×
موعجیزه‌یش له‌ زاراوه‌ی شه‌رعدا : مه‌به‌ست له‌‌و كاروفه‌رمانانه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌توانای سروشتی مرۆڤن، وله‌سه‌ر ده‌ستی پێغه‌مبه‌راندا ڕووده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌بن له‌سه‌ر ڕاستی پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌كه‌یان، وهیچ كه‌س نه‌یتوانییوه‌ له‌و كارانه‌دا دژایه‌تیان بكات .

    موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران وجیاوازی له‌نێوان موعجیزه‌ی ئه‌وان وكه‌راماتی ئه‌ولیائدا

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    حاجی ئومێد چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    معجزة الأنبياء والفرق بينها وبین كرامات الأولياء

    « باللغة الكردية »

    أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران

    وجیاوازی له‌نێوان موعجیزه‌ی ئه‌وان وكه‌راماتی ئه‌ولیائدا

    سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    پێناسه‌ی موعجیزه‌ :

    (المعجزة) : له‌ ووشه‌ی (العجز) ـه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ مه‌به‌ست پێی بێ ده‌سڵاتی و نه‌توانینه‌ .

    له‌ فه‌رهه‌نگه‌كانی زمانیشدا هاتووه‌ : مه‌به‌ست لــــه‌ موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌یاره‌كانی پێ ده‌مكوت كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ بتوانن وه‌ك ئه‌و بكه‌ن، ئه‌و پیتی هائه‌ش له‌كۆتایه‌وه‌ كه‌ هاتووه‌ بۆ زیاتر موباله‌غه‌یه‌ .

    موعجیزه‌یش له‌ زاراوه‌ی شه‌رعدا : مه‌به‌ست له‌‌و كاروفه‌رمانانه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌توانای سروشتی مرۆڤن، وله‌سه‌ر ده‌ستی پێغه‌مبه‌راندا ڕووده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌بن له‌سه‌ر ڕاستی پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌كه‌یان، وهیچ كه‌س نه‌یتوانییوه‌ له‌و كارانه‌دا دژایه‌تیان بكات .

    كاتێك ده‌لێین (له‌ده‌ره‌وه‌ی توانای سروشتی مرۆڤن) به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و كاروفه‌رمانانه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ران كردویانن وله‌ده‌ره‌وه‌ی توانای سروشتی مرۆڤه‌وه‌ نه‌بوون به‌ موعجیزه‌ دانانرێت، وه‌ كاتێكیش ده‌ڵێین : ( له‌سه‌ر ده‌ستی پێغه‌مبه‌راندا ڕوو ده‌ده‌ن) ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوانی خواناسدا ڕووده‌ده‌ن وله‌ده‌ره‌وه‌ی توانای سروشتی مرۆڤن به‌ موعجیزه‌ دانانرێت به‌ڵكو پێی ده‌وترێت كه‌راماتی ئه‌ولیاء، به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م هه‌موو ئه‌و شتانه‌یشی كه‌ جادووگه‌ران و فاڵچی وكاهینه‌كان پێی هه‌لده‌سن، به‌موعجیزه‌ دانانرێت چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ له‌ خراپترین مه‌خلوقه‌كانی خوداوه‌ ده‌رده‌چن، وه‌ كه‌ ده‌ڵێین : (بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌بن له‌سه‌ر ڕاستی پێغه‌مبه‌رایه‌تیه‌كه‌یان وهیچ كه‌س نه‌یتوانییوه‌ له‌و كارانه‌دا دژایه‌تیان بكات) هه‌موو ئه‌و بانگه‌شه‌ و دیعایانه‌ی كه‌ له‌جادوگه‌ر وهه‌واڵده‌ره درۆزنه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت كه‌ سه‌لامه‌ت نابێت له‌ دژایه‌تیكردن، به‌ڵكو نمونه‌ی ئه‌و جادوگه‌رانه‌ ئه‌توانن دژایه‌تی هه‌ندێكی تریان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌موعجیزه‌ دانانرێت‌، چونكه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ چوارچێوه‌ی جادوو فڕوفێڵدان .

    چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران :

    موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران زۆرن :

    یه‌كێك له‌موعجیزه‌كانی صالح پێغه‌مبه‌ر (سه‌لامی خوای لێ بێت) ئه‌وه‌ بوو كاتێك گه‌ل وهۆزه‌كه‌ی داوایان لێكرد له‌و به‌رده‌ی كه‌ بۆی دیاری ده‌كه‌ن ووشترێكی مێینه‌ ده‌ربهێنیت، پاشان وه‌صفی ئه‌و ووشتره‌شیان بۆ كرد كه‌ چۆن بێت، ئه‌ویش داوای له‌په‌روه‌ردگاری كرد كه‌ ئه‌وه‌یان بۆ بكات، ئه‌وه‌ بوو خوای گه‌وره‌ش فه‌رمانی كرد به‌و به‌رده‌ كه‌ ووشترێكی گه‌وره‌ وسه‌رسوڕهێنه‌ریان بۆ ده‌ربهێنێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ داوایانكردبوو، وه‌ك له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت : { وَإِلَىٰ ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَٰهٍ غَيْرُهُ قَدْ جَاءَتْكُمْ بَيِّنَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ هَٰذِهِ نَاقَةُ اللَّهِ لَكُمْ آيَةً فَذَرُوهَا تَأْكُلْ فِي أَرْضِ اللَّهِ وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ} [ سورة الأعراف آية : 73 ] واته‌ : بۆ گه‌لی سه‌مودیش صاڵحی برایانمان نارد فه‌رمووی : ئه‌ی گه‌له‌که‌م خوا به‌ته‌نها بپه‌رستن جگه‌ له‌و په‌رستراوێکی تری به‌هه‌قتان بۆ نییه‌، بێگومان موعجیزه‌یه‌کی ڕوونتان له‌ په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ ئه‌مه‌ حوشتری خوایه‌ که‌ موعجیزه‌یه‌که‌ بۆ ئێوه‌ جا لێ ی گه‌ڕێن با بخوا و بله‌وه‌ڕێ له‌ زه‌وی خوادا و ئازاری مه‌ده‌ن و ده‌ستی بۆ مه‌به‌ن به‌ خراپه‌ (ئه‌گه‌ر وابکه‌ن) تووشی سزایه‌کی سه‌خت و به‌ئازار ده‌بن .

    له‌ موعجیزه‌كانی ئیبراهیمیش (سه‌لامی خوای لێ بێت) ئه‌وه‌ بوو ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌ی بۆیان داگیرساند بۆ ئه‌وه‌ی سزای پێ بده‌ن و له‌ناوی به‌رن خوای گه‌وره‌ ئاگره‌كه‌ی بۆسارد كردنه‌وه‌ وسه‌لامه‌تی كرد له‌سه‌ری، وه‌ك فه‌رمویه‌تی : { قَالُوا حَرِّقُوهُ وَانْصُرُوا آَلِهَتَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ فَاعِلِينَ (68) قُلْنَا يَا نَارُ كُونِي بَرْدًا وَسَلَامًا عَلَى إِبْرَاهِيمَ (69) وَأَرَادُوا بِهِ كَيْدًا فَجَعَلْنَاهُمُ الْأَخْسَرِينَ} [ سورة الأنبياء آية : 68 ، 70 ] واته‌ : هه‌ندێك ( له‌ بت په‌رستان) وتیان (ئیبراهیم) چاك بسوتێنن وخواکانتان (بته‌کانتان) سه‌ربخه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن * (كاتێك ئیراهیمان خسته‌ ناو ئاگره‌كه‌وه‌) ووتمان ئه‌ی ئاگره‌كه‌ ساردبه‌ره‌وه‌ وبێ زیان به‌ له‌سه‌ر ئیبراهیم * ئه‌وان ویستیان پیلان بگێڕن له‌ ئیبراهیم (به‌ سووتان له‌ناوی بردنی) به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وانمان کرده‌ زه‌ره‌رمه‌ندترین و (دۆڕاوترین) که‌س .

    له‌ موعجیزه‌كانی موساش (سه‌لامی خوای لێ بێت) ئه‌و گۆچانه‌ بوو به‌ده‌ستیه‌وه‌ كاتێك فڕێی ده‌دا ده‌بوو به‌ ئه‌ژدیهایه‌كی گه‌وره‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : { وَمَا تِلْكَ بِيَمِينِكَ يَا مُوسَى (17) قَالَ هِيَ عَصَايَ أَتَوَكَّأُ عَلَيْهَا وَأَهُشُّ بِهَا عَلَى غَنَمِي وَلِيَ فِيهَا مَآَرِبُ أُخْرَى (18) قَالَ أَلْقِهَا يَا مُوسَى (19) فَأَلْقَاهَا فَإِذَا هِيَ حَيَّةٌ تَسْعَى (20) قَالَ خُذْهَا وَلَا تَخَفْ سَنُعِيدُهَا سِيرَتَهَا الْأُولَى} [ سورة طه آية :١٧ ] واته‌ : خوا فه‌رمووی ئه‌ی مووسا ئه‌وه‌ چی یه‌ به‌ده‌ستی ڕاسته‌وه‌ * مووسا فه‌رمووی ئه‌وه‌ گۆچانه‌که‌مه‌ خۆم ده‌ده‌م به‌سه‌ریدا (کاتی ڕۆیشتن) وگه‌ڵای دره‌ختی پێ ده‌وه‌رێنم بۆ مه‌ڕه‌کانم وه‌ چه‌ند کارو پێویستی تری پێ ده‌که‌م * خوا فه‌رمووی ئه‌ی مووسا گۆچانه‌که‌ت فڕێ بده‌ * جا ئه‌ویش فڕێیدا، ده‌ست به‌جێ گۆچانه‌که‌ بووه‌ به‌ مارێك به‌ خێرایی ده‌ڕۆیشت (مووسا) ترسا‌ * خوا فه‌رمووی: بیگره‌ و مه‌ترسه‌، وه‌ک ئه‌وسای خۆی لێده‌که‌ینه‌وه‌ .

    وه‌ له‌موعجیزه‌كانی تری موسی، ئه‌وه‌ بوو ده‌ستی ده‌خسته‌ باخه‌ڵی كراسه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ ده‌ستی ده‌رده‌هێنا وه‌ك مانگ ده‌دره‌وشایه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی هه‌بێت بۆی، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : { وَاضْمُمْ يَدَكَ إِلَى جَنَاحِكَ تَخْرُجْ بَيْضَاءَ مِنْ غَيْرِ سُوءٍ آَيَةً أُخْرَى} [سورة طه آية : 22 ] واته‌ : ده‌ستت بخه‌ باخه‌ڵته‌وه‌،ئه‌وسا به‌بێ ئازار دێته‌ ده‌رێ، سپی و بێ عه‌یب و بێ نه‌خۆشی وه‌ك به‌فری لێهاتووه‌ وده‌دره‌وشێته‌وه‌، واته‌: نه‌ تووشی به‌ڵه‌كی بووه‌، نه‌هیچ شتێكی تر، به‌ڵكو هه‌روه‌ك چرایه‌ك بۆت هه‌ڵگیرسابێ وایه، ئه‌وه‌یش بێجگه‌ له‌ گۆچانه‌كه‌ت موجیزه‌یه‌كیتره‌.

    له‌ موعجیزه‌كانی عیساش (سه‌لامی خوای لێ بێت) ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌قۆڕ شێوه‌ی باڵنده‌ی دروستده‌كرد پاشان كه‌ فووی پێداده‌كرد به‌فه‌رمانی خوا ده‌بوو به‌ باڵنده‌ی ڕاستی وده‌فڕی، كه‌ده‌ستیشی ده‌هێنا به‌سه‌ر چاوی كوێر وكه‌سی تووش بوو به‌به‌ڵه‌كه‌ی به‌فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ چاك ده‌بوونه‌وه‌، وه‌ بانگی له‌مردوو ده‌كرد له‌ناو گۆڕه‌كانیاندا به‌فه‌رمانی خوا زیندوو ده‌بوونه‌وه‌، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : { إِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ اذْكُرْ نِعْمَتِي عَلَيْكَ وَعَلى وَالِدَتِكَ إِذْ أَيَّدْتُكَ بِرُوحِ الْقُدُسِ تُكَلِّمُ النَّاسَ فِي الْمَهْدِ وَكَهْلًا وَإِذْ عَلَّمْتُكَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَالتَّوْرَاةَ وَالْإِنْجِيلَ وَإِذْ تَخْلُقُ مِنَ الطِّينِ كَهَيْئَةِ الطَّيْرِ بِإِذْنِي فَتَنْفُخُ فِيهَا فَتَكُونُ طَيْرًا بِإِذْنِي وَتُبْرِئُ الْأَكْمَهَ وَالْأَبْرَصَ بِإِذْنِي وَإِذْ تُخْرِجُ الْمَوْتَى بِإِذْنِي وَإِذْ كَفَفْتُ بَنِي إِسْرَائِيلَ عَنْكَ إِذْ جِئْتَهُمْ بِالْبَيِّنَاتِ فَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ إِنْ هَذَا إِلَّا سِحْرٌ مُبِينٌ } [ سورة المائدة آية : 110 ] واته‌ : به‌فه‌رمان و یارمه‌تی من شێوه‌ی په‌له‌وه‌رێكت له‌قوڕ ده‌نه‌خشان وساز ده‌كرد، به‌ فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتی من ده‌بوو به‌ باڵنده‌یه‌ك و ده‌فڕی، دیسان وه‌هه‌ر به‌ ئیزن و فه‌رمانی من كوێری زگماك و به‌ڵه‌كت چاك ئه‌كرده‌وه‌، هه‌ربه‌ كۆمه‌ك و ئیزنی من بوو توانیت مردوو له‌گۆڕ ده‌ر بهێنیو زیندووی بكه‌یته‌وه‌.

    له‌ موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خۆیشمان ( صلی الله علیه وسلم ) قورئانی پیرۆزه‌، گه‌وره‌ترین موعجیزه‌یه‌ له‌ناو هه‌موو موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌راندا، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : { وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ} [ سورة البقرة آية : 23 ] واته‌ : ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌و قورئانه‌ی ئێمه‌ ناردوومانه‌ته‌ سه‌ر به‌نده‌ی خۆمان موحه‌ممه‌د (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئێوه‌ دوودڵ و به‌گومانن، ده‌ی هه‌وڵ بده‌ن هیچ نه‌بێ بچووكترین سووره‌تێك وه‌ك ئه‌و بێنن، وه‌ له‌جێگایه‌كی تردا ده‌فه‌رموێت : { قُلْ لَئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنْسُ وَالْجِنُّ عَلَى أَنْ يَأْتُوا بِمِثْلِ هَذَا الْقُرْآَنِ لَا يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا} [ سورة الإسراء آية : 88 ] واته‌ : ئه‌ی موحه‌ممه‌د ( صلی الله علیه وسلم ) بڵێ سوێند به‌خوا ئه‌گه‌ر ئاده‌می و جنۆكه‌ هه‌موو کۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌م قورئانه‌ بێنن ناتوانن وێنه‌ی ئه‌و بێنن هه‌رچه‌نده‌ پشتیوانی یه‌کتریش بن.

    وه‌یه‌كێكی تر له‌موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) له‌تكردنی مانگ بوو، كاتێك خه‌ڵكی مه‌ككه‌ داوایان لێكرد نیشانه‌یه‌كیان پیشان بدا، ئه‌وه‌ بوو به‌ته‌نها ئاماژه‌كردن بۆ مانگ، مانگ له‌ت بوو، ئه‌م ڕووداوه‌ش خه‌ڵكی مه‌ككه‌ وجگه‌ ئه‌وانیش خه‌ڵكێكی تریش بینیان، وه‌ك له‌باره‌یه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی :{ اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ (1) وَإِنْ يَرَوْا آَيَةً يُعْرِضُوا وَيَقُولُوا سِحْرٌ مُسْتَمِرٌّ} [ سورة القمر آية : 1 ، 2 ] واته‌ : رۆژی قیامه‌ت نزیک بۆته‌وه‌ و مانگیش له‌ت بوو، * وه‌ ئه‌گه‌ر بێ بڕوایان موعجیزه‌یه‌ك ببینن پشت هه‌ڵ ده‌که‌ن وه‌ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ جادوویه‌کی به‌رده‌وامه‌ و موحه‌ممه‌د لێیان ده‌کات .

    وه‌یه‌كێكی تر له‌موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان ( صلی الله علیه وسلم ) شه‌وڕه‌وی وبڵندبوونه‌وه‌ی بوو بۆ ئاسمان، وه‌ك خوای گه‌وره‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت : { سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّه هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ } [ سورة الإسراء آية : 1 ] واته‌ : پاکی و بێگه‌ردی و ستایش بۆ ئه‌و زاته‌ی که‌ شه‌وڕه‌وی کرد له‌ به‌شێکی که‌می شه‌ودا به‌به‌نده‌ی خۆی (محمد صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ مزگه‌وتی (حرام، که‌عبه‌ی پیرۆزه‌وه‌) بۆ مزگه‌وتی (الاقصی) له‌ (بیت المقدس) ئه‌و مزگه‌وته‌ی ئێمه‌ ده‌وروبه‌ریمان پیرۆزو پیتداركرد به‌جۆره‌ها نیعمه‌ت و میوه‌و میوه‌جات و، كردیشمانه‌ باره‌گای په‌یامبه‌ران ، تا هه‌ندێ له‌ نیشانه‌كانی ده‌سه‌ڵات و توانایی خۆمانی پێ نیشان بده‌ین له‌و شه‌وڕه‌ویه‌دا، به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ بیسه‌رو بینایه‌ .

    موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران زۆر زۆرن، به‌تایبه‌تی موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خۆمان ( صلی الله علیه وسلم ) كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌گه‌لێك موعجیزه‌ وبه‌ڵگه‌ ونیشانه‌ی گه‌وره‌ پشتگیری كرد، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م موعجیزانه‌ی پێغه‌مبه‌رمان به‌هچ كه‌سێكی تر له‌پێغه‌مبه‌رانی پێش خۆی نه‌دراوه‌، ئه‌مه‌ش كه‌ باسمان كرد و ئاماژه‌مان پێدا ته‌نها بۆ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ بوو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له‌هه‌موو موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران بكه‌ین چه‌ندان كتێب ونووسراوی ده‌وێت تاب توانین باس له‌وورده‌كاری هه‌موویان بكه‌ین .

    پێناسه‌ی كه‌رامه‌ت :

    (الكرامة) مه‌به‌ست لێی ئه‌و كار وفه‌رمانه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ره‌ له‌ توانای مرۆڤ وله‌سه‌ر ده‌ستی به‌نده‌یه‌ك له‌به‌نده‌ خواناس وبیروباوه‌ڕ ڕاست وكار دروسته‌كانی غه‌یری پێغه‌مبه‌راندا ڕوو ده‌دات .

    كاتێك ده‌ڵێین (كاروفه‌رمانێكی به‌ده‌ر‌ له‌توانای مرۆڤه‌‌) هه‌موو ئه‌و كاروفه‌رمانانه‌ی كه‌ شتێكی ئاسایین وله‌توانای مرۆڤدان ناچنه‌ ناو پێناسه‌ی كه‌رامه‌ته‌وه‌ .

    وه‌ كاتێكیش ده‌ڵێین : (له‌سه‌ر ده‌ستی غه‌یری پێغه‌مبه‌راندا ڕوو ده‌دات) هه‌موو ئه‌و كاروفه‌رمانانه‌ی كه‌ به‌ده‌رن له‌توانای مرۆڤ وله‌سه‌رده‌ستی پێغه‌مبه‌راندا ڕوو ده‌ده‌ن ناچنه‌ ناو ئه‌م پێناسه‌یه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ی دواتر پێی ده‌وترێت موعجیزه‌ .

    وه‌كاتێك ده‌ڵێین ( له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌سێكی خواناسدا ڕوو ده‌دات) هه‌موو ئه‌و كاره‌ ناسروشتیانه‌ی كه‌له‌سه‌ر ده‌ستی جادوگه‌ر وفاڵچی وكاهنه‌كاندا ڕووده‌ده‌ن ناچنه‌ چوار چێوه‌ی كه‌رامه‌ته‌وه‌ .

    كه‌راماتی خواناسان وئه‌ولیاكانیش زۆرن، هه‌ندێكیان ثابت وجێگیر بوون بۆ خواناسانی ئوممه‌ته‌ پێشووه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ بۆ مه‌ریه‌می دایكی عیسای كرد (سه‌لامی خوایان لێ بێت) وه‌ك فه‌رموویه‌تی : { فَتَقَبَّلَهَا رَبُّهَا بِقَبُولٍ حَسَنٍ وَأَنْبَتَهَا نَبَاتًا حَسَنًا وَكَفَّلَهَا زَكَرِيَّا كُلَّمَا دَخَلَ عَلَيْهَا زَكَرِيَّا الْمِحْرَابَ وَجَدَ عِنْدَهَا رِزْقًا قَالَ يَا مَرْيَمُ أَنَّى لَكِ هَذَا قَالَتْ هُوَ مِنْ عِنْدِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ } [ سورة آل عمران آية : 37 ] واته‌ : هه‌ر کاتێک زه‌که‌ریا (سه‌لامی خوای لێ بێت) ده‌چوو بۆ سه‌ردانی مه‌ریه‌م له‌ شوێنی خواپه‌رستیه‌که‌یدا ده‌یبینی ڕزق و ڕۆزیی و نازو نیعمه‌تی جۆراوجۆری لایه‌، زه‌که‌ریا: وتی ئه‌ی مه‌ریه‌م ئه‌م هه‌موو ڕزق و ڕۆزییه‌ت له‌کوێ بوو؟!، مه‌ریه‌م له‌ وه‌ڵامیدا وتی: ئه‌وه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌یه‌، ئه‌و بۆم ده‌نێرێت .

    وه‌ یه‌كێكی تر له‌كه‌راماتی ئوممه‌تانی پێشو ڕووداوی هاوه‌ڵانی ئه‌شكه‌وت بوو، كه‌ خوای گه‌وره‌ زیاتر له‌سێ صه‌د ساڵ خه‌وی لێ خستن به‌بێ ئه‌وه‌ی برسیان ببێت و لاشه‌كانیشیان تێك بچێت، پاشان خوای گه‌وره‌ به‌فه‌رمان و ئیزنی خۆی خه‌به‌ری كردنه‌وه‌ له‌و خه‌وه‌ قوڵ و دورودرێژه‌ .

    نموونه‌ی كه‌راماتی ئه‌م ئوممه‌ته‌یش ئوممه‌تی ئیسلام : ئه‌وه‌ی كه‌ زانایان باسیان لێكردووه‌ و جێگر وثابت بووه‌، كه‌رامه‌تی أسیدی كوڕی خضیر بوو (خوای لێ ڕزای بێت) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كان، كاتێك سوره‌تی كه‌هفی ده‌خوێند له‌ئاسمانه‌وه‌ سێبه‌رێك هاته‌ خواره‌وه‌ وه‌ك زینی ووڵاخ، كه‌ بریتی بوون له‌فریشته‌كان ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ بۆ گوێ گرتن له‌خوێندنی قورئانه‌كه‌ی .

    یان گێڕراوه‌ته‌وه‌یش كه‌ فریشته‌كان سه‌لامیان كردووه‌ له‌ عیمرانی كوڕی حوصه‌ین (خوای لێ ڕازی بێت) ئه‌مه‌یش هه‌ر یه‌كێك بووه‌ له‌هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) .

    ئه‌وه‌یش ثابت بووه‌ كه‌ سه‌لمانی فارسی و ئه‌بوده‌رداء (خوایان لێ ڕزای بێت) كاتێك له‌ده‌فرێكدا چێشتیان ده‌خوارد، ده‌فر وچێشته‌كه‌یش یاد وذیكر وته‌سبیحاتی خوایان ده‌كرد .

    وه‌ خوبه‌یبی كوڕی عه‌دی (خوای لێ ڕازی بێت) كاتێك دیل بوو لای قوڕه‌یشیه‌كانی شاری مه‌ككه‌، خوای گه‌وره‌ شه‌ره‌فمه‌ندی كرد به‌وه‌ی ترێی بۆ ده‌هات بۆناو زیندانه‌كه‌ی له‌كاتێكدا له‌و وه‌رزه‌دا له‌شاری مه‌ككه‌دا ده‌نكه‌ ترێیه‌كیش نه‌بوو .

    عه‌لای حه‌ضره‌میش (خوای لێ ڕازی بێت) به‌خۆی وسوپاكه‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ریادا په‌ڕیه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ زینی یه‌كێك له‌سواره‌كانیشی ته‌ڕ ببێت، ئه‌وب موسلیمی خه‌ولانیش (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) به‌دیل گیرا له‌لایه‌ن ئه‌سوه‌دی عه‌نه‌سییه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌كرد، ئه‌سوه‌د هه‌ستا به‌سزادانی ئه‌بو موسلیمی خه‌ولانی و پێی ووت : ئایا شاهیدی ئه‌ده‌یت كه‌ من پێغه‌مبه‌ری خوام؟ له‌وه‌ڵامدا ووتی : من نابیستم، پێی ووت : ئه‌ی شاهیدی ئه‌ده‌یت كه‌ محمد پێغه‌مبه‌ری خودایه‌ ؟ له‌وه‌ڵامیدا ووتی : به‌ڵێ، ئه‌مجا فه‌رمانی كرد بیخه‌نه‌ ناو ئاگره‌وه‌، كاتێك فڕێیان دایه‌ ناو ئاگره‌كه‌وه‌ بینیان ئه‌بوموسلیم خه‌ولانی له‌ناو ئاگره‌كه‌دا نوێژ ده‌كات و ئاگره‌كه‌ی سارد بوویه‌وه‌ وسه‌لامه‌ت وبێ زیان بوو له‌سه‌ری، ئه‌مانه‌ و چه‌ندان نموونه‌ی تر كه‌ له‌كتێبه‌كانی مێژوودا به‌سه‌نه‌دی ڕاست ودروست بۆمان گێڕراوه‌ته‌وه‌ .

    جیاوازی نێوان موعجیزه‌ وكه‌رامه‌ت :

    جیاوازی نێوان موعجیزه‌ وكه‌رامه‌ت، موعجیزه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تیدا بێت، به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌رامه‌ته‌وه‌ وه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ناكات، به‌ڵكو ئه‌و كه‌رامه‌ته‌یشی كه‌ڕوویداوه‌ بۆی به‌هۆی شوێن پێهه‌ڵگرتن وشوێنكه‌وتن وئیستقامه‌ی بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ریعه‌ته‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) هێناوه‌یه‌تی، كه‌واته‌ موعجیزه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ران ده‌بێت كه‌رامه‌تیش بۆ ئه‌ولیاكانی خودا، به‌ڵام هه‌ردووكیان له‌یه‌ك خاڵدا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ موعجیزه‌ وكه‌رامه‌تیش فه‌رمان وكارێكن به‌ده‌ر له‌عورف وعاده‌تی سروشتی خه‌ڵكی .

    هه‌ندێك له‌پێشه‌وای زانایاینیش وای بۆچوون : له‌ڕاستیدا كه‌راماتی ئه‌ولیا ده‌چێته‌ ناو موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌رامات له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كێك له‌خواناسه‌كاندا ڕوو ده‌دات ئه‌ویش به‌شوێن كه‌وتن وشوێن پێهه‌ڵگرتنی پێغه‌مبه‌ر ده‌بێت، كه‌واته‌ هه‌موو كه‌رامه‌تی خواناسێك موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌تی، كه‌ له‌سه‌ر شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی ئه‌و خواپه‌رستی وعیباده‌تی كردووه‌ .

    به‌مه‌ش ڕوون بوویه‌وه‌ ناوهێنانی موعجیزه‌ به‌ كاره‌ به‌ده‌ر له‌عاده‌ت وعور‌فه‌كانی مرۆڤ بۆ پێغه‌مبه‌ران، وه‌ ناوهێنانی كه‌رامه‌ت به‌كاره‌ به‌ده‌ر له‌عاده‌ت وعورفه‌كانی مرۆڤ بۆ خواناسان، دوو ده‌سته‌واژه‌ن كه‌ له‌قورئان وسوننه‌تدا نه‌هاتوون، به‌ڵكو زانایان پاشتر ئه‌م ناوانه‌یان لێ ناوون، هه‌رچه‌ند له‌ڕووی مه‌به‌ست ومانایانه‌وه‌ هه‌ردووكیان له‌ژێر ڕۆشنایی كۆمه‌ڵێك ده‌قی ڕاست ودروستدا ناویان لێنراوه‌ .

    حوكمی باوه‌ڕبوون به‌ موعجیزه‌ وكه‌رامات :

    باوه‌ڕبوون به‌موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران وكه‌راماتی خواناسان بنه‌مایه‌كه‌ له‌بنه‌ماكانی باوه‌ڕ وئیمان، كه‌ ده‌قه‌كانی قورئان وسوننه‌ت به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ری، وه‌ واقیعی حاڵ و بینراویش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی موسڵمان واجبه‌ له‌سه‌ری باوه‌ڕی به‌ڕاست ودروستیان هه‌بێت، چونكه‌ ڕه‌د كردنه‌وه‌ وبه‌درۆزانیان، وئینكاری كردن وباوه‌ڕ پێ نه‌كردنی شتێك لێیان سه‌رگه‌ردانیه‌كی گه‌وره‌ و وتێهه‌ڵچوونه‌ له‌گه‌ڵ واقیعیشدا، هه‌روه‌ك پێشه‌وایانی ئیسلام وزانایانی ئه‌م دینه‌ باوه‌ڕیان وابووه‌ .