×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن شێخ ابن العثیمین ـ ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌:" ئایا جیاوازی له‌ نێوان موسڵمان وئیماندار چیه؟".

 

جیاوازی له‌ نێوان موسڵمان وئیماندار

 

پرسیارێك ئاراسته‌ی شێخ محمد صالح العثیمین ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی نێوان ( المسلم = موسڵمان ) و ( مؤمن = ئیماندار ) ؟

وه‌ڵامی شێخ ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) به‌م شێوه‌یه‌ بوو :

ئیسلام و ئیمان دوو ووشه‌ن هه‌ردووكیان به‌یه‌ك مانا و واتا دێن، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ جیا جیا هاتن وباسكران، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر ووشه‌یه‌كیان به‌ته‌نها له‌ جێگایه‌كدا باسكرا ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ واتای ووشه‌كه‌ی تریش ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌ویش به‌پێی ئه‌م قاعیده‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێیت ( إذا إجتمعا إفترقا، وإذا إفترقا إجتمعا ), وه‌ ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ باسكران له‌یه‌ك كاتدا ئه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێكیان بۆخۆی مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر باسی ئیسلام كرا به‌ته‌نها ئه‌وه له‌م كاته‌دا به‌واتای : سه‌رجه‌م ته‌شریع ویاسا و ڕێسا و بیروباوه‌ڕ و موعته‌قه‌دات و ئاداب و ڕه‌وشته‌كانی ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ( إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الإسلام  ) { آل عمران } واته‌ : به‌ڕاستی دین و ئاینی په‌سه‌ند لای خوا ته‌نها ئاینی ئیسلامه‌ .

 به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ركاتێكیش به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها وترا : ( موسڵمان = مسلم ) مه‌به‌ست ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵده‌سێت یه‌ ئه‌نجامدانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌ بیروباوه‌ڕ وكاروكرده‌وه‌ و ئاداب و ڕه‌وشت و شه‌عائره‌كانی تریش، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر وترا ئیمان چونكه‌ ووشه‌ی مؤمن له‌به‌رامبه‌ر ووشه‌ی كافره‌وه‌ دێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ووشه‌ی ئیمان و مؤمن باسكرا به‌بێ باسكردنی ووشه‌ی ئیسلام ئه‌وه‌ ئیمان به‌واتای سه‌رجه‌م ئاینی پیرۆزی ئیسلام دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ردوو ووشه‌ی ( ئیمان و ئیسلام ) له‌یه‌ك كاتدا باسكران ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ مه‌به‌ست له‌ ووشه‌ی ( ئیمان ) سه‌رجه‌م ئه‌و كاروكرده‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌دڵ وبیروباوه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ ( ئیسلام ) یش كار وكرده‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش وجه‌سته‌ ده‌گرێته‌وه‌ هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی جوبره‌ئیلدا كه‌ پرسیاری لێكرد مه‌به‌ست له‌ ئیسلام چیه‌ ؟ ئه‌ویش فه‌رمووی : ( ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ شایه‌تی بده‌یت كه‌ ته‌نها الله په‌رستراوی ڕاسته‌قینه‌یه‌ وهیچ په‌رستراوێكی تری به‌هه‌ق نیه‌ جگه‌ له‌ئه‌و وه‌ شایه‌تیش بده‌یت كه‌ محمد نێرراو پێغه‌مبه‌ری خودایه‌، وه‌ نوێژه‌كان بكه‌یت و ڕۆژووی مانگی ره‌مه‌زان بگریت و زه‌كاتی ماڵ و سامانت ده‌ربكه‌یت و حه‌جی ماڵی خودا ئه‌نجام بده‌یت ئه‌گه‌ر توانات هه‌بوو ) {متفق علیه } وه‌ له‌باره‌ی ئیمانیشه‌وه‌ فه‌رمووی : ئیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕت به‌ خوای گه‌وره‌ و به‌ فریشته‌كانی وبه‌ په‌ڕاوه‌كانی و په‌پێغه‌مبه‌ره‌كانی و به‌ ڕۆژی دوایی و به‌به‌قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ به‌خێر و شه‌ڕیه‌وه‌ .

ئه‌وه‌شی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م جیاوازیه‌ی كه‌ باسمانكرد ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ( قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا وَلَكِنْ قُولُوا أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ الْأِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ ) { الحجرات : 14 } واته‌ : هه‌ندێک له‌بیابان نشینه‌ عه‌ره‌به‌کان وتیان: باوه‌ڕمان هێناوه‌، پێیان بڵێ: نه‌خێر، باوه‌ڕتان نه‌هێناوه‌، به‌ڵام بڵێن: به‌ناچاری موسوڵمان بووین، هێشتا باوه‌ڕ نه‌چۆته‌ ناو دڵه‌کانتانه‌وه‌ و تیایدا جێگیر نه‌بووه‌ .

 ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی جیاوازی له‌ نێوان ووشه‌ی ( ئیمان ) و ( ئیسلام ) ئیمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ دڵ و ده‌روندایه‌ ، ‌بوونی ئیمانیش له‌ دڵ وده‌روندا پێویست ده‌كات كه‌ ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ وجه‌سته‌ش چاكساز و موصڵح بن، وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا ده‌فه‌رموێت : ( ألا وإن في الجسد مضغة إذا صلحت صلح الجسد كله وإذا فسدت فسد الجسد كله ألا وهي القلب ) { متفق علیه } واته‌ : پارچه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ ولاشه‌دا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و پارچه‌یه‌ باش و چاك بوو ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی تر جه‌سته‌ باش وچاك ده‌بن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پارچه‌یه‌ خراپ و فاسد بوو ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی تری جه‌سته‌ ولاشه‌ش خراپ ده‌بن ئه‌و پارچه‌یه‌ش دڵه‌ .

 به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، هه‌ندێك جار له‌ كه‌سێكی باوه‌ڕ ته‌واوی كامڵه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت وه‌هه‌ندیك جاریش له‌كه‌سێكی باوه‌ر لاوازه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاوازیه‌ بوو كه‌ له‌نێوان ئیمان و ئیسلام دا هه‌یه‌ة هه‌ركاتێك به‌ جیا جیا باس كران ئه‌و هیچ جیاوازیه‌ك له‌نێوانیاندا نیه‌ و هه‌ر دانه‌یه‌كیان به‌ واتای ئه‌وی تر دێت،به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ و له‌یه‌ك ( سیاق ) دا باسكران ئه‌وه‌ هه‌ر ووشه‌یه‌كیان مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد له‌سه‌ره‌وه‌ .

سه‌رچاوه‌ : به‌رنامه‌ی ( نور علی الدرب ) به‌شی یه‌كتاپه‌رستی و بیرو باوه‌ڕ .