×
بێ گومان یه‌ك خواناسین گه‌وره‌ترین شته‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی پێویستی پێیه‌تی، وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ به‌خته‌وه‌ری دونیاو قیامه‌ت، وه‌ یێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی فێری ببێت و له‌ مانای تێ بگات.

    سه‌رچاوه‌كانی یه‌ك خواناسین

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    سه‌رباز حه‌مید كه‌ركوكی

    پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2011 - 1432

    ﴿ مصادر التوحيد ﴾

    « باللغة الكردية »

    سرباز حميد قادر

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2011 - 1432

    سه‌رچاوه‌كانی یه‌ك خواناسین

    برایانی خۆشه‌ویست بێ گومان یه‌ك خواناسین گه‌وره‌ترین شته‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی پێویستی پێیه‌تی، وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ به‌خته‌وه‌ری دونیاو قیامه‌ت، وه‌ یێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی فێری ببێت و له‌ مانای تێ بگات، بۆیه‌ حه‌زم كرد باس له‌ سه‌رچاوه‌كانی یه‌ك خواناسین بكه‌م بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز.

    خۆشه‌ویستان:‌ هه‌موو زانستێك له‌ زانسته‌كان سه‌رچاوه‌ی خۆی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پشتی پێ ببه‌سترێت.

    وه‌ عیلمی ته‌وحیدیش سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ بنچینه‌كانی لێ وه‌رده‌گیرێت، وه‌ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بریتین له‌:

    یه‌كه‌م: قورئانی پیرۆز:

    قورئانی پیرۆز كه‌لام وبه‌ڵێنی به‌هێزی خوای گه‌وره‌یه‌، دایبه‌زاندوه‌ته‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم به‌ زمانی عه‌ره‌بی، وه‌ تێگه‌یشتنی ئاسان كردوه‌ بۆ هه‌موو جیهان، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {وَلَقَدْ يَسَّرْنَا الْقُرْآنَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِنْ مُدَّكِرٍ} (القمر :١٧)

    واته‌: سوێند به‌خوا به‌ڕاستی ئێمه‌ قورئانمان ئاسان کردووه‌ بۆ ئامۆژگاری لێ وه‌رگرتن جا ئایا په‌ند وه‌رگرێك هه‌یه‌؟.(ته‌فسیری پوخته‌ی قورئان).

    وه‌ قورئانی پیرۆز یه‌كه‌مین سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌وا بیروباوه‌ری یه‌ك خواناسینی لێوه‌ وه‌رده‌گیرێت.

    ئیمامی به‌یهه‌قی ده‌ڵێت: ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ت سه‌رچاوه‌ی بیروباوه‌ڕیان بریتیه‌ له‌ كتاب وسوننه‌ت.

    وه‌ هه‌موو سوره‌تێك له‌ سوره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز جۆره‌كانی ته‌وحید له‌ خۆ ده‌گرێت.

    وه‌ قورئانی پیرۆز هه‌مووی ده‌رباره‌ی ته‌وحید ومافه‌كانی و پاداشته‌كه‌ی ده‌دوێت و، باسی شیرك و موشیریكه‌كان وسزاكانی ده‌كات.

    دووه‌م: سوننه‌تی پاكی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم:

    سوننه‌تی پاكی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم دووهه‌مین نیگایه‌ له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَىٰ إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىٰ} (النجم : 3،٤)

    وه‌ له‌هه‌واو هه‌وسه‌وه‌ قسه‌ ناکات که‌ قورئان ده‌خوێنێت، هه‌رچی ده‌یڵێ (قورئانه‌و) سرووش ده‌کرێ بۆی.(ته‌فسیری پوخته‌ی قورئان).

    وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌فه‌رموێت:((ألا أني أوتيت القرآن ومثله معه)) أخرجه أحمد وأبو داود، وصححه الألباني في تحقيق المشكاة 1/ 57ـ58 رقم 163.

    وه‌ سوننه‌ت به‌ پله‌ی دوهه‌مین دێت له‌ پاش قورئانی پیرۆزه‌وه‌، وه روونكه‌ره‌وه‌ی‌ زۆر شته‌‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا.

    وه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم پێش ئه‌وه‌ی وه‌فات بكات هه‌موو شتێكی روونكردوه‌ته‌وه‌، وه‌ هیچ شتێكی شاراوه‌ یان نادیار كه‌ خه‌ڵكی پێویستیان پێ بێت بۆ دین ودونیایان، پێغه‌مبه‌ری خوا به‌ جوانترین وروونترین شێوه‌ ئاشكرای كردوه‌ بۆیان، وه‌ خوای گه‌وره‌ ئاینه‌ پیرۆزه‌كه‌ی ته‌واو كردوه‌ بۆ به‌نده‌كانی، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت: {الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا} (المائدة :٣)

    واته‌: ئه‌مڕۆ ئایینه‌که‌تانم ته‌واو(کامڵ) کردوه‌ بۆتان و چاکه‌و به‌هره‌ی خۆم به‌ ته‌واوی ڕشتووه‌ به‌سه‌رتاندا و ڕازی بووم که‌ ئیسلام ئایینتان بێت.(ته‌فسیری پوخته‌ی قورئان).

    وه‌ هاوه‌ڵه‌كان ـ خوای گه‌وره‌ لێیان ڕازی بێت ـ شایه‌تن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاین‌ ته‌واوه‌ وپه‌یام گه‌یاندراوه‌ وئامۆژگاری ئوممه‌ت كراوه‌ له‌ حه‌جی وه‌داع ( حجة الوداع ).

    سێهه‌م: وه‌رگرتن به‌ تێگه‌یشتنی هاوه‌ڵه‌كان خوای گه‌وره‌ لێیان ڕازی بێت.

    ‌ وه‌رگرتنی ده‌قه‌كانی قورئان وسوننه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانی یه‌ك خواناسین به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ یان ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رستش ومامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ تێگه‌یشتنی هاوه‌ڵه‌كان پێغه‌مبه‌ر خوای گه‌وره‌ لێیان ڕازی بێت؛ چونكه‌ ئه‌وان له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ژیاوون و شاره‌زای ته‌فسیری قورئان و زمانی عه‌ره‌بی بوون، وه‌ ئه‌وه‌ی پشت بكات له‌ تێگه‌شتنی ئه‌وان ئه‌وه‌ ڕێگای ڕاستی وون كردوه‌.

    ئیمامی ئه‌حمه‌د ـ ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ ده‌ڵێت: ((بنچینه‌كانی سوننه‌ت له‌ لامان ده‌ستگرتنه‌ به‌وه‌ی كه‌ هاوه‌ڵه‌كان له‌سه‌ری بوونه‌ ووازهێنانه‌ له‌ داهێنراوه‌كان)).

    وه‌ شێخی ئیسلام ئیبن ته‌یمیه‌ ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ ده‌ڵێت: ((ئه‌وه‌ی به‌ قورئان وسوننه‌ت وئیجماع بڵێت، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ته‌)).

    وه‌ مه‌به‌ست له‌ ئیجماع ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوه‌ڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا له‌سه‌ری بوون له‌ زانست و كار و بیروباوه‌ر و تێگه‌یشتن و بانگه‌واز.