×
زانستی (فقه ) له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام وفه‌زڵ وگه‌وره‌یی: وتارێكه‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ كتێبی \” فیقهی ئاسان له‌ ژێر ڕۆشنای قورئان و سوننه‌ت\”، له‌ ئاماده‌كردنی ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایانی ئیسلام. • ماناو واتای ( الفقه ) له‌ زمانه‌وانیی و زاراوه‌دا. • به‌روبومی زانستی فقه . • فه‌زڵی تێگه‌یشتن وزانستی (فقه) له‌ دین.

    زانستی (فقه ) له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام وفه‌زڵ وگه‌وره‌یی

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایانی ئیسلام

    وه‌رگێڕانی: زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ندی

    پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2011 - 1432

    ﴿ علم الفقه وفضله في الشریعة الإسلامیة ﴾

    « باللغة الكردية »

    مجموعة من العلماء

    ترجمة: زاكروس هموندي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2011 - 1432

    زانستی (فقه ) له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام وفه‌زڵ وگه‌وره‌یی

    ڕێخۆشكردن : كه‌پێكهاتوه‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌:

    پێناسه‌ی ( الفقه) له‌ زمانه‌وانیی و زاراوه‌دا ، سه‌رچاوه‌كانی ، بابه‌ته‌كانی ، به‌روبوومه‌كه‌ی، فه‌زڵ و گه‌وره‌ییه‌كه‌ی .

    ماناو واتای ( الفقه ) له‌ زمانه‌وانیی و زاراوه‌دا .

    فقه له‌ زمانه‌وانییدا : به‌واتای تێگه‌یشتن دێت، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : {مَا نَفۡقَهُ كَثِيرٗا مِّمَّا تَقُولُ} {هود:91} واته‌ : ئێمه‌ له‌زۆرێكی قسه‌كانت تێناگه‌ین, هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : {وَلَكِنْ لَا تَفْقَهُونَ تَسْبِيحَهُمْ} {الإسراء:44} واته‌ : به‌ڵام ئێوه‌ له‌ته‌سبیحاتیان تێناگه‌ن.

    واتای (الفقه) له‌ زاراوه‌ی زانایاندا : زانست وزانیای بوون به‌ حوكمه‌ شه‌رعیه‌ كرداریه‌كان كه‌ له‌ به‌ڵگه‌ دورودرێژییه‌كان وه‌رده‌گیرێن، وه‌هه‌ندێكجاریش (فقه) به‌ مانای حوكمه‌ شه‌رعییه‌كان دێت.

    سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی (الفقه) :

    1-قورئانی پیرۆز

    2-سوننه‌تی پاكی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم)

    3-كۆده‌نگی زانایان (الاجماع)

    4- (القیاس) پێوانه‌كردن .

    بابه‌تی ( الفقه ) :

    بابه‌تی (الفقه) كرداری كه‌سه‌ باڵغه‌كانه‌ له‌به‌نده‌كانی خودا، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وگشتگیری، كه‌ په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ په‌روه‌ردگاری وبه‌خودی خۆی وبه‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .

    هه‌روه‌ها ته‌واوی ئه‌و حوكمه‌ كرداریانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كه‌سی باڵغ له‌ ووته‌ و كردار وگرێبه‌ند و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌ریانده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش به‌دوو جۆره‌:

    یه‌كه‌م : حوكمه‌كانی عیباده‌ت وپه‌رستشه‌كان له‌ نوێژ و ڕۆژوو وحه‌ج هاوشێوه‌كانی ...

    دووه‌م : حوكمه‌كانی مامه‌ڵه‌كان له‌ گرێبه‌ست وهه‌ڵسوكه‌وت وسزادان وتاوانه‌كان وزه‌مانه‌ته‌كان وجگه‌ ئه‌مانه‌یش كه‌ مه‌به‌ست پێی ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكیه‌ هه‌ندێكیان به‌هه‌ندێكی تریانه‌وه‌، ئه‌م حوكمانه‌ش ده‌توانرێت كوورت بكرێنه‌وه‌ له‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا :

    1- ئه‌حكامه‌كانی خێزان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونیه‌وه‌ هه‌تا كۆتایی هاتنی، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ حوكمه‌كانی ژنهێنان وته‌ڵاق ونه‌سه‌ب ونه‌فه‌قه‌ ومه‌سروفی خیزان ومیرات و چه‌ند حوكمێكی تری له‌م شێوه‌یه .

    2-ئه‌حكامه‌كانی مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان (شارستانی) : كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و مامه‌ڵانه‌ی كه‌ تاكه‌ كه‌س ده‌یانكات، له‌گه‌ڵ گۆڕینه‌وه‌كانیان، له‌ كڕین وفرۆشتن وبه‌كرێدان وشه‌راكه‌تكردن وچه‌ند حوكمێكی تری له‌م شێوه‌یه .

    3-ئه‌حكامی تاوانه‌كان : كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و كاره‌ی كه‌ له‌كه‌سێكی باڵغی موكه‌له‌فه‌وه‌ ده‌رده‌چێت له‌ تاوان وخراپه‌كاری و ده‌ستدرێژی وئه‌وه‌یشی كه‌ شایسته‌ی سزادانه‌ له‌سه‌ری.

    4-ئه‌حكامه‌كانی قه‌زاوه‌ت ودادوه‌ریكردن : كه‌په‌یوه‌سته‌ به‌ قه‌زاوه‌ت ودادوه‌ریكردن له‌كێشه‌ وناكۆكی وده‌عوا وڕێگاكانی سه‌لماندن و چه‌ند حوكمێكی تری له‌م شێوه‌یه.

