×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس، وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌‌ ئه‌مه‌یه: ئایا حوكمی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری مناڵی بلوری چیه‌ ؟ خوای گه‌وره‌ پاداشتی خێرتان بداته‌وه‌؟

    حوكمی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری مناڵی بلوری

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2014 - 1435

    حكم إجراء عملية أطفال الأنابيب

    « باللغة الكردية »

    القسم الكردي في موقع إسلام هاوس

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2014 - 1435

    حوكمی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری مناڵی بلوری

    ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس كراوه‌:

    پرسیار : ئایا حوكمی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری مناڵی بلوری چیه‌ ؟ خوای گه‌وره‌ پاداشتی خێرتان بداته‌وه‌ .

    وه‌ڵام : سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی حوكمی ئه‌م‌ مه‌سئه‌له‌یه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌، پاشان حوكمه‌كه‌ی ڕابگه‌یه‌نین .

    سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانین مرۆڤی موسڵمان نابێت ئه‌م ڕێگایه‌ بگیرێته‌ به‌ر له‌حاڵه‌تی زۆر پێویستدا نه‌بێت، وه‌ تا ده‌كرێت ده‌بێت دكتۆرێكی ئافره‌تی موسڵمان ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر نه‌كرا ئه‌وه‌ دكتۆرێكی ئافره‌تی ناموسڵمان ئه‌نجامی بدات، چونكه‌ ئافره‌تی موسڵمان نابێت عه‌وره‌تی بۆ غه‌یری پیاوه‌كه‌ی بخاته‌ ڕوو له‌كاتی پێوستدا نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ نه‌شته‌ر‌گه‌ریانه‌ پێویسته‌ له‌ ناوه‌ندێكی پزیشكی متمانه‌ پێكراودا ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ (ثابت) كردنی نه‌سه‌به‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش مه‌سئه‌له‌یه‌كی وورد و حه‌ساسه و نابێت به‌بێ (ضوابط) ی شه‌رعی ئه‌نجام بدرێت، جا پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ڕێكاره‌ شه‌رعیانه‌ گیرانه به‌ر‌ شێوازه‌كانی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌ :

    شێوازی یه‌كه‌م : تۆوی پیاوێك له‌ ئاوی پیاوه‌تی وه‌رده‌گیرێت و پاشان هیڵكه‌ی ژنه‌كه‌شی وه‌رده‌گیرێت و له‌ تاقیگه‌یه‌كدا وله‌ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌حمی ئافره‌ته‌كه‌ ده‌پیتنرێت و پاش دڵنیا بوونی له‌وه‌ی كه‌ پیتێنراوه‌ ده‌یگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو ڕه‌حمی ژنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بنوسێت به‌ دیواری ڕه‌حمیه‌وه‌ وبه‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ پاشتر ببێت به‌ كۆرپه‌له، ئه‌م شێوازه‌یش كاتێك ده‌كرێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئافره‌ته‌كه‌ كێشه‌یه‌ك هه‌بوو له‌ قه‌ناتی ( فالوب ) یدا و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو له‌ هێلكه‌دانیدا، به‌و هۆیه‌وه‌ ئاوی پیاوه‌كه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی نه‌ده‌گه‌شته‌ هێلكه‌ی ئافره‌ته‌كه تاوه‌كو بپینرێت‌، له‌ڕێگای ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه‌ ده‌توانرێت تۆوی پیاوه‌كه‌ و هیڵكه‌ی ئافره‌ته‌كه‌ی بپینرێت، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌و ڕیكخه‌رانه‌ی كه‌ باسمانكردن ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ ئه‌نجام درا، ئه‌وا له‌سه‌ر ڕای كۆڕبه‌ندی فیقهی ئیسلامی دروسته‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تا بكرێت مرۆڤی موسڵمان خۆی به‌دوور بگرێت له‌م جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ له‌حاڵه‌تی زۆر پێویست و ناچاریدا نه‌بێت .

