×
خۆشه‌ویستان له‌م ووتاره‌ماندا بابه‌تێكی گرنگتان بۆ ده‌خه‌ینه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ڕۆژووگرتن له‌مانگی شه‌عباندا، وه‌به‌پێی توانا هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رموودانه‌ بخه‌ینه‌ڕوو كه‌له‌م باره‌یه‌وه‌ هاتوون، پاشان هه‌ڵده‌سین به‌لێكوڵینه‌وه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندن خستنه‌ڕووی ووته‌ی زانایان له‌م باره‌یه‌وه ‌به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ وباڵاده‌ست..

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فقهی

 سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووی مانگی شه‌عبان

ئاماده‌كردنی : مامۆستا عبدالله صادق

        پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

﴿ دراسة فقهية حول صيام  شهر شعبان ﴾

إعداد : عبد الله صادق

مراجعة: بشتيوان صابر عزيز


 لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فقهی سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووی مانگی شه‌عبان

الحمد لله والصلاة والسلام علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم .

خۆشه‌ویستان له‌م ووتاره‌ماندا بابه‌تێكی گرنگتان بۆ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژووگرتن له‌ مانگی شه‌عباندا، وه‌ به‌پێی توانا هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رموودانه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو كه‌له‌م باره‌یه‌وه‌ هاتوون، پاشان هه‌ڵده‌سین به‌ لێكوڵینه‌وه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندن خستنه‌ ڕووی ووته‌ی زانایان له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ وباڵاده‌ست :

ئایا دروسته‌ بۆ موسڵمان مانگی شه‌عبان به‌ته‌واوی به‌ڕۆژو بێت؟ وه‌ئایا دروسته‌ نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان ( واتا له‌ دوای 15 ی شه‌ ‌عبانه‌وه‌ تاكۆتایی مانگ به‌ڕۆژوبێت) ؟ چونكه‌ فه‌رمووده‌ هاتووه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌ڕۆژوبوونی نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان ( واتاله 16ی شه‌‌عبانه‌وه‌ تاكۆتایی مانگ). وه‌ فه‌رمووده‌ش هاتووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) زۆربه‌ی یان ته‌واوی مانگی شه‌عبان به‌ڕۆژوو بووه‌ .

له‌سه‌ره‌تادا زانایانی ئه‌هلی سونه‌ت یه‌ك ده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سونه‌ت‌و خێرێكی زۆرگه‌وره‌یه‌ كه‌له‌مانگی شه‌عباندا موسڵمان زۆری مانگه‌كه‌ به‌ڕۆژوبێت، چونكه‌ له‌فه‌رمووده‌ی سه‌حیح دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوبووه‌.

له‌سونه‌نی ئه‌بوداودا هاتووه‌: ((پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم ) هیچ مانگێك به‌ته‌واوی به ڕۆژو نه‌بوه‌ - جگه‌له‌ڕه‌مه‌زان - ته‌نها شه عبان نه‌بێت به‌ڕۆژوو ده‌بوو تاده‌گه‌شته‌ ڕه‌مه‌زان )) ئه‌م حه‌دیسه‌ شێخی ئه‌لبانی ته‌سحیحی كردوه‌ .(‌صحيح سنن أبي داود 2048).

ئه‌مه‌ی له‌زاهیری ئه‌م فه‌رمووده‌ فه‌هم ده‌كــرێت ئه‌وه‌یــــه‌ كه‌پێغه‌مبــــه‌ری خودا ( صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه‌عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوو بووه‌.به‌ڵام له‌ سه‌حیحی موسلیم دا هاتوه‌ كه‌ ڕیوایه‌ت كراوه‌ له‌ دایكی موسڵمانان حه‌زره‌تی عائیشه ( خوای لێ ڕازی بێت ) كه‌ده‌فه‌رموێت: [وَلَمْ أَرَهُ صَائِمًا مِنْ شَهْرٍ قَطُّ أَكْثَرَ مِنْ صِيَامِهِ مِنْ شَعْبَانَ ، كَانَ يَصُومُ شَعْبَانَ كُلَّهُ ، كَانَ يَصُومُ شَعْبَانَ إِلا قَلِيلا ]. فه‌رموده‌ی ژماره‌ (1156)

