×
خۆشه‌ویستان ئه‌گه‌ر به‌ وودری سه‌رنجێكی ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌كانی قورئان وسوننه‌تی پێشه‌وا و سه‌روه‌رمان محمد المصطفی بده‌ین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی مافه‌كانی مرۆڤه‌ به‌هه‌موو واتاو ماناكانیه‌وه، چونكه‌ ده‌ق گه‌لێكی زۆرمان ده‌كه‌وێته‌ پێش چاو له‌و دوو سه‌رچاوه‌ به‌رز وپیرۆزه‌وه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان داكۆكی له‌ته‌واوی ئه‌و مافانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر له‌و ساته‌ی دڵۆپه‌ ئاوێكه‌ وده‌كه‌وێته‌ ناو سكی دایكیه‌وه‌، وپاشان ده‌بێته‌ كۆرپه‌له‌یه‌ك ودواتریش دێته‌ دونیاوه‌ وتا ئه‌و رۆژه‌شی ده‌نرێته‌ ناو گۆڕ و ژیانی دونیا به‌جێ ده‌هێڵێت . جا ئه‌م هه‌موو مافانه‌ی كه‌ خوا وپێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی داویانه‌ به‌مرۆڤ چه‌ند بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌، كه‌ خۆیان له‌ چه‌ند بابه‌تێكی جیا جیادا ده‌بیننه‌وه‌، به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ هه‌ر جاره‌ ویه‌كیك له‌و بنه‌مانه‌ باس ده‌كه‌ین

    ڕێزگرتنی ئیلاهی بۆ مرۆڤ

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    حاجی ئومێد چرۆستانی

    وهرگێڕانی: دهستهی بهشی زمانی كوردی له ماڵپهڕی ئیسلام هاوس

    پێداچونهوهی: پشتیوان سابیر عهزیز

    2012 - 1434

    التكریم الإلهي للإنسان

    « باللغة الكردية »

    أوميد عمر علي

    ترجمة: فريق قسم اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1434

    ڕێزگرتنی ئیلاهی بۆ مرۆڤ

    سوپاس وستایش بۆ ئهو خوایهی كه مرۆڤی لهجوانترین شێوهدا دروست كردو پاشان كردی به جێنشین وئاوهدانكهرهوهی سهر زهوی، ودرود وسهڵات وسهلامیش لهسهر ئهو پێغهمبهر و پێشهوایهی كه هاوهڵهكانی فێری ئهم ووته بهنرخهكه كرد : « نحن قوم بعثنا الله لنخرج العباد من عبادة العباد إلى عبادة رب العباد » ئهو پێغهمبهرهی بههاتنی مرۆڤهكانی له بهندایهتی وكۆیلایهتی بهندهكانهوه دهرهێنا بۆ ئازادی وبهندایهتی خوای گهوره ومیهرهبان .

    خۆشهویستان ئهگهر به وودری سهرنجێكی ئایهته پیرۆزهكانی قورئان وسوننهتی پێشهوا و سهروهرمان محمد المصطفی بدهین، بۆمان ڕوون دهبێتهوه كه ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی مافهكانی مرۆڤه بهههموو واتاو ماناكانیهوه، چونكه دهق گهلێكی زۆرمان دهكهوێته پێش چاو لهو دوو سهرچاوه بهرز وپیرۆزهوه، كه سهرجهمیان داكۆكی لهتهواوی ئهو مافانه دهكهنهوه، ههر لهو ساتهی دڵۆپه ئاوێكه ودهكهوێته ناو سكی دایكیهوه، وپاشان دهبێته كۆرپهلهیهك ودواتریش دێته دونیاوه وتا ئهو رۆژهشی دهنرێته ناو گۆڕ و ژیانی دونیا بهجێ دههێڵێت .

    جا ئهم ههموو مافانهی كه خوا وپێغهمبهرهكهی داویانه بهمرۆڤ چهند بنهمایهكی سهرهكییان ههیه، كه خۆیان له چهند بابهتێكی جیا جیادا دهبیننهوه، بهیارمهتی خوای گهوره ههر جاره ویهكیك لهو بنهمانه باس دهكهین :

    بنهمای یهكهم ڕێزگرتنی خوای گهوره لهمرۆڤهكان :

    ڕێزگرتن له گرنگترین ئهو مافانهیه كه خوای گهوره وپهروهردگار بهخشیویهتی به مرۆڤهكان، بهشێوهیهك خوای گهوره مرۆڤی لهتهواوی دروستكراوهكانی خۆی جیا كردوهتهوه وپلهوپایهیهكی تایبهتی پێ بهخشییوه كه نهیداوه بههیچ لهدروستكراوهكانی تر، بگره تهواوی دروستكراوهكانیشی بۆ خزمهتی مرۆڤهكان دروستكردووه، مرۆڤ بهههموو جۆر و ڕهنگ وڕهگهزێكیهوه، بهبێ جیاوازی لهنێوان پێكهاتهكانیدا، ئهوهتانێ خوای گهوره لهبارهی ڕێزی مرۆڤهوه فهرموویهتی : (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا) [الإسراء :70] واته : سوێند بهخوا بهڕاستی ئێمه ڕێزمان له تهواوی نهوهكانی ئادهم گرتووه، بهوهی (زانیاریی و، ژیریی و، قهدو قامهتی ڕێك و جوانمان پێ بهخشیی، كه ئهوهمان بۆ گیانلهبهرانی تر نهكردووه) و لهوشكانیی و، لهدهریادا ههڵمانگرتن بهو شێوه كه كهشتیی و جۆرهها هۆی ترمان بۆ گواستنهوهیان پێدان، ئهوهتا ئێستایش سهرهڕای ئهوانه، خهریكه تهواوی زهویی و بۆشاییهكانی ئاسمانیش دهپشكێنێ، وڕزق و ڕۆزی پاكیشمان پێدان، نهك ههر ئهوهنده، بهڵكو (وهكو ئیبن كهسیر) دهڵێ: لهچاو زۆرێك لهدروستكراوهكانی خۆمان بهفریشتهكانیشهوه پتر قهدرو ڕێزمان گرتوون، بۆیه زاناكان دهڵێن: جنسی ئادهمزاد له جنسی فریشته بهرێزترن .

    زانایانی تهفسیر كۆكن لهسهر ئهوهی كه مهبهست لهو تهكریم وڕێزگرتنهی كه خوای گهوره لێرهدا باسی كردووه، ڕێزی لێناوه بهوهی ژیری وزانست وزانیاری پێداوه، ڕێزی لێگرتووه بهوهی شێوه وڕوخساری لهتهواوی دروستكراوهكانی تر جوانتر دروستكردووه، بگره تهواوی دروستكراوهكانیشی خستوهته خزمهتی مرۆڤهوه، وه كردوشیهتی به جێنشین لهسهر زهویدا، كه ئهمهی دواییان تایبهتمهندیهكی وایه كه مرۆڤی لهسهرجهم مهخولقاتی تر پێ جودا دهكرێتهوه .

    ئهم ڕێز وشكۆمهندیهیش خوای گهوره كه بهخشیویهتی بهمرۆڤهكان وهك مرۆڤ وجنسی بهشریهت لهههندێك ڕووهوه هیچ جیاوازی نهكردووه لهنێوان كهسهكاندا، چی لهژیانیاندابن یان لهپاش مردنیشیان بێت، موسڵمان بن یان غهیره موسڵمانیش بن، چونكه ههندێك ماف وئیمتیازات ههیه پهیوهندی بهمرۆڤ بوونی مرۆڤهكانهوه ههیه، نهك به دین و ئاین ورهگهز وژیانیانهوه، ئهوهتانێ لهدهوڵهتی ئیسلامیدا، یاسا وڕێساكانی شهریعهتی ئیسلام مافی كهسانی خاوهن كتێبهكان لهجولهكه وگاور و مهجوسیهكان پاراستوه، و زۆریان لێ ناكرێت كه موسڵمان بن، لهگهڵ ئهوهشدا لهسهر موسڵمانان پێویسته ژیان وسهروهت و ماڵ وسامانیان پبارێزن لهبهرامبهر وهرگرتنی مهبلهغێكی ڕهمزی كه ساڵانه لییان وهردهگیرێت.

    پاش مردنیش مرۆڤ ههر خاوهن ڕێز و كهرامهته لای خوای گهوره و پێغهمبهرهكهی (صلی الله علیه وسلم) بۆیه دهبینیت كاتێك تهرمێك بهلای پێغهمبهری خوادا تێپهڕ دهكهن، لهبهری ههڵدهسێتهوه وهك ڕێزێك لهو تهرمه، پێی دهڵێن : ئهی پێغهمبهری خوا ئهو تهرمه تهرمی كهسێكی جولهكه بوو، ئهویش لهوهڵامدا دهفهرموێت : « ألیست نفسا » [أخرجه البخاری برقم (1250)] واته : ئایا ئهویش مرۆڤ نییه ؟

    لێرهوه بۆمان ڕوون دههبێتهوه كه مرۆڤ تاچ ڕادهیهك خاوهنی كهرامهت وڕێزی تایبهته لهئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، بهشێوهیهك ئهو ڕێز وپلهوپایهیهی كه خودا بهخشیویهتی بهمرۆڤ لههیچ یاسایهكی دانراوی دهستی مرۆڤهكانیش خۆیاندا بهدی ناكرێت، ئهویش هۆكارهكهی ئهوهیه خودا وهك خالق وبهدیهێنهری مرۆڤ دهزانێت ئهم كائینه گرنگه چی پێویسته وبهچ یاسایهك ماف وكهرامهتی پارێزراو دهبێت، بهپێچهوانهی یاسا دانراوهكانهوه كه زادهی بیرو بۆچونی چهند كهسێكه، كه ههموویان لهژێر كاریگهری دهوربهری ئهو ژینگهیهن كه تێیدا دهژین بهدهر لهو ژینگهیهی كه كهسانێكی تر تێیدا دهژین، بۆیه دهبینین یاساكان پاش چهند ساڵێك داوای ههمواركردن (تعدیل) كردنهوهی دهكرێت، بگره تهنها یاسایهك لهچهند ساڵێكی كهمدا چهند جارێك ههموار دهكرێتهوه، ئهمهش بهڵگهیه لهسهر كهم توانای وكورت بینی بیرویۆچوونی مرۆڤهكان، بهپێچهوانهی یاسا وڕێساكانی خوای گهوره لهو ڕۆژهوه ناردویهتی بۆ پێغهمبهرهكهی (صلی الله علیه وسلم) گۆڕانكاری بهسهردا نههاتووه، چونكه یاسا وڕێساكانی مهحكوم نیین بهو كهم وكورتیانهی كه بهدی دهكرێت له یاسا دهستكردهكانی دهستی مرۆڤ خۆیاندا .

    ئێستاش كاتی ئهوه هاتووه ئهوه بخهینه ڕوو كه ئهو ڕێز وپلهوپایهیهی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بهخشیویهتی بهمرۆڤ چهند ڕواڵهت و (مظاهر) ێكی گرنگی ههیه :

    یهكهم : خهلیفایهتی و جێنشینی مرۆڤ لهسهر زهویدا.

    خوای گهوره مرۆڤی كردووه به جێنشین لهسهر زهویدا وفهرمانی پێكردووه كه سهر زهوی ئاوهدان بكاتهوه، بۆ ئهم گهیشتن بهم مهبهستهش ههموو دروستكراوهكانی تری خستوهته خزمهتیهوه، ئهوهتانێ لهقورئانی پیرۆزدا فهرموویهتی : ( وَهُوَ الَّذِي جَعَلَكُمْ خَلَائِفَ الْأَرْضِ وَرَفَعَ بَعْضَكُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِيَبْلُوَكُمْ فِي مَا آتَاكُمْ إِنَّ رَبَّكَ سَرِيعُ الْعِقَابِ وَإِنَّهُ لَغَفُورٌ رَحِيمٌ) [الانعام :165] واته : ههر ئهو خوایه ئێوهی كرده جێنشین لهسهر رووی ئهم زهوییهدا، ههندێكتانی بهچهند پلهیهك سهرخست بهسهر ههندێكیتردا، لهبوون و لهنهبووندا، بۆیه ههیه پاشاودارایه، ههیه گهداو نهداره، تا تاقیتان بكاتهوه لهوهدا پێیداون ، واته: ههتا خۆتان و خهڵكانی تریش بزانن ئاخۆ شوكرانه بژێر دهبن یا نه؟ بێگومانبه پهروهردگارت زوو به پهله تۆڵه دهستێنێ لهیاخییان، و لهتاوان و گوناح دهبوورێ و، زۆریش پۆشهرو دڵاوایه .

    ههر بهوهندهوه نهوهستاوه، بهڵكو كاتێك خوای گهوره وویستی مرۆڤ بكاته جێنشین لهسهر زهویدا، فریشتهكان داوایان كرد لهخوای گهوره كه ئهو ئهركه بهوان بسپێررێت، بهڵام خوای گهوره ئهو رێز وپلهوپایهی بهمرۆڤ بهخشی، تهماشاكهن خوای گهوره چۆن ئهمهمان بۆ دهگێڕێتهوه، وهك فهرموویهتی : (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ ۖ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ) [البقرة : 30] واته : ئهی موحهممهد!! (صلی الله علیه وسلم) وه بیری خهڵكی بهێنهرهوه كاتێك كهپهروهردگارت بهفریشتهكانی فهرموو : كهبه ڕاستیی من دهمهوێ جێنشینێك له زهوییدا بۆ ئاوهدانكردنهوهی زهویی دابنێم، فریشتهكانیش گوتیان: ئاخۆ تۆ كهسێكی وا دهكهیته جێنشین كه كاری فهسادو بهدكاری وخوێن ڕێژی دهكات، لهحاڵێكدا ئێمه ههر خهریكی تهسبیح وتهحمیدی تۆین و، تۆ به پیرۆز ڕادهگرین وله ههرشتێكی نهشیاوو نهگونجاو بهدوورت دهتگرین (واته : ئهو كاره به ئێمه بسپێره) پهروهردگاریش لهوهڵامیاندا فهرمووی: بێگومان ئهوی من ئهیزانم ئێوه نایزان .

    دووهم : خوای گهوره ههموو دروستكراوهكانی تری خستوهته حزمهتی مرۆڤهوه.

    یهكێتر له تایبهتمهندیهكانی ئهو ڕیز وپلهوپایهی كه خوای گهوره داویهتی به مرۆڤ ئهوهیه تهواوی مهخلوقات و دروستكراوهكانی به گیاندار وبێ گیانیشهوه خستوهته خزمهتی مرۆڤهوه، لهوهی لهئاسمانهكاندا ههیه له خۆرو مانگ و مهجهڕهكان، لههێنان و بردنی شهو وڕۆژ بهدوای یهكدا، لهوهشی لهسهر زهویدا ههیه بهجۆرێك ههر ههموویان وا ڕێكخراوون كه بهردهوام لهخزمهتی مرۆڤ و ژیانیدا بن، بۆ سهلماندنی ئهم ڕاستیهش خوای گهوره فهرموویهتی : ( اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقًا لَكُمْ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْفُلْكَ لِتَجْرِيَ فِي الْبَحْرِ بِأَمْرِهِ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ) [إبراهیم :32] واته : خوا ئهو دهسهڵاتدارهیه ئاسمانهكان و زهوی دروستكردووه، و له ئاسمانهوه بارانی باراندووه، ئهمجا بهو ئاوهی دیته خوارهوه گهلێك میوهی جیاجیاو مهزه خۆشی لهزهوییدا رواندووهو، تاببێت بهرزق و ڕۆزی بۆتان، ههروهها کهشتی له دهریادا بۆ ئێوه بار هێناوه تا بهفهرمانی ئهو زاته بڕوات (بهسهریهوه، ههر خوایه بهدیهێنهری ئهو ماده سهرهتاییانهی که کهشتی لێ دروست دهکرێت، ههر ئهوزاتهیه بهدیهێنهری وزهو ئاوو ههوا...هتد) ، وه چۆم و ڕووبارهكانیشی خستوهته خزمهتتانهوه .

    سێههم : خوای گهوره مرۆڤی لهسهر جوانترین شێوه دروستكردووه.

    خوای گهوره ڕێزێكی زۆری لهمرۆڤ ناوه بهوهی لهسهر جوانترین شێوه ڕوخسار وقهد وباڵا وتهواوی ئهندامهكانی تری دروستكردووه، ههر بهمهش جودای كردووهتهوه لهتهواوی دروستكراوهكانی تر، ئهو مرۆڤهی بهو ههست و حهواسانهی كه پهروهردگار پێی عهطا كردووه توانیوویهتی ههستێت بهتهواوی ئهركه گرنگهكانی ژیانی، بهمهش گهورهیی دهسهڵاتی خوای گهورهی تێدا بهدی دهكرێت، خوای گهوره لهبارهی جوانی ڕوخسار وشێوازی مرۆڤهوه فهرموویهتی : (لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ) [التین : 4] واته : بهڕاستی ئێمه مرۆڤمان له ههموو ڕوویهکهوه له جوانترین شێوه و ڕێکوپێکترین شێوازدا دروست کردووه .

    لهجێگایهكی تردا فهرموویهتی : (خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِالْحَقِّ وَصَوَّرَكُمْ فَأَحْسَنَ صُوَرَكُمْ وَإِلَيْهِ الْمَصِيرُ) [التغابن :3] واته : خوای گهوره ئاسمانهكان و زهویی بهههق بهدیهێناوه، وه بهجوانترین شێوه وێنهی ئێوهی كێشاوه: قهڵافهت و بهژن و باڵای جوان و رێك و پێك و، له گهڵ ئهو ههموو ژیریی و وردهكارییهدا، سهرهنجامیش ههر بۆ لای ئهوه، لای ئهو ههموو پاداشت و تۆڵهیهك وهردهگرن .

    خوای گهوره لهزۆر جێگای تردا باسی لهجوانی شێوه وشێوازی مرۆڤ كردووه، باسی لهو قۆناغانه كردووه كه مرۆڤی پێدا تێدهپهڕێت ههر لهو كاتهی كه لهگڵ باوكه ئادهمی دروستكرد ، پاشان نهوهكانی تری له دڵۆپه ئاوێك كه دهكهوێته ناو مناڵدانی دایكیهوه وپاشان دهبێته پارچه خوێنێكی مهیوو ودوای دهبێته گۆشت پارهیهك و دواتر ههر لهو گۆشت پارهیه ئێسكی بۆ دروستكردوو، پاشان ئهو ئێسكهی به گۆشت داپۆشی، لهپاش ههموو ئهمانه و پاش نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ لهدایك دهبێت و دێته دونیاوه، ههموو ئهم قۆناغ بهندیانه بهڵگهیه لهسهر گرنگی پێدانی خوای گهوره بهمرۆڤ، ههر ئهوهنده لهبهرامبهر ئهم گهورهییهی دهسهڵاتی خوای گهورهدا دهسهڵاتمان ههیه پر بهگهرومان هاوار بكهین و بڵێین : ( رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) [آل عمران : 191] ئهی پهروهردگاری ئێمه! ههرگیز تۆ ئهم دروستكراوه پڕ له وردهكارییهت بێهوده و بێ ئامانج دروست نهكردووه، تۆ لهههموو ناتهواوییهك پاك رائهگرین، دهسا تۆیش له سزای ئاگر بمانپارێزه.

    چوارهم : ڕێزگرتنی مرۆڤ بهبهخشینی ژیری ودانایی وحیكمهت پێی .

    خوای گهوره بهدهقی قورئانی پیرۆز باسی ئهوهی بۆ كردووین كه ژیری ودانایی وحیكمهت وچاوڕۆشنی وبهصیرهتی بهمرۆڤ بهخشیوه، لهگهڵ ئهوهشدا ئازادی كردووه وئیخیتاری پێداوه لهههڵبژاردنی چاك وخراپدا، بهو مانایه زۆری لێ نهكردووه كه گوێڕایهڵی فهرمانهكانی بێت، ئهمهش بۆ ئهوهی مرۆڤ هیچ بیانوویهكی نهمێنێت لای خوای گهوره بهوهی لهدیاریكردن وههڵبژاردنی ژیانیدا زۆر لێكراوه بووه، خوای گهوره لهبارهی ئهو ژیری ودانایی وحیكمهتهی بهخشیویهتی به مرۆڤ فهرموویهتی : (وَاللَّهُ أَخْرَجَكُمْ مِنْ بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لَا تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ) [النحل : 78] واته : خوای گهوره ئێوهی لهسکی دایکتان دهرهێناوه که هیچتان نهدهزانی بهڵام (خوا) گوێ و چاو و دڵی پێدان بۆ ئهوهی سوپاسی (خوا) بکهن .

    گوێ بۆ ئهوهی ئهو دهنگه خۆشانهی كه سوود بهخشن بۆ ژیانی پێی ببیستێت، چاو بۆ ئهوهی جوانیهكانی دونیای پێ ببینن، دڵ بۆ ئهوهی بیكاتهوه وههق وڕاستی پێ جودا بكاتهوه له باتڵ و ناههقی، ههر ههموو ئهمانه كلیلی كردنهوهی زانست وزانیاریهكانن، كه مرۆڤ لهنهزانی و جههالهتهوه ڕزگار دهكهن بۆ زانین وعیلم ومهعریفهت، بۆ ئهوهی شوكر وسوپاسی خوای پهروهردگاری پێ بكهن، نهك یاخی بێت وبێ فهرمانی ئهوی پێ بكات .

    ئهو ژیری و بیرو هۆشهی كه پهروهردگار داویهتی بهمرۆڤ بۆ ئهوهیه به نهێنیهكانی ژیان ئاشنا بێت، بۆ ئهوهی تێرامێنێت وبیری پێ بكاتهوه بزانێت حیكمهتی بوونی لهكوێیدایه، ئایا بۆ ئهوه دروستكراوه بخوات وبخواتهوه و بهئارهزووی خۆی چۆنی دهوێت وابكات، یان حیكمهتێكی گهوره لهبوونیدا ههیه، ئهویش بهندایهتیكردنی خوای گهورهیه بهمانا فراوانهكهی نهك بهمانا تهسكبینیهكهی وهك ههندێك خهڵك لێی تێگهشتوون، مرۆڤ ئهگهر بهڕاست ودروست بیری كردهوه لهمهبهست وحیكمهتهكانی ژیانی، ئهوه بێگومان مهبهسته سهرهكیهكی خۆی پێكاوه، وهك خوای گهوره فهرموویهتی : (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ) [الذاریات :56] واته : من جنۆکه و ئادهمیزادم تهنها بۆ ئهوه دروست کردووه که بهندایهتی من بكهن .

    خۆ ئهگهر مرۆڤ لهم مهبهسته سهرهكی و كاره گرنگهی خۆی لایدا، ئهوه مانای ئهوهیه كه ئهو بیروهۆش وژیریهی كه خوای گهوره پێی بهخشیووه بهڕاست ودروست بهكاری نههێناوه، بۆیه خوای گهوره وهصفی ئهم جۆره كهسانهی به ئاژهڵ وكهمتر لهئاژهڵیش كردووه، وهك فهرموویهتی: (لَهُمْ قُلُوبٌ لَا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لَا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لَا يَسْمَعُونَ بِهَا أُولَئِكَ كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ ) [الأعراف : 79] واته : ئهوانهی دهزگای دڵیان ههیه و کهچی حهقی پێ تێناگهن، چاویشیان ههیه کهچی حهقی پێ نابینن، گوێیان ههیه کهچی حهقی پێ نابیستن، ئا ئهوانه وهکو ئاژهڵ وان ( له شوێنکهوتنی ئارهزووهكانیاندا) بهڵکو ئهوانه له ئاژهڵیش وێڵ ترن .

    سهڕای ئهوانهی ئاماژهمان پێدا، خوای گهوره زۆر ڕێزی تری لهمرۆڤ ناوه، بهوهی ئیراده وویست وئیختیاری داوهته دهست خۆی وسهربهستی كردووه، وه فهرمانی كردووه بهفریشتهكان كڕنووش وسوژدهی ڕێزی بۆ ببهن، وپێغهمبهران و پهڕاوی ئاسمانی بۆ ڕهوانهكردوون، لهگهڵ گهلێك شتی تر كه ههرههموویان بهرێزی مرۆڤ دهردهخهن لهناو ههموو دروستكراوهكانی تردا .

    لهسهر ئهو بنهما بهرز وبهرێزانهی كه باسمانكردن، خوای گهوره مافی مرۆڤی لهئیسلامدا دیاریكردووه، ماف گهلێك پێش سیازده سهده لهڕاگهیاندنی جاڕنامهی گهردونی مافهكانی مرۆڤ لهلایهن نهتهوه یهكگرتووهكانهوه، خوای گهوره لهقورئانی پیرۆزدا ئهو مافانهی بۆ مرۆڤهكان بڕیارداوه وهیچ كهسێكیش ناتوانێت لێی زهوت بكات، بهو مهرجهی مرۆڤ خۆی شایستهی ئهو مافانه بێت و ڕێزیان بگرێت، بهپێچهوانهوه ئهو كاته بهدهستی خۆی خۆی دهخاته ڕیزی كهمتر لهئاژهڵیشهوه .

    خوای گهوره بهشایستهی ئهوهمان بزانێت كه بهندهی ڕاستهقینهی خۆی بین، بۆ ئهوهی بهگوێرهی ئهوهی داوای لێكردووین ڕیزێ خۆمان ومافهكانمان بگرین.

    وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم