريس
مراجعة : بشتيوان صابر عزيز
2014 - 1435
كۆچی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ مه‌دینه
سه‌ره‌تای كۆچكردن
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى ئیسلام له مه‌دینه، پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) هاوه‌ڵانی له مه‌ككه كۆكرده‌وه‌و فرمانی به كۆچكردن به‌ره‌و مه‌دینه پێكردن ، به‌م پێیه مسوڵمانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی قوڕه‌یشییه‌كان پێیان نه‌زانن و رێ‌یان لێنه‌گرن و ئه‌وه‌نده‌ی تر ئازاریان نه‌ده‌ن به نهێنی یه‌ك یه‌ك و دوو دوو ده‌ستیان به كۆچكردن كرد، به‌و شێوه‌یه‌ش زۆربه‌ی مسوڵمانان كۆچیان كرد و ژماره‌یه‌كی كه‌م له هاوه‌ڵان له مه‌ككه مانه‌وه.
دوای كۆچی هاوه‌ڵان پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) ماوه‌یه‌ك له مه‌دینه مایه‌وه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌كرد تا خوای گه‌وره مۆڵه‌تی كۆچكردنی بدات.
ئه‌و مسوڵمانانهش كه له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ردا( صلی الله علیه‌و سلم) مانه‌وه‌و كۆچیان نه‌كرد هه‌موویان له‌لایه‌ن قوڕه‌یشه‌وه چهوسێنرانهوهو ئه‌شكه‌نجه‌دران ته‌نها(ئه‌بوبه‌كرو عه‌لی) نه‌بێ.
ئه‌بوبه‌كریش( خوا لێی رازیبێ) زۆر جار مۆڵه‌تی بۆ كۆچكردن ده‌خواست، پێغه‌مبه‌ریش( صلی الله علیه‌و سلم) پێی ده‌وت: په‌له مه‌كه به‌ڵكوو خوا هاوه‌ڵێكت بۆ بنێرێ. ئه‌بوبه‌كریش به‌م قسه‌یه دڵخۆش بوو، تێگه‌یی كه مه‌به‌ستی خۆیه‌تی، بۆیه ئه‌بووبه‌كر هه‌ستا به كڕینی دوو وشترو بۆ ماوه‌ی ٤ مانگ دایبهستن و ئاماده‌ی كردن بۆ كۆچكردن.
له ماڵی ئه‌بوبه‌كردا
خاتوو عائیشه( خوا لێی رازیبێ) ده‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ری خوا( صلى الله علیه وسلم) رۆژ نه‌بوو جارێك نه‌یه‌ته ماڵی ئه‌بوبه‌كر ـ ئێواره یان به‌یانی ـ ، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی خوای گه‌وره مۆڵه‌تی پێغه‌مبه‌ریدا به‌ره‌و مه‌دینه كۆچ بكات، پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه‌و سلم) ئه‌و رۆژه له گه‌رمای نیوه‌ڕۆدا هات كه هه‌رگیز له‌وكاته‌دا نه‌ده‌هات، ئه‌بوبه‌كر وتی: هاتنی پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) له‌م كاته‌دا بێ هۆ نییه دیاره شتێك ڕوویداوه، پاشان پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) دانیشت و وتی: خواى گه‌وره مۆڵه‌تی به كۆچكردن پێداوم، ئایا هاوڕێیم ده‌كه‌ی؟ خاتوو عائیشه ده‌ڵێ: به خوا نه‌مزانی بوو كه‌س له خۆشی‌دا ده‌گری تا ئه‌و رۆژه ئه‌بوبه‌كرم بینی له خۆشی‌دا ده‌ستی به گریان كرد، ئه‌بوبه‌كر وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا بۆ ئه‌م كۆچكردنهمان دوو وڵاخم ئاماده‌كردووه، پاشان (عبدالله بن اریقط) یان به كرێ گرت تا چاوساغییان بكا‌و ڕێگایان پیشانبدا.
كۆچی پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) بۆ مه‌دینه
خوای گه‌وره شه‌وێك فه‌رمانیدا به پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) تا بۆ مه‌دینه كۆچ بكات، پێغه‌مبه‌ریش( صلی الله علیه‌و سلم) (عه‌لی) ئاگاداركرد كه له جێگاكه‌یدا بخه‌وێ تا كافره‌كان وابزانن ئه‌وه موحه‌ممه‌ده‌و له ماڵه‌وه نووستووه، هه‌روه‌ها راشیسپارد كه ئامانه‌ته‌كانی خه‌ڵكی دوای رۆیشتنی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) بداته‌وه به خاوه‌نه‌كانی ـ چونكه له‌به‌ر ئه‌مینی و ده‌ستپاكی زۆر له خه‌ڵكی ئامانه‌تیان لاى پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) دانابوو ـ ، ئه‌وسا عه‌لی خۆیشی بۆ مه‌دینه كۆچ بكات.
پاشان پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) چوو بۆ ماڵی ئه‌بوبه‌كرو له‌وێوه بڕیاریاندا كۆچبكهن و سه‌ره‌تا بۆ رێ ونكردن و خۆشاردنه‌وه له قوڕه‌یشییه‌كان به‌ره‌و ئه‌شكه‌وتی( ثور) به‌ڕێكه‌وتن.
قوڕه‌یشییه‌كان به‌رده‌وام چاودێریی ماڵی پێغه‌مبه‌ریان ده‌كرد، كه بینییان به‌یانییه‌كه‌ى عه‌لی له ماڵی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) هاته ده‌ره‌وه سه‌ریان سوڕماو له عه‌لییان پرسی: كوا موحه‌ممه‌د؟ ئه‌ویش وتی: نازانم، پاشان چوون بۆ ماڵی ئه‌بوبه‌كر، بینییان ئه‌ویش له‌وێ نییه، پرسیاریان له(أسماء)ی كچی ئه‌بوبه‌كر كرد: كوا باوكت و موحه‌ممه‌د؟ ئه‌ویش وتی: نازانم، ئیتر ئه‌بوجه‌هل له توڕه‌ییدا شهقازلهیهكی توندی له ئهسماءداو گواره‌كه‌ی له گوێ په‌ڕاند.
ئه‌بوبه‌كر(خوا لێی رازیبێ) پێش كۆچكردن(عبدالله)ی كوڕی راسپاردبوو به رۆژ له‌ناو قوڕهیشییهكانا گوێبیستی هه‌واڵ ببێ و ئێواران بێت بۆ لایان و هه‌واڵه‌كان چیبێ بۆیان بهێنێ، هه‌روه‌ها(عامر بن فهیره)ی شوانی خۆی ئاگاداركرد كه به رۆژ شوانیی بكات و ئێواران رانه‌كه‌ی ببات بۆ لای ئه‌شكه‌وته‌كه بۆ شیر دۆشین، دوایش رانه‌كه به شوێن پێی عبدالله دا ببات و شوێن پێی بكوژێنێته‌وه، به‌م جۆره 3 رۆژ له‌ناو ئه‌و شكهوتهكهدا مانه‌وه، هه‌ر له‌و ئهشكهوتهشدا مارێك دای به ئه‌بوبه‌كره‌وه، عومه‌ر(خوا لێی رازیبێ) ده‌ڵێت: شوێنه‌واری ئه‌و ژه‌هری ماره له سه‌ره مه‌رگدا بۆ ئه‌بوبه‌كر گه‌ڕایه‌وه‌و بووه هۆی مردنی(خوا لێی رازیبێ).
گه‌ڕان به شوێن پێغه‌مبه‌ردا( صلی الله علیه‌و سلم)
كاتێك قوڕه‌یشییه‌كان زانییان پێغه‌مبه‌رو ئه‌بوبه‌كر له ده‌ستیان ده‌ربازبوون مه‌ترسییان لێ‌نیشت و به‌شوێنیاندا كه‌وتنه گه‌ڕان، به هه‌موو لایهكیشدا خه‌ڵكیان به شوێندا ده‌ناردن، بڕیارێكیشیان ده‌ركرد100 وشتر خه‌ڵاتی ئه‌و كهسهبێ كه بتوانێ ده‌ستگیریان بكات یان بیانكوژێ، هه‌ندێ له كافران به شوێنه‌واریاندا رۆیشتن و به‌لای ئه‌شكه‌وته‌كه دا تێپه‌ڕین و چوونه به‌ر ده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه، به‌ڵام خوای گه‌وره پێغه‌مبه‌رو ئه‌بوبه‌كری پاراست، ئه‌بوبه‌كر(خوا لێی رازیبێ) له‌تاو پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) مه‌ترسی لێ‌نیشت و خه‌م دایگرت و به پێغه‌مبه‌ری وت: ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌یری قاچی خۆیان بكه‌ن ئێمه ئه‌بینن. پێغه‌مبه‌ریش( صلی الله علیه‌و سلم) پێی وت: مه‌ترسه خوامان له‌گه‌ڵه، رات چۆنه ده‌رباره‌ی دوو كه‌س خوای گه‌وره سێیه‌میان بێت؟
له رۆژی سێیه‌مدا دوای ئه‌وه‌ی قوڕه‌یشییه‌كان بێ هیوابوون له دۆزینه‌وه‌یان، (عبدالله)ی چاوساغی ڕێگایان به 3 وشتره‌وه هات بۆ لایان، هه‌روه‌ها (عامر)ی شوانی ئه‌بوبه‌كریش له‌گه‌ڵیاندا هات تا له كۆچهكهیانا خزمه‌تیان بكات و له دوای ئه‌بوبه‌كره‌وه سواری وشتره‌كه بوو، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) له‌گه‌ڵ ئه‌بوبه‌كرو عبدالله و عامردا به ڕێگایه‌كی كۆنی كوێره رێدا به شاره‌زایی عبدالله به‌ره‌و مه‌دینه له خۆرئاوای مه‌ككه‌وه به كه‌ناری ده‌ریای سووردا به‌ڕێكه‌وتن، ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌ریش ئه‌و كاته 53 ساڵ بوو.
پاراستنی خوا بۆ پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم)
پیاوێكی قوڕه‌یشی بێ‌ئاگا له سه‌فه‌ر بۆ مه‌ككه ئه‌گه‌ڕایه‌وه، له رێدا چاوی كه‌وت به پێغه‌مبه‌رو هاوڕێیانی، كه گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌ككه‌و هه‌واڵی زانی وتی: من له رۆخی ده‌ریادا تارمایی چه‌ند كه‌سێكم بینی تێئه‌په‌ڕین، وابزانم موحهممهدو هاوڕێكانی بوون به‌ره‌و( یثرب) ئه‌ڕۆیشتن. كابرایه‌ك به ناوی(سراقة بن مالك) گوێی له‌م قسه‌یه بوو كه‌وته دڵییه‌وه كه ئه‌وان بن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بهخششهكه ته‌نها بۆ خۆی بێ و كه‌سیتر نه‌چێ به دوایاندا به نهێنی گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و خۆی چهكداركردو سواری وڵاخه‌كه‌ی بوو، به شوێنیان‌دا به‌و ڕێگایه‌دا كه كابرا باسی كرد به‌ڕێ كه‌وت.
پێغه‌مبه‌رو هاوڕێیانی بینییان سووراقه به‌ره‌و ڕوویان دێت به‌ڵام كه نزیك بووه‌وه لێیان، وڵاخه‌كه‌ی گلاو سووراقهی خست و له زه‌ویدا گه‌وزاندی، سووراقه له‌تاو پاداشته‌كه‌ی قوڕه‌یش ئاگای له خۆی نه‌مابوو بۆیه خێرا جارێكی‌تر كه‌وته كوتانی وڵاخه‌كه‌ی و به‌ره‌و ڕوویان رۆیشت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وڵاخه‌كه‌ی سووراقه خراپتر گلاو هه‌تا ئه‌ژنۆی چوو به‌زه‌ویداو سووراقهی به جۆرێك فڕێ‌دا خه‌ریك بوو ملی بشكێت، سووراقه زانی هه‌وڵی بێسووده‌و ئه‌مه موعجیزه‌یه، كه‌وته دڵیشیه‌وه كه رۆژێك دێت ئه‌مانه هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون بۆیه داوای ئامانهتنامهیهكی لێ‌كردن، پێغه‌مبه‌ریش فرمانی كرد بۆی بنووسن و دایانێ، سووراقه گه‌ڕایه‌وه‌و له ڕێگا تووشی هه‌ركه‌س ده‌بوو سه‌ری لێ دهشێوانن و ده‌یگێڕانه‌وه.
یه‌كه‌م مزگه‌وت له مێژووی ئیسلامدا
پاش چه‌ند رۆژێك له رۆیشتن پێغه‌مبه‌رو هاوڕێیانی گه‌یشتنه( قوباء) كه 6 میل له مه‌دینه‌وه دووره، كۆمه‌ڵێك له هاوه‌ڵه به ڕێزهكانیش به چه‌كه‌وه له‌وێ پێشوازییان لێكرد‌و پێغه‌مبه‌ری خوا 4 رۆژ له میوانداری هۆزی(عمر بن عوف) له قوباء مایه‌وه.
له‌م ماوه‌یه‌دا پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) یه‌كه‌م مزگه‌وتی له ئیسلامدا دروست كرد كه ناونرا(مزگه‌وتی قوباء یان مزگه‌وتی ته‌قوا)، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌شدا عه‌لی(خوا لێی رازیبێ) به‌ره‌و مه‌دینه كۆچیكردو مه‌ككه‌ی به‌جێهێشت.
پێغه‌مبه‌ر ده‌گاته مه‌دینه( یثرب)
پاشان پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم) به‌ره‌و مه‌دینه كه‌وته رێ و خه‌ڵكی ناو شار هه‌موو هاتبوونه ده‌ره‌وه‌و به‌خۆشییه‌وه سه‌یری پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستیان ده‌كرد، هه‌موو خاوه‌ن ماڵێك داوایان له پێغه‌مبه‌ر ده‌كرد كه ببێته میوانی ئه‌وان، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه‌و سلم) نه‌چووه ماڵی كه‌س و بڕیاریدا مزگه‌وت دروست بكه‌ن و ماڵه‌كه‌شی هه‌ر له‌و جێیه‌دا بێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شوێنێك كه كه‌وتبووه به‌رده‌م ماڵی(أبو ایوب الأنصاری) هه‌ڵبژێردرا، پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه‌و سلم) وتی: ئه‌گه‌ر خوا بیه‌وێ ئه‌مه مزگه‌وت و جێگامان ده‌بێ.
پێغه‌مبه‌رو هاوه‌ڵانی مزگه‌وتیان دروست كرد به شێوه‌یه‌كی زۆر ساكار، هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌شیان له به‌ردو خشت دروستكرد‌و سه‌ری سهقفهكهشیان به په‌لكه دارخورما گرت. ئه‌و ماوه‌یه‌ش پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) له ماڵی ئه‌بو ئه‌یوب مایه‌وه‌و میوانی ئه‌و بوو.
پاشان پێغه‌مبه‌ر ناردی به شوێن خێزانهكهیداو عبدالله‌ی كوڕی ئه‌بوبه‌كر هه‌موویانی له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانی ئه‌بوبه‌كر دا هێنا بۆ مه‌دینه، ته‌نها زه‌ینه‌بی كچی پێغه‌مبه‌ر نه‌بێ كه مێرده‌كه‌ی نه‌یهێشت و نهیدایهوه.
برایه‌تی ئیسلامی
له سه‌ره‌تای كۆچدا له مه‌دینه چه‌ند تیره‌و كۆمه‌ڵێك هه‌بوون، پشتیوانه‌كان: ئه‌و خه‌ڵكه‌ی مه‌دینه بوون كه مسوڵمان ببوون و له دوو تیره‌ی ئه‌وس و خه‌زره‌ج’ی دوژمن به‌یه‌ك پێكهاتبوون، كۆچهرییهكانیش: ئه‌و مسوڵمانانه‌ی مه‌ككه بوون كه به‌نهێنی بۆ مه‌دینه هاتبوون‌و هه‌رچیشیان هه‌بوو له مه‌ككه‌دا به‌جێ مابوو بۆیه هه‌موو هه‌ژار كه‌وتبوون، جوله‌كه‌كانیش: چه‌ند تیره‌یه‌ك بوون (بن‌و قینقاع)و(بن‌و قریظه) كه نزیكی یه‌ك بوون هه‌روه‌ها( بن‌و نضیر) له باكووری مه‌دینه‌و جوله‌كه‌كانی(خه‌یبه‌ر)، بتپهرستهكانیش: ئه‌و خه‌ڵكه‌ی مه‌دینه بوون كه هێشتا مسوڵمان نه‌بوون و به كافری مابوونه‌وه. بۆیه ده‌بوو پێغه‌مبه‌ر ئه‌م باره پهڕتهوازهیهی شاری مه‌دینه‌ی رێكبخستایهو كۆمه‌ڵێكی یه‌كگرتوو دروست بكات، یه‌كه‌م كارێكیش چاكردنی حاڵی كۆچه‌رییه‌كان بوو.
پێغه‌مبه‌ر هه‌ستا به دامه‌زراندنی برایه‌تیه‌كی ئیسلامی كه بریتی بوو له‌وه‌ی مسوڵمانێكی كۆچه‌ری و مسوڵمانێكی پشتیوان ده‌بوونه برا له هه‌موو بواره‌كاندا، ئه‌م برایه‌تییه‌ش له ساڵی یه‌كه‌می كۆچی‌دا له ماڵی( أنس بن مالك) سه‌ره‌تا له نێوان 90 پیاودا 45 كۆچه‌ری و 45 پشتیواندا دامه‌زرا، تا وای لێهات هیچ كه‌سێك نه‌ما له‌م دوو به‌ره‌یه پێغه‌مبه‌ری خوا نهیكردبن به برای یه‌ك.
پێشوازیكردنی پشتیوانان له‌م برایه‌تییه زیاتر له خه‌یاڵ ده‌چێ وه‌ك له ڕاستی، بۆ نموونه كاتێك(عبدالرحمن بن عوف) گه‌یشته مه‌دینه، پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) برایه‌تی خسته نێوان ئه‌و و ( سعد بن الربیع الأنصاری) یه‌وه ، سه‌عد به(عبدالرحمن) ى وت: برا من له هه‌موو یاریده‌ده‌ره‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندترم، ماڵه‌كه‌م ده‌كه‌م به دوو به‌شه‌وه، هه‌ریه‌كه‌مان به‌شێكی، دوو ژنیشم هه‌یه سهیریانكه كامیانت به‌دڵه با ته‌ڵاقی بده‌م، عبدالرحمن وتی: خوای گه‌وره فه‌ڕو به‌ره‌كه‌ت بخاته ماڵ و خێزانته‌وه، بازاڕهكهتان له كوێیه؟ ئه‌وانیش بازاڕیان پیشانداو ده‌ستی كرد به كڕین و فرۆشتن و ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، دواتر ژنێكیشی له پشتیوانان هێنا.
هه‌روه‌ها ئه‌بوبه‌كرو عومه‌رو عه‌لی و زۆریتر له هاوه‌ڵان له زه‌وی مهدینهییهكاندا كشتوكاڵیان دهكردو نه‌یان ده‌ویست به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه بژین.
به‌م پێیه پێغه‌مبه‌ری خوا توانی دڵه‌كان یه‌ك بخات و گیروگرفتی ئابووری چاره‌سه‌ر بكا‌و یه‌كیه‌تییه‌كی بێ وێنه له‌ناو باوهڕدارانا پێكبهێنێ. مسوڵمانه كۆچه‌رییه‌كان و پشتیوانهكانیش لاپه‌ڕه‌یه‌كیان له مه‌ردایه‌تی و جوامێری تۆماركرد كه له قورئاندا ئاماژه‌ی پێكراوه‌و به‌وه‌ش له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه.
په‌یمان له‌گه‌ڵ جووله‌كه
پاشان پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) په‌یمانێكی له نێوان مسوڵمانان و جوله‌كه‌كاندا به‌ست به‌وه‌ش زیاتر یه‌كیه‌تی نێوان مسوڵمانان چه‌سپاو بوونه یه‌ك میلله‌تی یه‌كگرتوو.
به‌م په‌یمانه‌و به یه‌كیه‌تی نێوان مسوڵمانان پێغه‌مبه‌ر توانی باری مه‌دینه ئارام بكاته‌وه‌و شه‌ڕوشۆڕ نه‌هێڵێ و مسوڵمانان به دڵنیایی و به‌بێ ترس ئه‌ركانه‌كانی ئایینه‌كه‌یان به‌جێ بهێنن و له پاشه‌ڕۆژی بیروباوهڕهكهشیان نه‌ترسن.
سه‌رچاوه: سایتی ده‌نگی ئیسلام www.dangiislam.org