×
ئه‌م وتاره‌ باسی ئه‌م خاڵانه‌ ده‌كات: 1-پێناسه‌ی شه‌فاعه‌ت. 2- مه‌رجه‌كانی شه‌فاعه‌تی وه‌رگیراو. 3- شه‌فاعه‌تی گه‌وره‌. 4- جۆره‌كانی تری شه‌فاعه‌ت. 5- كێ داوای شه‌فاعه‌ت ده‌كات له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا. 6- هۆكاری ده‌ست كه‌وتنی شه‌فاعه‌تی پیغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم.

    شه‌فاعه‌ت و جۆره‌كانی

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ئومێد عمر چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2014 - 1435

    الشفاعة وأنواعها

    « باللغة الكردية »

    أومید عمر جروستاني

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2014 - 1435

    شه‌فاعه‌ت و جۆره‌كانی

    سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    شـــه‌فاعه‌ت له‌زمانه‌وانیدا : به‌مانای وه‌سیله‌ وداواكاری دێت، له‌عورفی خه‌ڵكیشدا به‌مانای : داواكردنی خێره‌ بـــۆ كه‌سێكی تر .

    شه‌فاعه‌تیش لای خوای گه‌وره‌ : داواكاریه‌ لای خوای گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاوپۆشی بكات له‌ گوناه وتاوانی كه‌سێكی تر و لێی خۆش بێت .

    هه‌قیقه‌تی شه‌فاعه‌تیش : ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ڕه‌حم ولوطف و كه‌ره‌می خۆی ڕێگا ده‌دات به‌هه‌ندێك له‌چاكه‌كاران، له‌فریشته‌كان و‌پێغه‌مبه‌ران وباوه‌ڕداران كه‌ شه‌فاعه‌ت بكه‌ن لای ئه‌و بۆ هه‌ندێك كه‌سی گوناهبار له‌ئه‌هلی ته‌وحید ویه‌كخواپه‌رست بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ڕێزی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ربكه‌وێت كه‌ شه‌فاعه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن لای خوا، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌یه‌كیشه‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شه‌فاعه‌ته‌كه‌یان بۆ كراوه‌ .

    شه‌فاعه‌تیش دروست نیه‌ به‌دوو مه‌رج نه‌بێت :

    یه‌كه‌میان : ئه‌بێت خوای گه‌وره‌ مۆڵه‌ت بدات به‌‌و كه‌سه‌ی كه‌ شه‌فاعه‌ته‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : { مَن ذَا ٱلَّذِي يَشفَعُ عِندَهُۥٓ إِلَّا بِإِذنِهِۦ} [ سورة البقرة آية : 255 ] واته‌ : كێ بێت- له‌ ڕۆژی دواییدا- بتوانێ شه‌فاعه‌ت بكات لای ئه‌و، هه‌تا ئه‌وخۆی مۆڵه‌تی نه‌دا؟' دیاره‌ كه‌ هه‌تا ئه‌وخۆی مۆڵه‌ت نه‌دات ، هیچ كه‌سێك ناتوانێ تكا بكات، هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : { وَلَا تَنفَعُ ٱلشَّفَٰعَةُ عِندَهُۥٓ إِلَّا لِمَن أَذِنَ لَهُۥ } [ سورة سبأ آية : 23 ] واته‌ : هیچ تکاو پاڕانه‌وه‌یه‌ك سودی نیه‌ لای (خوا) مه‌گه‌ر خۆی مۆڵه‌ت بدات .

    دووه‌م : ڕازی بوونی خوای گه‌وره‌ له‌و كه‌سه‌ی كه‌ شه‌فاعه‌ته‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌یشی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه‌، ئه‌وه‌یه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت : { وَلَا يَشفَعُونَ إِلَّا لِمَنِ ٱرتَضَىٰ } [ سورة الأنبياء آية : 28 ] واته‌ : له‌ڕۆژی دوایشدا تكاو شه‌فاعه‌ت ناكه‌ن، مه‌گه‌ر بۆ كه‌سێك خوا خۆی خۆشنوودو رازی بێت لێی و، خاوه‌ن بڕواو یه‌كخواپه‌رست بێت .