واته‌:نه‌م بینیوه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم ) ‌ به‌ڕۆژو بێت به‌زۆری له‌هیچ مانگێكدا وه‌ك مانگی شه‌عبان، پێغه‌مبه‌ر مانگی شه‌عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوو ده‌بوو، وه‌ پێغه‌مبه‌ر مانگی شه‌عبان به‌ڕۆژوو ده‌بوو ته‌نها كه‌مێكی مانگه‌كه‌ نه‌بێت).

لێره‌دا زانایانی ئیسلام بۆ گونجاندن وڕێكخستن له‌نێوان ئه‌م دوو فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌ ووتویانه‌: ئه‌م كاره‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم ) به‌پێی جیاوازی كات بووه‌، له‌ هه‌ندێك ساڵدا پێغه‌مبه‌ری خودا مانگی شه‌عبان هه‌موو مانگه‌كه‌ به‌ڕۆژوو بووه‌، له‌ هه‌ندێك ساڵیشدا زۆری مانگه‌كه‌ به‌ڕۆژوو بوه‌ به‌ڵام به‌ ته‌واوی مانگه‌كه‌ به‌ڕۆژو نه‌بوه‌. ئه‌مه‌ ڕای كۆمه‌ڵیكه‌ له‌زانایان‌ له‌وانیش شێخ ئیبن باز ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت. بڕوانه‌: ( مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (15/416) .

كۆمه‌ڵێكی تر له‌ زانایان فه‌رمویانه‌: كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم )  هیچ مانگێك به‌ ته‌واوی به‌ڕۆژوو نه‌بوه‌ جگه‌ له‌مانگی ڕه‌مه‌زان، وه‌ئه‌مه‌ش رای ئیمام ئیبن وحه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی -ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت-، وه‌مه‌به‌ست لێردا به‌ردوام بونه‌ له‌زۆر به‌ڕۆژوو بون‌ له‌ مانگی شه‌عبان دا.  (سه‌يری فتح الباري (4/129) بكه.

وده‌رباره‌ی فه‌رمووده‌ی ئه‌بوداود كه تێیداهاتووه‌:( كَانَ لا يَصُوم مِنْ السَّنَة شَهْرًا تَامًّا إِلا شَعْبَانَ يَصِلُهُ بِرَمَضَان )،ووتویانه‌: زۆرینه‌ی مانگه‌كه‌ به‌رۆژوبووه‌ نه‌ك هه‌رهه‌مووی؛ چونكه‌ له‌زمانی عه‌ره‌بدا هاتووه‌: ئه‌گه‌ر پیاوێك زۆرینه‌ی مانگێك به‌رۆژوبێت، ده‌ووترێت: مانگه‌كه‌ هه‌مووی به‌ڕۆژوبووه‌.

ئیمام نه‌وه‌وی –ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت - فه‌رمویه‌یه‌تی: ( قولها:كَانَ يَصُوم شَعْبَان كُلّه, كَانَ يَصُومُهُ إِلا قَلِيلاً، الثَّانِي: تَفْسِيرٌ لِلأَوَّلِ, وَبَيَان أَنَّ قَوْلهَا: "كُلّه"، أَيْ غَالِبُهُ) .

واتا: قسه‌ی عائیشه‌ - ڕه‌زای خوای لێبێت - كه‌ ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه‌عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوو ده‌بوو، به‌و مانایه‌ی  مانگی شه‌عبان به‌ڕۆژوو ده‌بوو ته‌نها كه‌مێكی مانگه‌كه‌ نه‌بێت، دوومه‌یان: - پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه‌عبان به‌ڕۆژوو ده‌بوو ته‌نها كه‌مێكی مانگه‌كه‌ نه‌بێت- ته‌فسیرو ڕوون كردنه‌وه‌ی قسه‌ی یه‌كه‌مه‌- پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه‌عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوو ده‌بوو- وه‌مانای قسه‌كه‌ی عائیشه كه‌ ده‌ڵێت (هه‌رهه‌موو مانگه‌كه‌): مه‌به‌ست پێی غالیب وزۆرینه‌ی مانگه‌كه‌) نه‌ك هه‌ر هه‌موو ڕۆژه‌كانی ئه‌و مانگه‌ .

پوخته‌ی قسه‌ لێره‌دا: پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلى الله عليه وسلم ) مانگی شه‌عبان به‌ته‌وای به‌ڕۆژوو نه‌بوه‌، به‌به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌ی تر كه‌له‌ سه‌حیحی موسلیم دا  به‌ژماره‌ (746) هاتووه‌ كه‌ عائیشه‌ - خوای لێ ڕازی بێت  – فه‌رموویه‌تی:  ( وَلا أَعْلَمُ نَبِيَّ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَرَأَ الْقُرْآنَ كُلَّهُ فِي لَيْلَةٍ، وَلا صَلَّى لَيْلَةً إِلَى الصُّبْحِ، وَلا صَامَ شَهْرًا كَامِلا غَيْرَ رَمَضَانَ).

واتا: (نه‌م زانیوه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا هه‌مو قورئانی خوێندبێته‌وه‌ له‌ شه‌وێكدا، وهیچ شه‌وێك تابه‌یانی نوێژی نه‌كردووه‌، وه‌هیچ مانگێك به‌ ته‌وای به‌ڕۆژونه‌بوه‌ بێجگه‌ له‌مانگی ڕه‌مه‌زان نه‌بێت ).

وبه‌به‌ڵگه‌ی تریش كه‌له‌ هه‌ردوو سحیحی بوخاری به‌ ژماره‌ فه‌رمووده‌ی (1971) وموسلیم به‌ ژماره‌ فه‌ر‌مووده‌ی(1157) هاتوه‌ كه‌ ئیبن عه‌باس فه‌رموویه‌تی:

( مَا صَامَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَهْرًا كَامِلا قَطُّ غَيْرَ رَمَضَانَ ).

واتا: ‌ پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) هه‌رگیز هیچ مانگێك به‌ته‌واوی به‌ڕۆژونه‌بووه، ته‌نها مانگی ڕه‌مه‌زان نه‌بێت .

وه‌ئه‌گه‌ر پرسیار بكرێت: حیكمه‌ت چیه له‌زۆر به‌ڕۆژوبونی مانگی شه‌عبان، له‌وه‌ڵام دا پێغه‌مبه‌ری خودا فه‌رمویه‌تی:

(ذَلِكَ شَهْرٌ يَغْفُلُ النَّاس عَنْهُ بَيْنَ رَجَبٍ وَرَمَضَان, وَهُوَ شَهْر تُرْفَعُ فِيهِ الأَعْمَال إِلَى رَبّ الْعَالَمِينَ، فَأُحِبُّ أَنْ يُرْفَعَ عَمَلِي وَأَنَا صَائِمٌ).(أخرجه أبو داود والنسائي. وحسنه الألباني في صحيح النسائي (2221).

واته‌ : شه‌عبان مانگێكه‌ خه‌ڵك لێی بێ ئاگان نێوان ڕه‌جه‌ب و ڕه‌مه‌زانه‌، وله‌م مانگه‌دا كرده‌وه‌كان به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ بۆلای خوای جیهانیان، ومن حه‌ز ده‌كه‌م كرده‌وه‌م به‌رزبكرێته‌وه‌ وله‌وكاته‌دا به‌ڕۆژوبم).

به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ڕۆژوبوونی نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان ( واته‌ له 16ی شه‌‌عبانه‌وه‌ تاكۆتایی مانگ).

فه‌رمووده‌ی سه‌حیح هاتووه‌‌ نه‌هی كردوه‌ له‌ به‌ڕۆژوبونی نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان.جاء في السنن أنّ رسول الله ﷺ‬  قال: (( إذا انتصف شعبان فلا تصوموا )).

أخرجه أبو داود (3237) والترمذي (738) وابن ماجه (1651). صححه الألباني في صحيح الترمذي (590) .

واته‌ : پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم ) فه‌رمویه‌تی: ئه‌گه‌ر مانگی شه‌عبان نیوه‌ بوو، ئیتر به‌ڕۆژو مه‌بن.

ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر قه‌ده غه‌بوونی به‌ڕۆژوبون له‌ نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان (واته‌ له 16ی شه‌‌عبانه‌وه‌ تاكۆتایی مانگ).

وه‌زانایان  له‌ حیكمه‌تی به‌ڕۆژو نه‌بونی ئه‌م نیوه‌ی دووه‌مه‌ی شه‌عبان وتوویانه‌: خۆبه‌هێزكردنه‌ بۆ به‌ڕۆژوبونی مانگی ره‌مه‌زان؛ چونكه‌ به‌رده‌وام بونی ئه‌م ڕۆژوه‌ سونه‌ته‌ مرۆڤ لاواز وبێتاقه‌ت ده‌كات له‌ به‌رۆژوبونی فه‌رزی ره‌مه‌زان، هه‌روه‌ها ئیحطیات كردن بۆته‌واوی ڕۆژه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زان تاڕۆژێك زیاد نه‌كرێت كه‌له‌ومانگه‌نه‌بێت، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌ حیكمه‌ته‌كانی ئه‌وه‌یه‌ بۆ جودا كردنه‌وه‌ی ڕۆژوی فه‌رزی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌ له‌ ڕۆژوی ‌سونه‌تی مانگی شه‌عبان.

لێردا ده‌بی ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ هه‌ندێك له‌ زانایان ووتویانه‌: فه‌رمووده‌ی نه‌هی كردن له‌ به‌ڕۆژووبونی نیوه‌ی دووه‌می مانگی شه‌عبان لاوازه‌.

به‌ڵام دوای خوێندنه‌وه‌و ووردبونه‌وه‌ له‌ قسه‌ی زانایان ده‌ر‌ده‌كه‌وێت كه‌ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ سه‌حیحه‌ وه‌ك له‌ پێشودا ئاماژه‌مان بۆكرد.

ئیبن قه‌ییمی جه‌وزی –ڕه‌حمه‌تی خوای لیبێت- له‌وه‌ڵامی ئه‌مـــه‌دا ده‌فــــه‌رموێت ( به‌ڕاستی ئه‌م حه‌دیسه‌ سه‌حیحه‌ له‌ سه‌ر شه‌رتی موسلیم) بڕوانه‌               (تهذيب السنن 1/407).

هه‌روه‌ها پرسیار له‌ شێخ ئیبن باز – ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت- كرا ده‌رباره‌ی ده‌ره‌جه‌ی صیحه‌تی ئه‌م فه‌رموده‌یه‌‌، فه‌رمووی: (  ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ سه‌حیحه‌ وه‌ك برامان عه‌للامه‌ شێخ ئه‌لبانی فه‌رموویه‌تی). (مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (15/385).

به‌ڵام لێره‌دا فه‌رمووده‌ هاتووه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ێنێت كه‌درووسته‌ نیوه‌ی دووه‌می شه‌عبان به‌ڕۆژوبیت.

‌له‌ هه‌ردوو سه‌حیحی بوخاری به‌ ژماره‌ فه‌رمووده‌ی (1914) وموسلیم به‌ ژماره‌ فه‌رمووده‌ی (1082) داهاتوه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا فه‌رموویه‌تی:

( لا تَقَدَّمُوا رَمَضَانَ بِصَوْمِ يَوْمٍ وَلا يَوْمَيْنِ إِلا رَجُلٌ كَانَ يَصُومُ صَوْمًا فَلْيَصُمْهُ ) .

واته‌: ڕۆژێك یا دوو ڕۆژ پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژوو مه‌بن، مه‌گه‌ر یه‌كێك عاده‌تی وابێت كه‌ پێشتریش هه‌ر به‌ڕۆژوو ده‌بو، مه‌به‌ست پێشی نیوه‌ی شه‌عبانه‌.

ئه‌م فه‌رمووده‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌درووسته‌ نیوه‌ی دووه‌می شه‌عبان به‌ڕۆژوبیت بۆكه‌سێك كه‌عاده‌تی وابو هه‌میشه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بوو، وه‌ك هه‌موو دووشه‌مه‌ وپێنج شه‌مه‌یه‌ك، یاعاده‌تی وابوو ساڵ دوانزه‌ مانگ ڕۆژێك به‌ڕۆژوو ده‌بوو ڕۆژێكی تر به‌ ڕۆژوو نه‌ده‌بوو، ئه‌وكه‌سه‌ بۆی هه‌یه‌ به‌ڕۆژوو بێت با له‌ دوای نیوه‌ی شه‌عبانیش بێت.

وهه‌روه‌ها له سه‌حیحی موسلیم دا هاتووه‌ ‌كه‌ عائیشه ‌ده‌فه‌رموێت: [...كَانَ يَصُومُ شَعْبَانَ كُلَّهُ، كَانَ يَصُومُ شَعْبَانَ إِلا قَلِيلا].

واتاكه‌ی:( پێغه‌مبه‌ری خودا ( صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ) مانگی شه‌عبان هه‌مووی به‌ڕۆژوو ده‌بوو، وه‌پێغه‌مبه‌ر مانگی شه‌عبان به‌ڕۆژوو ده‌بوو ته‌نها كه‌مێكی مانگه‌كه‌ نه‌بێت).

ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێت كه‌به‌ڕۆژووبون دوای نیوه‌ی شه‌عبان درووسته‌، به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه‌پێش نیوه‌ی یه‌كه‌می شه‌عبان به ڕۆژو بوبێت، وبه‌رده‌وام بێت له‌ به‌ڕۆژوبونی مانگه‌كه‌. 

ئیمامی نه‌وه‌وی–ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت- له‌ رياض الصالحين (ل: 412) ده‌فه‌رمویێت: ( باب: النهي عن تقدم رمضان بصومٍ بعد نصف شعبان إلا لمن وصله بما قبله أو وافق عادة له بأن كان عادته صوم الاثنين والخميس ).

واته‌:( قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ڕۆژوبون پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌ نیوه‌ی شه‌عبانه‌وه‌، مه‌گه‌ر یه‌كێك كه‌پێش نیوه‌ی یه‌كه‌می شه‌عبان به ڕۆژو بوبێت، وبه‌رده‌وام بێت له‌ به‌ڕۆژوبونی مانگه‌كه‌، یا وا ڕێك كه‌وت كه‌به‌ر عاده‌تی ئه‌وكه‌سه‌كه‌وت،‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی عاده‌تی خۆی وابوو دووشه‌مه‌ وپێنج شه‌مه‌ هه‌میشه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بو).

كه‌واته‌ هه ر‌كه‌سێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی شه‌عبان وه‌به‌ڕۆژوو بێت، هیچ قه‌یدی ناكات ئه‌گه‌ر نیوه‌ی دووه‌می شه‌عبان هه‌ر هه‌موی یا هه‌ندێكی به‌ڕۆژوبێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی عاده‌تی خۆی وابوو دووشه‌مه ‌وپێنج شه‌مه‌ له‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌كدا به‌ڕۆژوو ده‌بو، ئه‌وا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بێت وهیچ مانیعی شه‌رعی نیه.

ئیمام ئیبن قه‌ییم –ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت- ده‌فه‌رموێت: هیج دژایه‌تی نیه له‌نێوان ئه‌م فه‌رموودانه‌ی كه‌تێیدا هاتووه‌ دروسته‌ دوای نیوه‌ی شه‌عبانی به‌ڕۆژوو بوون له‌گه‌ڵ ئه‌م فه‌رموودانه‌ی كه‌تێیدا هاتووه‌ دروست نیه‌‌ دوای نیوه‌ی شه‌عبانی به‌ڕۆژوو بوون ؛ چونكه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌ی ڕێگه‌ی به‌ڕۆژووبون ده‌ده‌ن له‌ دوای نیوه‌ی شه‌عبان بۆكه‌سانێكن كه‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می شه‌عبانیش به‌ڕۆژوو بوو بوون، یا به‌ڕۆژووبونیان به‌ر  عاده‌تی هه‌میشه‌یی خۆیان ده‌كه‌وێت، ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه‌تێیدا هاتووه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ دوای نیوه‌ی شه‌عبانی به‌ڕۆژوو بوون بۆ یه‌كێكه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بێت ته‌نها دوای نیوه‌ی شه‌عبان به‌ڕۆژوو بێت، نه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عاده‌تی خۆی وابێت، وه‌نه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می ڕه‌مه‌زانیش به‌ ڕۆژوو بووبێت بیه‌وێت ته‌واوی مانگ به‌ڕۆژوو بێت).

وه‌كاتێك پرسیار له‌ شێخ ئیبن  باز –ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت - كرا ده‌رباره‌ی  ئه‌و فه‌رموودانه‌ی نه‌هی لـــــه‌ به‌ڕۆژووبون لـــــه‌دوای نیوه‌ی شه‌عــبان ده‌كه‌ن فـــه‌رمووی:(  مه‌به‌ست له‌و نه‌هی كردنه‌  ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك هه‌تا نیوه‌ی شه‌عبان هیچی به‌ڕۆژوو نه‌بوبێت، به‌ڵام كاتێك مانگی شه‌عبان نیوه‌ بوو ده‌ست بكات به‌ ڕۆژوو بوون، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی سوونه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌، به‌ڵام كه‌سێك ئه‌گه‌ر هاتوو له‌سه‌ره‌‌تای مانگی شه‌عبانه‌وه‌ به‌ڕۆژوو بوو بوو، یان زۆربه‌ی مانگه‌كه‌ی گرتبوو، ئه‌وا هیچ موخاله‌فه‌ی سوننه‌تی نه‌كردوه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ پاش نیوه‌ی مانگی شه‌عبانه‌یشه‌وه‌ به‌رۆژوو ببێت جا ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووی بگرێت یان هه‌ندێكی). (مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (15/385).

دوا ووشه وپوخته‌ی بابه‌ت‌: هیچ مانیعی شه‌رعی نیه به‌ڕۆژووبون دوای نیوه‌ی شه‌عبان بۆ كه‌سێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی شه‌عبانه‌وه ‌به‌ڕۆژوو بێت، وحه‌زبكات نیوه‌ی دووهه‌‌می شه‌عبان هه‌ر هه‌موی یا هه‌ندێكی به‌ڕۆژوبێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی عاده‌تی خۆی وابوو دووشه‌مه‌و پێنج شه‌مه‌ له‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌كدا به‌ڕۆژوو ده‌بو، ئه‌وا له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ رۆژوویش بێت قه‌یدی ناكات ، به‌ڵام مه‌نع و نه‌هیه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌وه‌دایه‌ كه‌سێك له‌دوای نیوه‌ی شه‌عبان  ده‌ست بكات به‌ڕۆژووگرتن و له‌گـه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێش نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی شه‌عبان هیچی نه‌گرتبێت .

له‌پاشدا ده‌ڵێم خوای گه‌وره‌ له‌هه‌مو لایه‌ك زاناتر و شاره‌زاتره‌ .

وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم

والسلام علیكم ورحمة‌ الله وبركاته