×
سەرچاوەی تەشریع لە ئیسلامدا خوایە نەك مرۆڤ و هەموو مرۆڤەكان وەكو یەكن بەرامبەری، تەنانەت پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) كە گەیەنەری پەیامەكەیە، ملكه‌چی یاساكانی شه‌ریعه‌ت بووه‌. وه‌ یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حوكمی ئیسلامی سەروەری شه‌ریعه‌ت ویاساكانیه‌تی‌، بەڵام نەك بەناوی سەروەری یاساوە بەڵكو بەناوی سەروەری شەریعەوە كە حاكم و مەحكوم وەكو یەك ملكەچی فەرمانەكانی بوون.

    سەروەری شه‌ریعه‌ت له‌ ئیسلامدا

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    دكتۆر کەریم ئەحمەد

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    سیادة الشریعة في الإسلام

    « باللغة الكردية »

    الدكتور عبد الكريم أحمد

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    سەروەری شه‌ریعه‌ت له‌ ئیسلامدا

    ڕەنگە ئەم بابەتە بەم ناونیشانە زۆر لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكرابێت لەبەر ئەوەی لە ڕووی زاراوەوە شتێكی تازەیەو خەڵكی وادەزانن یەكێكە لە دەرهاویشتەكانی مۆدێرنه‌ بێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی بەرپاكردن و پراكتیزەكردنەوە كۆنە، بەتایبەت لە مێژووی ئیسلامدا زۆر بە زەقی بەدی دەكرێت، بەتایبەتتر لە سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وخەلیفەكانیدا (خوایان لێ ڕازی بێت)، بە ڕادەیەكە دەتوانین بڵێین یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حوكمی ئیسلامی لەو دوو سەردەمەدا سەروەری شه‌ریعه‌ت ویاساكانی بووه‌، بەڵام نەك بەناوی سەروەری یاساوە بەڵكو بەناوی سەروەری شەریعەوە كە حاكم و مەحكوم وەكو یەك ملكەچی فەرمانەكانی بوون، ئەمیش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئیسلام، چونكە سەرچاوەی تەشریع لە ئیسلامدا خوایە نەك مرۆڤ و هەموو مرۆڤەكان وەكو یەكن بەرامبەری، تەنانەت پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) كە گەیەنەری پەیامەكەیە، ملكه‌چی یاساكانی شه‌ریعه‌ت بووه‌، ئەوەتا خوای گه‌وره‌ بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت : ▬ وَأَنِ احْكُمْ بَيْنَهُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ وَلَا تَتَّبِعْ أَهْوَاءَهُمْ وَاحْذَرْهُمْ أَنْ يَفْتِنُوكَ عَنْ بَعْضِ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ إِلَيْكَ ♂ [المائدة : 49] واتە: بەو شەریعەتەی خوا دایبەزاندووە حوكم بكە لە نێوانیاندا و شوێنی هەواو ئارەزووی ئەوان مەكەوەو وریا بە لاتنەدەن لەهەندێك لەوانەی خوا بۆی دابەزاندووی.

    ▬ وَإِنْ حَكَمْتَ فَاحْكُمْ بَيْنَهُمْ بِالْقِسْطِ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ ♂ [المائدة: 42 [ واتە: ئەگەر حوكمت كرد ئەوا بەدادپەروەری حوكم بكە لەنێوانیاندا، خوا دادپەروەرانی خۆش دەوێت.

    إِنَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ لِتَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ بِمَا أَرَاكَ اللَّهُ وَلَا تَكُنْ لِلْخَائِنِينَ خَصِيمًا ♂ [النسا‌ء: 105[ واتە : ئێمە ئەم كتێبەمان بە ڕەوایی بۆت دابەزاندووە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە حوكم بكەیت لە نێوانیاندا كە خوا دەیەوێت و بەرگری لە درۆزن و خیانەتكاران نەكەیت.

    لە ڕاستیدا لەكاتێكدا موسوڵمانان پەیڕەوییان لە بنەمای سەروەری یاسا دەكرد مرۆڤایەتی لەخەونی نەفامی وزۆنكاوی ستەم وپەرستنی پاشاو فەرمانڕەواكانیاندا بوون، نەك هەر ئەوانەی كۆن بەڵكو ئەوەی لە سەردەمی پێغەمبەر وخەلیفە ڕاشیدەكان وتاماوەیەكی كەمیش لەمەوبەر لە سەرتاسەری جیهاندا پاشاو كاربەدەسته‌كان نەك هەر لە سەرووی یاساوە بوون بەڵكو لە زۆر شوێندا پاشاكان وەكو خوا تەماشا دەكران، بۆ نموونە لە ژاپۆن و چیندا تا ئەم دواییە ئیمپراتۆر وەكو خوا تەماشا دەكرا، لەو كاتەش كە ئیسلام هات فارسەكان وایاندەزانی ڕۆحێكی خوایی لە پاشاكانیاندا هەیە وكەس بۆی نەبوو بچووكترین ناڕەزایی دەربڕێ‌ بەرامبەریان، دەوڵەتی ڕۆمیش بەهەمان شێوە ئیمپراتۆر بەلایانەوە قەداسەتی هەبوو وكەس بۆی نەبوو ڕەخنە لەهیچ شتێكی بگرێت، بەڵام كاتێك ئیسلام هات عەقڵ وهۆشی خەڵكی كردەوەو فێری كردن چۆن بەرگری لە مافی خۆیان بكەن، یا چۆن داوای مافی خۆیان بكەن وسكاڵا لای قازی تەنانەت لەسەر خودی خەلیفەش تۆمار بكەن، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش تەنها چەند نموونەیەك لەسەردەمی پێغەمبەر وخەلیفەڕاشیدەكان دەهێنینەوە وما باقییەكەی دەهێڵینەوە بۆ كەسانێك بیانەوێت توێژینەوەی زیاتری لەسەر بكەن، چونكە مێژووی ئیسلام پڕە لە سەدان وبگرە هەزارەها نموونە لە سەر پابەندی موسوڵمانان بە حاكم ومەحكومەوە بەبڕیارەكانی شەریعەوە وسەربەخۆیی دادگا لەزۆربەی سەردەمەكاندا یەكێك بووە لە دیاردە زەقەكانی دەسەڵاتی ئیسلامی.

    جارێكیان ئافرەتێكیان لە هۆزی مەخزوم( المخزومیة) كە هۆزێكی ناودارە هێنایە لای پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) بە تاوانی دزی ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بڕیاریدا دەستی ببڕێت كەسوكارەكەی لەملاولەولا واستەیان بۆكرد بەڵكو پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەو سزایەی لەسەر ئەنجام نەدات، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) توڕە بوو وفەرمووی : سوێند بەو كەسەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر فاتیمەی كچی موحەممەد دزی بكردایە دەستیم دەبڕی، ئەوانەی پێش ئێوە بەوە لەناوچوون ئەگەر كەسێكی ناودارو خاوەن كەسوكار دزی بكردایە وازیان لێدەهێناو كەسێكی لاوازو بێكەس دزی بكردایە سزایان دەدا! « إنَّما أهْلكَ مَنْ كانَ قَبْلكُم أنّهُ إذا سَرَقَ فيهمُ الشّريفُ تَرَكُوهُ وإذا سَرَقَ فيهمُ الضعيفُ أَقامُوا عَليهِ الحَدَّ » .

    جارێكیان پیاوێك هاتە خزمەتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و پێی وت ئەی پێغەمبەری خوا فڵانە پیاوم بەسەر ژنەكەمەوە بینی ئایا بۆم هەیە بیانكوژم؟ پێغەمبەر فەرمووی یادەبێ‌ چوار شایەت بێنی لەسەر قسەكەت یان داری حەددی بوختانت لێدەدرێت (كە هەشتا جەڵدەیە), وتی ئەی پێغەمبەری خوا كێ‌ هەیە بتوانێت چواركەس كۆبكاتەوە بۆ شایەتیدان لەسەر خێزانی ؟ فەرمووی كەواتە دەبێ‌ داری حەددت لێبدرێت ، هەرلەوێدا ئەو ئایەتە دابەزی كە دەفەرموێت وَالَّذِينَ يَرْمُونَ أَزْوَاجَهُمْ وَلَمْ يَكُنْ لَهُمْ شُهَدَاءُ إِلَّا أَنْفُسُهُمْ فَشَهَادَةُ أَحَدِهِمْ أَرْبَعُ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ إِنَّهُ لَمِنَ الصَّادِقِينَ * وَالْخَامِسَةُ أَنَّ لَعْنَتَ اللَّهِ عَلَيْهِ إِنْ كَانَ مِنَ الْكَاذِبِينَ * وَيَدْرَأُ عَنْهَا الْعَذَابَ أَنْ تَشْهَدَ أَرْبَعَ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ إِنَّهُ لَمِنَ الْكَاذِبِينَ ♂] النور/6-9[ واتە: گەر كەسێك ژنەكەی تاوانباركرد بەوەی كە زینای كردووە و چوار شایەتی نەهێنا دەبێ‌ چوارجار خوا بەشایەت بگرێت كە ڕاست دەكات و پێنجەم جار بڵێت: بەر نەفرەتی خوا كەوم ئگەر درۆ بكەم, ژنەكەش سزاكەی لەسەر لادەبرێت ئەگەر چوارجار خوا بە شایەت بگرێت كە مێردەكەی درۆ دەكات و پێنجەم جار بڵێت : بەر خەشم و قینی خواكەوم ئه‌گەر مێردەكەم ڕاست بكات، بەو شێوەیە ژنەكە سزای لەسەر لادەبرێت بەڵام ئیتر بۆ یەكجاری لەیەك جیا دەكرێنەوە.

    دوایی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) خەڵكانێكی ڕاسپارد چاودێری ئەو ژنە بكەن بزانن ئەو منداڵەی دەیبێت لە باوكی دەچێت یا لەو پیاوەی كە تۆمەتەكەی خراوەتە پاڵ كە پیاوێكی جوولەكە بوو ! كاتێك ژنەكە منداڵی بوو دەبینن ڕێك لەو پیاوە دەچێت كە تۆمەتەكەی دراوەتە پاڵ، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی ئەگەر كەسێكم بەبێ‌ بەڵگە سزا بدایە ئەو ژنەم سزا دەدا، واتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەیزانی كە مێردی ئەو ژنە ڕاستی كردووە بەڵام هیچی پێنەكراوە بەرامبەر شەریعەتی خوا كە شتەكەی بەو شێوەیە بڕاندۆتەوە .

    نەك هەر ئەوەندە بەڵكو تەنانەت كاتێك سێ‌ نەفەر لە هاوەڵانی بە فیتی سەرگەورەی دووڕووەكان عەبدوڵلای كوڕی ئوبەی تۆمەتیان بۆ دايكي باوه‌ڕداران عائیشە (خوای لێ ڕازی بێت) هەڵبەست پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ماوەی یەك مانگ نیگای بۆ نەهاتە خوارەوە، لەو ماوەیەدا هیچ ئیجرائاتێكی نەكرد نەلە گەڵ ئەوانەی تۆمەتەكەیان هەڵبەستبوو وەنە لەگەڵا ئەوانەی تۆمەتەكەیان درابووە پاڵا كە عائیشەو صەفوانی كوڕی موعوتتەڵا بوون، وەدوای ئەوەی كە ئایەتەكانی پاكێتی له‌سه‌ر عائیشە دابەزی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) جگە لە حەددی بوختان بۆ هەڵبەستن كە هەشتا جەڵدەیە هیچ ئیجرائاتێكی تری لە گەڵادا نەكردن، و دوای ئەوە هەرسێكیان گەڕێنرانەوە پێگەی ڕابردووی خۆیان و لەهیچ مافێكیان بێبەش نەكران .

    بەنیسبەت عەبدوڵلای كوڕی ئوبەییشەوە : سەرەڕای ئەوەی كە قورئان ڕایگەیان كە پشكی سەرەكی هەبووە لە هەڵبەستنی ئەو بوختانەو ئەو لە پشتی پرۆپاگەندەكانەوە بووە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هیچ ئیجرائێكی لە گەڵدا نەكرد لە بەر ئەوەی بەڵگەیەكی ماددی نەدابوو بە دەستەوەو بەدەمی خۆی لەبەردەم كەسدا نەیدركاندبوو كە ئەو دووە زینایان كردووە، بەڵكو تەنها دەیوت ژن و پیاوێكی گەنج بەتەنها بۆچ مەبەستێك لەو چۆڵەوانییەدا بەجێ ماون، تەنانەت دوای ئەوەشی كە قورئان بەرپرسیارێتییە گەورەكەی خستە ئەستۆی هێشتا هەر سزا نەدرا چونكە هیچ بەندێك نییە لە شەریعەتدا لەسەر ئەو جۆرە ڕەفتارە دەسەڵاتدار سزای خەڵكی بدات، ئەوە تەشریعێك بوو بۆ كاربەدەستان كە ئەگەر بەڵگەی ماددییان لەسەر كەسێك نەبوو سزای نەدەن.

    لە سەردەمی ئەبوبەكردا (ڕەزای خوای لێبێت) ڕووداوێك شك نابەم سەرپێچی یاسای تێدا كرابێت و ئەبو بەكر لەبەر گەورەیی ئەو كەسە بەرپای نەكردبێت مەگەر مەسەلەی خالیدی كوڕی وەلید كە مالیكی كوڕی نوەیرەی بەهەڵە كوشتبوو ئەویش لەبەر ئەوەی شتەكە شوبهەی تێدا بوو وە لە كاتی شەڕدا بوو ئەبوبەكر ئیجرائاتی لە گەڵ خالیددا نەكرد بەڵكو تەنها خوێنی (دیة) ئەو پیاوەكوژراوەی دا، شایانی باسە ئەبوبەكر (ڕەزای خوای لێبێت) یەكێك بوو لەوانەی كە زۆر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و بە موو لێی لانەدەدا.

    ئەوەتا فاتیمە داوای بەشە میراتی خۆی كرد لە ئەرزی فەدەك نەیدایێ‌ لەبەر ئەوەی فەرمووی لەپێغەمبەرم بیستووە فەرموویەتی: « ئێمەی پێغەمبەران ماڵا و سامان بە میراتی بەجێ‌ ناهێڵین بەڵكو ئەوەی بە جێی دێڵین دەبەخشرێتەوە» لەگەڵ ئەوەی كە دەیزانی فاتیمە بەوە دڵگران دەبێت و لێی عاجز دەبێت، عاجزی فاتیمەش وەكو خەڵكی تر نییە چونكە عاجزی ئەو مایەی عاجزی پێغەمبەرە (صلی الله علیه وسلم)، بەڵام لەبەر ئەوەی دەقی لەبەردەستدا بوو گوێی بەو عاجزییە نەداو سبەینێش لە ڕۆژی قیامەتدا لەبەردەم پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) دا بەرگری لە خۆی دەكات و ڕایدەگەیەنێ‌ كە ئەو لەبەر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی پێغەمبەرەوە(صلی الله علیه وسلم) دڵی فاتیمەی ئێشاندووەو فەرمانی شەرع لەسەرووی هەموو كەسێكەوەیە وڕاگرتنی شەرع لەپێشترە لە ڕاگرتنی دڵی فاتیمە .

    لە سەردەمی عومەری كوڕی خه‌تابیشدا (خوای لێ رازی بێت) چەندین ڕووداو ڕوویدا هەمووی بەڵگەن لەسەر سەروەری شه‌ریعه‌ت لەسەر ئەوەی كە شەرع لە سەرووی هەموو كەسێكەوەیە بە خەلیفەشەوە، یەك لەو شتانە وتووێژی نێوان خەلیفەو توڵەیحەی كوڕی ئەسەدە كاتێك عومەر (خوای لێ ڕازی بێت) پێی دەڵێت من تۆم خۆش ناوێت ( لەبەر ئەوەی دووان لە هاوەڵە نزیكەكانی پێغەمبەری شەهید كردبوو) ئەویش لە خەلیفە دەپرسێت : ئایا ئەوە كاریگەری دەبێت بۆسەر مافەكانم ( لە موچەو داهات و هتد)؟ خەلیفە دەڵێت : نەخێر ، ئەویش دەڵێت : دەهەر خۆشت نەوێم ، ژنان گوێ بەو شتەدەدەن و خەفەتی پێدەخۆن.
    لە سەردەمی ئەبوبەكردا (خوای لێ ڕزای بێت) عومەر قازی دەبێت، عەلی كێشەیەكی دەبێت لەگەڵا كابرایەكداو دێن بۆلای عومەر ،عومەر بانگی عەلی دەكات بە ئەبولحەسەن، عەلی دەڵێت نابێ‌ من بەنازناوم بانگ بكەیت و ئەویش بەناوی خۆی، هەردووكمان بەناوی خۆمانەوە بانگ بكە.

    لە میسر كوڕه‌كه‌ی عەمری كوڕی عاسی والی میسر، لەگەڵ قیبتییەكی مەسیحی پێشبڕكێی ئەسپ سواری دەكات قیبتییەكە لێی دەباتەوە، ئەویش توڕە دەبێت و لێی دەدات و دەڵێت : چۆن پێشی من دەدەیتەوە نازانی من كوڕی ڕێزدارانم !. باوكی ئەو كوڕە سكاڵا دەگەیەنێتە لای خەلیفە عومەرلە مەدینە، خەلیفە بێ دواخستن دەنێرێت بەشوێن والی و كوڕەكەیداو بە كابرای قیبتی دەڵێت تۆڵەی خۆتی لێبكەرەوە و بدە لە كوڕی ڕێزداران، بكێشە بەسەر كەچەڵییەكەی باوكیشیدا چونكە ئەگەر بە پشت ئەستووری باوكی نەبوایە ئەم ئەو ستەمەی لێنەدەكردی.

    یەكێك لە كوڕەكانی عومەری كوڕی خه‌تاب بەناوی عەبدوڕەحمان عەرەقی خواردبوو ،عومەر بەدەستی خۆی داری حەددی لێدا!.

    لە پێش هەموو كەسێكەوە خەلیفە لێ پێچینەوەی لەگەڵا والییەكان وكەسوكاری خۆیدا دەكرد.

    چوار نەفەر شایەتییان لەسەر موغیرەی كوڕی شوعبە دا كە زینای كردووە ( موغیرە ئەو دەمە والی كوفە بوو)، خەلیفە موغیرەی هێنا بۆ ئەوەی سزای بدات بەڵام لە دواییدا یەكێك لە شایەتەكان پاشگەز بووەوەو قسەكانی گۆڕی بە شێوەیەك كەگوایە لەحاڵەتی زینادا نەیبینیوە، بۆیە سێ‌ نەفەرەكە سزادران وموغیرە ڕزگاری بوو ئەگینا بەسزای خۆی دەگەیشت.

    كاتێك عوسمانی كوڕی عه‌فان (خوای لێ ڕازی بێت) بوو بەخەلیفە، یەكەم كاری دادگایی كردنی عوبەیدوڵلای كوڕی عومەر بوو كە لە تۆڵەی باوكی دوو نەفەری لەوانە كوشتبوو كە شەوی پێش شەهید كردنی عومەر لەگەڵ ئەبو لوئلوئەدا بینرابوون، و ئەو خەنجەرەی خەلیفەی پێ شەهیدكرا لە دەستیان كەوتبووە خوارەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی عوبەیدوڵلا لە خۆیەوەو بێ‌ بڕیاری دادگا ئەو دووەی كوشتبوو كە یەكێكیان هورموزانی ئێرانی و ئەوی تریان مەسیحییەك بوو، دادگایی كراو خەلیفە لە ماڵی خۆی خوێنی ئەو دووكەسەی بژارد!.

    ئایا ئەمە ئەگەر سەروەری شه‌ریعه‌ت نەبێت لەسەر كوشتنی دوو كەسی گومان لێكراو لەكوشتنی سەرگەورەی موسوڵمانان كوڕی خەلیفە دادگایی دەكرێت لەكاتێكدا كە كوژراوەكان خەڵكانی بیانی بوون وهیچ داكۆكیكەرێكیش نەبوو لەسەریان ؟ وە لەبەر ئەوە نەبوایە كە بەلای موسوڵمانانەوە قورس بوو دوێنێ‌ خەلیفە خۆی كوژراوە وئەمڕۆ كوڕەكەی بكوژرێت دادگا حوكمی كوشتنەوەی كوڕی خەلیفەی دەدا.

    هەر لە سەردەمی عوسماندا چەند كەسێك شایەتییان لەسەر یەكێك لە والییەكانی دا كە وەلیدی كوڕی عوقبەی والی كوفە بوو كە گوایە مەشروبی خواردووە ، خەلیفە داری حەددی لێداو لایبرد لەسەر كارەكەی.

    لەسەردەمی خیلافەتی عەلی كوڕی ئه‌بو طالب دا (خوای لێ ڕازی بێت) كابرایەكی جوولەكە سكاڵایەكی لای قازی لەسەر خەلیفە تۆمار كرد، خەلیفەو سكاڵاكار هەردوو ئامادەی بەردەم قازی بوون و خەلیفە مەسەلەكەی بردەوە چونكە بەڵگەكانی بەهێزتر بوون، كابرای جوولەكە ئەوەندەی پێكرا شایەتمان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (صلی الله علیه وسلم) بهێنێت چونكە ئەوەی لە خەلیفەی بینی بەڵگە بوو لەسەر پێغەمبەرایەتی موحەممەد(صلی الله علیه وسلم).

    كاتێك كە خەلیفە عه‌لی كوڕی ئه‌بو طالب (خوای لێ ڕازی بێت) برینداركرا جینایەتكارەكەیان گرت وهێنایانە بەر دەستی، ویستیان بیكوژن، فەرمووی مەیكوژن، ئەگەر نەمردم خۆم دادگایی دەكەم، ئەگەر مردیشم تەنها یەك شمشێر بدەن لەو شوێنەی كە لێی داوم ، لێدانێك بە لێدانێك( ضربة بضربة)

    هەڵوێستیشی بەرامبەر خەواریجەكان( لە شوێنێكی تردا باسكراوە)

    بەڵگەیەكی ترە لەسەر پابەندی خەلیفە بە ڕێنماییەكانی ئیسلامەوە .

    خوای گه‌وره‌ به‌ گه‌وره‌ی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری جارێكی تر سه‌روه‌ری شه‌ریعه‌تی ئیسلاممان بۆ بگێڕێته‌وه‌ .

    والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته