×
ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان )دروستـــه‌ له ‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟:وه‌ڵامی ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند به‌شێك له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌له‌م وتاره‌ چه‌ند فه‌توایه‌كی تێدایه‌ ده‌رباره‌ی حوكمی هه‌ڵگرتنی موصحه‌ف له‌ كاتی نوێژدا بۆ خوێندنه‌وه‌...

ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان )

 دروستـــه‌ له‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟

ئاماده‌كردنی : عه‌بدوالسلام موحه‌مه‌د پشده‌ری

        پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

﴿ حمل المصحف والقراءة منه أثناء الصلاة ﴾

إعداد : عبد السلام محمد بشدري

مراجعة: بشتيوان صابر عزيز


 ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان ) دروستـــه‌ له‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟

وه‌ڵامی ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند به‌شێك له‌خۆ ده‌گرێت:

یه‌كه‌م : هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف بۆ ئیمام و پێش نوێژ ئه‌گه‌ر هاتوو بۆ نوێژی فه‌رز بوو، حه‌نه‌فیه‌كان ڕایان وایه‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا ئه‌و نوێژه‌ی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌،‌ جا چی ئه‌و نوێژه‌ نوێژی فه‌رز بێت یان سوونه‌ت ( نافلة ) بێت هه‌روه‌ك له‌ كتێبی ( شرح فتح القدیر ) به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌ ١٠٩دا هاتووه‌ ، به‌ڵام جمهـــوری زانایان ڕایـــان وایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی ( مه‌كروهه‌ ) ونوێژی پێ به‌تاڵ نابێته‌وه‌ هـه‌روه‌ك له‌ كتێبی ( حاشیة الدسوقی ) به‌رگی ١/لاپه‌ڕه‌ ٣١٦، و له‌كتێبی ( الإنصاف ) به‌رگی ٢/ لاپه‌ڕه‌ ١٠٩دا هاتووه‌، به‌ڵگه‌ی جمهوری زانایانیش به‌ڵگه‌ی ( صحة و دروستی ) نوێژه‌كه‌ به‌وه‌‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌  ابو بكر الاثرم وابن أبي داود له‌ عائشه‌ی دایكی موسڵمانانه‌وه‌       ( خوای لێ ڕازی بێت ) گێڕاویانه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌به‌نده‌كانی به‌ناوی ( ذكوان ) پێش نوێژی بۆ كردوه‌ وقورئانی له‌به‌ر مه‌صحه‌فێك بۆ خوێندووه‌، وه‌ مه‌كروهیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نوێژ خوێن مه‌شغوڵ ده‌كات به‌سه‌یركردن وهه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ پێویست ناكات به‌و كاره‌، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك كه‌ بتوانێت پێش نوێژی بكات ده‌توانێت یه‌كێك له‌ سووره‌ته‌ كورته‌كان بخوێنێت .

دووه‌م : به‌ڵام له‌ نوێژی سوننه‌ت ( نافلة ) دا، دیسان حه‌نه‌فیه‌كان هه‌مان ڕایان هه‌یه‌ بۆ نوێژی سوونه‌تیش، وپێیان وایه‌ نوێژی سوونه‌تیشی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام مالكیه‌كان له‌م مه‌سئه‌له‌یدا پێیان وایه‌ ( مه‌كروهه‌ ) هه‌روه‌ك له‌ كتێبی ( جواهر الاكلیل) به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌ ٧٤ دا هاتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا شافعیه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌نبه‌لیه‌كان پێان دروسته‌ وهیچ مه‌كروهیه‌كی تیادا نابینن، هه‌روه‌ك له‌ كتێبی ( نهایة المحتاج ) له‌به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌ ٤٧٦، و لـــه‌كتێبی ( الإنصاف ) به‌رگی٢/لاپه‌ڕه‌ ١٠٩ دا هاتووه‌ .

خۆشه‌ویستان له‌م سه‌ره‌ده‌م وچه‌رخی نوێشدا ئه‌م پرسیاره ئاراسته‌ی شێخ عبد العزیز بن باز ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) كرا ، ئایا دروسته‌ نوێژ خوێن له‌ نوێژدا مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت وسه‌یری بكات و بیخوێنێته‌وه‌ ؟

 یه‌كه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ ئیمام :

  له‌ڕاستیدا ئه‌م بابه‌ته‌ جێگای مشتومڕ وڕای جیاوازی نێوان زانایانه‌، به‌ڵام ڕای دروستر وپه‌سه‌ندتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیمام و پێش نوێژ ده‌توانێت مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت وله‌نوێژدا بۆ مه‌ئمومه‌كانی بخوێنێت ئه‌گه‌ر هاتوو قورئانی له‌به‌ر نه‌بوو، یان له‌به‌ركردنه‌كه‌ی له‌به‌ركردنێكی لاواز وبه‌هێز نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێندنی له‌و مه‌صحه‌فه‌دا به‌ سوودتر بوو بۆ نوێژخوێنه‌كانی تر، له‌م بـاره‌یه‌شه‌وه‌ ئیمامی بوخاری لــه‌ صه‌حیحه‌كه‌یدا له ( كتاب الأذان باب إمامة العبد والمولی ) ‌ ئاماژه‌ی به‌و ڕیوایه‌ته‌ كردوه‌ كه‌  عائشه‌ی دایــكی ئیمـــانداران ( ذ‌كوانی ) به‌نده‌ی له‌ شه‌و نوێژدا له‌به‌ر مه‌صحه‌ف قورئانی بۆ خوێندوه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌م كاره‌ دروسته‌ وهیچی تێدا نیه‌، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئیمام قورئانی له‌به‌ر بێت وپێویست نه‌كات به‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ئه‌وه‌ باشتره‌، چونكه‌ خشوع بۆ ئیمام زیاتر دروست ده‌كات دور ده‌كه‌وێته‌ له‌ جموجوڵی زۆر كه‌ له ‌نوێژدا فه‌رمانی پێكراوه‌ نه‌كرێت، چونكه‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف نوێژخوێن مه‌شغوڵ ده‌كات وخه‌ركی ده‌كات به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی قورئانه‌كه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ه‌م كاره‌ نه‌كات باشتره‌.

 دووه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ مه‌ئموم :

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هیچ بنه‌ماو به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌ لــه‌ سوننه‌تی پێغه‌مبــه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) وژیانی سه‌له‌فی صاڵحدا، به‌ڵكو باشتر وڕاستر ئه‌وه‌یه كه‌ مه‌ئموم ( نوێژ خوێنی پاش ئیمام ) به‌ خشوعه‌وه‌ گوێ له‌ خوێندنی قورئانی ئیمامه‌كه‌ی بگرێت نه‌ك مه‌صحه‌ف هه‌ڵگرێت،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستی ڕاستی بخاته‌ سه‌ر ده‌ستی چه‌پی وله‌سه‌ر سنگی دایبنێت، هه‌روه‌ك له‌ سوننه‌تی صه‌حیحدا هاتوه‌، هه‌ر ئه‌م كاره‌ش ڕاستر ودروستره‌، چونكه‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف مه‌شغوڵی ده‌كات و ئه‌م سوننه‌ته‌ی له‌ كیس ده‌دات، ودڵ و چاوی مه‌شغوڵی خوێندنه‌وه‌ وهه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی قورئانه‌كه‌ ده‌بێت، جا بۆیه‌ من وا ده‌بینم سوننه‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كرێت، زۆر باش بێ ده‌نك بێت وبه‌خشوعه‌وه‌ گوێ له‌ خوێندنی ئیمامه‌كه‌ی بگرێت، جا ئه‌گه‌ر ئیمامه‌كه‌شی له‌ خوێندنه‌كه‌یدا هه‌ڵه‌یه‌كی كرد، ئه‌گه‌ر قورئانی له‌به‌ر بوو ئه‌وه‌ بۆی ڕاست بكاته‌وه، وه‌گه‌ر نا خه‌ڵكانی تر بۆی ڕاست بكه‌نه‌وه‌، خۆ ئگه‌ر كه‌سیش نه‌بوو بۆی ڕاست بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ هیچ ئیشكالێك نیه‌، چونكه‌ ئیشكال له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ خوێندنی سوره‌تی       ( الفاتحة ) هه‌ڵه‌ بكات وكه‌س نه‌بێت بۆی ڕاست بكاته‌وه‌، چونكه‌ خوێندنی ( الفاتحة ) ڕوكنی نوێژه‌ وبه‌بێ خوێندنی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاست ودروست نوێژی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕه‌ قورئانه‌ی كه‌ له‌پاش ( الفاتحة ) ده‌خوێنرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیشی تێدا بكرێت، یان هه‌ندێكی لێ ببچڕێنرێت هیچ زیان نادات له‌ دروستی نوێژه‌كه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سیش نه‌بوو بۆی ڕاست بكاته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌نها كه‌سێك له‌پاش ئیمامه‌وه‌ مه‌صحه‌فێكی پێ بێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕاست بكاته‌وه‌ له‌ كاتی پێویستدا، من وای ده‌بینم ‌‌هیچ زیانێكی نه‌بێت وقه‌یدی ناكات، به‌ڵام هه‌موو نوێژ خوێنه‌كان یه‌كی مه‌صحه‌فێكیان پێ بێت، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ ( صلی الله علیه‌ وسلم ) .

( سه‌رچاوه‌ : پێگه‌ی شێخ عبد العزیز بن باز -  ڕه‌حه‌تی خوای لێ بێت- )

 سێهه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ كه‌سێك ئه‌گه‌ر خۆی به‌ته‌نها نوێژی ته‌راویح یان شه‌و نوێژ بكات .

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش شێخ محمد بن صالح العثیمین ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ووتویه‌تی : به‌ڵێ دروسته بۆ كه‌سێك كه‌ قورئانی له‌به‌ر نه‌بێت له‌ مه‌صحه‌فێكدا قورئانه‌كه‌ی بخوێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو قورئانی له‌به‌ر بوو ئه‌وه‌ باشتر وڕاستر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قورئانه‌كه‌ی له‌به‌ر بخوێنێت، چونكه‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف له‌ نوێژدا ده‌بێت به‌هۆی چه‌ند شتێك : یه‌كه‌م : ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و سوننه‌ته‌ی له‌كیس بچێت كه‌ ده‌ستی ڕاستی بخاته‌ سه‌ر ده‌ستی چه‌پی وله‌سه‌ر سینگی دای بنێت، دووه‌م : چاوی مرۆڤ مه‌شغوڵ ده‌بێت كه‌ سه‌یری شوێنی سوژده‌كه‌ی خۆی بكات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ده‌ست دانی سوننه‌تێكی تره‌، سێهه‌م : جوڵانی چاوی له‌ دێڕێكه‌وه‌ بۆ دێڕێكی تر وله‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تر، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ لاكردنه‌وه به‌م لاولادا‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌ی لێكراوه، چواره‌م : ئه‌و جم وجوڵه‌ی كه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ودانان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ بتوانێت ئه‌نجامی نه‌دات ونه‌یكات ئه‌وه‌ بێگومان زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا پێویستی كرد مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ قورئانی له‌به‌ر نه‌بوو، ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ قه‌یدی ناكات مه‌صحه‌فێك هه‌ڵبگرێت وقورئانه‌كه‌ی تێدا بخوێنێت .

( سه‌رچاوه‌ : پێگه‌ی شێخ العثیمین -  ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- )

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ پرسیارێك كراوه‌ ئایا دروسته‌ خوێندنی قورئان له‌ كۆمپیته‌ر له‌كاتی نوێژدا؟

به‌ڕاستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ هه‌مان وه‌ڵامی پێشوی هه‌ڵگرتنی قورئانی هه‌یه‌ له‌كاتی نوێژدا، جا ئه‌گه‌ر نوێژی فه‌رز بوو وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وه‌ حه‌نه‌فیه‌كان پێیان وایه‌ نوێژی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ جا چی نوێژی فه‌رز بێت یان سوننه‌ت، به‌ڵام جمهوری زانایان پێیان مه‌كروهه‌ ئه‌گه‌ر له‌نوێژی فه‌رزدا بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌نوێژی سوننه‌تدا بێت هیش ئیشكالێك دروست ناكات، وه‌ك پرسیار كراوه‌ له‌ ئیمامی ئه‌حمه‌د ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) له‌م باریه‌وه‌، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا فه‌رموویه‌تی : هیچ قه‌ید ناكات ئه‌گه‌ر له‌ شه‌و نوێژدا بوو ( واته‌ نوێژی سوننه‌ت بوو ) ووتیان ئه‌ی ئه‌گه‌ر نوێژی فه‌رز بوو؟ ئه‌ویش فه‌رمووی: له‌م باره‌یه‌وه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كم نه‌بیستوه‌ كه‌ دروست بێت.               ( الموسوعة الكویتیة به‌رگی ٣٣ / لاپه‌ڕه‌ی ٥٧  و ٥٨ ) .