×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌‌ ئه‌مه‌یه: " ئایا ده‌كرێت كه‌ كه‌سێك شه‌ریك بێت له‌ كۆمپانیایه‌ك وله‌هه‌مان كاتیشدا یه‌كێك بێت له‌كرێكار وكارمه‌نده‌كانی ؟ ".

    دروستی كاركردنی یه‌كێك له‌ هاوبه‌شه‌كان له‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ پشكی تێدا هه‌یه‌

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2015 - 1436

    جواز كون الشريك في الشركة أجيرًا فيها

    « باللغة الكردية »

    فريق القسم الكردي في موقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2015 - 1436

    دروستی كاركردنی یه‌كێك له‌ هاوبه‌شه‌كان له‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ پشكی تێدا هه‌یه‌

    ئـه‌م پـرسیــاره‌ ئاڕاسته‌ی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس‌ كراوه‌ :

    پرسیار : ئایا ده‌كرێت كه‌ كه‌سێك شه‌ریك بێت له‌ كۆمپانیایه‌ك وله‌هه‌مان كاتیشدا یه‌كێك بێت له‌كرێكار وكارمه‌نده‌كانی ؟

    وه‌ڵام : سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودروود وصه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئال وبه‌یت و هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    شافیعی و مالیكیه‌كان و ئیمامی زوفه‌ر له‌ حه‌نه‌فیه‌كان ڕایان وایه‌ كه‌ دروست نییه‌ یه‌كێك له‌ شه‌ریه‌كان فه‌زڵیان هه‌بێت به‌سه‌ر شه‌ریكه‌كانی تردا، جا ئه‌و فه‌زڵه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی سه‌دی بێت، یان به‌ مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ بێت .

    حه‌نه‌فیه‌كانیش جگه‌ له‌ زوفه‌ر نه‌بێت ڕایان وایه‌ كه‌ دروسته‌ یه‌كێك له‌و شه‌ریكانه‌ی كه‌ له‌و كۆمپاینیایه‌ی كه‌ موڵكی هه‌موویانه‌ و ئیش ده‌كات فه‌زڵی هه‌بێت به‌سه‌ر شه‌ریكه‌كانی تردا، به‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ ڕێك كه‌وتون له‌سه‌ری، وه‌ ده‌ڵێن : پێیان وا نییه‌ كه‌ هیچ یه‌كێك له‌ زانایان ئه‌وه‌یان ووتبێت كه‌ یه‌كێك له‌و شه‌ریكانه‌ی ئیش ده‌كات وه‌ك كرێكار یان وه‌ك كارمه‌ند موو‌چه‌یه‌كی بڕاوه‌ی دیاری كراوی بۆ هه‌بێت .

    به‌ڵام ڕای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دروسته‌ ئه‌و شه‌ریكه‌ی كه‌ وه‌ك كارمه‌ند یان وه‌ك كرێكارێك له‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ خۆیشی پشكێكی تێدا هه‌یه‌ مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ی پێی بدرێت، یان ڕێژه‌یه‌كی سه‌دی دیاری كراو، چونكه‌ له‌م ڕۆژگاره‌ی خۆماندا كۆمپانیاكان كه‌سایه‌تی‌ ( شه‌خصه‌یه‌ت ) ێكی مه‌عنه‌ویان هه‌یه‌ وبه‌ده‌ر له‌و شه‌ریكایه‌تیه‌ی كه‌ له‌ په‌ڕاو و په‌رتووكه‌كانی فیقهدا باسكراوه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ئه‌و شه‌ریكه‌ی كه‌ وه‌ك كرێكارێك یان وه‌ك كارمه‌ندێك له‌ هه‌مان كۆمپانیا ئیش ده‌كات دوو صیفه‌تی هه‌یه‌ :

    صیفه‌تی یه‌كه‌م : وه‌ك شه‌ریك و هاوبه‌شێك كه‌ خاوه‌نی پشكی خۆیه‌تی له‌ قازانج و زه‌ره‌ردا، ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكه‌ قازانجی كرد یان زه‌ره‌ر به‌ پێی پشه‌كانی قازانج یان زه‌ره‌ری به‌رده‌كه‌وێت .

    صیفه‌تی دووه‌م : وه‌ك كارمه‌ندێك یان وه‌ك كرێكارێك، ئه‌م صیفه‌ته‌یش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نییه‌ به‌ قازانج و زه‌ره‌ره‌وه‌، به‌ڵكو به‌پێی ڕێك كه‌وتنی نێوان شه‌ریكه‌كان یان ڕێژیه‌كی دیاری كراوی بۆ دیاری ده‌كه‌ن یان مووچه‌یه‌كی دیاری كراوی مانگانه‌ی بۆ ده‌بڕنه‌وه‌، به‌تایه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ كۆمپانیا پشكداره‌كان بوو، ئه‌وا ئه‌و شه‌ریكه‌ بۆی هه‌یه‌ وه‌ك هه‌ر كارمه‌ندێكی تر له‌و كۆمپانیایه‌ دابمه‌زرێت به‌ مووچه‌یه‌كی دیاری كراو بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی گشتی پشكداره‌كان بۆی ده‌ستنیشان ده‌كات، یان ئه‌گه‌ر هاتوو یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ڕێژه‌یه‌كی سه‌دی بۆ دیاری بكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك ووتمان كۆمپانیاكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌ویان هه‌یه‌ و زۆر جیاوازن‌ له‌و شه‌راكه‌ت و شه‌ریكانه‌ی كه‌ زانایان له‌ كۆندا باسیان كردووه‌ .

    ئه‌وه‌شی زیاتر ئه‌م ڕایه‌ی ئێمه‌ دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م زانایان ئه‌وه‌یان بۆ دروست زانییوه‌ كه‌ ئه‌و كرێكاره‌ی كه‌ له‌ كۆمپانیایه‌كدا ئیش ده‌كات به‌ڵام به‌مه‌رجێك ئه‌و كرێكاره‌ یه‌كێك نه‌بێت له‌ شه‌ریك وهاوبه‌شه‌كان به‌ دروستیان زانیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئیش وكاره‌كه‌یدا كرێیكه‌ی پێ بدرێت، ئێمه‌ش ده‌ڵێن گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و هاوبه‌ش وشه‌ریكه‌ی كه‌ له‌و كۆمپانیایه‌دا ئیش بكات كه‌ خۆی خاوه‌ن پشك بێت زیاتر سووره‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی به‌رژه‌وه‌ندی بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ تا كه‌سێكی بێگانه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌و كۆمپانیایه‌وه‌ نییه‌، جا كاتێكیش زانایان كۆن ووتویانه‌ دروست نییه‌ یه‌كێك له‌ هاوبه‌ش وشه‌ریكه‌كان ئه‌گه‌ر كاری كرد بۆ كۆمپانیاكه‌ موچه‌یه‌كی دیاری كراوی بدرێتێ به‌ڵگه‌یان ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و شه‌ریكه‌ وه‌ك ( مضارب ) ێك ئیش ده‌كات كه‌ پاره‌ی خه‌ڵكی خستوه‌ته‌ گه‌ر و كاری پێوه‌ ده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌شی پاره‌ی خه‌ڵكی ئیش پێ بكات وه‌ك ( مضارب ) دروست نییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌یدا بریتی و مووچه‌یه‌ك وه‌ربگرێت. چگه‌ له‌و حصه‌ وبه‌شه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ گرێبه‌ستی شه‌ریكایه‌تیه‌كه‌یاندا ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ری .

    به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌م كۆمپانیا هاوچه‌رخانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا مه‌سئه‌له‌كه‌ زۆر جیاوازه‌. چونكه‌ زانایانی كۆن (ڕه‌حمه‌تی خوایان لێ بێت) حسابی كۆمپانیایان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ كۆمپانیا خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌وی ئیعتباری بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌صه‌وری ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ شه‌ریك و هاوبه‌شه‌كان كۆمه‌ڵیكی زۆر بن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ گوێره‌ی پشكه‌كانیان خاوه‌ندارێتی ئه‌و كۆمپانیایه‌ ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و ( شائع )، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كۆمپانیا وشه‌ریكانه‌ له‌ كۆندا نه‌بوون .

    ئه‌و مه‌بده‌ئه‌یش كه‌ كۆمپانیا وشه‌ریكه‌كان خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌وی وئیعتباری بن، هیچ پێچه‌وانه‌ ودژ نییه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی وڕێكخه‌ره‌ ڕاست ودروسته‌كانی كڕین وفرشتن له‌ فیقهی ئیسلامییدا، هه‌ر شتێكیش ئه‌گه‌ر هاتوو پێچه‌وانه‌ و دژ نه‌بوو به‌و ڕێكخه‌ر و بنه‌مایانه‌ی كه‌ زانایان دایان ناوه‌ له‌ژێر ڕۆشنایی قورئان وفه‌رمووده‌دا ئه‌صڵ وایه‌ ڕێگا پێدراو و دروست بێت .

    خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ ..

    سه‌رچاوه‌ : فه‌تواكانی ( بیت التمويل الكویتي )