    5-ئه‌حكامه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كان : كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ڕێكخستنی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئیسلام‌ به‌ غه‌یری خۆی له‌له‌ده‌وڵه‌ته‌كانی تر له‌كاتی شه‌ڕو ئاشتیدا، هه‌وره‌ها په‌یوه‌ندی كه‌سانی هاوڵاتی ناموسڵمان به‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامه‌وه‌، كه‌ بابه‌ته‌كانی جیهاد وتێكۆشان وڕێكه‌وتن وبه‌ڵێننامه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تردا.

    به‌روبومی زانستی فقه :

    زانین وشاره‌زابوون له‌ زانستی (فقه) وكارپێكردنی به‌روووبومه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی وكه‌سی داوالێكراو (المكلف) چاك وباش ده‌كات وعیباده‌ت وپه‌رستشه‌كانی ڕاست ودروست، وكاروكرده‌وه‌ وڕه‌وشتی به‌رده‌وام وڕاوه‌ستاو ده‌كات، جا ئه‌گه‌ر هاتوو به‌نده‌كان ڕاست ودروست بوون ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ش ڕاست ودروست ده‌بێت، سه‌ره‌نجامیش ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر وخۆشی ده‌بێت له‌دونیا وپاشه‌ڕۆژێكی پڕ ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگاریده‌بێت له‌ قیامه‌تدا.

    فه‌زڵی تێگه‌یشتن وزانستی (فقه) له‌دین وهاندانی له‌سه‌ر گه‌ڕان به‌دوایی وبه‌ده‌ستهێنانی :

    تێگه‌یشتن له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام ‌له‌گه‌وره‌ترین ئه‌و كاروكرده‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌نده‌كان پێی هه‌ڵده‌ستن، وه‌جوانترین ڕه‌وشت وبه‌هاجوانه‌كانه‌، قورئانی پیرۆز وسوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر فه‌زڵی ئه‌م كاره‌ پیرۆزه‌ وهاندانی به‌نده‌كان له‌سه‌ری، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ وپه‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : {وَمَا كَانَ الْمُؤْمِنُونَ لِيَنْفِرُوا كَافَّةً فَلَوْلَا نَفَرَ مِنْ كُلِّ فِرْقَةٍ مِنْهُمْ طَائِفَةٌ لِيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنْذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ} {التوبة :122} واته‌ : جا ڕه‌وا نیه‌ هه‌رچی ئیمانداران هه‌یه‌ به‌جارێک بچن بۆ غه‌زا (یان بۆ هه‌رکارێکی پێویست)، ده‌ی بۆچی له‌ هه‌ر هۆزو ده‌سته‌یه‌ک، که‌سانێک نه‌چوون بۆ خوێندن تا شاره‌زابن له‌ ئایین تێبگه‌ن و فێر ببن و قه‌ومه‌که‌شیان تێبگه‌یه‌نن و فێریان بکه‌ن کاتێک که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هوشیار ببنه‌وه‌ خۆیان بپارێزن له‌ گوناهو خوا له‌ خۆ نه‌ڕه‌نجێنن.

    پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه وسلم) له‌م باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ( من یرد الله به خیرا یفقه فی الدین) {ئیمامی بوخاری به‌فه‌رمووده‌ی ژماره‌(71) ڕیوایه‌تی كردووه‌، ئیمامی موسلیمیش به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌(1037)} واته‌ : هه‌ركه‌س خوای گه‌وره‌ مه‌به‌ستی خێری پێی هه‌بێت ئه‌وا شاره‌زای ده‌كات له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و تێی ده‌گه‌یه‌نێت.

    بۆیه‌ ده‌بینین پێغه‌مبه‌ری خودا (صلی الله علیه وسلم) هه‌موو خێری كورت هه‌ڵهێناوه‌ له‌ تێگه‌یشتن وشاره‌زا بوون له‌ دیندا، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر گرنگی وگه‌وره‌یی ئه‌م بابه‌ته‌ وبه‌زری پله‌وپایه‌ی له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، له‌فه‌رمووده‌یه‌كی تردا فه‌رموویه‌تی: ( الناس معادن خیارهم فی الجاهلیة خیارهم في الإسلام إذا فقهوا) {ئیمامی بوخاری ڕیوایه‌تی كردووه‌ به‌فه‌رمووده‌ی ژماره‌ 3383، وه‌موسلم به‌ژماره‌ 2638} واته‌ : خه‌ڵكی وه‌ك كانزاوان، چاكترینیان له‌ سه‌رده‌می نه‌فامییدا چاكترینیانه‌ له‌ سه‌رده‌می ئیسلامدا ئه‌گه‌ر شاره‌زا ببن و تێبگه‌ن له‌دینه‌كه‌یان .

    به‌م شێوه‌یه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ زانستی (فقه) و تێگه‌یشتن له‌ دین پله‌وپایه‌ و مه‌كانه‌تێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ ئیسلامدا، وه‌ پاداشتێكی گه‌وره‌یش هه‌یه‌ لای خوای گه‌وره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سی موسڵمان تێگه‌یشت له‌ ئاینه‌كه‌ی وزانی كه‌ چ شتێكی بۆ هه‌یه‌ و چ شتێكیشی له‌سه‌ر پێویسته‌ له‌ ماف و ئه‌ركه‌كانی ئه‌و كاته‌ ده‌زانێت كه‌ چۆن په‌روه‌ردگاری له‌سه‌ر زانست و چاوڕۆشنی ده‌په‌رستێت، وخوای گه‌وره‌ش سه‌ركه‌وتوو سه‌رفرازی ده‌كات له‌ دونیا و دواڕۆژیشدا.