×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس ، وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌‌ ئه‌مه‌یه: ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌ كامانه‌ن ؟ وه‌ ئایا هه‌ر ئه‌و ده‌ هاوه‌ڵه‌ن ؟ یان كه‌سانێكی تر هه‌ن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) موژده‌ی به‌هه‌شتی پێداوون ؟

    ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌ كامانه‌ن

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    من هم العشرة المبشرون بالجنة

    « باللغة الكردية »

    فريق قسم اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌ كامانه‌ن

    پرسیار: ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌ كامانه‌ن ؟ وه‌ ئایا هه‌ر ئه‌و ده‌ هاوه‌ڵه‌ن ؟ یان كه‌سانێكی تر هه‌ن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) موژده‌ی به‌هه‌شتی پێداوون ؟

    وه‌ڵام : الحمد لله وكفی والصلاة والسلام علی رسول الله .

    هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان خاوه‌نی فه‌زڵ وپله‌وپایه‌ی تایبه‌تی خۆیانن وهه‌رهه‌موویشیان عادل بوون، وه‌ بێگومان هه‌ندێكیشیان فه‌زڵی زیاتریان هه‌یه‌ به‌سه‌رهه‌ندێكی تریاندا، باشترین كه‌سانێكیش له‌ناو هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كاندا ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ له‌سه‌ره‌تای ئێسلامه‌وه‌ له‌موهاجیره‌كان موسڵمان بوون، دوای ئه‌وانیش ئه‌نصاریه‌كانه‌، ئه‌مجا ئه‌وانه‌یان كه‌به‌شداری جه‌نگی به‌دریان كردووه‌، دوای ئه‌وانیش ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی كه‌ به‌شداری جه‌نگی خه‌نده‌قیان كردووه‌، پاشان ئه‌وانه‌ی به‌یعه‌تی ڕضوانیان دا به‌پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ، ئه‌مجا ئه‌وانه‌ی پێش فه‌تحی مه‌ككه‌ كۆچیان كرد بۆ مه‌دینه‌ وله‌پێناوی خوای گه‌وره‌دا جه‌نگان پله‌وپایه‌یان له‌و كه‌سانه‌ به‌رزتره‌ كه‌ پاش فه‌تحی مه‌ككه‌ ماڵیان به‌خشی و له‌پێناوی خوادا جه‌نگان، هه‌رهه‌مویشیان خوای گه‌وره‌ په‌یمان وبه‌لێنی زۆر چاكی پێداوون كه‌ به‌هه‌شته‌.

    باشترین كه‌سانی ناو‌ هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كانیش خه‌لیفه‌كانی ڕاشدینن، ئه‌بوبه‌كری صدیق، وعومه‌ری فاروق، وعثمانی ذي النورین، وباوكی دووخوشكه‌زاكه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) علي كوڕی ئه‌بوطلب، پاشان عبدالرحمن ی كوڕی عه‌وف، وزوبه‌یری كوڕی عه‌وام حه‌واری وخۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر، طلحه‌ی كوڕی عبیدالله، وسعدی كوڕی ئه‌بو وه‌قاص، وده‌ست پاكی ئه‌م ئوممه‌ته‌ ئه‌بوعوبه‌یده‌ی كوڕی جه‌ڕاح، وسه‌عیدی كوڕی زه‌ید كوڕی نه‌فیل (خوای گه‌وره‌ له‌هه‌ر هه‌موویان ڕازی بێت) كه‌ به‌ ده‌ كه‌سه‌ موژده‌ پێدراوه‌كه‌ به‌به‌هه‌شت ناسراوون .

    له‌فه‌زڵی ئه‌م كه‌سانه‌یشدا فه‌رمووده‌ گه‌لێك به‌گشتی باسی له‌مانه‌ كردووه‌، وه‌ هه‌ندێكیشیان به‌تایبه‌تر پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) باسی فه‌زڵیانی كردووه‌، ئیمامی ئه‌حمه‌د وأصحابی سونه‌ن ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌یان له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕیوایه‌تكردووه‌ : عن عبد الرحمن بن الأخنس (رضي الله عنه) عن سعيد بن زيد قال: أشهد على رسـول الله (صلی الله علیه وسلم) أني سمعته وهو يقول: «عشرة في الجنة، النبي (صلی الله علیه وسلم) في الجنة، وأبو بكـر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنـة، وطلحـة في الجنة، والزبير بن العوام في الجنة، وسعد بن مالك في الجنة، وعبد الرحمن بـن عوف في الجنة)، ولو شئت لسميت العاشر. قال: فقالوا: من هو ؟ فسـكت قال: فقالوا: من هو ؟ فقال: (هو سعيد بن زيد رضي الله عنه) » [ رواه أحمد (1 / 188)، وأصحاب السنن بسند صحيح ] واته‌ : عبدالرحمن ی كوڕی ئه‌خنه‌س (خوای لێ ڕازی بێت) له‌ سه‌عیدی كوڕی زه‌یده‌وه‌ گێڕاویه‌ته‌وه، كه‌ ووتویه‌تی : له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ شاهیدی ده‌ده‌م بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) كه‌ من لێم بیستووه‌، فه‌رموویه‌تی : ده‌ كه‌س له‌به‌هه‌شتدان، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌به‌هه‌شتدایه‌، ئه‌بوبه‌كر له‌به‌هه‌شتدایه‌، عومه‌ر له‌به‌هه‌شتدایه‌، عثمان له‌به‌هه‌شتدایه‌، عه‌لی له‌به‌هه‌شتدایه‌، طلحه‌ له‌به‌هه‌شتدایه‌، زوبه‌یری كوڕی عه‌وام له‌به‌هه‌شتدایه‌،‌ سه‌عدی كوڕی مالیك له‌به‌هه‌شتدایه‌، عبدالرحمن ی كوڕی عه‌وف له‌به‌هه‌شتدایه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر بمویستایه‌ ناوی ده‌هه‌مینیشم ده‌هێنا، ده‌ڵێت : ووتیان : ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌؟ بێده‌نگ بوو، ئه‌مجا ووتیانه‌وه‌ : ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌؟ فه‌رمووی : ئه‌و كه‌سه‌ سه‌عیدی كوڕی زه‌یده‌ (خوای گه‌وره‌ له‌هه‌موویان ڕازی بێت) .

    له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم) له‌غه‌یری ئه‌مانه‌یش موژده‌ی به‌هه‌شتی داوه‌ به‌كه‌سانی تریش، وه‌ك عبدالله ی كوڕی مه‌سعود، وبلالی كوڕی ره‌باح، وعه‌كاشه‌ی كوڕی محصن، وجه‌عفه‌ری كوڕی ئه‌بوطالب، جگه‌ له‌مانیش كه‌سانی تریش هه‌ن كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌، ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ناوی ئه‌وانه‌ دێنن كه‌ به‌ده‌قی فه‌رمووده‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) شاهیدی ئه‌وه‌ی بۆداوون كه‌ ئه‌هلی به‌هه‌شتن، وه‌ غه‌یری ئه‌وانه‌یش كه‌ موژده‌ی به‌هه‌شتیان پێدراوه‌، ئومێدی خێریان بۆ ده‌كه‌ن لای خوای گه‌وره‌، چونكه‌ په‌روه‌ردگار په‌یمانی به‌هه‌شتی داوه‌ به‌هه‌موویان، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ دوای ئه‌وه‌ی باسی فه‌زڵی هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كات و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان به‌فه‌زڵترن له‌هه‌ندێكی تریان، ئه‌مجا ده‌فــه‌رموێت : ﴿وَكُلّٗا وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلۡحُسۡنَىٰۚ ﴾[ النساء : 95 ] ‌واته‌ : هه‌ر هه‌موویان خوای گه‌ه‌وره‌ په‌یمان وبه‌لێنی باش وچاكی پێداوون كه‌ مه‌به‌ست پێی به‌هه‌شته‌ .

    سه‌باره‌ت موسڵمانان به‌گشتیش ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ت شاهیدی بۆ كه‌س ناده‌ن به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌هلی به‌هه‌شت یان دۆزه‌خ بن، به‌ڵكو ئومێدیان وایه‌ كه‌‌سانی چاكه‌ كار وموحسنیان پاداشتی خێر ده‌درێنه‌وه‌، و ده‌ترسن له‌وه‌یش كه‌سانی گوناهبار وخراپه‌كاریان دووچاری سزای دۆزه‌خ ببنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دڵنیان ئه‌و‌ باوه‌ڕدارنه‌ی له‌سه‌ر ته‌وحید ویه‌كخواپه‌رستی مردبن خوای گه‌وره‌ به‌هه‌تا هه‌تایی نایان خاته‌ دۆزه‌خه‌وه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ إِنَّ ٱللَّهَ لَا يَغۡفِرُ أَن يُشۡرَكَ بِهِۦ وَيَغۡفِرُ مَا دُونَ ذَٰلِكَ لِمَن يَشَآءُۚ ﴾ [النساء : 116] واته‌ : بێگومان خوای گه‌وره‌ له‌و كه‌سانه‌ خۆش نابێت كه‌ هاوه‌ڵیان بۆ بڕیارداوه‌، به‌لام غه‌یری هاوه‌ڵ بڕیاردان خوای گه‌وره‌ له‌هه‌موو تاوانێك خۆش ده‌بێت بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ خۆی بیه‌وێت .

    خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ .