گرنگی یه‌كتاپه‌رستی له قورئانی پیرۆزدا
پۆڵێنه‌كان
Full Description
گرنگی یه‌كتاپه‌رستی له قورئانی پیرۆزدا
به‌ناوی خوای گه‌وره و دلۆڤان
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگاری به‌رز وباڵاده‌ست وه درود و ڕه‌حمه‌تی فراوان بۆ سه‌رگیانی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمد المصطفی وئال وبهیت و سه‌رجه‌م هاوه‌ڵ وشوێنكهوتوانی هه‌تا هه‌تایه .
مانای یه‌كتاپه‌رستی ( التوحید )
التوحید : به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌وترێت : ( من وحَّد الشيء إذا جعله واحدًا )، واته شتێكت تاك كرده‌وه كاتێك كه گێرات به یه‌ك، ( والواحد ضد الاثنين والثلاثة فأكثر )، یه‌كیش دژی دوان و سیان و زیاتره، كه‌واته زانیمان یهكتايی دژی زۆر وزۆرینهیه ،( فالشيء الواحد هو الشيء المستقل المتوحد الذي لا يشاركه غيره ) شتێكیش یه‌كدانه بێت سه‌ربه‌خۆ ویهكتایه به‌شێوه‌یه‌ك كه هیچ شتێك به‌شدار نیه له‌گه‌ڵیدا .
يهكتاپهرستیش له زاراوه‌ی عه‌قیده‌دا به مانای : " إفراد الله بالعبادة " واته : تایبه‌تكردن و تاك كردنه‌وه‌ی زاتی هه‌ق ته‌عالای الله – جل جلاله – له عیبادهت و پهرستهنهكاندا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌رچی په‌رستن و به‌ندایه‌تی كردنه بۆ خوای گه‌وره بێت وكه‌سی تری له‌گه‌ڵدا به‌شدار نه‌كه‌یت، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : ﴿ ويَكُونَ الدِّينُ كُلُّهُ لِلَّهِ ﴾ { الأنفال : 32 } واته : تا دین و – به‌ندایه‌تی وعیباده‌ت - و فه‌رمانبه‌رداری هه‌ر هه‌مووی بۆ خوا بێت, ئه‌م ئایه‌تانه‌ی خواره‌وه زیاتر ئه‌م مه‌به‌سته ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كه په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت : ﴿ ومَا خَلَقْتُ الجِنَّ والإِنسَ إِلاَّ لِيَعْبُدُونِ ﴾ { الذاريات: 56 } واته : من جنۆکه و ئاده‌میزادم ته‌نها بۆ ئه‌وه دروست کردووه که به‌ندایه‌تی من بکه‌ن, هه‌روه‌ها له‌جێگایه‌كی تردا ده‌فه‌رموێت : ﴿ واعْبُدُوا اللَّهَ ولاَ تُشْرِكُوا بِهِ شَيْئًا ﴾ { النساء: 36 } واته : ته‌نها خوا بپه‌رستن، و هیچ شتێك مه‌که‌ن به‌هاوه‌ڵ وهاوبه‌شی, يان فه‌رموویه‌تی : ﴿ فَادْعُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ ولَو كَرِهَ الكَافِرُونَ ﴾ { غافر: 14} واته : ئێوه ئه‌ی باوه‌ڕداران هه‌ر هانا و هاوار بۆ خوا به‌رن و ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌رداری ئاین و به‌رنامه‌که‌ی ئه‌و بن، ئه‌گه‌ر چی کافر‌و بێ بڕواکان پێی سه‌غڵه‌ت بن و پێیان ناخۆش بێت .
ئه‌مه‌ش مانا و واتای ویه‌كتاپه‌رستی بوو له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا كه خواي گه‌وره به‌تاك و ته‌نهایی بپه‌رسترێت وهیچ شت و كه‌سێكی تر نه‌كریت به‌شه‌ریك و هاوه‌ڵی .
جۆره‌كانی یه‌كتاپه‌رستی :
1) توحید الربوبیة : یه‌كتاپه‌رستی له خوایه‌تیدا ، به‌و مانایه كه باوه‌ڕت هه‌بێت كه خوای گه‌وره تاك و ته‌نهایه له كار‌و كرده‌وه و ئه‌فعالیدا له خه‌لق كردن و ڕۆزی دان وزیندووكردنهوه و مراندن و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دونیا و دواڕۆژدا .
2) توحید الألوهیة : یه‌كتاپه‌رستی له په‌رستندا ، واته : یه‌كتاكردنه‌وه‌ی خوای گه‌وره له سه‌رجه‌م ئه‌و پهرستنانهدا كه به‌نده‌كان مه‌به‌ستیانه خۆیانی پێ نزیك بكه‌نه‌وه له په‌روه‌ردگاریان، به‌مانایه‌كی تر هه‌موو په‌رستنێك بۆ خوای گه‌وره بێت وه‌ك دوعا ونزا و ترس و ڕه‌جا و پشت وپهناپێ به‌ستن وهاوار وهانا بۆ بردن وسه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ و نه‌ذر بۆ كردن و سه‌رجه‌م پهرستهنهكانی تریش كه واپێویست ده‌كات و واجبه ته‌نها و ته‌نها هه‌ر بۆخوای گه‌وره بن وهیچ كه‌سێكی تر نه‌كرێت به‌هاوبه‌شی له‌و پهرستنانهدا .
3) توحید الأسماء والصفات : باوه‌ڕ بوون به‌ته‌واوی ئه‌و ناو و صیفه‌ته جوانانه‌ی كه خوای گه‌وره بۆ خۆی بڕیار داوه یان ئه‌و ناو صیفه‌تانه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ په‌روه‌ردگاری ثابت كردوه .
بۆ زیاتر سه‌لماندنی ئه‌م سێ جۆره‌ی یه‌كتاپه‌رستی گه‌شتێك ده‌كه‌ین به‌ناو چه‌ند سوره‌تێكی قورئانی پیرۆزدا بۆ نموونه خوای گه‌وره له‌سه‌ره‌تای سوره‌تی ( الفاتحة ) وه ده‌فه‌رموێت : ﴿ الْحَمْدُ للّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ ﴾ سوپاس وستایش بۆ په‌روه‌ردگاری جیهانیان، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر یه‌كتاپه‌رستی خوایه‌تی ( توحید الربوبیة ) كه زاتی هه‌ق ته‌عالای خوای گه‌وره خالق و دروستكه‌ری هه‌موو جیهانیانه، هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ﴿ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * مَالِكِ يَومِ الدِّينِ ﴾ به‌خشنده ومیهرهبان وكانگای ره‌حم و به‌زه‌ییه * خاوه‌ن و سه‌رداری ڕۆژی پاداشت و سزا ( پادشای ڕۆژی قیامه‌ته که دادپه‌روه‌ری ڕه‌هاو بێ سنووری تێدا به‌رپا ده‌کات ), ئه‌م دوو ئایه‌ته پیرۆزه یه‌كتاپه‌رستی ناو صیفه‌ته جوانه‌كانی خوای گه‌وره ده‌سه‌لمێنیت ( توحید الأسماء والصفات ) كه په‌روه‌ردگار خاوه‌نی صیفهتهكانی به‌خشنده‌ی و میهره‌بانی كانگای به‌زه‌یی و پادشای ڕۆژ دوایی و خاوه‌ندارێتی هه‌موو موڵكێكه، هه‌روه‌ها ئایه‌تی : ﴿ إِيَّاكَ نَعْبُدُ وإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ ﴾ به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر یه‌كتاپه‌رستی په‌رستن و به‌ندایه‌تی كردن ( توحید الألوهیة ) كه به‌مانای ئه‌وه دێت : خوایه، ته‌نها هه‌ر تۆ ده‌په‌رستین و هه‌ر له‌تۆش داوای یارمه‌تی و پشتیوانی ده‌که‌ین ( له کاروباری دین و دنیاماندا، كه به‌که‌سی تر له به‌ده‌کانت ناکرێت ).
هه‌روه‌رها له سوره‌تی ( الناس ) دا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : ﴿ قُلْ أَعُوذُ بِرَبِّ النَّاسِ ﴾ بڵێ ئه‌ی موحه‌مه‌د ( صلی الله علیه وسلم ) په‌نا ده‌گرم به په‌روه‌ردگار و خوای هه‌موو خه‌ڵكی، ( رب ) به‌واتای خالق و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباري دونيا و دواڕۆژ و ڕۆزی ده‌ر و ژیان به‌خش و مرێنه‌ر و هه‌تا دوایی هه‌ر هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره‌یه ئه‌مه‌ش مانای ته‌واوی ( توحید الربوبیة ) یه ئه‌مجا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : ﴿ مَلِكِ النَّاسِ ﴾ مالیك و پادشا و خاوه‌نی هه‌موو خه‌ڵكیه، ئه‌مه‌ش مانای ( توحید الأسماء والصفات ) ه كه ته‌نها خوای گه‌وره خاوه‌نی و موڵكداری ته‌واوی خه‌ڵكیه و كه‌س له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌شی ئه‌و صیفه‌ته نیه، پاشان ده‌فه‌رموێت : ﴿ إِلَهِ النَّاسِ ﴾ په‌رستراو و مه‌عبودی هه‌موو خه‌ڵكی كه هه‌ر ئه‌و په‌رستراوی خه‌ڵكیه و هه‌ر ئه‌ویش شایانی په‌رستنه و بۆ هیچ كه‌سێكیش نيه به‌شداری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی خوای گه‌وره بكات, ئه‌مه‌ش مانای ( توحید الألوهیة ) ده‌گه‌یه‌نێت .
یه‌كتاپه‌رستی ئه‌و بنه‌ما زۆر گرنگ و به‌هێزه‌یه كه ئومه‌تی ئیسلام و بانگه‌وازی سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌رانی تریشی له‌سه‌ر دامه‌زراوه ( علیهم السلام ) وه ئه‌گه‌ر به‌ووردی گه‌شتێك بكه‌ین به‌ناو سوره‌ت و ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزدا ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك هیچ سوره‌تێك نا‌بینیت كه باسی له‌گرنگی یه‌كتاپه‌رستی نه‌كردبێت، له‌هه‌مان كاتیش‌دا قه‌ده‌غه‌ی نه‌كردبێت له پێچه‌وانه و دژه‌كه‌ی كه‌مه‌به‌ست لێی دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شیرك وهاوهڵ بڕیاردان بۆ خوای گه‌وره ، له‌م باره‌یه‌شه‌وه ئیمام ابن القیم الجوزی ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) باسی لهوهكردوه كه قورئانی پیرۆز هه‌ر هه‌مووی باس له یه‌كتاپه‌رستی ده‌كات ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه :
1) یان باس كردنی خوای گه‌وره و ناو وصیفه‌ته جوانهكانیهتی، كه ئه‌مه‌ش یه‌كتاپه‌رستی زانستی و ئه‌وه‌یه كه پێی ده‌وترێت یه‌كتاپه‌رستی خوایه‌تی (توحید الربویبة ).
2) وه یان فه‌رمان كردنه به عیباده‌تی خوای گه‌وره به‌تاك و ته‌نهایی و دووركه‌وتنه‌وه له شیرك و هاوه‌ڵ بڕیاردان، ئه‌مه‌ش ئه‌و یه‌كتاپه‌رستیه كرداریهیه كه فه‌رمانی پێكراوه و به یه‌كتاپه‌رستی له په‌رستندا ( توحید الألوهیة ) ناو ده‌برێت .
3) وه‌یان فه‌رمان كردنه به ئیطاعة و گوێڕایه‌ڵی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ( صلی الله علیه وسلم ) وه قه‌ده‌غه‌كردن له بێ فه‌رمانی خودا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش به هه‌ق و مافی یه‌كتاپه‌رستی وتهواوكهرهكانی ناو ده‌برێت .
4) وه یان هه‌واڵدانه به‌وه‌ی كه خوای گه‌وره ئاماده‌ی كردوه بۆ یه‌كتاپه‌رستان له نیعمه‌ت و خۆشیه‌كانی به‌هه‌شت وسه‌ركه‌وتن له دونیا و دوارۆژدا، وه هه‌واڵدانه به‌سه‌رشۆڕی موشركین وهاوهڵ په‌یداكه‌ران له دونیا ودواڕۆژ وبهههمیشهیی مانه‌وه له ئاگری دۆزه‌خدا ( خوای گه‌وره په‌نامان بدات ) ئه‌مه‌ش ته‌نها به یه‌كتاپه‌رستی ته‌حقیق ده‌كرێت { مدارج السالكین مج 3 / لاپه‌ڕه 468 به‌ده‌ستكاریه‌وه } .
كه‌واته قورئانی پیرۆز هه‌ر هه‌مووی له بازنه‌ی یه‌كتاپه‌رستیدا ده‌خولێته‌وه و پێداگری له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر به‌ووردی سه‌رنجی سووره‌ته مهككیهكان بده‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆربه‌ی زۆریان باس له چه‌سپاندن و بته‌وكردنی یه‌كتاپه‌رستی ده‌كه‌ن، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) سیازده ساڵ له مه‌ككه‌دا بانگه‌وازه‌كه‌ی بریتی بوو له بانگكردنی خه‌ڵكی بۆ یه‌كتاپه‌رستی و دوور كه‌وتنه‌وه له شیرك و هاوه‌ڵ په‌یداكردن بۆ خوای گه‌وره، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بینین ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز له فه‌تره‌ی مه‌ككیدا باس له فه‌رز بوونی ڕۆژوو و زه‌كات و حه‌ج و گه‌لێكی تر له ئه‌حكامه‌كانی حه‌ڵاڵ و حه‌رام و مامه‌ڵه و كڕین و فرۆشتن ناكات، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌مانه له پاش كۆچكردن بۆ شاری مه‌دینه واجب و فهرزكران له‌سه‌ر بڕواداران، جگه له فه‌رز بوونی نوێژه‌كان نه‌بێت كه پێش كۆچكردن بۆ شاری مه‌دینه و له ڕووداوی ئیسراء و میعراجدا فه‌رزكرا له‌سه‌ر موسڵمانان { هه‌روه‌ك له فه‌رمووده‌كانی ئیسراء و میعراجداهاتوه كه‌ده‌گه‌نه ڕیژه‌ی متواتر وله‌سه‌ر ئاستی فه‌رمووده‌ی ئاحادیش فه‌رمووده‌كه - متفق علیه – یه هه‌روه‌ك له صه‌حیحی بوخاریدا به كتاب التوحيد، باب (37)، رقم (7517)، 13/583ومسلم: كتاب الإيمان، باب (74)، رقم (162) هاتووه } .
گرنگی یه‌كتاپه‌رستیش به‌م شێوه‌یه له ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بێت‌و مرۆڤ بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌كه‌ی نه‌چه‌سپی بێت له ناخیدا ناتوانێت به‌ندایه‌تیه‌كی ڕاست و دروست بۆ خوای گه‌وره ئه‌نجام بدات، وه هیچ بهندایهتیهكیش لای خوای گه‌وره وه‌رناگیرێت به‌بێ بوونی عه‌قیده‌یه‌كی ڕاست و دروست ودوور له‌هه‌موو خه‌وش و خاڵێكی شه‌ریك و هاوه‌ڵ بڕیاردان .
قورئـانی پیرۆزیش باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات كـه یه‌كه‌م كـارێك كـه پێغـهمبهران ( علیهم السلام ) پێی هه‌ستابن بانگه‌وازی گه‌له‌كانیان بووه بۆ یه‌كتاپه‌رستی و دووركه‌وتنه‌وه له شیرك وهاوهڵ بڕیاردان، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێت : ( ولَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ واجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ ﴾ { النحل: 36} واته : سوێند به خوا بێگومان ئێمه له‌ناو هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کدا پێغه‌مبه‌رێکمان ڕه‌وانه‌کردووه‌و پێمان ڕاگه‌یاندووه که پێیان بڵێت: ته‌نها خوا بپه‌رستن، خۆتان دووره په‌رێز بگرن له هه‌موو تاغوت په‌رستراوێکی تر.
هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت : ﴿ ومَا أَرْسَلْنَا مِن قَبْلِكَ مِن رَّسُولٍ إِلاَّ نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لاَ إِلَهَ إِلاَّ أَنَا فَاعْبُدُون ﴾ { الأنبياء: 25} واته : ئێمه پێش تۆ هیچ پێغه‌مبه‌رێکمان ڕه‌وانه نه‌کردووه، که وه‌حیمان بۆ نه‌ناردبێت به‌وه‌ی که: بێگومان هیچ خوایه‌ک نیه جگه له من و ده‌بێت هه‌ر من بپه‌رستن.
وه هیچ پێغه‌مبه‌ر و ڕه‌سولێك نه‌هاتووه ئیلا بانگه‌وازی بۆ گه‌له‌كه‌ی بریتی بوو له‌م ووته‌یه كه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : ﴿ يَا قَوْمِ اعْبُدُواْ اللّهَ مَا لَكُم مِّنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ ﴾ { الأعراف: 59ِْ} واته : ئه‌ی گه‌ل و هۆزم ئێوه هه‌ر خوا بپه‌رستن، چونکه جگه له‌و زاته خوایه‌کی ترتان بۆ نیه .
به‌هه‌مان شێوه هه‌ر بانگخوازێك بنه‌ما و بناغه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی گرنگی دان نه‌بێت به یه‌كتاپه‌رستی و له ڕیزی پێشی پێشه‌وه‌ی كاره‌كانی نه‌بێت بێگومان ئه‌و بانگه‌وازه بانگه‌وازێكی فاشیل و بێ ناوهڕۆك وپوچ و به‌تاڵ و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت وئامانجه‌كانی به‌ده‌ست ناهێنێت و له‌بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌خولێته‌وه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه هه‌موو كارێكمان هه‌ر ئه‌مه بێت و گرنگی نه‌ده‌ین به‌به‌شه‌كانی تری ئیسلام، نه‌خێر هه‌موو به‌شه‌كانی ئیسلام گرنگی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام گرنگی دان بهیهكتاپهرستی به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ده‌بێت ناوهڕۆك و كاری سه‌ره‌كی بانگخوازان بێت .
خۆشه‌ویستان به‌م شێویه بۆمان ڕوون بوویه‌وه كه یه‌كتاپه‌رستی و یه‌كخواناسی و دووركه‌وتنه‌وه له‌په‌رستنی هه‌ر شتێك و هه‌ركه‌سێك غه‌یری خوای گه‌وره كاری سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران بووه هه‌ر ئه‌م یهكتاپهرستیهش كلیلی ڕزگاری هه‌موو كه‌سێكه له‌دونیا و دوا ڕۆژدا، به‌تایبه‌تی ( توحید الألوهیة ) كه ئه‌و یهكتاپهرستیهیه خه‌ڵكی پێ ته‌كلیف كراوه چونكه وه‌ك قورئانی پیرۆز بۆمان باس ده‌كات بێباوه‌ڕان وموشریكینی قوره‌یش و ته‌واوی گه‌لانی پێش ئومه‌تی ئیسلامیش باوه‌ڕیان به ( توحید الربوبیة ) هه‌بوه و دانیان ناوه به‌وه‌ی خالق و دروستكه‌ری ئاسمانه‌كان و زه‌وی زاتی هه‌ق ته‌عالای ( الله ) یه، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : ( وَلَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ... ) { الزمر : 38 } واته : ئه‌گه‌ر له بێ باوه‌ران بپرسیت: کێ ئاسمانه‌کان و زه‌وی دروست کردووه؛ بێ دوودڵی و به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێن: الله .
ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌م ووته‌یه‌ش پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له فه‌رمووده‌یه‌كدا فه‌رمویه‌تی : ) أمرت أن أقاتل الناس حتى يقولوا لا إله إلا الله، وإني رسول الله و يقيموا الصلاة و يؤتوا الزكاة فإذا فعلوا ذلك عصموا مني دماءهم وأموالهم إلا بحقها، وحسابهم على الله ) { رواه البخاري ومسلم } واته : فه‌رمانم پێكراوه كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بجه‌نگم هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه ده‌ڵین : هیچ په‌رستراویك نیه جگه له الله و ممحدیش پێغه‌مبه‌ر و ره‌سولی خودایه و نوێژه‌كانیان ده‌كه‌ن و زه‌كاتی ماڵیان ده‌رده‌كه‌ن و هه‌ركاتێك ئه‌مه‌یان ووت ئه‌و كاته ماڵ و سامان و خوێنیان حه‌رام ده‌بێت، به‌یه‌كێك له هه‌قه‌كان نه‌بێت – وه‌ك كه‌سێك كه‌سێكی كوشت بێت ده‌كوژرێته‌وه یان پیاو و ئافره‌تێكی شووكردوو یان ژنهێنهر له‌سه‌ریان سه‌لما كه زینایان كردوه ڕه‌جم ده‌كرێن هه‌تا مردن – و ئه‌و كاته‌ش لێپرسینه‌وه‌یان لای خوای گه‌وره ده‌بێت .
ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داوای هه‌ره گه‌وره‌ی خوای گه‌وره له‌به‌نده‌كانی بریتیه له ( توحید الألوهیة ) ویه‌كتاپه‌رستی وبه‌ندایه‌تی و په‌رستش هه‌ر بۆ په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست بێت .
هه‌ر بۆیه پێغه‌مبه‌ری ئازیز ( صلی الله علیه وسلم ) نه‌یفه‌رمووه ( أمرت أن أقاتل الناس حتى يقروا بأن الله هو الخالق الرازق المحي المميت؛ لأنهم مقرون بهذا ) واته : نه‌یفه‌رمووه فه‌رمانم پێكراوه له‌گه‌ڵ خه‌ڵیدا بجه‌نگم تا دان ده‌نێن به‌وه‌ی كه خوای گه‌وره خالق و دروستكه‌ر و ڕۆزیده‌ر و زیندوو كه‌ره‌وه و مرێنهری هه‌موو دروستكراوه‌كانه، چونكه بێباوه‌ڕه‌كان دانیان ناوه به‌وه‌ی كه زاتی خوای گه‌وره خاوه‌نی ئه‌و صیفهتانهیه، به‌لام گرفت وموشكیلهكهیان له‌وه‌دا بووه بته‌كانیان ده‌كرد به‌شه‌ریك و هاوه‌ڵی خودا له‌په‌رستندا و باوه‌ڕیان وابوو ئه‌و بت و صهنهمانه له‌خوایان نزیك ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك خوای گه‌وره ئه‌م راستیه‌مان بۆ باس ده‌كات و ده‌فه‌رموێت : ( وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِهِ أَوْلِيَاءَ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ .. ) { الزمر : 3 } واته : ئه‌وانه‌ش جگه له‌و زاته که‌سانی تر‌و شتی تر ده‌که‌نه پشتیوانی خۆیان ده‌ڵێن: ئێمه ئه‌م بت و شتانه ناپه‌رستین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له خوا نزیکمان بخه‌نه‌وه .
په‌روه‌ردگارا له موحدین و یهكتاپهرستانمان بگێرێت وله‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا زیندوومان بكه‌یته‌وه و حه‌شرمان بكه‌یت تاوه‌كو به‌ڕه‌حم و میهره‌بانی زاتی پیرۆزی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا بمانخه‌یته ناو ناز و نیعمه‌تی خۆته‌وه له به‌هه‌شتی هه‌تا هه‌تایدا .
وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته