×
ئوممه‌تی ئیسلام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و زه‌لیلی وزه‌بوونیه‌ی تێیدا ده‌ژی و ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی كه‌ پێی ده‌كرێت له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ كۆتای پێی بێت، چونكه‌ سه‌رده‌مێكه‌ نووری ئیسلام و ئه‌و نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌خشیویه‌تی به‌ به‌نده‌كانی له‌لایه‌ن نه‌یارانیه‌وه‌ خامۆش كراوه‌... ده‌بێت زیاتر به‌ده‌م بانگه‌واز و دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌وه‌ بێین تاوه‌كو خوای گه‌وره‌ بمانكات به‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی دین و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی، له‌م ووتاره‌ماندا ئاماژه‌ به‌و هۆكارنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بنه‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی باوه‌ڕداران و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جد و عیزه‌ت وشكۆی موسڵمانان .

    هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی موسڵمانان

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ندی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    أسباب نصر المسلمین

    « باللغة الكردية »

    زاكروس هموندي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی موسڵمانان

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، درود و صه‌ڵات و سه‌لام بۆ سه‌ر گیانی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمد المصطفی وئال وبه‌یت و یار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    ئوممه‌تی ئیسلام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و زه‌لیلی وزه‌بوونیه‌ی تێیدا ده‌ژی و ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی كه‌ پێی ده‌كرێت له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ كۆتای پێی بێت، چونكه‌ سه‌رده‌مێكه‌ نووری ئیسلام و ئه‌و نیعمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌خشیویه‌تی به‌ به‌نده‌كانی له‌لایه‌ن نه‌یارانیه‌وه‌ خامۆش كراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م جیله‌ نوێیه‌ی جیهانی ئیسلامی ته‌نها له‌دوو توێی كتێبه‌كاندا باس و خواسی ئه‌و ڕه‌حمه‌ت ونیعمه‌ته‌ی بیستووه‌ كه‌ په‌روه‌ردگار له‌باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ ٱلۡيَوۡمَ أَكۡمَلۡتُ لَكُمۡ دِينَكُمۡ وَأَتۡمَمۡتُ عَلَيۡكُمۡ نِعۡمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ ٱلۡإِسۡلَٰمَ دِينٗاۚ ﴾ [المائدة :3] واته‌ : وا له‌ئه‌مرۆوه‌ به‌رنامه‌و ئایینه‌كه‌تانم به‌پایان گه‌یاند، وه‌ نیعمه‌ت و به‌خششی خۆمم بۆ ته‌واوكردن، ئیسلامیشم به‌به‌رنامه‌و ئایین بۆ هه‌ڵبژاردن و، نابێ هیچ كاتێك لێی لابده‌ن .

    نه‌یارانی ئیسلامیش هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ یاسا ده‌ستكرده‌كان و زاده‌ی بیری مرۆڤه‌كانیان هێنا و له‌بری شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌ جیهانی ئیسلامیدا دایاننا، به‌ردوام بوون له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی، هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون كه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامیان په‌كخستن له‌نێو خه‌ڵكدا به‌ڵكو به‌رده‌وام خه‌ریكی پیلان دانان بوون دژی؛ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ئوممه‌تی ئیسلام وڕۆڵه‌كانی ئاهێك نه‌یه‌ته‌وه‌ به‌به‌ریاندا، بۆیه‌ جارێك به‌ناوی سه‌روه‌ری یاسا، وجارێكی به‌ناوی ئازادی بیروڕا، وجارێكی تر به‌ناوی به‌رگری كردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ هاتوون ودێن تانه‌ وته‌شه‌ر له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام و ئه‌حكامه‌كانی ده‌ده‌ن وبه‌ڕه‌جعیه‌ت و دواكه‌وتووی وه‌صفی ده‌كه‌ن، وخه‌ڵكی پێده‌ترسێنن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك ڕۆڵه‌كانی ئوممه‌تی ئیسلامی به‌خه‌به‌ر بێنه‌وه‌ وفورسه‌تی ئه‌وه‌یان ببێت به‌ووردی له‌ دینه‌كه‌یان بكۆڵنه‌وه‌ وپیلانه‌ نه‌گریسه‌كانی نه‌یارانی دینه‌كه‌‌یان بۆ ده‌ربكه‌وێت .

    بۆیه‌ سه‌رده‌مێكی درێژه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌سه‌ر شانۆی ژیانی جیهان به‌گشتی وجیهانی ئیسلامی به‌تایبه‌تی دوورخراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی دانان و به‌ حاكم كردنی ئه‌ڵقه‌ له‌گوێ وكاسه‌ لێسه‌كانی خۆیانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌شیری خۆیان و له‌زانكۆ و په‌یمانگاكانی خۆیاندا په‌روه‌رده‌ كراوون، بۆیه‌ ده‌بێت موسڵمانان وگه‌نجان ولاوانی ئه‌م ئوممه‌ته‌ به‌تایبه‌تی هۆشیاربن.

    سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌وه‌تانێ ئێستا ئوممه‌تی ئیسلام له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت بیدار بووه‌ته‌وه‌، وشه‌قامی ووڵاتان جمه‌یان دێت له‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌رعی خوا ده‌كه‌ن بۆ نێو دادگاكان، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ وپاشان به‌هیمه‌تی نه‌پساوی ڕۆڵه‌كانی كۆمه‌ڵێك له‌سه‌ركرده‌ وحاكمه‌ سته‌مكاره‌كانیان ڕاماڵی و ده‌ستی نهێنی چه‌ندین ساڵه‌یان بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرا كرد، سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ تازه‌ به‌تازه‌ خه‌ڵك خه‌به‌ری بووه‌ته‌وه‌، هه‌نگاوی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتن هه‌ڵهێنراوه‌، به‌ پشتوانی خوای گه‌وره‌ هه‌نگاوه‌كانی تری به‌دوادا دێت تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌یه‌كجاری شه‌ریعه‌تی خوای گه‌وره‌ وباڵاده‌ست وڕه‌حمه‌ته‌كه‌ی به‌ ته‌واوی له‌نێو موسڵماناندا ده‌چه‌سپێت وئه‌و عیزه‌ت و سه‌ربه‌رزیه‌ی كه‌ له‌ڕابردوودا هه‌یان بووه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه،

    جا خۆشه‌ویستان ئه‌وه‌ی به‌دیهاتووه‌، سوپاسی خوای گه‌وره‌ی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ ته‌واوی نیعه‌مه‌ته‌كانی ترمان بۆ ته‌واو بكات، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ﴿ لَئِن شَكَرۡتُمۡ لَأَزِيدَنَّكُمۡۖ وَلَئِن كَفَرۡتُمۡ إِنَّ عَذَابِي لَشَدِيدٞ ﴾ [إبراهیم : 7] واته‌ : ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌ی باوه‌ڕداران شوكر و سوپاسی نیعمه‌ته‌كانی په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن كه‌به‌سه‌رتانه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆتانی زیاد ده‌كه‌م، خۆ ئه‌گه‌ر كوفری نیعمه‌ته‌كانیشم بكه‌ن ئه‌وه‌ی بێگومان سزا وئه‌شكنه‌جه‌م زۆر سه‌خه‌ت و تونده‌ .

    بۆیه‌ هێنده‌ی ئێمه‌ له‌خوای گه‌وره‌ نزیك كه‌وتبینه‌وه‌ په‌روه‌ردگاریش زیاتر له‌وه‌ به‌ده‌ممانه‌وه‌ هاتووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت زیاتر به‌ده‌م بانگه‌واز و دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌وه‌ بێین تاوه‌كو خوای گه‌وره‌ بمانكات به‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی دین و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی، له‌م ووتاره‌ماندا ئاماژه‌ به‌و هۆكارنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بنه‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی باوه‌ڕداران و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جد و عیزه‌ت وشكۆی موسڵمانان .

    یه‌كه‌م : ده‌ستگرتن به‌ئاینی خوای گه‌وره‌ وپابه‌ند بوونی پێوه‌ی، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا ﴾ [آل عمران :102] واته‌ : به‌ توندی ده‌ست بگرن به‌ ئاینی خواوه‌و په‌رت و بڵاو مه‌بن، یادی نازو نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه‌ له‌سه‌رتان، (چونکه‌) کاتی خۆی دوژمنی یه‌کتر بوون، ئه‌وه‌ بوو دڵه‌کانتانی به‌هۆی نیعمه‌تی (ئیسلام‌ وده‌ست گرتن به‌ئاینه‌كه‌ی خوداوه‌‌) په‌یوه‌ستی کرد به‌یه‌که‌وه‌ و هه‌موو بوونه‌ برای یه‌کتر ..

    دووه‌م : بووني باوه‌ڕێكی بته‌و به‌هێز به‌خوای گه‌وره‌، به‌شێوه‌یه‌ك دوور بێت له‌هه‌موو دووڕووی ونیفاقێك، وباوه‌ڕداران خۆیان یه‌ك لای بكه‌نه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی ئاینه‌كه‌یان وهه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی دونیای بخه‌نه‌وه‌ ئه‌ولاوه‌، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ﴿ إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَالَّذِينَ آمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ يَقُومُ الْأَشْهَادُ ﴾ [غافر :51] واته‌ : بێگومان ئێمه‌ یارمه‌تی په‌یامبه‌رانمان و ئه‌وانه‌ش بڕوایان هێناوه ‌ئه‌ده‌ین، له‌ ژیانی دونیادا به‌سه‌ر دوژمنانیاندا سه‌ریان ئه‌خه‌ین، سه‌رخستنی پێغه‌مبه‌ران و بڕواداران ئه‌وه‌یه‌: خوا هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵێ ده‌نێرێ به‌رگری له‌ به‌رنامه‌و ئایینه‌كه‌یان بكه‌ن و تۆڵه‌ له‌سته‌مكاران بسێننه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌و ده‌مه‌ی پێغه‌مبه‌ردا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) تا ئێستاش ئه‌و راستیه‌ ده‌بینرێت كه‌ ئایینی خوا هه‌ر ده‌مێنێ و هه‌ر زاڵه‌، ئه‌گه‌رچی تاغووت و دونیا خۆرانیش فڕوفێڵی لێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆژه‌ش که‌ شایه‌ته‌کان شایه‌تی ده‌ده‌ن (فریشته‌کان شایه‌تی بۆ پێغه‌مبه‌ران ده‌ده‌ن، پێغه‌مبه‌ران شایه‌تی بۆ بانگخوازان ده‌ده‌ن بانگخوازان شایه‌تن له‌سه‌ر خه‌ڵکی) .

    له‌جێگایه‌كی تردا فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَكَانَ حَقًّا عَلَيْنَا نَصْرُ الْمُؤْمِنِينَ ﴾ [الروم :47] واته‌ : سه‌رخستن و یارمه‌تیدانی بڕوادارانیش مافێكه‌ له‌سه‌ر خۆمان واجبمان كردووه‌.

    سێهه‌م : ئارامگرتن وخۆڕاگرتن له‌سه‌ر ئه‌و ناڕه‌حه‌تی ونه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌له‌ژیانی باوه‌ڕداراندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، ودووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ناكۆكی ودووربه‌ره‌كی وخۆ خۆری، خوای گه‌وره‌ له‌م باره‌شه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ بَلَى إِن تَصْبِرُواْ وَتَتَّقُواْ وَيَأْتُوكُم مِّن فَوْرِهِمْ هَـذَا يُمْدِدْكُمْ رَبُّكُم بِخَمْسَةِ آلافٍ مِّنَ الْمَلآئِكَةِ مُسَوِّمِينَ ﴾ واته‌ : ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خۆڕاگربن و له‌سنووره‌كانی خوا پارێز بكه‌ن وبه‌ ته‌قوا وله‌خواترس بن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا بێباوه‌ڕان په‌لامارتان بده‌ن په‌روه‌ردگارتان به‌ پێنج هه‌زار فریشته‌ی نیشانه‌دار كۆمه‌كتان ده‌كات .

    له‌جێگایه‌كی تردا ئه‌فه‌رموێت : ﴿ وَأَطِيعُواْ اللّهَ وَرَسُولَهُ وَلاَ تَنَازَعُواْ فَتَفْشَلُواْ وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ وَاصْبِرُواْ إِنَّ اللّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ ﴾ [الأنفال :46] واته‌ : گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌شی بکه‌ن له‌ هه‌موو کردارو گوفتارێکداو ئاشووب و ئاژاوه‌ مه‌گێڕن و مه‌چن به‌گژ یه‌کدا، خۆ ئه‌گه‌ر بچن به‌گژ یه‌کداو یه‌کتر بشکێنن، ئه‌وه‌ شکست و لاوازی ڕووتان تێده‌کات و هه‌یبه‌ت و شکۆداری و ده‌سه‌ڵاتتان له‌به‌ین ده‌چێت و ده‌بێت خۆگرو نه‌فس درێژ بن (هه‌م له‌ مه‌یدانی جه‌نگدا، هه‌م له‌ناو یه‌کتردا) چونکه‌ به‌ڕاستی خوا یارو یاوه‌ری خۆگرو ئارامگرانه‌ .

    چواره‌م : دڵسۆزی ویه‌كلایی بوونه‌وه‌ بۆ خوای گه‌وره‌ و ئاینه‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕدار ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات ته‌نها وته‌نها له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ بێت ومه‌به‌ستی سه‌رخستنی دینه‌كه‌ی خودا بێت، دوور بێت له‌هه‌موو ڕووپامایی وڕیاییه‌ك بۆ كه‌سانی تری جگه‌ له‌په‌روه‌ردگار، چونكه‌ ڕیا وڕوپامایی خه‌رمانی چاكه‌ و حه‌سه‌نات ئاگر تێبه‌ر ده‌دات، خوای گه‌وره‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تَنصُرُوا اللَّهَ يَنصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ ﴾ [محمد : 7] واته‌ : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه‌! دڵنیابن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ یارمه‌تی ئایینه‌كه‌ی خوا بده‌ن وپشتیوانی بن، ئه‌وا بێگومان خوایش یارمه‌تی ئێوه‌ ده‌دات وپشتیوانتان ده‌بێت و، به‌سه‌ر دوژمنانتاندا سه‌رتان ئه‌خات، وه‌پێكانتان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا دامه‌زراو جێگیر ده‌كات .

    پێنجه‌م : پشت وپه‌نا به‌ستن به‌خوای گه‌وره‌ وته‌سلیم بوونی ته‌واو به‌و زاته‌ پیرۆزه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هۆكاره‌ دونیایانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێكردووه‌ جێ به‌جێ كردووه‌، چونكه‌ پشت به‌ستن به‌خوای گه‌وره‌ به‌بێ گرتنه‌ به‌ری ئه‌و هۆكارانه‌ خۆ خه‌ڵه‌تاندنه‌، خوای گه‌وره‌ هانی باوه‌ڕداران ده‌دات كه‌ ته‌وه‌كل و پشت وپه‌نایان هه‌ر په‌روه‌ردگاریان بێت وپشت به‌هیچ كه‌سێكی تر له‌غه‌یری ئه‌و نه‌به‌ستن، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ﴿ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ ﴾ [آل عمران : 159] واته‌ : ئه‌گه‌ر بڕیارتدا (کارێک ئه‌نجام بده‌یت، ئه‌نجامی بده‌و) پشت به‌خوا ببه‌سته‌، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا ئه‌وانه‌ی خۆشده‌وێت که‌ پشتی پێده‌به‌ستن ( به‌و مانایه‌ی پاش ئه‌وه‌ی بڕیارتدا كارێك بكه‌یت و هه‌موو ئاماده‌كاریه‌كانت بۆ ئه‌كرد له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ مه‌شروع و ڕێگا پێدراوون) ئه‌وجا پشت به‌خوای گه‌وره‌ ببه‌سته‌ .

    داودیش (سه‌لامی خوای لێ بێت) كاتێك سوپاكه‌ی كۆ كرده‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و چه‌ك و تفاقه‌ی له‌توانایدا هه‌بوو ئاماده‌ی كرد بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌ی جالووت، ئه‌مجا له‌خوای گه‌وره‌ پاڕایه‌وه‌ وپشتی به‌و به‌ست كه‌ له‌م جه‌نگه‌یاندا سه‌ریان بخات، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَلَمَّا بَرَزُواْ لِجَالُوتَ وَجُنُودِهِ قَالُواْ رَبَّنَا أَفْرِغْ عَلَيْنَا صَبْرًا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَانصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرِينَ ﴾ [بقرة : 250] واته‌ : کاتێک له‌ به‌رامبه‌ر جالوت وسه‌ربازانیه‌وه‌ وه‌ستان (نزایان کردو) وتیان: په‌روه‌ردگارا خۆگری و ئارامگریمان پێ ببه‌خشه‌، (دڵ و ده‌روون و) پێکانمان دامه‌زراو بکه‌ و سه‌رمان بخه‌ به‌سه‌ر قه‌وم و هۆزی بێباوه‌ڕاندا.

    شه‌شه‌م : بوونی پرس وڕاوێژكردن له‌نێو باوه‌ڕداراندا، به‌شێوه‌یه‌ك كاره‌كانیان خود به‌سه‌ری نه‌بێت، به‌ڵكو پاش لێكوڵینه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك ولێكدانه‌وه‌ی لایه‌نی ئیجابی وسلبیاتی هه‌ر مه‌سئه‌له‌یه‌ك به‌ ڕاوێژ له‌نێو خۆیاندا بڕیار له‌سه‌ر كردن یان له‌سه‌ر نه‌كردنی بده‌ن، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ڕووی گوفتاری ده‌كاته‌ خۆشه‌ویست ترین كه‌سی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودایه‌ (صلی الله علیه وسلم) وپێی ده‌فه‌رموێت : ﴿ وَشَاوِرْهُمْ فِي الأَمْرِ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ ﴾ [آل عمران : 159] واته‌ : ئه‌ی محمد پرس وڕاوێژ بكه‌ به‌باوه‌ڕدران له‌و كاره‌ی ده‌ته‌وێت ئه‌نجامی بده‌یت، جا كاتێك بڕیارتدا (کارێک ئه‌نجام بده‌یت، ئه‌نجامی بده‌و) پشت به‌خوا ببه‌سته‌، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا ئه‌وانه‌ی خۆشده‌وێت که‌ پشتی پێده‌به‌ستن .

    ئه‌مه‌ی كه‌ باسكرا كۆمه‌ڵێك هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ سه‌ركه‌وتن وسه‌رخستنی باوه‌ڕداران، بۆیه‌ هه‌ركاتێك باوه‌ڕداران ئه‌و هۆكار وبه‌ڵێنانه‌یان به‌جێ هێنا، ئه‌وه‌ بێگومان خوای گه‌وره‌ خاوه‌نی به‌ڵێنی خۆیه‌ی وسه‌ربه‌زی و عیزه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ موسڵمانان، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُم ﴾ [محمد:7] واته‌ : ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ پشتیوانی له‌ ئاینی خوا بکه‌ن و هه‌وڵی سه‌رکه‌وتنی بده‌ن، ئه‌وه‌ خوایش پشتیوانی له‌ئێوه‌ ده‌کات و سه‌رتان ده‌خات و پایه‌دارو جێگیرتان ده‌کات .

    خوای گه‌وره‌ له‌تۆ ده‌پاڕێینه‌وه‌ كه‌ جارێكی تر سه‌ربه‌رزی وعیزه‌ت بده‌یته‌وه‌‌ به‌ موسڵمانان، و حوكم ودادوه‌ری دینه‌كه‌ت بگه‌ڕێنیته‌وه‌ نێو ژیانمان تاوه‌كو ئاسووده‌ی وئارامی باڵ بكێشێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، وڕزگارمان بێت له‌و یاسا ده‌ستكردانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی بشێوی وتێكدانی شیرازه‌ی جیهانی ئیسلامی .

    وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم .