×
باوه‌ڕ بوون به‌ ناو و صیفه‌ته‌ جوانه‌كانی خوای گه‌وره‌ كاریگه‌ری وشوێنه‌واری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌روونی موسڵمان، شوێنه‌واری گه‌وره‌یشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر موسڵمان‌ له‌جێ به‌جێكردنی په‌رستنه‌كانی په‌روه‌ردگاریدا...

    باوه‌ڕ به‌ناو و صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌

    ومه‌نهه‌جی هه‌ق وڕاستی له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا‌

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    حاجی ئومێد چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    ﴿توحيد الأسماء والصفات ومنهج الحق في إثباته﴾

    « باللغة الكردية »

    أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    باوه‌ڕ به‌ناو و صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌

    ومه‌نهه‌جی هه‌ق وڕاستی له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا‌

    باوه‌ڕ بوون به‌ ناو و صیفه‌ته‌ جوانه‌كانی خوای گه‌وره‌ كاریگه‌ری وشوێنه‌واری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌روونی موسڵمان، شوێنه‌واری گه‌وره‌یشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر موسڵمان‌ له‌جێ به‌جێكردنی په‌رستنه‌كانی په‌روه‌ردگاریدا، له‌و شوێنه‌وار و كاریگه‌ریانه‌ش ئه‌و مانا و واتا به‌رزانه‌یه‌ كه‌ به‌نده‌كان له‌كاتی ئه‌و په‌رستنانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌دڵه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن كه‌ به‌روبومه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌ پشت به‌ستن و ته‌وه‌كول به‌خوای گه‌وره‌ وخۆدانه‌ ده‌ست ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌، وپاراستنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی له‌ گوناهوتاوان و وئه‌و ختورانه‌یشی دێت به‌دڵیدا ته‌نانه‌ت وای لێ ده‌كات كۆنترۆڵی بیروئه‌ندێشه‌شی بكات به‌شێوه‌یه‌ك بیركردنه‌وه‌یشی ته‌نها ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ بێت كه‌ خوای گه‌وره‌ پێیان ڕازیه وپێیان خۆشه‌‌، شتێك ده‌بیستێ كه‌ ئه‌و پێی خۆش بێت وه‌ ته‌ماشای دیمه‌نێكیش ئه‌كات ئه‌و پێێ ڕازی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئومێد و ڕجای به‌خوای گه‌وره‌ زۆره‌ و گومانی چاك وباش به‌په‌روه‌ردگاری ده‌بات .

    ئه‌م واتا و مانایانه‌ وغه‌یری ئه‌مانه‌یش كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ باوه‌ڕ به‌ مانای ناو وصیفاته‌ جوانه‌كانی خوای گه‌وره‌ به‌ندایه‌تی دیار و په‌نهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌شێوه‌یه‌كی جیا له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر، ئه‌مه‌ش فه‌زڵ و چاكه‌یه‌كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌یبه‌خشێت به‌هه‌ر كه‌سێك كه‌ خۆی بیه‌وێت و ئیراده‌ بكات .

    بۆ نموونه‌ بیركردنه‌وه‌ وباوه‌ڕ بوون به‌ناوی جوانی (الغفار) كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌خۆشه‌ویستی بۆ خوای گه‌وره‌ ونائومێد نه‌بوون له‌ڕه‌حمه‌تی فراوانی، وه‌ ناوی ( شدید العقاب) كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ترسان له‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ و به‌جۆرێك به‌نده‌ له‌خۆی ڕانابینێت وجورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكات سنووره‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی بشكێنێت، ئه‌مه‌ وسه‌رجه‌م ناو صیفه‌ته‌ جوانه‌كانی تری كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دڵ وده‌روونی موسڵمان وپابه‌ند بوون به‌ فه‌رمان ودوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی وئیستیقامه‌ ودامه‌زراوی له‌سه‌ر شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو ناو و صیفه‌ته‌ جوانانه‌كانی خوای گه‌وره‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌پێی ئه‌و مانا و واتایه‌ی كه‌ لێوه‌ی وه‌رده‌گیرێت، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ كه‌ بنه‌مای هه‌موو خۆشبه‌ختی و به‌ختیاریه‌كی موسڵمانه‌ له‌ ژیانی دونیاو دوارۆژیشدا، هه‌روه‌ها كلیلی هه‌موو چاكه‌ وخه‌یرێكه‌ و گه‌وره‌ترین یارمه‌تی ده‌ری به‌نده‌كانی خوایشه‌ له‌سه‌ر به‌جێ هێنانی په‌رستنه‌كانی په‌روه‌ردگاریان به‌جوانترین شێوه‌، چونكه‌ به‌ندایه‌تی وپه‌رستنه‌‌ دیار و به‌رچاوه‌كان به‌پێی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی له‌دڵی به‌نده‌كاندایه‌ بۆ خوای گه‌وره‌ كه‌م وزیاد ده‌كات وله‌سه‌ریان گران ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست نه‌بێت بۆ په‌روه‌ردگار .

    ته‌واوكردنی كاروكرده‌وه‌كان وبه‌جێهێنانیان به‌شێوه‌یه‌كی جوان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ داوای كردووه‌ به‌نده‌ به‌ ڕاده‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی كه‌ عه‌بده‌كان هه‌یانه‌ بۆ خوای گه‌وره‌، خۆشه‌ویستیش به‌نده‌ به‌ناسین وشاره‌زا بوون له‌ ناو وصیفه‌ته‌ جوانه‌كانی خوای گه‌وره‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ چاكترین و گه‌وره‌ترین كه‌سانێك كه‌ به‌ندایه‌تی په‌روه‌ردگاریان به‌باشترین شێوه‌ ئه‌نجام دابێت پێغه‌مبه‌ران بوون (علیهم السلام) چونكه‌ له‌ته‌واوی خه‌ڵكی زیاتر خوایان ناسیوه‌ و خۆشتریشیان وویستوه‌ .

    لێكۆڵێنه‌وه‌ی یه‌كه‌م

    پێناسه‌ی یه‌كخواپه‌رستی ناو وصیفه‌ته‌مانی خوای گه‌وره‌ و به‌ڵگه‌كانی

    یه‌كه‌م : پێناسه‌كه‌ی :

    یه‌كخواپه‌رستی ناو وصیفه‌ته‌كان : بریتیه‌ له‌ جێگیركردن و ئیثباتكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ (الله) بۆ خۆی جێگیر و ئیثبات كردووه‌، وه‌ جێگیركردن و ئیثباتكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ پیغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) بۆی جێگیر وئیثبات كردووه‌، وه‌ نه‌فی ئه‌وه‌یش بكه‌یت ولێی لابده‌یت هه‌ر شتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر خۆی نه‌فی كردووه‌ ولای بردووه‌، وه‌ نه‌فی ئه‌وه‌یشی بكه‌یت كه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) نه‌فی كردووه‌ له‌هه‌رچی ناو وصیفه‌تێك كه‌ هه‌یه‌، وه‌ ئیقراری ئه‌و ناو وصیفه‌تانه‌ بكه‌یت به‌ ماناو وواتا صه‌حیح و دروسته‌كانی به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌یگه‌یه‌نێت، وه‌ شعور به‌ شوێنه‌وار و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بكه‌یت له‌سه‌ر دروستكراو مه‌خلوقاته‌كانی خوای گه‌وره‌ .

    دووه‌م : مه‌نهه‌جی هه‌ق وڕاستی له‌ دانپێدانان و ئیثباتكردن :

    مه‌نهه‌جی هه‌ق وڕاستی سه‌باره‌ت به‌ ناو صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێ كه‌ باوه‌ڕی ته‌واو و به‌ڕاست زانینی بێ گومانت هه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ خۆی وه‌صفی كردووه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یشی (صلی الله علیه وسلم) هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ وه‌صفی كردووه‌، به‌بێ هیچ ته‌حریف و ته‌عطیل وته‌كییف و ته‌مثیل كردنێك، بابزانین مانای ئه‌م ووتانه‌ چیین :

    ته‌حریف : بریتیه‌ له‌ گۆڕین ولادانی هه‌ر شتێك له‌شێوه ڕاستیه‌كه‌ی خۆی، ئه‌مه‌ش دوو به‌شه‌ :

    1- (تحریف لفظي) لادان و گۆرێنی گوفتاری : ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی شتێك بۆ ووشه‌یه‌ك زیاد بكه‌یت یان لێی كه‌م بكه‌یته‌وه‌، یان حه‌ره‌كه‌یه‌ك له‌ووشه‌یه‌كدا بگۆڕێت وه‌ك گۆڕینی ووشه‌ی (استوی) واته‌ : وه‌ستاوه‌ بۆ ووشه‌ی (استولی) واته‌ : ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ به‌سه‌ریدا، له‌ ئاو ئایه‌ته‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : (ٱلرَّحۡمَٰنُ عَلَى ٱلۡعَرۡشِ ٱسۡتَوَىٰ ) {طه‌ : 5} واته‌ : ئه‌و خوا به‌خشنده‌ و میهره‌بانه‌ له‌سه‌ر عه‌رش وه‌ستاوه‌ (به‌و شێوه‌ی شیاوی بێت ئێمه‌ چۆنیه‌تییه‌که‌ی ) نازانین (سه‌له‌فی صاڵحی ئومه‌تی ئیسلام به‌م شێوه‌یه‌ ته‌فسیریان كردووه‌ و لێی تێگه‌شتوون به‌بێ هیچ جۆره‌ گۆڕین و لادانێك له‌و مانایه‌ی كه‌ ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌كه‌ ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه‌ .

    خاوه‌نی مه‌نظومه‌ی نونیه‌ش ئه‌ڵێت :

    نون اليهود ولام جهمي هما في وحي رب العرش زائدتان

    واته‌ : زیاده‌كردنی ئه‌و پیتی (نونه‌) ی كه‌ جوله‌كه‌ زیادیان كرد كاتێك خوای گه‌وره‌ پێی فه‌رموون بڵێن (حطة) واته‌ بڵێن گوناهه‌كانمان له‌سه‌ر بسڕه‌وه‌ و لێمان خۆشبه‌، كه‌چی ئه‌وان هاتن پێتیكی نونیان بۆ ووشه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ زیادكرد و به‌گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ووتیان (حنطة) واته‌ گه‌نم و دانه‌وێڵه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ جه‌همیه‌كانیش هاتن پیتێكی (لام) یان بۆ ووته‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ زیاد كرد كاتێك خوای گه‌وره‌ له‌ئایه‌ته‌كه‌دا فه‌رمووی : (ٱلرَّحۡمَٰنُ عَلَى ٱلۡعَرۡشِ ٱسۡتَوَىٰ ) ووشه‌ی (استوی) یان گۆڕی بۆ (استولی) شاعیر له‌ كۆتایی به‌یته‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت : ئه‌م دوو ته‌حریف وگۆڕینه‌ له‌و وه‌حیه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ كردوویه‌تی بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) زیاده‌یه‌ .

    2- (تحریف معنوي) گۆڕینی مانا : ئه‌مه‌ش به‌ ته‌فسیركردن و لێكدانه‌وه‌ی ووشه‌یه‌ك به‌‌ته‌فسیر ولێكدانه‌وه‌یه‌ك كه‌ غه‌یری ئه‌و مه‌به‌ست ومانایه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی مه‌به‌ستیانه‌، وه‌ك ته‌فسیركردن ولێكدانه‌وه‌ی ووشه‌ی ( الید = ده‌ست ) بۆ خوای گه‌وره‌ به‌هێز یان به‌ناز وینعمه‌ت، ئه‌مه‌ ته‌فسیر ولێكدانه‌وه‌یه‌كی باتڵ و ناردوسته‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ شه‌رع و له‌ زمانیش به‌ڵگه‌ نین له‌سه‌ر ئه‌م ته‌فسیره‌ .

    ته‌عطیل : بریتیه‌ له‌ نه‌فی كردن وباوه‌ر نه‌بوون به‌ صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ (الله)، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی باوه‌ڕت وابێت كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌هیچ صیفه‌تێك وه‌صف ناكرێت .

    جیاوازیش له‌نێوان (ته‌حریف) و (ته‌عطیل) دا ئه‌وه‌یه‌ : ته‌حریف بریتیه‌ له‌ نه‌فی كردنی ئه‌و مانا و واتا دروست و صه‌حیحه‌ی كه‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌یدات به‌ده‌سته‌ و لێوه‌ی وه‌رده‌گیرێت و گۆڕینی به‌ ماناو واتایه‌كی نادروست، به‌ڵام ته‌عطیل بریتیه‌ له‌ نه‌فی كردنی مانا و واتا دروسته‌كه‌ به‌بێ گۆڕینی به‌ مانا و واتایه‌كی تر .

    ته‌كییف : ‌بریتیه‌ له‌ دیاریكردنی چۆنیه‌تی صیفه‌ته‌كه‌ و ئه‌و هه‌یئه‌ته‌ی كه‌ سه‌ریه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌مونحه‌ریف گومڕاكان له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌یكه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه‌ چۆنیه‌تی صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ دیاریده‌كه‌ن، به‌له‌باره‌ی صیفه‌تی (الید : ده‌ست) ی خوای گه‌وره‌وه‌ ده‌ڵین : ده‌ستی خوای گه‌وره‌ ئاوا و ئاوایه‌، وه‌ چۆنیه‌تی (استواء) وه‌ستانی خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر عه‌رش به‌و شێوه‌یه‌و به‌و شێوه‌یه‌یه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ باتڵ و نادروستن چونكه‌ چۆنیه‌تی صیفاتی خوای گه‌وره‌ هیچ كه‌سێك نایزانێت ذاتی هه‌ق ته‌عالای خۆی نه‌بێت، به‌ڵام مه‌خلوق ودروستكراوه‌كانی خوای گه‌وره‌ نه‌شارازان پێی وئیدراك وهه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ن.

    ته‌مثیل : بریتیه‌ له‌ لێكچواندن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك بڵێ خوای گه‌وره‌ بیستنی هه‌یه‌ وه‌ك بیستی ئێمه‌، یان (وجه) و ڕووی خوای گه‌وره‌ وه‌ك ڕووی ئێمه‌ وایه‌، پاك وبیگه‌ری بۆ خوای گه‌وره‌ (الله) له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ .

    مه‌نهه‌چی هه‌قیش له‌باره‌ی ناو صیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌وه‌ له‌سه‌ر سێ بنچینه‌و بنه‌ما ڕێكخراوه‌، هه‌ركه‌سێك جێ به‌جێیان بكات و ئاگایان لێ بێت ئه‌وه‌ بێگومان سه‌لامه‌ت ئه‌بێت له‌ لادان وگومڕا بوون له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا، ئه‌وانیش بریتین له‌ :

    بنه‌مای یه‌كه‌م : پاك وپێگه‌رد ڕاگرتنی خوای گه‌وره‌ له‌وه‌ی صیفاته‌كانی له‌گه‌ڵ صیفاتی دروستكراو و مه‌خلوقاته‌كانیدا له‌یه‌ك بكه‌ن و به‌یه‌ك بشوبهێن .

    بنه‌مای دووه‌م : باوه‌ڕبوون به‌و‌ وه‌صفه‌ی كه‌خوای گه‌وره‌ خۆی پێ وه‌صف كردووه‌ وه‌ به‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) خوای گه‌وره‌ی پێ وه‌صف كردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ شایسته‌ی به‌رزو بڵندی ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ بێت .

    بنه‌مای سێهه‌م : بڕینی هه‌ر جۆره‌ هه‌وڵدان و ته‌ماعێك له‌ پێناو ده‌ركردنی حه‌قیقه‌تی صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ی ته‌عالا، چونكه‌ ئیدراك كردن وگه‌یشتنی مه‌خلوق به‌مه‌ كارێكی موسته‌حیل و نه‌گونجاوه‌ .

    هه‌ركه‌سێك ئه‌م سێ بنه‌مایه‌ به‌ته‌واوی له‌خۆیدا جێ به‌جێ بكات، ئه‌وه‌ بێگومان باوه‌ڕ و ئیمانی واجبی جێ به‌جێ وته‌حقیق كردووه‌ له‌باره‌ی ناو وصیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێشه‌وایانی سه‌له‌فی ئه‌م ئومه‌ته‌ بڕیاریان داووه‌ بۆ خوای گه‌وره‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ .

    سێهه‌م : به‌ڵگه‌كانی ئه‌م مه‌نهه‌جه‌ :

    به‌ڵگه‌كان له‌ قورئانی پیرۆز له‌سه‌ر بڕیاردانی ئه‌م مه‌نهه‌جه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ن :

    به‌ڵگه‌كانی بنه‌مای یه‌كه‌م : بریتیه‌ له‌ پاكڕاگرتنی په‌روه‌ردگاری به‌رزو بڵند له‌وه‌ی به‌ مه‌خلوق و دروستكراوه‌كانی بچوێنیت وبشوبهێنیت، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : (لَيۡسَ كَمِثۡلِهِۦ شَيۡءٞۖ وَهُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ ) {الشوری : 11} واته‌ : هیچ شتێك نیه‌ له‌وێنه‌ی ئه‌و (خوا) یه‌ ،نه‌ له‌ذاتیا، نه‌ له‌ سیفاتیا، نه‌له‌ كرداریا، ئه‌ویشه‌ بیسه‌ری بینا، به‌ئاگایه‌ به‌ وته‌ی به‌نده‌كانی، بینایه‌ بۆ كاروكرداریان .

    مانای ئایه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هیچ ڕوویه‌كه‌وه‌ هیچ جۆره‌ له‌یه‌كچوون و شوبهاندێك نییه‌ له‌نێوان خالق كه‌ خوای گه‌وره‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌خلوقه‌كانیدا، سه‌ره‌ڕای جێگیركردنی هه‌ردوو صیفه‌تی بیستن و بینین بۆ خوای گه‌وره‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ خوای گه‌وره‌ ئیثبات ده‌كرێت له‌ صیفه‌تی بیستن وبینین وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بۆ مه‌خلوقاته‌كانی ئیثبات وجێگیر ده‌كرێت له‌م دوو صیفه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو صیفه‌ته‌ بۆ زۆرێك له‌ مه‌خولقاته‌كانی پێ وه‌صف ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی صیفه‌تی بیستن و بینینه‌وه ‌ده‌یڵێن بۆ هه‌موو صیفه‌تاكنی تریش هه‌روایه‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ بخوێنه‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

    (قَدۡ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوۡلَ ٱلَّتِي تُجَٰدِلُكَ فِي زَوۡجِهَا وَتَشۡتَكِيٓ إِلَى ٱللَّهِ وَٱللَّهُ يَسۡمَعُ تَحَاوُرَكُمَآۚ إِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعُۢ بَصِيرٌ ) {المجادلة : 1}

    واته‌ : به‌ڕاستی خوا ووته‌ی ئه‌و ژنه‌ی بیست که‌ له‌ باره‌ی مێرده‌که‌یه‌وه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌کردی وه‌ سکاڵای خۆی بۆ لای خوا ئه‌برد وه‌ خوا گوێی له‌ وتووێژی هه‌ردووکتان بوو به‌ڕاستی خوا بیسه‌ری بینایه‌‌ .

    ئیبن كه‌ثیر له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی هێناوه‌ كه‌ ئیمامی بوخاری له‌به‌رگی (13/372) له‌باره‌ی یه‌كخواپه‌رستیه‌وه‌ ڕیوایه‌تی كردووه‌ هه‌وره‌ها ئیمام ئه‌حمه‌دیش له‌ مه‌سنه‌ده‌كه‌یدا به‌رگی (6/لاپه‌ڕه‌ 46) هێناویه‌تی كه‌ عائیشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران ئه‌فه‌رموێت " الحمد لله الذي وسع سمعه الأصوات لقد جاءت المجادلة إلى النبي (صلى الله عليه وسلم) تكلمه وأنا في ناحية البيت ما أسمع فأنزل الله عزوجل : (قَدۡ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوۡلَ ٱلَّتِي تُجَٰدِلُكَ فِي زَوۡجِهَا ...) تا كۆتایی ئایه‌ته‌كه‌ {ابن كثیر (8/60)} واته‌ : سوپاس وستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ی كه‌بیستنی فراوانه‌ بۆ بیستنی ده‌نگه‌كان، ده‌مه‌قاڵێكه‌ هات بۆ لای پیغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) – مه‌به‌ست پێی خوله‌یه‌ - وله‌گه‌ڵیدا قسه‌ی كرد منیش له‌ لایه‌كی ماڵه‌كه‌وه‌ بووم هیچم نه‌بیست وگوێم پێ نه‌بوو خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی له‌باره‌وه‌ دابه‌زاند (قَدۡ سَمِعَ ٱللَّهُ قَوۡلَ ٱلَّتِي تُجَٰدِلُكَ فِي زَوۡجِهَا ...) تا كۆتایی ئایه‌ته‌كه‌ .

    به‌ڵگه‌یه‌كی تریش، خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت : (فَلَا تَضۡرِبُواْ لِلَّهِ ٱلۡأَمۡثَالَۚ ) {النحل : 74} واته‌ : طه‌به‌ری له‌ ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ئه‌ڵێت : وێنه‌ بۆ خوا مه‌هێننه‌وه‌ وهاوشێوه‌ی بۆ دامه‌نێن، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ وێنه‌ و هاوشێوه‌ی نییه‌ { الطبري (7/621)} .

    هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : (هَلۡ تَعۡلَمُ لَهُۥ سَمِيّٗا) {مریم : 65} عبد الله‌ی كوڕی عه‌باس (خوایان لێ ڕازی بیت) له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ده‌ڵێت : " ئایا وێنه‌ و هاوشێوه‌یه‌ك بۆ په‌روه‌ردگار شك ده‌به‌یت ؟ " بێگومان وێنه‌ وهاوشێوه‌ی خوای گه‌وره‌ نییه‌ .

    به‌ڵگه‌یه‌كی تریش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ : ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌یه‌ خوای گه‌وره‌ دفه‌رموێت : (وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ ) {الإخلاص : 4} طه‌به‌ری له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ئه‌ڵێت : " خوای گه‌وره‌ هاوشێوه‌ و هاوتای نه‌بوو و نییه‌ و هیچ شتێك وێنه‌ی ئه‌و نییه‌ .

    به‌ڵگه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای دووه‌م : بریتیه‌ له‌ باوه‌ڕ بوون به‌وه‌ی كه‌ له‌ قورئان وسوننه‌تدا هاتووه‌ له‌سه‌ر ناو وصیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌، ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ی كه‌ ده‌فه‌رموێت :

    (ٱللَّهُ لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلۡحَيُّ ٱلۡقَيُّومُۚ لَا تَأۡخُذُهُۥ سِنَةٞ وَلَا نَوۡمٞۚ لَّهُۥ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِي ٱلۡأَرۡضِۗ مَن ذَا ٱلَّذِي يَشۡفَعُ عِندَهُۥٓ إِلَّا بِإِذۡنِهِۦۚ يَعۡلَمُ مَا بَيۡنَ أَيۡدِيهِمۡ وَمَا خَلۡفَهُمۡۖ وَلَا يُحِيطُونَ بِشَيۡءٖ مِّنۡ عِلۡمِهِۦٓ إِلَّا بِمَا شَآءَۚ وَسِعَ كُرۡسِيُّهُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَۖ وَلَا يَ‍ُٔودُهُۥ حِفۡظُهُمَاۚ وَهُوَ ٱلۡعَلِيُّ ٱلۡعَظِيمُ ) {البقرة :255}

    واته‌ : خوا ئه‌و خوایه‌یه‌ که‌ هیچ په‌رستراوێکی(به‌هه‌ق) نیه‌ بێجگه‌له‌ له ئه‌‌و هه‌میشه‌ زیندووی ته‌دبیرکه‌ر و ڕاگر(ی بوونه‌وه‌ر) ه‌ نه‌ وه‌نه‌وز ئه‌یگرێ و نه‌ خه‌و هه‌ر هی ئه‌وه‌ هه‌ر چی له‌ ئاسمانه‌کان و هه‌رچی له‌ زه‌وی دایه،‌ کێ یه‌ ئه‌و که‌سه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا بتوانێ تکای له‌لا بکات مه‌گه‌ر به‌ ڕێ پێدانی خۆی نه‌بێت، ئاگاداره‌ به‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می (ئاده‌می) یه‌ وه‌یه ‌(له‌ دونیا له‌ به‌رده‌ستیاندایه‌) وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دواوه‌یه‌تی (له‌ ڕۆژی دوایی دا بۆیان ئاماده‌کراوه‌) وه‌ که‌س ئاگای نییه‌ له‌ هیچ شتێک له‌ زانین و زانیاری ئه‌و (خوا) مه‌گه‌ر به‌وه‌ی که‌ خۆی بیه‌وێت، کورسی یه‌که‌ی خودا هه‌موو ئاسمانه‌کان و زه‌وی گرتۆته‌وه‌ وه‌ پارێزگاری کردنی ئاسمانه‌کان و زه‌وی بۆ خوا ئاسانه و‌(گران نییه‌) وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بڵند پله‌ی پایه‌ گه‌وره‌ .

    هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت : ( هُوَ ٱلۡأَوَّلُ وَٱلۡأٓخِرُ وَٱلظَّٰهِرُ وَٱلۡبَاطِنُۖ وَهُوَ بِكُلِّ شَيۡءٍ عَلِيمٌ ) {الحدید : 3} واته‌ : هه‌ر ئه‌وه‌ (الله)‌ یه‌كه‌مه‌ كه‌هیچ شتێك له‌پێشیه‌وه‌ نیه‌، دواهه‌مینیش هه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ هیچ له‌دوایه‌وه‌ نیه‌، ئاشكرایه‌ له‌ ژوور ئه‌وه‌وه‌ ئاشكراتر نیه‌، وه‌په‌نهان به‌ هه‌قیقه‌ت و كونهی له‌دروستكراوه‌كانی ئه‌وه‌ كه‌له‌و په‌نهانتر نیه‌، هه‌ر ئه‌ویش زانایه‌ به‌هه‌موو شتێك (له‌ زه‌ڕه‌یه‌كه‌وه‌ تاوردتر) ئاگاداریه‌تی، هه‌روه‌ها له‌جێگایه‌كی تردا فه‌رموویه‌تی :

    (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِي لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَۖ عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ وَٱلشَّهَٰدَةِۖ هُوَ ٱلرَّحۡمَٰنُ ٱلرَّحِيمُ (٢٢) هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِي لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلۡمَلِكُ ٱلۡقُدُّوسُ ٱلسَّلَٰمُ ٱلۡمُؤۡمِنُ ٱلۡمُهَيۡمِنُ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡجَبَّارُ ٱلۡمُتَكَبِّرُۚ سُبۡحَٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشۡرِكُونَ (٢٣) هُوَ ٱللَّهُ ٱلۡخَٰلِقُ ٱلۡبَارِئُ ٱلۡمُصَوِّرُۖ لَهُ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰۚ يُسَبِّحُ لَهُۥ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِۖ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ (٢٤) {الحشر :22 – 24}

    واته‌ : خوا هه‌ر ئه‌و ذاته‌یه‌ بێجگه‌ له‌ئه‌و هیچ په‌رستراوێكی به‌هه‌ق نییه‌، زانای هه‌موو نهێنی و ئاشکراکانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ به‌خشنده‌ی میهره‌بان (22) خوا ئه‌و ذاته‌یه‌ بێجگه‌ له‌و هیچ په‌رستراوێكی به‌هه‌ق نییه‌، پاشا و پاك و بێگه‌رد و ئاشتی ده‌ر و دڵنیاکه‌ره‌ و چاودێر و پارێزگار و زاڵ وخاوه‌ن شکۆ و شایسته‌ی هه‌موو گه‌وره‌یی یه‌که‌ پاکی و بێگه‌ردی بۆ خوایه‌ له‌و هاوبه‌شانه‌ی که‌ بۆی دائه‌نرێ (23) هه‌ر ئه‌وه‌ خوا و به‌دیهێنه‌ر و داهێنه‌ر و وێنه‌ کێشه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ هه‌موو ناوێکی هه‌ره‌ جوان وپاك وبێگه‌رد، هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌وی دایه‌ ستایشی ئه‌و ده‌که‌ن وه‌ هه‌ر ئه‌‌وه‌ باڵا ده‌ستی کار به‌جێ .

    به‌ڵگه‌ له‌سوننه‌تی پیغه‌مبه‌ریشدا (صلی الله علیه وسبم) ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌بو هوره‌یره‌ (خوای لێ ڕازی بێت) ده‌یگێڕیته‌وه‌ و موسڵیمیش له‌صه‌حیحه‌كه‌ی خۆیدا ڕیوایه‌تی كردووه‌ : كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يأمرنا إذا أخذنا مضجعنا أن نقول اللهم رب السماوات ورب الأرض ورب العرش العظيم ربنا ورب كل شيء فالق الحب والنوى ومنزل التوراة والإنجيل والفرقان أعوذ بك من شر كل دابة أنت آخذ بناصيته اللهم أنت الأول فليس قبلك شيء وأنت الآخر فليس بعدك شيء وأنت الظاهر فليس فوقك شيء وأنت الباطن فليس دونك شيء اقض عنا الدين وأغننا من الفقر " { صحیح مسلم به‌ژماره‌ (2713)} واته‌ : پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رمانی پێكردین هه‌ركایتك كه‌ ڕۆشتینه‌ سه‌ر جێگا بۆ خه‌وتن بڵێین : ئه‌ی خوایه‌ په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان ، په‌روه‌ردگاری زه‌وی وپه‌روه‌ردگاری عه‌رشی گه‌وره‌ وبڵند، ئه‌ی په‌روه‌ردگارمان په‌روه‌ردگاری هه‌موو شتێك، ئه‌ی ده‌رخه‌ری هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ناوكێك، ئه‌ی دابه‌زێنه‌ری ته‌ورات و ئینجیل و فورقان (مه‌به‌ست پێی قورئانه‌) په‌نات پێده‌گرم له‌شه‌ڕ وخراپه‌ی هه‌موو زینده‌وره‌یك كه‌ تۆ پێشه ‌سه‌رت گرتبێت، ئه‌ی خوایه‌ تۆ یه‌كه‌میت وهیچ شتیك پیش تۆ نییه‌، وه‌ تۆ دواهه‌مینیت و دوای تۆ هیچ شتێك نییه‌، تۆ ئاشكرایت له‌سه‌روو تۆوه‌ هیچ شتێك نییه‌، وه‌ تۆ په‌نهانیت و له‌تر په‌نهان تر نییه‌، ئه‌ی خوایه‌ قه‌رزه‌كانمان بۆ بده‌ره‌وه‌ و له‌ هه‌ژاری بمانپارێزه‌ وده‌وڵه‌مه‌ندمانكه‌ لێی .

    ده‌قه‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆرن و ناتوانین هه‌موویان باس بكه‌ین وبیخه‌ینه‌ ڕوو .

    به‌ڵگه‌كانی بنه‌مای سێهه‌میش : كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ جۆره‌ هه‌وڵ و محاوه‌له‌یه‌ك نه‌دریت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ركی حه‌قیقه‌تی صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ی ته‌عالا بكرێت، چونكه‌ ئیدراك كردن وگه‌یشتنی مه‌خلوق به‌مه‌ كارێكی موسته‌حیل و نه‌گونجاوه‌، ئایه‌ت وفه‌رمووده‌كانی خوای گه‌وره‌یش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستیه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێت : ( يَعۡلَمُ مَا بَيۡنَ أَيۡدِيهِمۡ وَمَا خَلۡفَهُمۡ وَلَا يُحِيطُونَ بِهِۦ عِلۡمٗا ) {طه‌ : 110} واته‌ : خوا ده‌زانێ و ئاگاداره‌ به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ پێشیانه‌وه‌یه‌ (له‌ قیامه‌تدا چاوه‌ڕێیانه‌) وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ له‌ پاشیانه‌وه‌یه‌ (له‌ دنیادا کردوویانه‌) ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌رگیز ناتوانن ئاگاداری زانست و زانیاری بێ سنووری ئه‌و ذاته‌ ببن .

    هه‌ندێك له‌زانایان له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ئه‌ڵین : زانست وزانیاری مرۆڤه‌كان ناتوانێت ده‌رك به‌ په‌روه‌ردگاری ئاسمانه‌كان وزه‌وی بكه‌ن وده‌و‌ری بده‌ن وپه‌ی پی ببه‌ن، نه‌فی هه‌موو جۆره‌ ده‌رك كردن وده‌وره‌دان وپه‌ی پێ بردنێك ده‌كات له‌چۆنیه‌تیه‌كه‌ی .

    هه‌روه‌ها له‌و به‌ڵگانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ( لَّا تُدۡرِكُهُ ٱلۡأَبۡصَٰرُ وَهُوَ يُدۡرِكُ ٱلۡأَبۡصَٰرَۖ ) {الإنعام :103} واته‌ : چاوه‌کان په‌ی پێ نابه‌ن و ناتوانن بیبینن به‌ڵام ئه‌و هێزی بینین و چاوه‌کان ده‌بینێت.

    هه‌ندێك له‌ زانایان له‌باره‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌وه‌ ووتویانه‌ : " ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وپه‌ڕی ته‌واوی گه‌وره‌ی و بڵندی په‌روه‌ردگار بێگومان ئه‌و له‌هه‌موو شتێك گه‌وره‌تره‌، به‌ڕاستی له‌به‌ر ئه‌و په‌ڕی گه‌وره‌ی ئه‌و ذاته‌ هیچ شتێك ناتوێت ده‌ركی بكات وپه‌ی پێ به‌رێت به‌شێوه‌یه‌ك ئیحاطه‌ی بكات، چونكه‌ ئیدراك بریتیه‌ له‌ په‌ی پێ بردن و ئیحاطه‌ به‌و شته‌ زیاد له‌ بینین، په‌روه‌ردگار له‌ڕۆژی دواییدا ده‌بینرێت به‌ڵام ناتوانرێت ده‌ركی پێ بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌زارنێت وهه‌یه‌، وه‌ په‌ی به‌ زانست وزانیاری ئه‌و نابرێت " بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر مرۆڤی ژیر وخاوه‌ن بیروعه‌قڵ كه‌ بزانێت كه‌ ژیری مرۆڤ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌توانێت بگات به‌شته‌كات وده‌ركیان بكات، له‌دوای ئه‌وه‌ ئیتر ناتوانێت سنووری ببه‌زێنێت، هه‌روه‌ك چۆن هێزی بیستن وبینینی مرۆڤه‌كان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌توانن ببینن و ببیستن وله‌دوای ئه‌وه‌ ئیتر ده‌سته‌پاچه‌ ده‌بن له‌ده‌رك كردن و بیستن و بینینی شته‌كان، جا هه‌ركه‌سێك زۆر له‌خۆی بكات زیاد له‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ژیری ده‌ركی پێ بكات وه‌ك بیركردنه‌وه‌ له‌چۆنیه‌تی صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ وایه‌ زۆر له‌خۆی بكات كه‌ به‌چاوی ئه‌و دیووی دیوارێك ببینێت، یان بیه‌وێت ده‌نگێك له‌جێگایه‌كی زۆر دووره‌وه‌ ببیستێ .

    به‌م شێوه‌یه‌ هاتینه‌ كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌ تا به‌یه‌ك گه‌شتنه‌وه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بابه‌تێكی تری له‌م شێوه‌یه‌ به‌خواتان ده‌سپێڕم و خواتان له‌گه‌ڵ.