كاتی ڕۆژوو شكاندنی ناو فڕۆكه
پۆڵێنه‌كان
- چه‌ند بابه‌تێك له رۆژووگرتن << ڕۆژوو گرتن << په‌رستنه‌كان << فیقه
- فه‌تواكان << فیقه
Full Description
كاتی ڕۆژوو شكاندنی ناو فڕۆكه
] kurdish – كوردی – كردي [
ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس
پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز
2014 - 1435
وقت الإفطار في الطائرة
« باللغة الكردية »
فريق قسم اللغة الكردية بموقع دار الإسلام
مراجعة: بشتيوان صابر عزيز
2014 - 1435
كاتی ڕۆژوو شكاندنی ناو فڕۆكه
ئه‌م پرسیاره ئاڕاسته‌ی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس كراوه:
پرسیار : من كوردێكی نیشته‌جێی ووڵاتی به‌ریطانیام، ڕۆژی ده‌یه‌می ڕه‌مه‌زان به فڕۆكه له فڕۆكه‌خانه‌ی شاری له‌نده‌نه‌وه سه‌فه‌رم كرده‌وه بۆ سلێمانی، نیو كاتژمێر پێش به‌ربانگ كردنه‌وه فڕۆكه‌كه‌مان هه‌ڵفڕی به‌ره‌و سلێمانی، نیو كاتژمێر پاش ئه‌وه له له‌نده‌ن كاتی به‌ربانگ كردنه‌وه بوو، به‌ڵام ئێمه له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا هێشتا خۆرمان ده‌بینی و تا سێ كاتژمێریش هه‌ر خۆر لای ئیمه ئاوا نه‌بوو، تا له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی دابه‌زین ئه‌وجا تازه بانگی ئێواره‌ی دابوو، من تێرامابووم، نه‌مده‌زانی به‌كاتی چی ووڵاتێك ڕۆژوه‌كه‌م بشكێنم به كاتی به‌ریطانیا یان به‌كاتی كوردستان؟ وڵاممان بده‌نه‌وه خوای گه‌وره پاداشتی خێرتان بداته‌وه .
وه‌ڵام : به‌ناوی خوای به‌خشنده ومیهرهبان، سوپاس بۆ خوای گه‌وره ومیهرهبان، وه درود و صهڵات وسهلام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبهیت ویار ویاوهرانی هه‌تا هه‌تایه .
خواي گه‌وره و میهره‌بان له قورئانی پیرۆزدا نیشانه‌یه‌كی زۆر ڕوون و ئاشكرای دیاری كردووه بۆ ڕۆژوو شكاندن، ئه‌ویش له‌و ئایه‌ته‌دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت كه خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی: ▬ وَكُلُواْ وَٱشرَبُواْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَكُمُ ٱلخَيطُ ٱلأَبيَضُ مِنَ ٱلخَيطِ ٱلأَسوَدِ مِنَ ٱلفَجرِ ثُمَّ أَتِمُّواْ ٱلصِّيَامَ إِلَى ٱلَّيلِ ♂ [ البقرة :187 ] واتا : بخۆنه‌وه هه‌تا به ڕوونی به‌ره‌به‌یان و سپێده‌تان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه دیارده‌دات و تاریكی شه‌و لاده‌بات، له‌وه‌ودوا ڕۆژووه‌كه‌تان ببه‌نه سه‌ر تا شه‌و دادێت و (خۆرئاوا ده‌بێت).
پێغه‌مبه‌ری خودا‌ش ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : « إِذَا أَقْبَلَ اللَّيْلُ مِنْ هَا هُنَا - يعني من جهة المشرق -، وَأَدْبَرَ النَّهَارُ مِنْ هَا هُنَا - يعني من جهة المغرب - ، وَغَرَبَتْ الشَّمْسُ: فَقَدْ أَفْطَرَ الصَّائِمُ » [ رواه البخاري ] واتا : هه‌ركاتێك شه‌و له لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هات و ڕۆژیش له لای خۆرئاواوه پشتی هه‌ڵكرد و خۆرئاوا بوو، ئه‌وه ئیتر ڕۆژوه‌وان ڕۆژووكه‌ی ده‌شكێنێت .
كه‌واته برای به‌رێزم جه‌نابت هه‌ركاتێك له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا هه‌ستت كرد لای به‌رێزتان ڕۆژ ئاوا بووه، ئه‌و كاته ده‌توانیت ڕۆژووه‌كه‌ت بشكێنیت، چونكه ڕۆژوو شكاندن په‌یوه‌ست نییه به‌كاتی ووڵاتان و شاره‌كان، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به ڕۆژ ئاوابوون، ئه‌و معیارهیه كه خوای گه‌وره دیاری كردووه بۆ ڕۆژوو شكاندن، هه‌رچه‌ند ئه‌و ڕۆژه به‌ڕێزت پێده‌چێت سێ كاتژمێر له ڕۆژه‌كانی تر زیاتر ڕۆژوو گرتبێت، ئه‌گه‌ر فڕۆكهكهتان به ئاسمانه‌وه بوو، پێده‌چێت ئێوه له ئاسمانی ووڵاتی توركیا بووبن، له‌و كاته‌دا ڕۆژ ئاوا بووبێت و خۆرتان لێ وون بووبێت، كه‌واته ئه‌و كاته كاتی ڕۆژوو شكاندنه لای ئێوه كه له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا بوون، له‌و كاته‌دا ئێوه نه به كاتی ووڵاتی به‌ریطانیا ڕۆژووتان شكاندووه، كه ڕۆژانی تر كه له‌وێ بوون به‌كاتی ئه‌وێ ڕۆژووتان شكاندووه، وه نه به‌كاتی كوردستانیش بووه، كه ئێوه مه‌به‌سه‌تی سه‌فه‌ره‌كه‌تان بۆ كوردستان بووه، به‌ڵكو به پێوانه‌ی ڕۆژئاوابوونی كاتی ناو فڕۆكه‌كه بووه .
ئه‌م حوكمه بۆ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ش هه‌روایه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌مجاره به‌رێزت كاتژمێر دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ له فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیه‌وه فڕۆكهكهتان ههڵبفڕڕێت به‌ره‌و ووڵاتی به‌ریطانیا و پاش چوار كاتژمێر بگه‌نه به‌ریطانیا وله‌وێ كه دابه‌زین یه‌كسه‌ر خۆر ئاوا بوو و كاتی بانگی ئێواره بوو، له‌م كاته‌شدا ده‌بێت ڕۆژوه‌كه‌ت بشكێنیت هه‌رچه‌ند به‌كاتی كوردستان هێشتا له‌وێ تازه كاتی بانگی عه‌سر بوو بێت، ئه‌م ڕوونكردنهوهیشم بۆیه دا، تاوه‌كو جه‌نابت بزانیت پێوانه‌ی ڕۆژوو شكاندن خۆر ئاوابوونه نه‌ك كاتی ووڵاته‌كان، تۆ له‌هه‌ر جێگایه‌ك بوویت و به‌رۆژوو بویت ده‌بێت چاوه‌ڕوانی خۆر ئاوابوون بكه‌یت، ئیتر ئه‌گه‌ر له كوردستان بوویت، یان له‌ناو فڕۆكه‌دا بوویت، یان له به‌ریطانیا، وهه‌ر ووڵاتێكی تر بوویت ..
خوای گه‌وره سه‌ربه‌رز و موهفقتان بكات ..