    شێوازی دووه‌م : ئه‌گه‌ر هاتوو تۆی پیاوێكی بێگانه‌ وه‌رگیرا و له‌گه‌ڵ هیڵكه‌ی ژنێكی بێگانه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌حمی له‌ تاقیگه‌دا پیتێنراو پاشان گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ ڕه‌حمی ئافره‌ته‌كه‌، ئه‌م شێوازه‌ش دروست نیه‌ و حه‌رامه‌ ئه‌نجامدانی چونكه‌ مناڵێك په‌یدا ده‌بێت له‌ تۆوی پیاوێكی بێگانه‌ و ژنێكی بێگانه‌ كه‌ به‌ شێوه‌كی شه‌رعی نه‌گه‌شتوون به‌یه‌ك و پاشان ئه‌و مناڵه‌ كه‌ له‌دایك ده‌بێت باوكی شه‌رعی خۆی ناناسێت، و ئه‌م شێوازه‌ ده‌بێت به‌هۆی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م شێوازه دروست نییه‌، ئه‌م شێوازه‌یش كاتێك ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ پیاوی شه‌رعی ئه‌و ژنه‌ تۆی پیاوه‌تی لاواز بێت، یان هه‌ر نه‌زۆكی یه‌كجاری بێت .

    شێوازی سێهه‌م : تۆوی پیاوێك و هیڵكه‌ی ژنێك كه‌ ژن و پیاوی شه‌رعی یه‌كترن، وه‌رده‌گیرێت و له‌ تاقیگه‌دا ده‌پیتیرێت، پاش دڵنیابوون لێی ده‌یگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو ڕه‌حمی ژنێكی بێگانه كه‌ ڕه‌حمی خۆی به‌ كرێداوه‌ یان بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ ( تطوع) ی كردووه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ كۆرپه‌له‌ و پاشانیش به‌ منداڵ، ئه‌م شێوازه‌یش دروست نییه‌ و حه‌رامه‌ ئه‌نجامدانی، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ ڕێگایه‌كی شه‌رعی نییه بۆ په‌یدا بوونی منداڵ‌، ئه‌م شێوازه‌یش كاتێك ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ ژنی پیاوه‌كه‌ له‌ هیڵكه‌دانی گرفتی نه‌بێت به‌ڵام له‌ ڕه‌حمی گرفت هه‌بێت بۆ بوونی منداڵ .

    شێوازی چواره‌م : ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆوی پیاوێك وه‌ربگیرێت له‌گه‌ڵ هیڵكه‌ی ئافره‌تێكی بێگانه‌ و له‌ تاقیگه‌دا بپیتێرێت و پاشان بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ناو ڕه‌حمی ژنی شه‌رعی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ تۆوه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌، ئه‌م شێوازه‌یش دروست نییه‌ چونكه‌ تۆوی پیاوێكی بێگانه‌ و ئافره‌تێكی بێگانه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی شه‌رعی نه‌گه‌شتوون به‌یه‌ك پیتێنراوه‌ و مناڵی لێ په‌یدا بووه‌، ئه‌م شێوازه‌یش كاتێك ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ ژنی شه‌رعی پیاوه‌كه‌ی خۆی گرفتی هه‌بێت له‌ هیڵكه‌كانیدا، یان هه‌ر نه‌زۆكی ته‌واو بێت، به‌ڵام ڕه‌حمی هیچ كێشه‌ وگرفتێكی نه‌بێت .

    جا خۆشه‌ویستان وه‌ك باسمان كردن ته‌نها شێوازی یه‌كه‌م شه‌ریعه‌تی ئیسلام ڕێگای پێداوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی، ئه‌ویش وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێداوه‌ له‌به‌ر ناچاری و پێویستی نه‌بێت نه‌كرێت، وه‌ ئه‌گه‌ر كراش به‌و ( ضواط ) ــه شه‌رعیانه‌ ئه‌نجام بدرێت ..

    خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ .