ژیانت نوێ بكه‌ره‌وه له مانگی ڕه‌مه‌زان
پۆڵێنه‌كان
Full Description
ژیانت نوێ بكه‌ره‌وه له مانگی ڕه‌مه‌زان
] kurdish – كوردی – كردي [
پشتیوان سابیر عه‌زیز
2011 - 1432
﴿ جدد حياتك في رمضان ﴾
« باللغة الكردية »
بشتيوان صابر عزيز
2011 - 1432
ژیانت نوێ بكه‌ره‌وه له مانگی ڕه‌مه‌زان
فه‌زڵی خوای گه‌وره به‌سه‌ر ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌وه صلى الله عليه وسلم زۆرن، وه هه‌ندێ كاتی دیاری كردوه تا به‌نده‌كانی بتوانن خیر وچاكه به‌ده‌ستبهێنن و ده‌روونه‌كان ئاماده ده‌بن بۆ ئه‌نجامدانی كاری باشه، وه دڵه‌كان په‌یوه‌ست ده‌بن به خوای گه‌وره‌وه، به ئومێدی ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ولێخۆشبوونی خوای گه‌وره به‌ده‌ستبهێنن، وه چاكترینی ئه‌م كاتانه بریتیه له مانگی ڕه‌مه‌زان، كه ڕۆژووی تێدا فه‌رز كراوه، وه ئه‌م مانگه‌ی كردوه‌ته هه‌لێك بۆ گۆرینی ڕه‌وشته‌كان به‌ره‌و چاكه و نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به په‌روه‌ردگاره‌وه،وه بێ گومان گۆڕان به‌ره‌و باشتر وچاكتر داواكاری هه‌موو موسڵمانێكه، وه ئه‌مه‌ش ته‌نها به داخوازی نابێت به‌ڵكو به جیهادی نه‌فس وده‌ستگرتن به سوننه‌تی خوای گه‌وره ده‌بێت له گۆڕاندا ، خوا گه‌وره ده‌فه‌رموێت:{إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ}(الرعد:١١).
واته: به‌ڕاستی خوا (بار و حاڵی) هیچ گه‌لێك ناگۆڕێ هه‌تا ئه‌وان خۆیان (بار و حاڵی) خۆیان نه‌گۆڕن.
ئه‌ی موسڵمان بزانه كه‌وا مانگی ڕه‌مه‌زان فهرسهتێكه بۆ دروست كردنی گۆڕانكاری له ژیاندا، وه ئهوگۆڕانكاریهی كه خوای گه‌وره ده‌یه‌وێت لێمان له‌م مانگه پیرۆزه‌دا بیكه‌ین بریتیه له‌به‌دستهێنانی ته‌قوای خوای گه‌وره، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ} (البقرة:183).
واته: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که بڕواتان هێناوه ڕۆژووتان له‌سه‌ر نووسراوه هه‌ر وه‌ک نووسراوه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌پێش ئێوه دا بوون به‌ڵکو خۆتان بپارێزن.
خۆشه‌ویستان: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ژیانمان نوێ بكه‌ینه‌وه له‌م مانگه پیرۆزه‌دا ده‌بێت بزانیین كه‌وا:
یه‌كه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی چاككردنی دڵه‌كانه له نه‌خۆشه‌یه‌كانی رق وكینه‌و حه‌سودی وخیانه‌ت وغهشكردن، له فه‌رمووده‌یه‌ك هاتووه: (( صومُ شهر الصبر وثلاثةِ أيام من كل شهر يُذهبن وَحَرَ الصدر» (أخرجه البزار وصححه الألباني)، واته: ڕۆژووی مانگێكی ئارامی وسێ ڕۆژ له هه‌موو مانگێك ده‌بێته مایه‌ی له ناوچونی رق وكینه‌و دوژمنایه‌تی له ناوسینهدا.
دووه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی چاكردن وپاكردنه‌وه‌ی زوبانه، چونكه به ڕۆژووبوون زوبانت ده‌پارێزی له قسه‌ی ناشرین وغه‌یبه‌ت وبوهتان، پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێت:(( من لم يدَعْ قولَ الزور والعملَ به، فليس لله حاجةٌ في أن يدع طعامه وشرابه)) (رواه البخاري).
واته: هه‌ر ڕۆژوه‌وانێك خۆی نه‌گرێته‌وه له‌درۆ وبوهتان و كار وكرده‌وه وقسه‌ی نابه‌جێ، ئه‌وه خوای گه‌وره هیچ پێویستی به‌وه‌نیه ئه‌و كهسهواز له‌خواردن وخواردنه‌وه‌كه‌ی بهێنێت .
وه به‌نده‌ی ئیماندار له‌م مانگه پیرۆزه‌دا خۆی ڕاده‌هێنێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی چاكه بكات و نێوان موسڵمانان چاك بكات به قسه‌ی جوان ڕێك وپێك، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: {لَا خَيْرَ فِي كَثِيرٍ مِنْ نَجْوَاهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍ بَيْنَ النَّاسِ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ ابْتِغَاءَ مَرْضَاةِ اللَّهِ فَسَوْفَ نُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا} (النساء:114).
واته: هیچ چاکه‌یه‌ك نی یه له زۆربه‌ی چپه و سرته کردنه‌کانیان دا مه‌گه‌ر یه‌کێك فه‌رمان بکات به ماڵ به‌خشین یان چاکه یان چاککردنی نێوان خه‌ڵکی جا هه‌ر که‌سێك ئه‌وه بکات به نیازی ڕه‌زامه‌ندی خوا ئه‌وه له داهاتوودا پێ ی ده‌به‌خشین پاداشتی زۆر گه‌وره.
سێیه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان فرسه‌ته بۆ وازهێنان له ڕه‌وشتی ڕه‌زیلی وئه‌نانیه‌ت، چونكه مرۆڤی به ڕۆژوو له‌م مانگه‌دا زۆر ئه‌به‌خشێت هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا كه‌وا له‌م مانگه‌دا باشتیرن وچاكترین كه‌س بووه له بواری به‌خشیندا، وه موسڵمان له‌م مانگه‌دا هه‌ست به نه‌بوونی وئازاری برا هه‌ژاره‌كانی ده‌كات، وه هه‌وڵ ئه‌دات ئه‌م فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم له خۆیدا به‌دی بهێنێت: ((مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم مثل الجسد إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى)) رواه مسلم.
واته: (نموونه‌ی ئیمانداران له خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كتر و، هاوسۆزی و به‌زه‌یی یه‌كدا وه‌كو یه‌ك جهستهوان، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ئازارێكی هه‌بوو ئه‌وا ده‌ناڵێنێ له تاو بێخه‌وی و گه‌رمه تا).
چواره‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان فرسه‌ته بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ ئاگا و كه‌م ته‌رخه‌م بوونه له ئه‌نجامدانی نوێژه‌كانیان له كاتی خۆیدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی موسڵمانان له مزگه‌وتدا، چونكه ناگونجێت به‌نده‌ی ئیماندار ڕۆژوو بگرێت وكه‌م ته‌رخه‌می له نوێژه‌كانیدا بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نوێژ روكنی دووه‌می ئیسلامه ویه‌كه‌م كرده‌وه‌یه كه‌وا لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت له ڕۆژی قیامه‌تدا، ئه‌گه‌ر به چاكی ئه‌نجامداربێت ئه‌وه هه‌موو كرده‌وه‌كانی تری چاك ده‌بێت، وه ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌وه بوو ئه‌وه هه‌موو كرده‌وه‌كانی خراپ ئه‌بێت.
پێنجه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی به‌هێز بوونی ئیراده وهیمه‌ت به‌رزیه: بۆیه فرسه‌ته بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا خه‌ریكی ئه‌نجامدانی سه‌رپێچین، وه‌كو خواردنه‌وه‌ی ئاره‌ق و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و جگه‌ره كێشان بۆ ئه‌وه‌ی وازیان لێ بێنێت وئیراده‌ی به‌هێز بكات و له‌م مانگه پیرۆزه‌دا نزیكیان نه‌كه‌وێته‌وه، وه چه‌نده‌ها كه‌س توانویه‌تی له‌م مانگه‌دا ژیانی خۆی نوێ بكاته‌وه وواز له خراپه‌كاری و ئه‌م ژه‌هرانه بێنێت وڕێگای ڕاست بگرێت و ببێته ئه‌هلی گوێڕایه‌ڵی وهاتشووی مزگه‌وت بكات.
شه‌شه‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حیجابی شه‌رعی به‌نسبه‌ت زۆرێك له ئافره‌تانی موسڵمانانان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تی موسڵمان له‌م مانگه پڕ له خێر وبه‌ره‌كه‌ته، هه‌ست به چاودێری خوای گه‌وره ده‌كات وبیردهكاتهوه له مه‌زنی خوای گه‌وره‌و بڕیار ده‌دات كه‌وا خۆی داپۆشێت به‌وشێوه‌ی كه‌وا خوا وپێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلى الله عليه وسلم ده‌یانه‌وێت لێی، وه نابێته مایه‌ی ئه‌زیت دانی ڕۆژووان به پیشاندانی ئه‌ندامانی لاشه‌ی، وه په‌شیمان ده‌بێته‌وه له‌و ڕۆژانه‌ی كه‌وا سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ی كردوه به سفوری وهه‌ست به تاوانێكی گه‌وره ده‌كات وپه‌له ده‌كات له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای خوای گه‌وره، وه به‌ڵێنیش ده‌دات كه‌وا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر له‌به‌ركردنی حیجابی شه‌رعی وگوێ نه‌داته دوژمنانی ئیسلام وموسڵمانان.
حه‌وته‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگێكه كه‌وا خه‌ڵكی ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ لای قورئانی پیرۆز: ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خوێندنه‌وه وبیر كردنه‌وه له مانای ئایه‌ته‌كانی وخوێندنه‌وه‌ی چه‌ند تهفسیرێك ده‌رباره‌ی، وه گومانی تێدا نیه ئه‌مه ده‌بێته مایه‌ی دروست بوونی گۆڕانكاری له‌سه‌ر دڵ وده‌روون وڕه‌وشتی زۆرێك له به‌نده‌كان، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: {إِنَّ هَذَا الْقُرْآَنَ يَهْدِي لِلَّتِي هِيَ أَقْوَمُ وَيُبَشِّرُ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْرًا كَبِيرًا} (الإسرا‌ء:9)، واته: به‌ڕاستی ئه‌م قورئانه ڕێنموونی ده‌کات بۆ ڕێباز‌و به‌رنامه‌یه‌ك که ڕاسترینه و موژده‌ش ده‌دات به‌و باوه‌ڕدارانه‌ی که کرده‌وه چاکه‌کان ده‌که‌ن که به ڕاستی پاداشتی گه‌وره‌یان بۆ هه‌یه.
هه‌روه‌ها قورئان شیفا وچاره‌سه‌ره، خوای گه‌وره له‌م باره‌یه‌وه ده‌فه‌رموێت: {نُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآَنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ وَلَا يَزِيدُ الظَّالِمِينَ إِلَّا خَسَارًا} (الإسرا‌ء:82).واته: وه له‌م قورئانه‌دا ده‌نێرینه خواره‌وه ئه‌وه‌ی که هۆی شیفاو میهره‌بانی یه بۆ بڕواداران به‌ڵام (هاتنی ئه‌م قورئانه) بۆ سته‌مکاران هیچ زیاد ناکات بێجگه له خه‌ساره‌ت مه‌ندی.
هه‌شته‌م: مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی په‌روه‌رده‌كردنی ده‌روونه له‌سه‌ر نه‌رم ونیانی، پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێت:(( إِذَا أَصْبَحَ أَحَدُكُمْ يَوْمًا صَائِمًا فَلَا يَرْفُثْ وَلَا يَجْهَلْ فَإِنْ امْرُؤٌ شَاتَمَهُ أَوْ قَاتَلَهُ فَلْيَقُلْ إِنِّي صَائِمٌ إِنِّي صَائِمٌ)) (متفق عليه).
واته: ئه‌گه‌ر ڕۆژێك كه‌سێكتان به‌ڕۆژو بوو با ئه‌و ڕۆژه قسه‌ی ناشیرین و هات و هاوار نه‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك جنێوی پێداو شه‌ڕی پێ فرۆشت بابڵێت: من كه‌سێكی به‌ڕۆژوم، من كه‌سێكی به‌ڕۆژووم.
ئه‌مه ڕاهێنانێكی ته‌واوه له‌سه‌ر نه‌رم و نیانی و دوور كه‌وتنه‌وه له توڕه‌بوون، خوای گه‌وره‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌دح كردووه كه ئه‌و سیفه‌ته‌یان هه‌یه وكردویهتی نیشانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا پارێزگارن وپه‌یمانی به‌هه‌شتی پێ داوون، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: {وَسَارِعُوا إِلَى مَغْفِرَةٍ مِنْ رَبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا السَّمَوَاتُ وَالْأَرْضُ أُعِدَّتْ لِلْمُتَّقِينَ 133 الَّذِينَ يُنْفِقُونَ فِي السَّرَّاءِ وَالضَّرَّاءِ وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ} (آل عمران/133-134) .
واته: پێشبڕکێ بکه‌ن بۆ لێ بوردنێکی گه‌وره له‌لایه‌ن پهروهرگارتانهوه، وه بۆ به‌هه‌شتێک که پانییه‌که‌ی (به ئه‌ندازه‌ی) ئاسمانه‌کان و زه‌وی یه که ئاماده کراوه بۆ له خوا ترسان (133) ئه‌وانه‌ی ماڵ ده‌به‌خشن (له ڕێ ی خوادا) له کاتی خۆشی (ده‌وڵه‌مه‌ندی) و ناخۆشی دا و ڕقی به‌تینی خۆیان ده‌خۆنه‌وه و ده‌بوورن له خه‌ڵکی، خواش چاکه‌کارانی خۆش ده‌وێت.
ئه‌ی ئیمانداران ئه‌گه‌ر له مانگی ڕه‌مه‌زاندا گۆڕانكاری به‌سه‌ر خۆمان نه‌هێنین ئه‌بێ كه‌ی خۆمان بگۆڕین؟ ئه‌گه‌ر له‌م مانگه پیرۆزه‌دا ژیانی خۆمان نوێ نه‌كه‌ینه‌وه، ئه‌بێ كه‌ی نوێی بكه‌ینه‌وه؟
ئه‌ی ئیمانداران مانگی ڕه‌مه‌زان فرسه‌تێكی زێڕینه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه بیه‌وێت تهوبهێكی ڕاست ودروست بكات وپه‌یمان تازه بكاته‌وه له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره.
له كۆتاییدا داواكارم له خوای گه‌وره یارمه‌تیمان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بتاوانین له‌م مانگه پیرۆزه‌دا ژیانمان نوێ بكه‌ینه‌وه به تاعه‌ت وخواپه‌رستی و له گوناهه‌كانمان خۆشبێت وبه به‌هه‌شتی به‌رین شادمان بكاته‌وه.
وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم