×
ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگێرانی به‌شێك له‌ كتێبی ( الفقه المسیر = فیقهی ئاسان ) له په‌رتووكی مامه‌ڵه‌كان، ده‌روازه‌ی هه‌شته‌م : له‌باره‌ی كه‌فاله‌ت وزه‌مانه‌وه‌، ده‌سته‌ بژیڕێك له‌ زانایان دایانناوه‌، له‌م ووتاره‌دا چوار بابه‌تی سه‌ره‌كی باسكراوه‌، بابه‌تی یه‌كه‌م : پێناسه‌ی كه‌فاله‌ت، وبه‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر مه‌شروعیه‌تی، بابه‌تی دووه‌م : بنه‌ماكانی كه‌فاله‌ت و مه‌رجه‌كانی، بابه‌تی سێهه‌م : هه‌ندێك حوكمی په‌یوه‌ست به‌ كه‌فاله‌ته‌وه‌، بابه‌تی چواره‌م : له‌ باره‌ی زه‌مانه‌وه‌ .

    فیقهی ئاسان: پهرتووكی مامهڵهكان: دهروازهی ههشتهم: لهبارهی كهفالهت وزهمانهوه

    الفقه الميسر: كتاب المعاملات: الباب الثامن: في الكفالة والضمان

    < كوردی -كردي - kurdish >

    دهسته بژێرێك له زانایان

    نخبة من العلماء

    —™

    وهرگێڕانی: حاجی ئومێد عومهر چرۆستانی

    پێداچونهوهی: پشتیوان سابیر عهزیز

    ترجمة : أوميد عمر علي الجروستاني

    مراجعة: بشتیوان صابر عزیز

    لهبارهی كهفالهت وزهمانهوه

    سوپاس وستایش بۆ خوای گهوره ومیهرهبان وه درود وصهڵات وسهلام بۆ سهر موحهممهدی كوڕی عهبدوڵڵا و ئال وبهیت و یار ویاوهر و شوێنكهوتوانی ههتا ههتایه .

    بهڕیزان و خۆشهویستان له چوار چێوهی بابهتی مامهڵه داراییهكان، جارێكی تر هاتینهوه خزمهت ئێوهی بهرێز بهیارمهتی خوای گهوره لهبارهی كهفالهت وزهمانهوه چهند بابهتێكتان بۆ باسدهكهین، بابهتی یهكهم : پێناسهی كهفالهت، وبهڵگهكان لهسهر مهشروعیهتی، بابهتی دووهم : بنهماكانی كهفالهت و مهرجهكانی، بابهتی سێههم : ههندێك حوكمی پهیوهست به كهفالهتهوه، بابهتی چوارهم: له بارهی زهمانهوه .

    بابهتی یهكهم: پێناسهی كهفالهت وبهڵگهكان لهسهر مهشروعیهتی .

    1- پێناسهی كهفالهت: گرێبهستی پابهند بوونه، بهوهی ئهو كهسهی مافێكی دارایی خاوهن ماڵێكی بهسهرهوهیه له مهجلیسی حوكمدا ئاماده بكرێت .

    2- بهڵگهكان لهسهر دروستی و مهشروعیهتی كهفالهت: كهفالهت كارێكی دروست وڕێگا پێدراو و مهشروعه، بهبهڵگهی قورئان وسوننهت وكۆدهنگی زانایان .

    خوای گهوره دهفهرموێت : ﱡﭐ ﱗ ﱘ ﱙ ﱚ ﱛ ﱜ ﱝ ﱞ ﱟ ﱠ ﱡ ﱢ ﱠ ([1]) .

    واتا: ووتیان کاسهی کێشانهو پێوانهکهی مهلیکمان لێ وون بووهو، وا دهزانین لای ئێوهیه، جا ئهوهی بیهێنێتهوه بۆمان، ئهوه باری حوشترێك زهخیرهی دهدرێتێ، وه یهکێك له پیاوهکانی یوسف ووتی: من بهڵێنی ئهو باره حوشتره زهخیره دهگرمه ئهستۆی خۆم .

    لێرهدا مهبهست له ووشهی ( زعیم ) كهفیل وزامنه، ههروهها خوای گهوره له قورئانی پیرۆزدا له جێگایهكی تردا فهرموویهتی : ﱡﭐ ﳙ ﳚ ﳛ ﳜ ﱠ ([2]) .

    واتا : ئەی پێغەمبەر( صلی اللە علیە وسلم ) پرسیاریان لێ بکە، بزانه کامیان زامنی ئەوەیە کە هەر شتێك ئەوان بڕوای پێ دەکەن، وابێت و بێتە دی؟ وە ئایا لەم بارەیەوە هیچ بەڵێن و پەیمانێکی خودایان بەدەستەوەیە؟

    بهڵگهش له سوننهت، ئهو فهرموودهیه كه پێغهمبهری خوا( صلی الله علیه وسلم ) فهرموویهتی : }العاریة مؤداة، والزعيم غارم, والدين مقضي {([3]) .

    واتا: ئهو كهسهی كه كاڵایهكی لهكهسێك خواستووه دهبێت بیگهڕێنێتهوه بۆی، وه ئهو كهسهی بووه به كهفیلی كهسێك بۆ گهڕاندنهوهی مافێك كهفیلهكه قهرزاره وبهرپرسه لهدانهوهی، وه ئهو كهسهی قهرزێكی لهسهره دهبێت بیداتهوه .

    لهم فهرموودهیهدا مهبهست له ووشهی زهعیم كهفیله، زهعامهتیش واته كهفالهت ([4]) .

    ههروهها زانایانیش كۆدهنگن لهسهر دروستی كهفالهت، چونكه خهڵكی بۆ ڕاپهڕاندنی كاروبار ومامهڵهكانیان پێویستیان پێیهتی، وه ههروهها بۆ دوور خستنهوه و لابردنی زیانیش لهسهر ئهو كهسهی قهرزاری كهسیكی تره، بۆیه كهسێك دێت دهبێت به كهفیلی ئهو قهرزاره بۆ ماوهیهك تاوهكو خاوهن قهرز مۆڵهتی بدات بۆ ئهوهی بتوانێت قهرزهكهی بۆ جۆر بكات.

    بابهتی دووهم : بنهماكانی كهفالهت و مهرجهكانی .

    بنهماكانی كهفاهت پێنج بنهمان، كه بریتین له: صیغه ودهستهواژهكهی، ئهو كهسهی دهبێت به كهفیل، وه ئهو كهسهی كه كهفالهتی بۆ دهكرێت، وه ئهو كهسهی كه دهبێت به كهفیلی، وه ئهو كاڵا یان ئهو قهرزهی كه كهفهلهتهكهی لهسهر دهكرێت.

    دهستهواژه و صیغهی ئهم گرێبهستهش تهنها به ڕهزامهندی كهفیلهكه دهبێت، بۆیه پێویستی به ڕهزامهندی كهسی كهفالهت بۆ كراو ( خاوهن قهرزهكه ) نیه .

    سهبارهت به كهفیلهكهش : دهبێت لهو كهسانه بێت كه شیاوی تهبهڕوع كردن وخۆبهخشی بێت، جا پیاو بێت یان ژن جیاوازی نیه، چونكه كهفالهت كردن له گرێبهسته خۆبهخشهكانه و هیچ بریتی و پارهكهیهكی له بهرامبهر وهرناگیرێت .

    بۆیه شێت و مناڵ و كهسی كاڵفام، و ئهو كهسهیشی كه حیجر خراوهته سهری لهگهڵ گێل و گهمژه كهفالهت وزهمانیان دروست نیه و دانامهزرێت، ناكرێت ببن به كهفیل و زامنی هیچ كهسێك .

    سهبارهت بهو كهسهیشی كه كهفالهت كراوه ڕهزامهندی مهرج نیه بۆ دامهزراندنی كهفالهتهكه، به پێچهوانهی كهفیلهكهوه، كه ڕهزامهندی ئهو مهرجه بۆ ڕاست ودروستی و دامهزراندنی كهفالهتهكه .

    سهبارهت بهو شتهیشی كه كهفالهتهكهی پێدهكرێت، پێدهچێت به ماڵ وپاره و پوڵ ودارایی بێت، كه پێی دهوترێت زهمان، وه دهكرێت كهفالهت به جهسته و نهفس بێت، كه پێی دهوترێت كهفالهت كردن به جهسته و ڕووخسار .

    بابهتی سێههم : ههندێك حوكمی پهیوهست به كهفالهتهوه .

    1- كــهفـالهت كردن به جهستهی ههموو مرۆڤێك دروسته، بۆ كهسێك كه مافێكی دارایی لهسهر بێت .

    2- كهفالهت به جهستهی ئهو كهسه دروست نیه كه حهدێكی شهرعی لهسهر بێت .

    3- كهفالهت به جهستهی ئهو كهسه دروست نیه كه قیصاص و تۆڵه سهندنهوهیهكی لهگهردندا بێت .

    4- به مردنی ئهو كهسهی كهفالهت كراوه وناتوانرێت ئاماده بكرێت له مهجلیسی حومكدا، كهسی كهفیل ئهستۆی پاك دهبێتهوه لهو مافهی كهوتوهته سهری .

    5- ئهگهر هاتوو كهسی كهفالهتكراو، خاو و سستی ئهنواند، و ئهو مافهی لهسهری بوو لهكاتی دیاری كراودا نهیگڕاندهوه بۆ خاوهنهكهی، یان ئیفلاسی كرد و هیچ بهدهستهوه نهما، ئهو كاته كهفیلهكهی دهبێت لهبری ئهو ههموو مافانهی لهسهریهتی بیگهڕێنێتهوه بۆ خاوهنهكهی .

    6- ئهو كهسهی دهبێته كهفیلی كهسێك كه ئامادهی بكات، نابێته به زامنی ئهو مافهی لهسهر كهفالهت كراوهكهیه، چونكه كهفالهتهكهی كهفالهتی ناساندن و ئامادهكردنی كهفالهت كراوهكهیه .

    7- كهفالهت كردن به نهفس وجهسته دروسته، كه بریتیه لهوهی كهفیل پابهند بێت به ئامادهكردنی كهسی كهفالهت كراو بۆ كهسی كهفالهت بۆ كراو، یان ئاماده كردنیهتی بۆ مهجلیسی حوكم، و هاوشێوهی ئهمانه .

    بابهتی چوارهم : له بارهی زهمانهوه .

    زهمان : بریتیه له پایهند بوون به پێدانی ئهو مافهی كه لهسهر كهسێكی تره، ئهگهر هاتوو ئهو كهسه لهكاتی خۆیدا مافهكهی نهگهڕاندنهوه بۆ خاوهنهكهی، ئهمهیش كارێكی دروست وڕێگا پێدراوه، به بهڵگهی ئهو ئایهتهی كه پێشتر ئاماژهمان پێدا كه خوای گهوره له قورئانی پیرۆزدا فهرموویهتی : ﱡﭐﱗ ﱘ ﱙ ﱚ ﱛ ﱜ ﱝ ﱞ ﱟ ﱠ ﱡ ﱢ ﱠ ([5]) .

    واتا: ووتیان کاسهی کێشانهو پێوانهکهی مهلیکمان لێ وون بووهو، وا دهزانین لای ئێوهیه، جا ئهوهی بیهێنێتهوه بۆمان، ئهوه باری حوشترێك زهخیرهی دهدرێتێ، وه یهکێك له پیاوهکانی یوسف ووتی: من بهڵێنی ئهو باره حوشتره زهخیره دهگرمه ئهستۆی خۆم .

    ههروهها پێغهمبهری خوا( صلی الله علیه وسلم ) له فهرموودهیهكدا فهرموویهتی : } الزعيم غارم { ([6]) .

    واتا : كهسی زامن دهبێت پابهند بێت بهدانهوهی ئهو مافهی لهسهر كهسی زامنكراوه ئهگهر ئهو مافهكهی نهگهڕاندهوه بۆ خاوهنهكهی .

    زانایانیش كۆدهنگن لهسهر دروستی زهمان، چونكه خهڵكی پێویستیان بهم جۆره كارانه ههیه، وه دهچێته چوار چێوهی ڕاپهڕاندنی پێداوستی و هاوكاری كردنی یهكتر، كه ئاینی پیرۆزی ئیسلام فهرمانی پێكردووه و خهڵكی بۆ هاندهدات .

    ئهحكامهكانی زهمان و مهرجهكانی :

    1- دروست نیه هیچ بریتی و پارهیهك له بهرامبهر زهمانهت كردندا وهربگیرێت، چونكه زهمانهت كردن له ئیسلامدا له گرێبهسته خۆبهخشهكانه .

    2- دروسته زیاد لهكهسێك ببێته زامنی مافێك كه لهسهر كهسێكی تره، بۆیه دروسته دوو كهس وزیاتر ببن به زامنی كهسێكی تر .

    3- مهرج نیه ئهو كهسهی كه بووه به زامنی كهسێكی تر ئهو كهسه بناسێت .

    4- دروسته كهسێك ببێت به زامنی شتێكی زانراو یان نهزانراویش ئهگهر هاتوو دهكرا دواتر بزانرێت، وهك ئهوهی كهسێك بڵی : من زامنی ئهو شتهم كهلهسهر فڵان كهسه، یان من زامنی ئهو شتهم كه داوته به فڵان كهس، ههروهها دروسته كهسێك ببێت به زامنی نرخی كاڵایهك ئهگهر دواتر دهركهوت ئهو كاڵایه عهیبێكی تێدایه، یان دزراوه و موڵكی فرۆشیارهكهی نیه .

    5- زهمانهت كردن دروست به ههر لهفز ودهستهواژهیهك كه مانای زهمان بگهیهنێت، وهك ئهوهی بڵێت: من زامنم، یان كهفیلمی، یان من زهعیمی ئهوم، یان ههر دهستهواژهیهكی تری لهو شێوهیه .

    6- ئهستۆی كهسی زامن پاك نابێتهوه، تا ئهو كاتهی كهسی زهمانهتكراو بهدانهوهی قهرزهكهی ئهستۆی پاك نهبێتهوه، جا بهگهڕاندنهوهی بێت كه ئهستۆی پاك دهبێتهوه، یان به حوكمی قازی بێت كه فهرمانی پێكردبێت به دانهوهی قهرزهكهی و ئهویش دابیهتیهوه .

    7- ڕهزامهندی كهسی زامن مهرجی دروستی زهمانهته، چونكه ئهگهر هاتوو زۆری لێكرا كه ڕازی بێت ئهو زهمانهته سهحیح ودروست نیه، له ههمان كاتدا ڕهزامهندی كهسی زهمانهتكراو و كهسی زهمانت بۆ كراویش ڕهزامهندیان بهمهرج نهگیراوه بۆ سهحیحی و دروستی زهمانهت .

    ههروهها مهرجه ئهو كهسهی كه دهبێته زامن، لهو كهسانه بێت كه تهصهڕوف كردن و ههڵسوكهوت كردنی دروست بێت، بهوهی باڵغ و ژیر و ڕهشید بێت .

    [ لهخوای گهوره و میهرهبان داواكارین زیاتر شارهزامان كات له ئاینهكهی، بۆ ئهوهی بتوانین لهسهر چاووڕونی وبهصیرهت، ههنگاوهكانمان ههڵنێین، ومامهڵه وپهرستن وعبادهتهكانمان ئهنجام بدهین، ئامین یارب العالمین] وهرگێڕ ...

    وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم

    ([1]) سورهتی یوسف : ئایهتی : 72.

    ([2]) سورهتی القلم : ئایهتی : 40 .

    ([3]) ئهبو داود به فهرموودهی ژماره (3635) وه تیرموذی به فهرموودهی ژماره (1265)، ڕیوایهتیان كردووه، وه شێخ ئهلبانی ئهم فهرموودهی به فهرموودهیهكی صهحیح داناواه، بڕوانه : السلسلة الصحیحة، فهرموودهی ژماره (610).

    ([4]) پهرتووكی : معالم السنن، (3/177).

    ([5]) سورهتی یوسف : ئایهتی : 72.

    ([6]) ئهبو داود و تیرموذی ڕیوایهتیان كردووه، تیرموذیش ئهم فهرموودهی به فهرمودهیهكی حهسهن داناوه .