شه‌رحی فه‌رمووده‌ی (احفظ الله يحفظك)
پۆڵێنه‌كان
Full Description
شه‌رحی فه‌رمووده‌ی (احفظ الله يحفظك)
] kurdish – كوردی – كردي [
سومه‌یه عبد الله
پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز
2011 - 1433
﴿ شرح حدیث (احفظ الله یحفظك) ﴾
« باللغة الكردية »
سمية عبد الله
مراجعة: بشتيوان صابر عزيز
2011 - 1433
شه‌رحی فه‌رمووده‌ی (احفظ الله يحفظك)
خۆشه‌ویستان ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) كۆمه‌ڵێك وێستگه له ژیانی تاك و كۆمه‌ڵی موسڵماناندا پێكدێنێت و چه‌نده‌ها خاڵی گرنگ له بیروباوه‌ڕ و هه‌ڵوسوكه‌وت و زینده‌گی موسڵمان به‌رجه‌سته كردووه، شایه‌نه به‌وه‌ی به‌رده‌وام ئێمه بیخوێنینه‌وه و سه‌رنج و تێڕامانی قوڵی لێبده‌ین و له ژیانی خۆماندا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین.
ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه له دوو ڕیوایه‌ت و گێڕانه‌وه‌دا هاتووه به یارمه‌تی خوا ڕوونیان ده‌كه‌ینه‌وه.
ڕیوایه‌تی یه‌كه‌م
عبد الله بن عباس رضي الله عنهما قال كنت خلف النبي (صلى الله عليه وسلم ) يوما فقال يا غُلامُ إِنِّي أُعلِّمكَ كَلِمَاتٍ : « احْفَظِ اللَّهَ يَحْفَظْكَ احْفَظِ اللَّهَ تَجِدْهُ تُجَاهَكَ ، إِذَا سَأَلْتَ فَاسْأَل اللَّه ، وَإِذَا اسْتَعَنْتَ فَاسْتَعِنْ بِاللَّهِ ، واعلَمْ : أَنَّ الأُمَّةَ لَو اجتَمعتْ عَلَى أَنْ ينْفعُوكَ بِشيْءٍ ، لَمْ يَنْفعُوكَ إِلاَّ بِشَيْءٍ قَد كَتَبَهُ اللَّهُ لَكَ ، وإِنِ اجْتَمَعُوا عَلَى أَنْ يَضُرُّوك بِشَيْءٍ ، لَمْ يَضُرُّوكَ إِلاَّ بَشَيْءٍ قد كَتَبَهُ اللَّه عليْكَ ، رُفِعَتِ الأقْلامُ ، وجَفَّتِ الصُّحُفُ { رواه الترمذي وقال :حديث حسن صحيح، الترمذي (٢٥١٦)، أحمد (١/٣٠٣) } .
ڕیوایه‌تی دووه‌م
احفظَ اللَّهَ تَجِدْهُ أَمَامَكَ ، تَعَرَّفْ إِلَى اللَّهِ في الرَّخَاءِ يعرِفْكَ في الشِّدةِ ، واعْلَمْ أَنّ مَا أَخْطَأَكَ لَمْ يَكُنْ لِيُصيبَك، وَمَا أَصَابَكَ لمْ يَكُن لِيُخْطِئَكَ واعْلَمْ أنّ النَّصْرَ مَعَ الصَّبْرِ ، وأَنَّ الْفَرَجَ مَعَ الْكَرْب ، وأَنَّ مَعَ الْعُسرِ يُسْراً {رواه أحمد (١/٣٠٧)، والحاكم (٣/٦٢٤)} .
ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه له ڕهوانبێژترینی وه‌سێت و ڕاسپارده‌كانی پێغه‌مبه‌ره (صلی الله علیه وسلم) ئه‌وه‌ته پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) هه‌روه‌ك له ڕیوایه‌تی یه‌كه‌میشدا هاتووه- به موقته‌زای ئایه‌تی: {إيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ } { الفاتحة : 5} فه‌رمان ئه‌دات به ئیبن عه‌بباس خوا لێی رازی بێت كه هه‌ر ده‌بێت ئه‌و زاته داوای لێ بكرێت و ئومێد‌و هیوا هه‌ر به‌و بێت، هه‌ر ئه‌و زاته شایه‌نی به‌ندایه‌تییه، هه‌روه‌ها ده‌بێت داوای یارمه‌تی و كۆمه‌ك هه‌ر له‌و بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌وێت پشت هه‌ر به‌و ببه‌سترێت، وه ئێمه نیازمهندو هه‌ژاری په‌روه‌ردگارین له ناسینی و ناسینی ئه‌و حه‌قه‌ی به‌ومان ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ئێمه هه‌ژارو نیازمه‌ندی یارمه‌تی و عه‌ونی ئه‌وین تاكو به‌رده‌وام و جێگیر بین له‌سه‌ری.
مانای {احفظ الله يحفظك} (خوا بپارێزه خوا ده‌تپارێزێت)، چۆن مرۆڤ ئه‌وه‌ی له نێوان خوێ و خوادایه ده‌یپارێزێت، چۆن ده‌توانێت مانای ئه‌م فه‌رمووده‌یه به‌جێ بێنێت؟
ئه‌وه كاتێك ده‌بێت كه تۆ شه‌رعی خوا بپارێزیت و له سنووره‌كانیدا بوه‌ستیت، به زانست و كار‌و ده‌عوه‌و بانگه‌واز پێی هه‌ڵسیت.
ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوادا بوو خواش له‌گه‌ڵیدایه: { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ تَنصُرُوا اللَّهَ يَنصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ } {محمد:٧} واته : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمانتان هێناوه، ئه‌گه‌ر ئێوه خوا سه‌ربخه‌ن خواش ئێوه سه‌ر ئه‌خات و پێتان جێگیر ده‌كات.
جا هه‌ر كه‌سێك خوای سه‌رخست، له‌گه‌ڵ خوادا بوو، ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره سبحانه‌وتعالی له‌گه‌ڵیدایه‌و پاڵپشتییه‌تی و ئه‌یپارێزێت.
مانای (إذا سألت فاسأل الله ) واته : ئه‌گه‌ر پرسیارت كرد، هه‌ر له خوا پرسیاو داوا بكه، لێره‌دا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ئه‌سڵ و بنه‌مایه‌كی گه‌وره له ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی داده‌نێت، ئه‌وه‌یش پرسیاركردن و ڕووكردنه په‌روه‌ردگاره، مرۆڤ به‌سرووشتی خۆی هه‌ژارو نیازمه‌نده، هه‌موو دروستكراوێك له‌م دنیایه‌دا به سرووشتی خۆی هه‌ژاره‌و پێویستی به جگه له خۆی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندترین ده‌وڵه‌مه‌ندانی دنیا پێویستییان به جگه له خۆیان هه‌یه‌و به ته‌نها بێ ده‌وروبه‌ریان ناتوانن زینده‌گی بكه‌ن، ئه‌بینیت كه خاوه‌ن سامان و ماڵ و كورسی و ده‌سه‌ڵاته‌و خۆی به شتێكی زۆر گه‌وره ده‌زانێت، به‌ڵام له ڕاستیدا پێویستی به موچه خۆرهكهیهتی كاری بۆ ڕاپهرێنێێ، پێویستی به سه‌ربازو كه‌سانی چوارده‌وریه‌تی و خۆی به ته‌نها هیچی بۆ ناكرێت، كه‌واته نیازمه‌نده به‌و موچه‌خۆره‌ی له بن ده‌ستیدایه‌و به‌و سه‌ربازه‌ی له خزمهتیدایهو هه‌روه‌ها..
كه‌واته: پێویستی و نیازمه‌ندی هاوه‌ڵی مرۆڤه، هه‌ژاری شتێكی زاتی مرۆڤه‌و لێی جیا نابێته‌وه، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ژاره پێویستی به داوا‌و پرسیار هه‌یه له جگه له خۆی، لێره‌وه كه‌سانێكی زۆر سه‌ریان لێ دهشێوێو له جگه له سه‌رچاوه‌ی خۆیه‌وه داوا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ته له بریتی ئه‌وه‌ی له خوا سبحانه‌وتعالی داوا بكه‌ن، داوایان له بت و به‌ردو دار‌و مردووه‌كان دهكردو هاواریان لێ ده‌كردن، له‌به‌ر ئه‌وه پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئه‌م بنه‌ما گه‌وره‌یه له بنه‌ماكانی یه‌كخواپه‌رستی ڕوون ده‌كاته‌وه‌و ده‌فه‌رموێت: ( إذا سألت فاسأل الله، وإذا استعنت فاستعن بالله) هه‌روه‌ك له سووره‌تی فاتیحه‌دا ده‌فه‌رموێت : {إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} { الفاتحة : 5} جا هه‌ركاتێك داوامان كرد، داوا له خوا ئه‌كه‌ین، جا ئه‌م عیباده‌تانه هه‌موویان دوعا‌و پاڕانه‌وه‌ن، هه‌موویان ته‌وسول و بههۆكارگرتنن، هه‌موویان داوالێكردنن، هه‌رده‌بێ له گه‌ڵ به‌ندایه‌تیماندا ئیستیعانهوه داوای كۆمه‌ك بكه‌ین، ده‌یپه‌رستین و ههرداواش له‌و ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها داوای كۆمه‌ك و ئیستیعانهش هه‌ر له‌و ده‌كه‌ین سبحانه‌وتعالی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌یه به ته‌واوی مانای ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه‌ی { إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} { الفاتحه : 5} له خۆ گرتبێت.
پاشان ئه‌م مانایه ڕوون ئه‌كاته‌وه كه په‌یوه‌ندی به قه‌ده‌ره‌وه هه‌یه‌و ئه‌فه‌رموێت: ( واعلم أن الأمة لو اجتمعوا على أن ينفعوك بشيء، لم ينفعوك إلا بشيء قد كتبه الله لك) واته : بزانه كه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئوممه‌ت كۆ ببنه‌وه تاكو سوودێكت پێ بگه‌یه‌نن، پێت ناگه‌یه‌نن مه‌گه‌ر به شتێك نه‌بێت كه خوا بۆتی نووسیوه، ئه‌گه‌ر هه‌رچی له ئاده‌میزادو په‌ری هه‌یه كۆ ببنه‌وه‌و بیانه‌وێت به هه‌ر شتێك بێت سوودێكت پێ بگه‌یه‌نن، سوودبه‌خشت ناكه‌ن ته‌نها مه‌گه‌ر به‌وه نه‌بێت كه خوا له‌سه‌رت نووسیویه‌تی، له سه‌ره‌تاو كۆتاییدا فه‌زڵ و گه‌وره‌یی هه‌ر بۆ ئه‌و زاته‌یه، لێره‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر مرۆڤێك ئه‌مه‌ی بزانیایه‌و لێی دڵینا بوایه، له‌ڕاستیدا ئاڕاسته‌ی ژیانی ده‌گۆڕاو به‌جۆرێكی تر له ژیاندا زینده‌گی و مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد.
وه هه‌روه‌ها بزانه كه: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی هه‌موو به‌گشتی كۆ ببنه‌وه تاكو زیانێكت پێ بگه‌یه‌نن، پێت ناگه‌یه‌نن مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێت كه خوا له‌سه‌رتی نووسیوه، ئه‌مه‌ش كه ڕیوایه‌ته‌كه‌ی تر ڕوونی كردۆته‌وه: (واعلم أن ما أخطأك لم يكن ليصيبك، وما أصابك لم يكن ليخطئك) وه بزانه ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی كردیت تووشت نایه‌ت، وه ئه‌وه‌ش تووشت هات هه‌ڵه‌ت ناكات هه‌ر بۆت دێت) هه‌رچییه‌ك بگره‌و بێنه بوترێت، وه‌ك (ئه‌گه‌ر ئه‌و بوایه) یان (ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه)، (ئه‌گه‌ر وام بكردایه وا ده‌بوو) (ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م نه‌كردایه ئه‌وه‌م تووش نه‌ده‌هات هیچ سوودێكی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌رگای شه‌یتان ده‌كاته‌وه، وه ئێمه جڵه‌وگیریمان لێ كراوه له وتنی وشه‌ی (ئه‌گه‌ر –لو-)، چونكه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر لاوازی ئیمان به قه‌ده‌ر، ئیمانداران ناڵێن: ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وه‌مان بكردایه، یان ئه‌گه‌ر وامان بگوتایه.. و جگه له‌م قسانه‌ی دیكه‌ش، به‌ڵكوو ده‌ڵێن: ئه‌وه ته‌قدیری خوای له‌سه‌ر بووه‌و ئه‌وه‌ی ویستی له‌سه‌ر بوبێت كردویه‌تی (قدر الله و ما شا‌ء فعل)، وه ده‌زانن ئه‌وه‌ی تووشیان دێت هه‌ڵه‌یان ناگات، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : { قُلْ لَنْ يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلانَا وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ }{التوبة:٥١} هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : {مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الأَرْضِ وَلا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا } {الحديد:٢٢} واته: پێش ئه‌وه‌ی كه دروستی بكه‌ین، جا ئه‌گه‌ر مرۆڤ تووشی خراپه‌و موسیبه‌تێك هات ئه‌وه له‌سه‌ریه‌تی بزانێت كه خوا سبحانه‌وتعالی به په‌نجا هه‌زار ساڵ پێش ئه‌وه‌ی زه‌وی و ئاسمانه‌كان دروست بكات له‌سه‌ری نووسیوه، جا ئیتر بۆچی ئه‌گه‌ر بێ هیوای و ته‌نگه‌شه ڕووی تێ كرد ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م بكردایه وا ده‌بوو؟! یان ئه‌گه‌ر وام نه‌كردایه وا نه‌ده‌بوو؟! وه له‌وانه‌شه كه‌سێك توڕه ببێت و خۆی گرژ بكات و سكاڵای خۆی له خوای تعالی بكات و بڵێ: خوا ئه‌وه‌ی پێ كردم، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر نووسیم؟! خوای گه‌وره پێش ئه‌وه‌ی زه‌وی و ئاسمانه‌كان درووست بكات به په‌نجا هه‌زار ساڵ ئه‌مه‌ی له‌سه‌ر نووسیویت، جا ئیتر بۆچی لای بێتوانایهكی وه‌ك خۆت سكاڵا له خوا ده‌كه‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئه‌ویش به هه‌مان شێوه پێش په‌نجا هه‌زار ساڵ هه‌مان شتی له‌سه‌ر نووسراوه كه چی به‌سه‌ر دێت و ڕه‌نگه له‌تۆش زیاتر ته‌نگه‌شه‌ی ژیان تووشی بێت؟!
مانای فه‌رمووده‌ی دووه‌م : پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : (احفظ الله تجده أمامك) هه‌روه‌ك له ڕیوایه‌ته‌كه‌ی تردا ده‌فه‌رموێت: (احفظ الله تجده تجاهك) ئه‌گه‌ر به‌نده‌ی خوای خۆی پاراست، واته: فه‌رمان و سنووره‌كانی په‌روه‌ردگاری پاراست، له‌و شوێنانه نه‌بینرا كه نه‌هی لێ كردووه، له‌و جیگایانه ده‌بینرا كه فه‌رمانی پێ داوه، ئه‌وه به‌وه ئه‌و پله‌یه به‌ده‌ست دێنێت، ئه‌ویش كه خوای گه‌وره ده‌یپارێزێت، وه ئه‌بینێت كه په‌روه‌ردگاری یارمه‌تیده‌رو پاڵپشتی ده‌بێت و ته‌وفیقی ده‌دات و له‌گه‌ڵیدایه، هه‌روه‌ك سوننه‌تێكی خواییه‌و ده‌فه‌رموێت : { إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَالَّذِينَ آمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ يَقُومُ الأَشْهَادُ } {غافر:٥١} ئه‌مه وه‌عدو په‌یمانی خوایه‌و پێچه‌وانه‌و موخاله‌فه‌ی تێدا نییه به هیچ جۆرێك، هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵ خوادا بێت، فه‌رمانی خوا به‌جێ بێنێت، خواناس و به ته‌قوا بێت، چاودێر‌و ئاگادار بێت له په‌روه‌ردگاری؛ ئه‌وه بێ گومان خوای گه‌وره ده‌یپارێزێت و به‌رگری لێ ده‌كات و پاڵپشتییه‌تی، ته‌وفیقی ئه‌دات بۆ گوێڕایه‌ڵی و عیباده‌تی زیاتر.
پاشان پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت: { تعرّف إلى الله في الرخاء يعرفك في الشدة } واته : خوا بناسه له كاتی خۆشی‌دا، ده‌تناسێت له‌كاتی ناڕه‌حه‌تی و ته‌نگانه‌دا..... لێره‌دا خاڵێكی گرنگ هه‌یه، كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆیه پێی له‌سه‌ر ئه‌مه داگرتووه، چونكه ناسین و ڕووكردنه خوا له كاتی ته‌نگه‌شه‌و ناڕه‌حه‌تیدا موسڵمان و بێباوه‌ڕ تێیدا به‌شدارن، هه‌روه‌ك خوای باڵاده‌ست له حاڵ و ئه‌حواڵی كافراندا بۆمانی باس ده‌كات؛ كه كاتێك سواری كه‌شتییه‌ك ده‌بن شه‌پۆلی توند له‌ملاولاوه ته‌نگیان پێ هه‌ڵده‌چنێ، ئا له‌و كاته‌دا هه‌رچی له‌وه‌و پێش باوه‌ڕیان پێی بووه و هاواریان لێ كردوو وازی لێ دێنن و ڕوو ده‌كه‌نه خوا، بهدڵسۆزانهوه هاواری لێ ده‌كه‌ن و ده‌پاڕێنه‌وه، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: {فَإِذَا رَكِبُوا فِي الْفُلْكِ دَعَوْا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ فَلَمَّا نَجَّاهُمْ إِلَى الْبَرِّ إِذَا هُمْ يُشْرِكُونَ} {العنكبوت:٦٥} به‌ڵام كاتێك ڕزگاریان بوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌مان كاری پێشویان و له بیریان ده‌چێته‌وه.
به‌ڵكوو خوای گه‌وره هه‌واڵی داوه كه كافره‌كان له نێو توند‌و سه‌ختی سزای دواڕۆژدا ئاوات ده‌خوازن دووباره بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دنیا، داوا له خوای متعال ده‌كه‌ن كه بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دنیا به‌ڵكوو كرده‌وه‌ی چاكه‌ی تێدا بكه‌ن، به‌ڵام خوای گه‌وره ڕوو به‌وان ده‌فه‌رموێت: { وَلَوْ رُدُّوا لَعَادُوا لِمَا نُهُوا عَنْهُ } {الأنعام:٢٨} واته : خۆ ئه‌گه‌ر گه‌ڕێنرانه‌وه (بۆ ژیانی دنیا) ئه‌وه به دڵناییه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌و (كرده‌وانه‌ی) نههییان لێ كرابو، ئه‌وانه له ناواخن و ده‌روونیاندا ڕیشه‌ی داكوتاوه كه ته‌نها و ته‌نها له كاتی كاره‌سات و سه‌ختیدا خوا ده‌ناسن و به‌س؛ كاتێك دنیا له‌سه‌ریان هاته‌وه یه‌ك، گشت ڕێگه‌كانیان لێ داخرا، هیچ په‌ناو ڕزگاركهرێكیان نه‌دیه‌وه؛ ئیتر له‌و كاته‌دا بیریان دێته‌وه كه هه‌ر خوای گه‌وره‌یه په‌نای پێ ده‌برێت و هاواری لێ ده‌كرێت، ته‌نها داوا هه‌ر له‌و ده‌كرێت و هیچ شه‌ریك و هاوه‌ڵێكی نییه، نه لات، نه عوززا، نه هوبه‌ل؛ چونكه ئیتر له‌وێدا ده‌زانن كه ته‌نها خوای تعالی دێت به ده‌م به‌نده‌كانیه‌وه‌و هاواریان وه‌رده‌گرێت.
پێشه‌وای (موجه‌دید ) شێخ موحه‌ممه‌دی كوڕی عبدالوهاب ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت، باس له‌وه ده‌كات كه: هاوه‌ڵگیرانی ئه‌م سه‌رده‌مه سهختگریترو ملنهدهرترن له هاوه‌ڵگیرانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر صلىالله علیه وسلم، چونكه هاوه‌ڵگیرانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ته‌نها له كاتی خۆشی و ئیسراحهتیاندا هاواریان ده‌كرده بوت و خواكانیان، به‌ڵام هاوه‌ڵگیرانی ئه‌م سه‌رده‌مه له كاتی خۆشی و ناخۆشیشدا هه‌ر هاوار ده‌كه‌نه جگه له خوا په‌نا به‌خوا.
به‌ڵام ئیمانداران ئه‌وانه‌ن كه له حاڵه‌تی خۆش و خۆشنودهییاندا خوا ده‌ناسن و هاواری لێ ده‌كه‌ن و لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌و ده‌یپه‌رستن، خۆیانی لێ نزیك ده‌كه‌نه‌وه، ئاواتیان ڕازیبونی خوایه، له كاتی خۆشی‌دا خۆیان له تاعه‌ت و به‌ندایه‌تی بۆ خوادا به‌كار دێنن، جا كاتێ ناخۆشی و ته‌نگه‌شه‌و سه‌ختی هات به‌سه‌ریاندا خوا له بیریان ناكات و رزگاریان ده‌كات، دهروویان لێ ده‌كاته‌وه و كاریان بۆ ئاسان ده‌كات.
نموونه‌ی ئه‌مه چیرۆكی ئه‌و سێ كه‌سه‌یه كه چونه ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌وه ده‌رگاكه‌یان به‌سه‌ردا داخرا، ئه‌مانه له كاتی خۆشی و ئیسراحهتیاندا به دڵسۆزانه خوایان ده‌ناسی و به‌ندایه‌تیان بۆ دهكردو له ڕه‌زامه‌ندی خوادا بوون، كاتێكیش ته‌نگه‌شه‌و سه‌ختی و ناڕه‌حه‌تی هات، به‌و كرده‌وه چاكانهیان تهوسولیان بۆ لای خوا كرد، خوای گه‌وره‌ش نه‌جاتی دان و ڕزگاری كردن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كاتێ ناڕهحهتییهكه ڕووی دا‌و ئه‌وكات مرۆڤ سوێندی خوارد‌و وتی: ئه‌گه‌ر ڕزگارت كردم ئه‌وه ته‌وبه ئه‌كه‌م له زیناكردن... یارمه‌تی ستهملێكراوو هه‌ژاران ده‌ده‌م، یان حه‌قی خاوه‌ن حه‌ق ده‌ده‌مه‌وه، ئه‌وه ئه‌وكات هیچ به ده‌رد ناخوات و سوودی نییه.
ڕاسته خوای گه‌وره دێ به ده‌م زۆر بۆ هاتووه‌وه كاتێك هاواری لێ ده‌كات، به‌ڵام ئیماندار له گه‌وره‌ی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه، په‌روه‌ردگاری به‌خشنده‌و خاوه‌ن كه‌ره‌م، ده‌ست ئه‌كات به كردنی چاكه‌و پاداشتی لای خوا ون نابێت، خوای ته‌عالا پاداشتی چاكهكهران ون ناكات؛ جا ئه‌گه‌ر ته‌نگه‌شه‌و ناههموارییهك هاته ڕێی ئیماندار، ئه‌وه خوای گه‌وره ده‌رووی لێ ئه‌كاته‌وه‌و له بیری ناكات، مرۆڤیش هه‌رده‌بێ تووشی موسیبه‌ت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیان ببێت؛ جا له كاتی زینده‌گیدا بێت یان له‌دوای مردنی؛ چونكه ئه‌گه‌ر هات ومرد تووشی توندی و ناڕه‌حه‌تی دێت له مردنه‌كه‌یدا، یان له ڕۆژی حه‌شرو گردبونهوهیدا، ڕۆژی قیامه‌ت، له‌وێدا ئینجا كه‌س ڕزگاری نابێت مه‌گه‌ر كه‌سێك له‌وه‌و پێش شتی باشی چاندبێت و كاری كردبێت، به پارێز‌و كاری چاكه‌و خواناسی له په‌روه‌ردگارو گه‌وره‌ی خۆی نزیك بوبێته‌وه.
جا له‌سه‌ر مرۆڤه كه سوور و به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی له ژیانیدا خوای خۆی بناسێت، تاكو پاشماوه‌و كاریگه‌ری ئه‌وه له گۆڕه‌كه‌یدا به‌دی بكات، له كاتی شیده‌ت و ته‌نگه‌شه‌ی گه‌وره، له‌كاتی وه‌ستان له مه‌حشه‌رو عه‌ره‌سات، كاتێك وشه بێتوانایه له گوزراش لێی و باسكردنی.
جا ئه‌مه وه‌سێتی پێغه‌مبه‌ره (صلی الله علیه وسلم) بۆ تۆبه‌كاران و گه‌راوه‌كان و ملكهچان و پارێزكاران، ئه‌وانه‌ی كار ئه‌كه‌ن و كۆشش ئه‌كه‌ن و دڵنیان له‌وه‌ی كه بۆ لای په‌روه‌ردگاریان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، نه كات و وه‌رزی خێر‌و چاكه‌یان له‌ده‌ست ده‌چێت، وه نه كاتی له‌ش ساغی و گه‌نجی و لاوێتییان.. له كیسیان ناچێت چونكه خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ڕۆژی ناڕه‌حه‌تی و ته‌نگه‌شه‌یی، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئاسان و سانا دێته پێش ده‌ستیان له‌كاری چاكه‌و خواناسی هۆكاره‌كانی ته‌قوا، بۆ ئه‌و ڕۆژه پێویستیان پێیه‌تی و نیازمه‌ندن پێی.
مانای فه‌رمووده‌ی: (واعلم أن ما أخطأك لم يكن ليصيبك) واته : پاشان پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: {واعلم أن ما أخطاك لم يكن ليصيبك، وما أصابك لم يكن ليخطئك} وه بزانه ئه‌وه‌ی لێت هه‌ڵه ده‌بێت (بۆ تۆ نابێت) نابێته به‌ش و نسیبت، وه ئه‌وه‌ش تووشت هاتووه لێت هه‌ڵه نابێت هه‌ر بۆت دێت هه‌روه‌ك له ڕیوایه‌ته‌كه‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه‌و ده‌فه‌رموێت: (واعلم أن الأمة لو اجتمعوا على أن ينفعوك بشيء، لم ينفعوك إلا بشيء قد كتبه الله لك، ولو اجتمعوا على أن يضروك بشيء، لم يضروك إلا بشيء قد كتبه الله عليك) ئه‌مه هاوشێوه‌ی فه‌رمووده‌ی خوایه كه ده‌فه‌رموێت:{قُلْ لَنْ يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا } {التوبة:٥١}، ئا به‌م شێوه‌ن ئیمانداران؛ ئه‌زانن ئه‌وه‌ی كه تووشیان دێت له خێر‌و شه‌ڕ، له‌وه‌یه كه خوا له‌سه‌ری نووسیون یان بۆی نووسیون، وه به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌ره‌نجامه‌كه له ته‌قواو گه‌ڕانه‌و ملكه‌چبوون بۆ خوای متعال خۆی ده‌بینێته‌وه.
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئیمانداران واز له هۆكاره‌كان بێنن، به‌ڵكوو ئه‌رك و پێوسته له‌سه‌ریان كه هۆكاره‌كان بگرنه به‌ر، به‌ڵام باش ئه‌زانن كه ئه‌و هۆكارانه خۆیان نین كه به‌ڵاو موسیبه‌تیان له‌سه‌ر لا ده‌بات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی نایهێڵێت و لایده‌بات خوای ته‌عالایه، وه هه‌ر ئه‌وه كه له ئه‌زه‌لدا نووسیویه‌تی كه ئه‌و كاره نابێت ڕوو بدات.
وه له حاڵه‌تی به‌رامبه‌ردا: (وما أصابك لم يكن ليخطئك) واته: ئه‌گه‌ر هاتو شتێكت تووش هات و پێت ناخۆش بوو مه‌ڵێ: ئه‌گه‌ر من ئه‌وه‌م بكردایه واده‌بوو یان وا نه‌ده‌بوو، یان ئه‌وه‌م تووش نه‌ده‌هات، وه وا گومان مه‌به كه به هۆی پیلانی خه‌ڵكه‌و ئه‌و كاره هاتۆته ڕێت، یان خه‌ڵكی ویستویانه ئه‌و خراپه‌یه‌ت تووش ببێت، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئه‌مانه هۆكارانێكن خوا دروستی كردوون، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و نییه كه ئه‌وكاره‌ی كردووه، وه ئه‌گه‌ر خوا هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه له سه‌ری نهنوسیبیتایه هیچ شتێك ڕووی نه‌ده‌دا، پاشان هه‌رچه‌نده هۆكاره‌كان بگریته به‌رو ئیحتیا‌ت بخه‌یت، ئه‌وه‌ی خوا له‌سه‌رتی نووسیوه هه‌رده‌بێ ڕوو بدات و بێته جێ.
پاشان سه‌لات و سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێت :( واعلم أن النصر مع الصبر) وه بزانه كه سه‌ركه‌وتن له ئارامی و خۆڕاگریدایه سه‌ركه‌وتن ئاواتی هه‌موو كه‌سێكه، خوای باڵاده‌ستیش سه‌ركه‌وتنی به ئارامی و خۆڕاگرییه‌وه به‌ستووه، ئه‌گه‌ر نا سه‌ركه‌وتن نییه، عاده‌ته‌ن سهكهوتنیش له ناو جه‌نگ و مه‌یدانی شه‌ڕدا ده‌بێت، جا ئایا ئێمه مه‌گه‌ر له شه‌ڕو جه‌نگدا نین؟! وه هه‌موو خه‌ڵكی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش باوه‌ڕیان به خوای په‌روه‌ردگار نییه ده‌ڵێن: جه‌نگی ژیان، ملمانێی ژیان.. ناخۆشی و ئاسته‌نگه‌كانی ژیان، ئه‌مه‌ش هه‌قه، ئه‌وانه له جه‌نگدان له‌گه‌ڵ ده‌روونی خۆیاندا، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی و پاره‌و ساماندا، له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك‌دا؛ ژیان به‌ڕاستی جه‌نگ و ململانێیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له داهاتودا ده‌یباته‌وه ئیمانداره، وه ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌وێت سه‌ركه‌وین له‌سه‌رمانه به ئارام و خۆڕاگر بین، به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی بانگه‌واز بۆ لای خوا ده‌كات، فه‌رمان ئه‌دات به چاكه‌و به‌رگری له خراپه ده‌كات: {وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ } {لقمان:١٧} فه‌رمان بده به چاكه‌و جڵهگیری له خراپه بكه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه تووشت دێت به ئارم به خوای گه‌وره بۆ پێشه‌وایه‌تی له دیندا دوو مه‌رجی داناوه كه هه‌ر ده‌بێ ده‌سته‌به‌ر ببن ئه‌وجا ئه‌و پێشه‌وایه‌تییه دێته جێ،ناته‌واوی له‌كه له ههریهكێكاندا به‌دی هات، ئه‌و پێشه‌وایه‌تییه خه‌له‌لی تێ ده‌كه‌وێت و به‌جێ نایه‌ت، ئه‌و دوو مه‌رجه‌ش: ئارامی و دڵنیایی (الصبر و الیقین)ن، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: {وَجَعَلْنَا مِنْهُمْ أَئِمَّةً يَهْدُونَ بِأَمْرِنَا لَمَّا صَبَرُوا وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يُوقِنُونَ} {السجدة:٢٤} ئه‌وه‌ته ئه‌وانه‌ی له نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌م دوو مه‌رجه‌یان به‌جێ هێنا ئیمامه‌ت و پێشه‌وایه‌تی ئایینی‌یان پێ درا.
كه‌واته هه‌رده‌بێت خۆڕاگر‌و به ئارام بین ( واعلم أن النصر مع الصبر )بێگومان عه‌ره‌بیش وتویه‌تی : (بين النصر والهزيمة صبر ساعة ) واته : له نێوان سه‌ركه‌وتن و ڕووخاندا سه‌عاتێك خۆڕاگرییه، ئه‌وه‌ته عه‌نته‌ره‌ی كوڕی شهددای سوارچاكی ناسراوی سه‌رده‌می نه‌فامی كاتێك پرسیاری لێ ده‌كه‌ن: به‌چی به‌سه‌ر نهیارهكانتدا زاڵ بویت؟ ده‌یگووت: زۆرانبازیم له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نه‌كردووه مه‌گه‌ر وتومه: ئێسته هه‌ڵدێم و را ئه‌كه‌م، پاشان وتومه: تۆزێكی تر چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م ڕه‌نگه ئه‌و راكات و بڕوخێت، به‌م جۆره ڕووخاوه‌و هه‌ڵهاتووه، ئیتر به‌م شێوه‌یه من سه‌ركه‌وتنم به‌ده‌ست هێناوه.
جا به‌م شێوه‌یه مرۆڤ خۆی ڕابێنێ له‌سه‌ر خۆڕاگری تا خوای گه‌وره ده‌رگای لێ ده‌كاته‌وه‌و ڕووخان و شكست له لای به‌رامبه‌ریه‌وه ده‌بینێت، لاكه‌ی به‌رامبه‌ریش له نه‌فس و شه‌یتان و دونیا‌و هه‌واو ئاره‌زووه‌كانی مرۆڤ و دوژمنی شه‌ڕدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌فه‌رموێت: (وأنّ الفرج مع الكرب) واته : وه ده‌روو لێكرانهوه له‌گه‌ڵ ته‌نگه‌شه‌و ناڕه‌حه‌تیدایه،
وورد به‌ره‌وه له‌م ڕهوانێژییه پێغهمبهرایهتییهو سه‌یرێكی واقع و ژیانی خه‌ڵكی بكه، بڕوانه خه‌ڵكی چۆن به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت هه‌میشه ده‌روو لێكراوه بن و هیچ ته‌نگه‌شه‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ك ژیانێان نهژاكێنێ، هه‌میشه ده‌یانه‌وێت ئاسانكاری و چاكه‌یان ڕوویان تێ بكات و له ته‌نگه‌شه‌و ئازاره‌كان ڕا ئه‌كه‌ن، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) لێكی نزیك كردونه‌ته‌وه‌و پێكه‌وه گرێی داوون، جا ئه‌گه‌ر تۆ سه‌ركه‌وتنت ده‌وێ ئه‌وه له‌گه‌ڵ خۆڕاگری و ئارامیدایه، ئه‌گه‌ر دهرووكرانهوهت ئه‌وێت ئه‌وه له گه‌ڵ ته‌نگه‌شه‌و ناڕه‌حه‌تیدایه، ناكرێت ده‌رووت لێ بكرێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی تووشی كه‌رب و ناڕه‌حه‌تی نه‌یه‌یت، موقته‌زای ئه‌مه: ئه‌گه‌ر هاتوو تووشی ته‌نگه‌شه‌و ده‌ردو ناڕه‌حه‌تییه‌ك هاتیت و سه‌برو ئارامیت له‌سه‌ر گرت، ئه‌وه بێگومان هه‌ر خۆشیت بۆ دێت و ده‌رووت لێ ده‌كرێته‌وه.
پاشان ده‌فه‌رموێت: {وأنّ مع العسر يسراً} وه له‌گه‌ڵ ناڕه‌حه‌تیدا ئاسانكاری هه‌یه، ئه‌مه‌ش له‌وه‌یه كه خوای گه‌وره به‌نده ئیمانداره‌كانی پێ تایبه‌تمه‌ند كردووه، ئه‌وانه كه له گه‌ڵ ئه‌و گشته ناڕه‌حه‌تی و كۆسپانه‌ی دێنه ڕێیان ئارامگر‌و خۆڕاگرن، سه‌یری خۆڕاگری پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) و هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كانی بكه، ئه‌وه‌ته پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئه‌شكه‌نجه ده‌درا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یگوت: خوا په‌روه‌ردگارمه، هه‌روه‌ك ئه‌بوبه‌كر خوا لێی ڕازی بێت فه‌رمووی: (أتقتلون رجلاً أن يقول: ربي الله؟).
ئایا پیاوێك ئه‌كوژن كه ده‌ڵێ الله په‌روه‌ردگارمه؟!] ئه‌م وته‌یه‌ش ئیمانداره‌كه‌ی ئالی فیرعه‌ون له پێشدا ڕوو به فیرعه‌ون و تاقمه‌كه‌ی وتبوی، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت : {وَقَالَ رَجُلٌ مُؤْمِنٌ مِنْ آلِ فِرْعَوْنَ يَكْتُمُ إِيمَانَهُ أَتَقْتُلُونَ رَجُلًا أَنْ يَقُولَ رَبِّيَ اللَّهُ } {غافر:٢٨} هه‌روه‌ها هاوه‌ڵه‌كانیش خوا لێیان ڕازی بێت، ئه‌شكه‌نجه‌و سزا ده‌دران و ده‌رده‌كران و ئیهانه‌و بێ‌ڕێزییان پێ ده‌كرا؛ چونكه ده‌یانگوت: الله په‌روه‌ردگارمانه، ته‌نانه‌ت كاتێكیش كۆچیان كرد به‌ره‌و حه‌به‌شه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له وڵاتی نامۆیی و هه‌نده‌ران بوون و تووشی بێزاری و بێتاقه‌تی و دووری له وڵات و كه‌س و كار هاتن، به‌ڵام قوڕه‌یش هه‌ر وازی لێ نه‌هێنان و شاندێكی نارد بۆ حه‌به‌شه بۆ لای نه‌جاشی پێیان وت: ئه‌مانه ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌كه‌مان بوون و ئه‌وه‌ی ئێمه له‌سه‌ری بوین وازیان لێ هێناوه، داوات لێ ئه‌كه‌ین كه بیانگه‌ڕێنیته‌وه بۆ لامان!
سبحان الله!! به‌م شێوه‌یه مرۆڤ زۆری لێ ده‌كرێت و ملكه‌چ ده‌كرێت كه دان به ناهه‌قدا بێنێت، ئازادی لێ زه‌وت ده‌كرێت؛ چونكه ده‌ڵێت: الله په‌روه‌ردگارمه، ئه‌وانیش جگه له ئارامی و خۆڕاگری و ته‌حه‌موول هیچی تریان زیاد نه‌كرد.
هه‌روه‌ها له به‌در، له ئوحود، له خه‌نده‌ق، له حونه‌ین، له ته‌بووك، وه له شوێنانی دیكه‌ی جگه له‌وانه‌ش خۆ ڕاگرو بهئارم بوون و وه‌ك كێ‌و له‌به‌ر ده‌م ته‌وژم و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌فامیدا وه‌ستابوون.
ژیانی خۆی و هاوه‌ڵه‌كانی سه‌لامی خوای لێ بێت هه‌مووی میحنه‌ت و ده‌ردیسه‌ری و ناڕه‌حه‌تی و تاقیكردنه‌وه بوو، به‌ڵام ئارامییان گرت، ئینجا له پاشاندا ئاسانی و خۆشی له لایه‌ن پهروهردگارییانهوه ڕووی تێكردن، دونیا به‌ره‌و ڕوویان هات، خوای گه‌وره كردنییه میراتگری موڵك و ده‌سه‌ڵاتی كیسراو قه‌یسه‌ر، په‌یمانی له‌وه‌ش گه‌وره‌تری پێ دان، ئه‌ویش كه به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خۆیه‌تی، چونه به‌هه‌شته‌كه‌یه‌وه كه واده‌ی پێ به به‌نده چاكه‌كانی داوه، ئه‌وانه‌ی كه یه‌كه‌م كه‌سێكن كه ده‌گه‌نه ئه‌و واده‌و په‌یمانی خوایه سبحانه‌وتعالی.
كه‌واته: ئه‌م فه‌رمووده‌یه له كۆی وه‌سێت و ڕاسپێرییه‌كانی پێغه‌مبه‌ره (صلی الله علیه وسلم) كه پێویسته له‌سه‌رمان لێی ورد بینه‌وه‌و جوان سه‌رنجی بده‌ین، به فیڕۆی نه‌ده‌ین و پشت گوێی نه‌خه‌ین.
وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم