كورته‌یه‌ك له ژیانی ئیبن جه‌وزی
پۆڵێنه‌كان
Full Description
كورته‌یه‌ك له ژیانی ئیبن جه‌وزی
] kurdish – كوردی – كردي [
قانع خورشيد
پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز
2013 - 1434
نبذة عن حياة ابن الجوزي
« باللغة الكردية »
قانع خورشيد
مراجعة: بشتيوان صابر عزيز
2013 - 1434
كورته‌یه‌ك له ژیانی ئیبن جه‌وزی
ابن الجوزي: ناوی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی عه‌لی كوڕی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌لی كوڕی جه‌وزی، قوره‌یشی, به‌كری، به‌غدادی, حه‌نبه‌لییه, له پشته‌وه نه‌سه‌بی ده‌گاته ئه‌بوبه‌كری صیددیق خوای لێ ڕازی بێت, كونیه‌ی (أبو الفرج) بووه, نازناویشی به (ابن الجوزي) ده‌ركردووه.
له ساڵی (508) ی كۆچی له شاری به‌غداد له گه‌ڕه‌كی (مشرعة الجوز) هاتووه‌ته دونیاوه, به یه‌تیمی گه‌وره بووه و, خزم و كه‌سوكاری سه‌رپه‌ره‌شتیان كردووه, هه‌ر له منداڵییه‌وه (أبوالفضل)ی خاڵی چاوی لێ بووه. فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریشی پێ گوتووه و قورئانیشی پێ له‌به‌ركردووه. دوایی ناردوویه‌تی بۆ لای هه‌ندێ قورئانخوێن تاوه‌كو فێری زانستی (قرا‌ءات)ی بكه‌ن. پاشانیش په‌یوه‌ندی به كۆڕی زانایانه‌وه كردووه، تا خۆی ناوی ده‌ركرد و له ئاسمانی زانست‌دا ئه‌ستێره‌كه‌ی دره‌وشایه‌وه.
ڕه‌وشتی ئیبن جه‌وزی:
(ئیبن جه‌وزی) ئه‌خلاق و ڕه‌وشتێكی به‌رزی هه‌بووه. زاهیدێكی دونیانه‌ویست بووه, ماڵێكی زۆر كه‌می هه‌بووه, به‌زۆری حه‌زی له جدی بوون بووه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هیچ كات نه‌بینراوه گاڵته و سوعبه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌سدا بكات، هه‌رگیز یاری له‌گه‌ڵ هیچ منداڵێكیشدا نه‌كردووه, هه‌روه‌ك هیچ شتێكیشی نه‌خواردووه تا به ته‌واوی نه‌یزانیبێت حه‌ڵاڵه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌نگی زۆر خۆش بووه, ڕه‌فتاری شیرین و نه‌غمه‌ی نه‌رم و جوڵه‌ی ڕێك‌وپێك بووه, ئه‌گه‌ر جار جار نوكته‌ی باس بكردایه زۆر به چێژ ده‌یگێرایه‌وه.
یه‌كێك له سیفه‌ته دیاره‌كانی ئه‌وه بوو وه‌ڵامی به‌رده‌وام ئاماده‌بوو, ده‌گێڕنه‌وه له به‌غداد قاڵهیهك له نێوان شیعه و سوننه‌كاندا ده‌رباری باشتریهتیی ئه‌بوبه‌كر و عه‌لی خوایان لێ ڕازی بێت دروست بوو، هه‌موویان گوتیان هه‌رچی شێخ ئیبن جه‌وزی فه‌رمووی، پێی ڕازی ده‌بین. ئه‌ویش له وه‌ڵامیاندا گوتی: “باشترینیان ئه‌وه‌یه كه كچه‌كه‌ی خێزانی بووه”! ده‌ستبه‌جێ له مینبه‌ره‌كه‌ی دابه‌زی و چوو بۆ ژووره‌كه‌ی تاوه‌كو كه‌س بۆ داوای ڕوونكردنه‌وه نه‌گه‌ڕێته‌وه لای… سوننه‌كان ده‌یانگوت: مه‌به‌ستی ئه‌بوبه‌كر بوو, چونكه عائیشه‌ی كچی خێزانی پێغه‌مبه‌ر بوو (صلی الله علیه وسلم)، شیعه‌كانیش ده‌یانگوت: مه‌به‌ستی عه‌لی بوو: چونكه فاتیمه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) خێزانی بوو! ئه‌مه نموونه‌ی شیرینوهڵامی و ئاماده‌باشیی به‌رده‌وامی ئه‌م زانایه بوو.
مامۆستاكانی:
ئیبن جه‌وزی لای ژماره‌یه‌كی زۆر له زانایان ده‌رسی خوێندووه, له‌وانه (ئهلجوالیقی, ئیبنولفهڕاء، ئه‌بولقاسم ئه‌لعه‌له‌وی, ئه‌بوسه‌عید ئه‌حمه‌دی كوڕی موححممهدی زهوزهنی, عه‌لی كوڕی عهبدولواحیدی دینه‌وه‌ری, ئه‌بوعه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن كوڕی موحه‌ممه‌دی بارع) و چه‌ندین زانای تر.
قوتابیه‌كانی:
سه‌رچاوه‌كان باسی هیچ قوتابییه‌كی ناوداری (ئیبن جه‌وزی)یان نه‌كردووه. وه‌ك كه‌سانی ده‌ركه‌وتوو, به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وه‌یان باس كردووه كه كۆڕی زانیاریی ئه‌م كه‌ڵه پیاوه قوتابیگهلێكی زۆری له خۆگرتووه, هه‌ندێكیان ژماره‌یانیان گه‌یاندووه‌ته سه‌د هه‌زار و زیاتر. ئه‌م ژماره‌یه هه‌رچه‌نده زیاده‌ڕه‌وی تێدایه به‌ڵام هه‌ر به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر زۆریی ئه‌و كه‌سانه‌ی له وانه‌كانیدا دانیشتوون. شێخ (سه‌عدی شیرازی)یش له گوڵستاندا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه قوتابی ئیبن جه‌وزی بووه!
پله‌وپایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری:
هه‌ر كه‌س ژیاننامه‌ی (ئیبن جه‌وزی) خوێندبێته‌وه تێده‌گات كه زۆر گوێی نه‌داوه‌ته ڕووكه‌ش و حه‌زی له تێكه‌ڵاویی كاربه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بووه, به‌ڵكو به زۆری له ماڵدا داده‌نیشت, ماڵی بهجێنهدههێڵا و ده‌رنه‌ده‌چوو مه‌گه‌ر بۆ كۆڕی عیلم و وانه‌بێژی یان بۆ نوێژی جومعه.
هه‌ر كه‌س نوسراوه‌كانی بخوێنێته‌وه, ده‌ریایه‌ك له زانست و ڕۆشنبیری له‌به‌رده‌ستیدا ده‌بینێت, ده‌ستنووسێكی زۆری له هه‌موو بواره جیاوازه‌كانی وه‌ك (ته‌فسیر, حه‌دیس, فیقه, ئامۆژگاری, زوهد, سه‌رگوزه‌شته, مێژوو, پزیشكی)دا هه‌یه, هه‌روه‌ك شیعرێكی زۆریشی له پاش به‌جێماوه.
(ئهبوموزهفهر)ی نه‌وه‌ی ده‌ڵێت: گوێم له باپیرم بوو ده‌یگوت: “به‌م دوو په‌نجه‌یه‌م دووهه‌زار به‌رگ كتێبم نووسیوه‌ته‌وه و, سه‌دهه‌زار كه‌س له‌سه‌ر ده‌ستم ته‌وبه‌یان كردووه و, بیست هه‌زار كه‌سیش له‌سه‌ر ده‌ستم موسڵمان بوونه”[1]!
ده‌گێڕنه‌وه كه له یه‌ك ڕۆژدا چوار كوڕاسه‌ی نووسیوه, ساڵانه له نێوان په‌نجا تا شه‌ست كتێبی ده‌نووسی و, به حه‌فته‌یه‌ك قورئانی خه‌تم ده‌كرد.
نوسینه‌كانی :
مێژوونووسان و ئه‌و كه‌سانه‌ی ژیاننامه‌ی (ئیبن جه‌وزی)یان باس كردووه ژماره‌یه‌كی زۆر كتێبیان داوه‌ته پاڵی, هه‌ندێكیان _وه‌ك ئیبن كه‌سیر_ گه‌یاندوویانه‌ته سێ سه‌د كتێب, به‌ڵام زۆربه‌ی نووسینه‌كانی نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئێمه, هه‌ندێكیشیان به ده‌ستنووسی و بێ لێكۆڵینه‌وه ماونه‌ته‌وه. گرنگترین نووسینه ناسراوه‌كانی ئه‌مانه‌ن:
(التبصرة) و (الموضوعات) و ( تلبیس إبلیس) و ( زاد المسیر في علم التفسیر) و ( المنتظم في تأریخ الملوك والأمم) و ( مناقب عمر بن الخطاب) و ( مناقب عمر بن عبدالعزیز) و (مناقب أحمد بن حنبل) و ( روح الأرواح) و (صفة الصفوة) و (الأذكیاء وأخبارهم) و (أخبار الحمقی والمغفلین) و (أخبار النساء) و (صید الخاطر) و (المدهش) و (اللطائف) .
چه‌ندین كتێبی تریش. كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی ژیاننامه‌یان نووسیوه ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێ گرتووه كه كاتێك كتێبی ده‌نووسی و لێی ده‌بوویه‌وه ئیتر سه‌یری نه‌ده‌كرد و لای به‌لادا نه‌ده‌كرده‌وه ئه‌مه‌ش تێكه‌ڵییه‌كی له نووسینه‌كانیدا دروست كردووه، هه‌روه‌ك شتی خه‌یاڵی و خورافییشی كه‌م نه‌بووه.. زۆرجار ناوی هه‌ندێك له نووسینه‌كانی لێ تێكه‌ڵ بووه!
ناڕه‌حه‌تی و زیندان:
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه ناسردا، ئیبن یوونسی حه‌نبه‌لی له ویلایه‌تی خۆیدا، دوای له‌سه‌ر كار لادانی عه‌بدوسسه‌لامی كوڕی عه‌بدولوه‌هابی كوڕی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی (ئیبن جه‌وزی) له پۆستی وزارهتدا دانا، به تۆمه‌تی زه‌ندیقی و ئهستێرهپهرستی كتێبه‌كانی (عبدالسلام)یشیان هه‌موو سووتاند، كه كارێكی نه‌شیاو و خراپ بوو! به‌ڵام دواتر (ئیبنولقهسساب) هاته جێگه‌كه‌ی (ئیبن یوونسی حه‌نبه‌لی) و ده‌ستی كرد به ڕاوه‌دوونانی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه هه‌بوو. (ئیبن جه‌وزی)یش یه‌كێك بوو له‌وانه. بۆیه له دوادواییه‌كانی ژیانیدا تووشی ناڕه‌حه‌تی و تاقیكردنه‌وه‌ی زیندان بوو, هه‌واڵی خراپیشی له‌باره‌وه بۆ خه‌لیفه ناسر نێردرا. بۆیه ده‌ستگیر كرا و دوور خرایه‌وه و, ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان داخست, كه‌سوكاریشیان بڵاوه پێ كرد. ماوه‌یه‌ك له (واسط) زیندانی كرا, تا دایكی خه‌لیفه شه‌فاعه‌تی بۆ كرد و له زیندان ده‌ری هێنا. دوای ئه‌مه ماوه‌یه‌كی كه‌م ژییا.
كۆچی دوایی:
پێشه‌وا (ئیبن جه‌وزی) له شه‌وی جومعه و له‌نێوان نوێژی شێوان و خهوتناندا, له دوازده‌ی ڕه‌مه‌زانی ساڵی (597 ی كۆچی) له ته‌مه‌نی هه‌شتاونۆ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و له دونیا ده‌رچوو, به به‌یانییه‌كه‌یدا ته‌رمه‌كه‌یان به‌سه‌ر هه‌ڵگرت و تا گۆرستان بردیان و له (باب الحرب) له نزیك ئارامگای ئیمامی ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل به خاكیان سپارد, ئه‌و ڕۆژه ڕۆژێكی مێژوویی بوو, هه‌ندێك له ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه له‌به‌ر زۆری گه‌رما و قه‌ره‌باڵغییه‌كه ناچار بوون ڕۆژووه‌كه‌یان بشكێنن, خوای گه‌وره لێی خۆش بێت و بیخاته به‌هه‌شتی به‌رینه‌وه و, له هه‌ڵه و زهللـهكانیشی ببوورێت.
[1] جاران بۆ ئه‌وه‌ی كتێبێكت ده‌ست بكه‌وتایه ده‌بووایه له‌به‌ریت بگرتایه‌ته‌وه، چون چاپ نه‌بوو! ئیتر زانایان جگه له نووسینی شته‌كانی خۆیان ناچار بوون هه‌ر كات دڵیان چووه سه‌ر كتێبێك و نوسخه‌یان به پاره پێ په‌یدا نه‌كرا، یا پاره‌ی كڕینیان نه‌بوو، دانیشن و به ده‌ستی خۆیان بینووسنه‌وه. جا ئیبن جه‌وزی له‌م قسه‌یه‌یدا مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه دووهه‌زار كتێبی دانراوی خۆی هه‌یه، به‌ڵكو كۆی ئه‌و كتێبانه‌ی نووسیویه‌تیه‌وه گه‌شتووه‌ته دووهه‌زار كتێب.