×
بێوه‌ژنیى بریتییه‌ له‌ قه‌یرانێكى ده‌روونى و كۆڵایه‌تى سه‌خت ، ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ پێناسه‌ كردنى ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ڕووى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ، له‌ كۆتاییشدا هه‌ندێ چاره‌سه‌رى گونجاو پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌.

    ئافره‌ت له‌پاش مردنى مێرده‌كه‌ى

    چۆن درێژه‌ به‌ ژیانى بدات

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ئیحسان بورهان الدین

    پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2011 - 1432

    ﴿ كيف يواصل الأرامل حياتهم بنجاح ﴾

    « باللغة الكردية »

    إحسان برهان الدين

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2011 - 1432

    ئافره‌ت له‌پاش مردنى مێرده‌كه‌ى

    چۆن درێژه‌ به‌ ژیانى بدات

    بێوه‌ژنى قه‌یرانێكى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ى تووشى ده‌بێت، جا چۆن تێپه‌ڕێت به‌ سه‌لامه‌تى و بێوه‌ژنان بتوانن درێژه‌ به‌ژیانیان بده‌ن.

    كاتێك مێرد یان هاوسه‌ره‌كه‌ى وه‌فات ده‌كه‌ن، هه‌موان به‌مه‌به‌ستى دڵنه‌وایى و سه‌ره‌خۆشى ده‌وره‌یان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى ڕۆژانى ماته‌مینى و ته‌عزێ، ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نها ده‌بێته‌وه‌و، له‌گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا ده‌ژێت و تاڵى ته‌نهایى و دله‌ڕاوكێ له‌ داهاتوو ده‌چێژێت، ئیئنجا بێوه‌ژنى یان مردنى یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كان له‌ كاتى پیریدا كاره‌ساتێكى زۆر ناخۆشه‌و ڕووداوێكى دڵته‌زێن و گرفتێكى قورسه‌، چونكه‌ له‌ كاتێكدایه‌كه‌ مرۆڤ له‌ ئه‌وپه‌ڕى پێویستیدایه‌ به‌ هاوڕێ و هاوده‌م و یارمه‌تیده‌ر، به‌شێوه‌یه‌كى گشتیش پیاوان زیاتر تووشى په‌ژاره‌و وكاریگه‌ریى ده‌بن، بۆیه‌ ده‌بینى زووتر ده‌گه‌نه‌ هاوسه‌ره‌كانیان پاش له‌ دونیا ده‌رچوونیان.

    به‌ڵام له‌ واقیعدا قه‌یرانى بێوه‌ژنى بارێكى قورسه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ تاكو پیاوان، زۆر جاریش مێرده‌كان له‌ پێشدا ده‌مرن، بۆیه‌ هاوسه‌ره‌كانیان ناچار ده‌بن ڕۆڵى ئه‌وانیش ببینن و مناڵ به‌خێو بكه‌ن و ئارام بگرن سه‌باره‌ت به‌ دیدى كۆمه‌ڵگا بۆ ئافره‌تێكى بێ مێرد، كه‌ ده‌بینیت چاودێریى هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستێكیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌كانیشیان له‌ سه‌ر ده‌ژمێرن !

    به‌ لاى هه‌ندێكه‌وه‌ ژیانى ئافره‌ت بریتییه‌ له‌كۆمه‌ڵێك له‌ چاوه‌ڕوانى، چاوه‌ڕوانى شووكردن ده‌كات، ئینجا مناڵبوون و گه‌وره‌بوونیان و ژنهێنان وشووكردنیان، بۆیه‌ ئافره‌ت- به‌تایبه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگاى خۆماندا- زۆرێك له‌ هیواكانى ده‌به‌سێته‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌، له‌و هاوسه‌ره‌ش چاوه‌ڕوانه‌ كه‌ ببێته‌ به‌خێوكه‌ر و پشتیوان و هه‌موو شتێك.

    ئالێره‌وه‌ ده‌بینین هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوسه‌رێتى – واته‌:بێوه‌ژن بوون- ده‌بێته‌ مایه‌ى تاڵى چه‌شتنێكى ده‌روونى و عاتیفى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى، قووڵتر له‌وه‌ى كه‌ له‌لاى مێرد درووست ده‌بێت له‌ كاتى مردنى هاوسه‌ره‌كه‌ى، پیاو به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر پیر بێت، به‌مردنى خێزانه‌كه‌ى تووشى ناڕه‌حه‌تى و گیروگرفتى به‌ڕێوه‌بردنى ماڵ و شتى له‌و جۆره‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بینیت ناچار ده‌بێت ژن بهێنێت. به‌ڵام ئافره‌ت به‌مردنى مێرده‌كه‌ى قۆناغێك له‌ ناهاوسه‌نگى و گۆشه‌گیرى بۆ درووست ده‌بێت، بۆیه‌ یان ده‌بێت خۆڕاگر بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت هه‌ڵسێت به‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى و به‌خێوكردنى مناڵكانى به‌ هه‌وڵ و كۆششێكى زۆر بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و شڵه‌قانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ڕۆڵى دایك و باوك پێكه‌وه‌ ببینێت، یان ئه‌وه‌یه‌ تووشى هه‌ره‌س و ڕووخان بێت وخۆى به‌ده‌ستى زۆرێك له‌و ئازارانه‌ وه‌ بدات.

    بێوه‌ژن تووشى ئازار ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ى زۆر پرسیار كه‌ له‌ لایه‌نى مناڵه‌كانییه‌وه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرێن و نازانێت چۆن وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، ئه‌وان ده‌پرسن باشه‌ بۆ باوكمان دواكه‌وت؟ قه‌یناكا با به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئایا باوكم له‌ ئێمه‌ عاجز بووه‌، بۆچى باوكم كوژرا؟ دایه‌ پێى بڵێ بابگه‌ڕێته‌وه‌ زۆر بیرى ده‌كه‌م، ئایا له‌ جه‌ژن دێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان بێت؟ كوا سه‌یاره‌كه‌ى؟ باوكم مۆبایله‌كه‌ى له‌ ماڵ به‌جێهێشتووه‌، بۆچى جله‌كانى باوكمیان برد؟ بۆچى باوكى هاوڕێكانم له‌ دایه‌نگه‌ یان له‌ قوتابخانه‌ دێن ده‌یانبه‌نه‌وه‌ به‌ڵام باوكم نایه‌ت؟ تا كۆتایى ئه‌و پرسیاره‌ ئازار به‌خشانه‌.

    جارێكى تر ده‌یبینین ئازار ده‌چێژێت به‌هۆى ته‌ماشاكردنى به‌زه‌یى ئامێزى هه‌ندێك له‌وانه‌ى ئاماده‌ى ماته‌مینییه‌كه‌ ده‌بن، یان له‌و كاته‌ى وه‌فاتنامه‌ى مێرده‌كه‌ى وه‌رده‌گرێت و كێشه‌ى دارایى بۆ درووست ده‌بێت و جارى وا هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ خزمان ته‌ماعى میراتى مێرده‌كه‌ى ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها تووشى ئازارو فشارى ده‌روونى ده‌بێت كاتێك ده‌چێته‌ نێو كۆمه‌ڵگا به‌بێ هه‌بوونى مێرد كه‌ڕۆڵى پۆشاكێك ده‌بینێ بۆ داپۆشینى كه‌مووكوڕییه‌كانى، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ترسێت خه‌ڵكى به‌ خراپه‌ ته‌ماشاى بكه‌ن و باسى بكه‌ن، ڕۆژانه‌ش یادگارییه‌كانى مێرده‌كه‌ى ئێش و ئازارى ده‌ده‌ن له‌ كاتێكدا هه‌موو شتێك له‌ ده‌ورو به‌رى ئه‌وى وه‌بیر ده‌هێننه‌وه‌، هاوكات تووشى گیرۆده‌ییه‌كى سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌ به‌هارى ته‌مه‌نیدا بێت، له‌ نێوان شووكردن و ترس و دڵه‌رَاوكێ له‌ سه‌ر دواڕۆژى مناڵه‌كانى.

    له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كێشه‌و فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر لابه‌رێت، ئه‌وه‌ بێت باوك و دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ یان یه‌كێكێكیان له‌ ژیاندا بن، چونكه‌ كۆمه‌ڵگا جارى واهه‌یه‌ شووكردنى بێوژن به‌ جۆرێك له‌ بێ وه‌فایى به‌رانبه‌ر مافى ئه‌و مێرده‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، بێگومان ئه‌م دیده‌ش له‌ڕووى شه‌رعییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئینجا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت شوو بكات و مناڵى هه‌بێت، كێشه‌ى به‌خێوكردنى مناڵه‌كه‌ى بۆ درووست ده‌بێت، یان جارى وا هه‌یه‌ كه‌س و كارى مێرده‌ مردووكه‌ به‌ هۆى مناڵكانه‌وه‌ داوا له‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ ده‌كه‌ن شوو به‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ بكات، له‌وانه‌شه‌ خۆشه‌ویستى بۆ مناڵه‌كانى و ترسى له‌ سه‌ر دواڕۆژیان زاڵبێته‌ سه‌ریدا، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نى بۆ ئه‌وانى ته‌رخان بكات وو شوو نه‌كات، هاوكات ده‌شترسێت پاش هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ى له‌ چاودێریكردنى مناڵكانیدا به‌سه‌ریبرد، ژن بهێنن وبه‌ ته‌نها به‌جێى بهێڵن، یان له‌گه‌ڵیاندا بژى به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ كه‌ میوانێكى قورس بێت له‌ لاى خێزانێك ن با خێزانى یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانیشى بێت، به‌ هۆى ئه‌مانه‌شه‌وه‌ده‌بینین زۆرێك له‌ بێوه‌ژنان (35% به‌ پێى هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌) دووچارى چه‌ندین نه‌خۆشى ڕووداو ده‌بن.

    - چۆن بێوه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتوویى درێژه‌ به‌ ژیانى بدات؟

    - سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌ سه‌ریان هاوسه‌نگى و جێگیربوون و هێمنى بۆ خۆیان به‌ دیبهێنن، له‌ ڕێگه‌ى عیباده‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى دڵه‌ڕاوكێ و ئاڵۆزبوون، چونكه‌ ژیان به‌ مردنى مێرده‌كه‌ى كۆتایى پێ نایه‌ت، هه‌موو ساتێكى ئه‌م ژیانه‌ش نیعمه‌تێكى خوایى به‌ نرخه‌، سته‌مه‌ به‌ زایه‌ بدرێت له‌ رَێگه‌ى خه‌م و ئازاره‌ وه‌، ده‌رگاى خه‌مه‌كان دابخه‌و په‌نجه‌ره‌ى ڕازیبوون بكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیشكى هێمنى و دڵنیابوون و ئارامیى بۆ خۆت و مناڵه‌كانت بێته‌ژووره‌وه‌.

    - پیویسته‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى ئه‌وتۆ كه‌ یارمه‌تیان بدات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ واقیعى تازه‌دا به‌ سه‌ركه‌وتوویى، پێویسته‌ بیرۆكه‌ى بێ ده‌سه‌ڵاتیى و بێ چاره‌یى ڕاوبنه‌ن و بیر له‌ سه‌ر به‌خۆیى وپشت به‌ كه‌سانى تر نه‌به‌ستن بكه‌نه‌وه‌.

    - بێوه‌ژنان پێویستیان به‌ هه‌ندیك كاته‌ بۆ ڕاهاتن له‌ گه‌ڵ ژیانى نوێیاندا ، پێویسته‌ له‌ سه‌ر مناڵكانیش جۆره‌كانى چاودێرى بۆ دایكیان بڕه‌خسێنن وچاكه‌ى باوكیشیان له‌م قۆناغه‌ ناڕه‌حه‌ته‌دا بگێڕنه‌وه‌ و خۆشه‌ویستى و سۆز بۆ دایكیان بنوێنن و بازنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان فراوان بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ درووست بووه‌ پڕى بكه‌نه‌وه‌.

    - بێوه‌ژن- له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى له‌ گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا بژێت- پیویسته‌ له‌ سه‌رى هه‌ندێ په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆخۆى سازبدات، وه‌كو فریاگوزارى په‌له‌ بۆ سارێژكردنى برینه‌كانى.

    - ئه‌گه‌ر ده‌سته‌به‌رى گونجاو ده‌ستنه‌كه‌وت له‌ كوڕ و باوك و براو كه‌سانى تر و، پێویستى مادى هه‌بوو، خۆیشى تواناى ئیشى هه‌بوو، بابگه‌ڕێت بۆ كارێكى گونجاو له‌گه‌ڵ تواناو شاره‌زاییه‌كانیدا، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجى پێویست بۆ خێزانه‌كه‌ى دابین بكات.

    - ئه‌گه‌ر بێوه‌ژن به‌ ئه‌مه‌ك بێت بۆ مێرده‌كه‌ى و كۆشش بكات له‌ پێناوى مناڵه‌كانیدا، سۆزویارمه‌تى و پشتگیریى به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ته‌واو كردنى گه‌شته‌كه‌ى له‌ په‌روه‌رده‌كردن و چاودێرى مناڵه‌كانى.

    - شووكردن بۆ ئافره‌ت مافێكى شه‌رعییه‌ پاش تێپه‌ڕبوونى عیدده‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى گه‌نجیدا بێت و مناڵى هه‌بێت پێویستى به‌ چاودێریى بێت له‌ چوارچێوه‌ى خێزانێكى ئاساییدا، بۆى هه‌یه‌ شوو بكات و مێردێكى باش هه‌ڵبژێرێت كه‌ له‌گه‌ڵیاندا باش بێت و لێپرسراوێتیان هه‌ڵگرێت، ئه‌و كه‌سه‌ش له‌ ماڵى خۆیدا هه‌تیو به‌ خێو ده‌كات، پله‌وپایه‌كى هه‌ره‌به‌رزى هه‌یه‌ له‌ دونیاو دواڕۆژدا ، پیویسته‌ له‌سه‌ر مناڵى پێگه‌یشتوویش بایه‌خ به‌دایكیان بده‌ن و چاكه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن و پشتگیرى بكه‌ن ئه‌گه‌ر ویستى شوو بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ له‌ كتێب و ڕۆژنامه‌كاندا ده‌رباره‌ى مێردى ئه‌و بێوه‌ژنه‌ى مناڵه‌كانى ده‌ركردووه‌ ،یان دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ مناڵكانى به‌خێو ناكات، ئه‌وانه‌ حاڵه‌تى ده‌گمه‌نن و پێوه‌ر نین بۆ هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگا له‌ شووكردنى بێوه‌ژن.

    - ئه‌گه‌ریش بێوه‌ژن بڕیارى شوونه‌كردنیدا، با به‌باشى چاودێریى مناڵه‌كانى بكات و بزانێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و له‌ كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، بازۆر به‌ سۆز وردبین بێت له‌ كاروباره‌كانیدا و ببێته‌ پێشه‌نگ بۆیان.

    - له‌ ڕووى هۆشیار كردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، پێویستى زۆرمان به‌به‌رنامه‌ى ڕۆشنبیرى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌ به‌ ئامانجى گۆڕینى تێڕوانینى سه‌لبى بۆ بێوه‌ژنان.

    له‌كۆتاییشدا....له‌سه‌رمانه‌ كه‌ش و هه‌ وایه‌كى وا بدۆزینه‌وه‌ نه‌ك هه‌رته‌نها ببێته‌ مایه‌ى چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى قه‌یرانى بێوه‌ژنى، به‌ڵكو ببێته‌ مایه‌ى په‌یداكردنى ژیانێكى ئاسووده‌ بۆى، له‌ جیاتى ئه‌وه‌ش كه‌ بێوه‌ژن باروكێشه‌یه‌ك بێت، یان له‌ په‌راوێزى كۆمه‌ڵگادا بێت، له‌ كاتێكدا خودى كۆمه‌ڵگا له‌و جۆره‌ى زۆر تێدایه‌، با ببێته‌ فاكته‌رێكى كاریگه‌ر بۆ درووستكردنى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ و هه‌ستیش نه‌كات جێگه‌ى به‌زه‌ییه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌، به‌ڵكو هاوبه‌شێكه‌ له‌ نێو ئه‌ندامه‌كانیدا و پێویسته‌ سوودمه‌ند بێت له‌ هه‌مواركردنى ژیانێكى سه‌ربه‌رزانه‌.

    -ئه‌م بابه‌ته‌م به‌ ده‌ستكارى وپوخته‌كردنه‌وه‌ له‌ بابه‌تێكى(ا.د.ناصر أحمد سنه‌) وه‌رگرتووه‌ له‌ سایتی ( صید الفوائد).