×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن شێخ ابن باز ـ ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ـ وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌:" ئایا دروسته ‌زه‌كاتی فطر به‌و دانه‌وێڵانه ‌بدرێت كه‌ توێكڵ دارن وه‌ك برنج به‌توێكڵه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌پێی ده‌وتریت چه‌ڵتوك یان گه‌نمه‌شامی یان جۆ یان گاڵ ئه‌گه‌ر به‌توێكڵه‌كه‌شیه‌وه‌بێت‌‌؟‌"..

 

حوكمی ده‌ركردنی زه‌كاتی فطر له‌غه‌یری

ئه‌و پێنج جۆر خواردنه‌ی كه ‌له‌فه‌رمووده‌دا هاتووه


 

 

پرسیار : ئایا دروسته ‌زه‌كاتی فطر به‌و دانه‌وێڵانه ‌بدرێت كه‌ توێكڵ دارن وه‌ك برنج به‌توێكڵه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌پێی ده‌وتریت چه‌ڵتوك یان گه‌نمه‌شامی یان جۆ یان گاڵ ئه‌گه‌ر به‌توێكڵه‌كه‌شیه‌وه‌بێت ؟

وه‌ڵام : له‌سه‌ر ڕای ڕاستری زانایان دروسته ‌له‌و جۆرانه‌ بدرێت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌باسكران قووتی ئه‌و شاره‌بێت، به‌ڵام ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی كه‌پاككرایه‌وه ‌له‌و توێكڵه‌ی كه‌پێوه‌یه‌تی، چونكه‌ خوای گه‌وره ‌ده‌فه‌رموێت : ( يَاأيها الَّذينَ آمنُوا أنْفِقُوا مِنْ طَيبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ ) { البقرة : 267 } واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ‌له‌و ماڵه‌پاك وخاوێن وباشانه ‌‌ببخه‌شن كه‌ده‌ستان خستووه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌ستۆی خۆی پاك ده‌كاته‌وه ‌له‌و واجبه‌ی كه‌له‌سه‌ر‌یه‌تی وئابه‌و شێوه‌یه‌ش باشتره ‌بۆ هه‌ژاران ونه‌داران، جۆ نه‌بێت چونكه ‌جۆ هه‌ر به‌توێكڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌درێت له‌به‌رئه‌وه‌ی پاككردنی مرۆڤ تووشی ئه‌زیه‌ت وناڕه‌حه‌تی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زه‌كاتی فطری به‌برنج وئه‌و دانه‌وێلانه‌ ده‌ركرد كه‌ به‌توێكه‌ڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌پارێزن له‌خراپ بوون، ئه‌و كاته ‌به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ واجبه‌كه‌ی خۆی جێ به‌جێ كردووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دانه‌وێڵه‌ی پاككراو ده‌ری كردبێت، وه‌هیچ ئیشكالێكی تێدا نیه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن ماڵ وبه‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژارانیش .

خوای گه‌وره‌ش پشت وپه‌نای هه‌مووان بێت

سه‌رچاوه‌: مجموع فتاوی ومقالات متنوعة للشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن عبد الرحمن بن باز ( رحمه الله )، به‌رگی 14 / لاپه‌ره‌ 206