    ده‌قه‌كانیش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وه‌ ڕازی نابێت شه‌فاعه‌ت وتكا بۆ هیچ كه‌سێك بكرێت جگه‌ له‌یه‌كخواپه‌رستان نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌صه‌حیحی موسلیمدا ثابت بووه‌ و هاتووه‌ : عن أبي هريرة ( رضي الله عنه ) قال: قال رسول الله ( صلى الله عليه وسلم ) « لكـل نبي دعـوة مستجابة فتعجل كل نبي دعوته وإني اختبأت دعوتي شفاعة لأمـتي يـوم القيامة فهي نائلة إن شاء الله من مات من أمتي لا يشرك بـالله شـيئًا » [ صحيح مسلم برقم (199) ] واته‌ : ئه‌بوهوره‌یره‌ (خوای لێ ڕازی بێت) ئه‌گێڕێته‌وه‌ و ئه‌ڵێت : پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : هه‌موو پێغه‌مبه‌رێك نزاودوعایه‌كی گێرابووی هه‌بووه‌، منیش نزاو دوعاكه‌ی خۆمم دواخست بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌م به‌ تكا وشه‌فاعه‌ت بۆ ئوممه‌تكه‌م له‌ڕۆژی دواییدا، ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ بیه‌وێت وه‌رده‌گیرێت، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ئومه‌ته‌كه‌م مردوون وهاوه‌ڵیان بۆ خوای گه‌وره‌ دانه‌ناوه‌.

    خوای گه‌وره‌یش له‌باره‌ی بێباوه‌ڕانه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : { فَمَا تَنفَعُهُم شَفَٰعَةُ ٱلشَّٰفِعِينَ} [ سورة المدثر آية : 48 ] واته‌ : که‌واته‌ ئیتر تکای تکاکاران (بۆ بێباوه‌ڕان) سوودیان پێ ناگه‌یه‌نێت .

    ده‌قه‌كانی قورئان وسوننه‌ت به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ثابت بوونی تكاوشه‌فاعه‌تكردن لای خوای گه‌وره‌ له‌ڕۆژی دواییدا، به‌نسبه‌ت قورئانی پیرۆزه‌وه‌ پێشتر هه‌ندێك به‌ڵگه‌مان باسكرد، به‌نسبه‌ت سوننه‌تیشه‌وه‌ فه‌رمووده‌كان له‌باره‌ی ثابت بوونی تكاوشه‌فاعه‌ت كردن لای خوای گه‌وره‌ زۆر زۆن، یه‌كێك له‌و فه‌رموودانه‌یش ئه‌م ڕیوایه‌ته‌یه‌ : عن أبي سعيد الخدري ( رضي الله عنه ) أن رسـول الله ( صلى الله عليه وسلم ) قال « ....فيقول الله تبارك وتعالى شفعت الملائكة وشفع النبيـون وشـفع المؤمنون ولم يبق إلا أرحم الراحمين فيقبض قبضة من النار فيخرج منها قومًا لم يعملوا خيرًا قط » [ رواه الإمام أحمد في المسند 3 / 94 ، وعبد الرزاق في المصنف 11 / 410 برقم (20857) ] واته‌ : ئه‌بو سه‌عیدی خودری (خوای لێ ڕازی بێت) ئه‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله عليه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : ..... ئه‌مجا خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : فریشته‌كان وپێغه‌مبه‌ران وباوه‌ڕداران تكا وشه‌فاعه‌تی خۆیان كرد، ئێستا هیچ شتێك نه‌ماوه‌ ڕه‌حم ومیهره‌بانی خوای گه‌وره‌ نه‌بێت كه‌ له‌هه‌مووان به‌ڕحمتره‌، پاشان خوای گه‌وره‌ مشتێك ده‌كات به‌ناو ئاگردا، كۆمه‌ڵێك كه‌سی لێ ده‌رده‌هێنێت كه‌ هه‌رگیز چاكه‌یان نه‌كردووه‌ .

    فه‌رمووده‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆرن، ولێكۆڵه‌ره‌وان و زانایانی باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ فه‌رمووده‌كانی شه‌فاعه‌ت ده‌گه‌نه‌ ڕاده‌ی مته‌واته‌ر، كه‌ به‌ناوبانگترینیان له‌ (كتب الصحاح) و ( مه‌سنه‌د) ــه‌كاندان، له‌هه‌ردوو صه‌حیحی بوخاری وموسلیمیشدا ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ هاتووه‌ : « يُخـرج من النار من كان في قلبه حبة من خردل من إيمان» [ صحيح البخاري برقم (7439) ، في حديث طويل ، وصحيح مسلم برقم (184) ] واته‌ : هه‌ركه‌س به‌ئه‌ندازه‌ی ده‌نكه‌ خه‌رده‌یه‌له‌ك باوه‌ڕ له‌دڵیدا هه‌بێت له‌ناو ئاگر ده‌رده‌هێنرێت.

    جۆره‌كانی شه‌فاعه‌ت :

    شه‌فاعه‌ت له‌ڕووی وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنیه‌وه‌ ده‌كرێت به‌دوو به‌شه‌وه‌ : شه‌فاعه‌تێكه‌ وه‌رناگیرێت و ده‌درێته‌دواوه‌، ئه‌ویش ئه‌و شه‌فاه‌عه‌ته‌یه‌ یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی تێدا نه‌بێت كه‌ پێشتر باسمانكردن، جۆری دووه‌میش شه‌فاعه‌تێكه‌ وه‌رده‌گیرێت لای خوای گه‌وره‌، ئه‌ویش ئه‌و شه‌فاعه‌ته‌یه‌ كه‌ مه‌رجه‌كانی تێدا بێت، وه‌ ئه‌وه‌یشی بۆ پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان محمد المصطفی ( صلى الله عليه وسلم ) ثابت بووه‌، ئه‌وه‌یه‌ هه‌شت جۆر شه‌فاعه‌ت ده‌كات :

    1- شه‌فاعه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌، ئه‌ویش ئه‌و شه‌فاعه‌ته‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ خه‌ڵكانی گۆڕه‌پانی چاوه‌ڕوانی ده‌كات، كه‌ خوای گه‌وره‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، كه‌ به‌ (المقام المحمود) ناسراوه‌، ئه‌م شه‌فاعه‌ته‌یش تایبه‌ته‌ به‌پێغه‌مبه‌ری خۆمانه‌وه‌ ( صلى الله عليه وسلم ) له‌ناو هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی تردا (صه‌لات وسه‌لامی خوایان لێ بێت) .

    2- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ كۆمه‌ڵیك كه‌ چاكه‌ وخراپه‌یان یه‌كسانه‌، پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) شه‌فاعه‌تیان بۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ .

    3- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شایانی چوونه‌ دۆزه‌خن، شه‌فاعه‌تیان بۆ ده‌كات كه‌ نه‌خرێنه‌ ئاگره‌وه‌ .

    3-شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌به‌هه‌شتیه‌كان كه‌ پله‌یان له‌به‌هه‌شتدا به‌رزببێته‌وه‌ .

    5- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ كه‌سانێك كه‌بچنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت .

    6- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ كه‌سانێك كه‌ سزاكه‌یان له‌سه‌ر سووك بكرێت له‌دۆزه‌خدا، وه‌ك شه‌فاعه‌تی ئه‌و بۆ ئه‌بوطالبی مامی .

    7- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگا بدرێت خه‌ڵكانی به‌هه‌شت بچنه‌ ناو به‌هه‌شته‌وه‌.

    8- شه‌فاعه‌تی پێغه‌مبه‌ر( صلى الله عليه وسلم ) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گوناهی گه‌وره‌یان كردووه‌ له‌ئوممه‌ته‌كه‌ی وچونه‌ته‌ ناو ئاگره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربهێنرێن لێی .

    ده‌قه‌ ڕاست ودروسته‌كان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر گشت ئه‌م جۆرانه‌ی شه‌فاعه‌ت كه‌ ئاماژه‌مان پێدان، سه‌رجه‌میشیان له‌ كتێبه‌كانی سوننه‌ت وعه‌قیده‌دا باسكراوون، ئه‌و جۆرانه‌یش تێیاندایه‌‌ تایبه‌ته‌ به‌پێغه‌مبه‌ری خۆمان( صلى الله عليه وسلم )، وه‌ك شه‌فاعه‌ته‌ گه‌وره‌كه‌ وشه‌فاعه‌تی بۆ ئه‌بوطالبی مامی وشه‌فاعه‌تكردنی بۆ خه‌ڵكانی به‌هه‌شت بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو به‌هه‌شته‌وه‌، وه‌ هه‌ندێك جۆری تری شه‌فاعه‌ت له‌وانه‌ی باسكران پێغه‌مبه‌ران وپیاوچاكانیش به‌شدارن تێیدا وتایبه‌ت نییه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌( صلى الله عليه وسلم )، وه‌ك شه‌فاعه‌تكردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گوناهی گه‌وره‌یان كردووه‌، یان جۆره‌كانی تری شه‌فاعه‌ت به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕاجیاوازیه‌ی هه‌یه‌ له‌نێوان زانایاندا كه‌ هه‌ندێكیان تایبه‌ت كردووه‌ به‌ كۆمه‌ڵێكه‌وه‌ جگه‌ له‌وانی تر، خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ .