×
زه‌كات سێیه‌م كۆڵه‌گه‌ و پایه‌ى گرنگى ئیسلامه‌، كه‌به‌بێ ئه‌و بیناى ئیسلام ناتوانرێ بنیات بنرێ...

    زەکات لە ئیسلامدا

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    سایتی ده‌زگای ڕۆشنبیری نووری حیحكمه‌

    www.alhikmaa.com

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    ﴿ الزكاة في الإسلام ﴾

    « باللغة الكردية »

    موقع مؤسسة نور الحكمة

    www.alhikmaa.com

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    زەکات لە ئیسلامدا

    (الزكاة) له‌ بنه‌ڕه‌تى زمانى عه‌ره‌بیدا به‌دوو مانا دێت، یه‌كه‌میان: په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردن، دووه‌میان: پاك بوونه‌وه‌و خاوێن بوونه‌وه‌.

    بۆ ماناى یه‌كه‌میان وه‌كو عه‌ره‌ب وتویانه:(زكاة الزرع) واته‌ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنى كشتوكاڵ، بۆ دووه‌میان وه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا﴾، واته‌: (پێیان پاك و خاوێن بكه‌وه‌)، بۆیه‌ش ئه‌و حه‌قه‌ى كه‌ خواى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ماڵى داناوه‌ ناونراوه‌ زه‌كات به‌هه‌ردوو مه‌به‌ست به‌كاردێت:-

    به‌مه‌به‌ستى یه‌كه‌م: چونكه‌ به‌خشینى ئه‌و سامانه‌ ده‌بێته‌ هۆى په‌ره‌سه‌ندن و زیادبوونى ماڵ و سامان، وه‌كو پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێ: «مَا نَقَصَ مَالٌ مِنْ صَدَقَةٍ» ، واته:(هیچ ماڵ و سامانێك به‌ به‌خشین كه‌م ناكات).

    بۆ مه‌به‌ستى دووه‌م: چونكه‌ به‌خشینى ئه‌م ماڵه‌ ده‌بێته‌ هۆى پاك كردنه‌وه‌و خاوێن كردنه‌وه‌ى نه‌فس له‌ خراپه‌ى رِه‌زیلى و نه‌به‌خشین، وه‌ یاخود چونكه‌ ده‌شبێته‌ هۆى پاك بوونه‌وه‌ له‌گوناهه‌كان.

    وه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ ۖ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ ۗ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ ﴾ [التوبة‌: ١٠٣]، واته(ئه‌ى موحه‌ممه‌د (صلى الله عليه وسلم) له‌ سامانه‌كه‌یان زه‌كات وه‌رگره‌ بۆ ئه‌وه‌ى دڵ و ده‌روونیان پێ پاك ببێته‌وه‌و گوناهه‌كانیان بسرِێته‌وه‌و چاكه‌كانیان زیاد ببێ و بشگه‌نه‌ پله‌ى هه‌ره‌ به‌رز، وه‌ دوعاى چاكیان بۆ بكه‌ چونكه‌ دوعاى تۆ دڵئارامى و ئۆقره‌ به‌خشه‌ بۆیان، خوداش زۆر بیسه‌نده‌و زۆر زانایه)

    ئاشكرایه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)دووپاتى له‌سه‌ر پێویست بوونى زه‌كات كردۆته‌وه‌، وه‌ پله‌و پایه‌ى له‌دینى خوادا رِوون كردۆته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پایه‌ گرنگه‌كانى ئه‌م دینه‌، وه‌ ئێمه‌ى هانداوه‌ كه‌وا جێبه‌جێى بكه‌ن و ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌ له‌پشت گوێ خستنى له‌چه‌نده‌ها فه‌رمووده‌دا به‌ شێوازى جیاجیا، ئه‌وه‌تا له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) بینایه‌ى ئیسلاممان بۆ رِوون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر پێنج بنچینه‌و كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى رِاوه‌ستاوه‌، وه‌كو ده‌فه‌رموێ: «بُنِىَ الإِسْلاَمُ عَلَى خَمْسٍ: شَهَادَةِ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ، وَإِقَامِ الصَّلاَةِ، وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ، وَحَجِّ الْبَيْتِ، وَصِيَامِ رَمَضَانَ».

    بۆیه‌ زه‌كات سێیه‌م كۆڵه‌گه‌ و پایه‌ى گرنگى ئیسلامه‌، كه‌به‌بێ ئه‌و بیناى ئیسلام ناتوانرێ بنیات بنرێ.

    به‌ڵام خواى گه‌وره‌ زۆرجار له‌قورئاندا باسى دوو پایه‌ى هه‌ره‌ گرنگ ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وانیش نوێژو زه‌كاتن كه‌ له‌ زیاتر (28) شوێن به‌یه‌كه‌وه‌ باسكراون، وه‌ پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم)له‌فه‌رمانه‌كانى و بانگه‌وازى بۆخه‌ڵك یاخود له‌وه‌رگرتنى به‌یعه‌ت، نوێژو زه‌كاتى له‌پێشه‌كى كاره‌كاندا باسكردووه‌، چونكه‌ نوێژ گه‌وره‌ترین په‌رستشى لاشه‌یه‌و زه‌كاتیش گه‌وره‌ترین په‌رستشى داراییه‌.

    ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى ناوه‌رِۆكى زه‌كات بكه‌ین,گه‌وره‌یى و دانایى ئیسلاممان بۆ ده‌رده‌خات له‌تێڕوانینى بۆ بوارى ئابوورى، به‌شێوه‌یه‌ك زه‌كات ده‌بێته‌ هۆى پاك بوونه‌وه‌ى دڵ و ده‌روونى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و بیرخستنه‌وه‌یان كه‌ ئه‌وان خاوه‌نى رِاسته‌قینه‌ى ئه‌م ماڵه‌ نین به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى كاتى له‌به‌رده‌ستیانه‌، وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ژارانیش ده‌هێنێته‌وه‌ بیریان بۆئه‌وه‌ى به‌خشین و فه‌زڵى په‌روه‌ردگاریان له‌یاد نه‌چێت.

    وه‌ زه‌كات ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ژاران زیاتر رِۆنه‌چن له‌هه‌ژاریداو به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌س نه‌بێت یارمه‌تیان بدات، به‌مه‌ش هه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ توێژێكى وه‌لانراوو له‌بیركراوبن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رِق و كینه‌ له‌نێوان چین و توێژه‌كانى موسڵمانان بڵاونه‌بێته‌وه‌ و هه‌موویان به‌برایى و ته‌بایى بژین.

    بۆیه‌ ده‌بینین ئیسلام دیدێكى ناوه‌ندگیر (وسط)ى هه‌یه‌ له‌م باره‌وه‌، نه‌ته‌واوى ئازادى ئابوورى قۆرغ كردووه‌و بازاڕى په‌كخستووه‌ وه‌كو ڕێبازى (شیوعیه‌ت)، وه‌ نه‌ئازادى ڕه‌هاى داوه‌ به‌بازاڕو ئابوورى و پشت گوێ خستنى هه‌ژاران و چه‌وساوان، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ر له‌ده‌وڵه‌مه‌ندى خۆى زیاد بكات و هه‌ژاریش له‌هه‌ژارى خۆى، وه‌كو ڕێبازى (لیبراڵى)، به‌ڵكو باشترین ڕێبازو چاكترین ئابوورى له‌ئیسلامدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ كه‌هیچ لایه‌نێكى وه‌لا نه‌ناوه‌ له‌سه‌ر حیسابى لایه‌نه‌كانى تر.