×
ئاماده‌كردنی: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ر جۆره‌ تاوان و لادانێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌وا به‌رگی تاوانی یه‌كێك له‌نه‌ته‌وه‌كانی پێشوو ده‌پۆشن و هه‌مان زنجیره‌ تاوانی گه‌لانی پێشین چه‌ندباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌... له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی گوناهو تاوان له‌ژیاندا: 1- بێبه‌ش بوون له‌زانست و زانیاری (حرمان العلم )... 2- بێبه‌ش بوون له‌رزق و ڕۆزی... 3- كاروباره‌كانی قورس و گران ده‌بێت... 4- تاریكییه‌ك ده‌بینێته‌وه‌ له‌دڵ و دورونیدا ،هه‌ستی پێ‌ ده‌كات وه‌ك چۆن هه‌ست به‌تاریكی شه‌وی تار ده‌كات... خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیه‌ له‌ دوو به‌ش به‌ هیوای سوود لێوه‌رگرتنی...

 

شوێنه‌واری گوناهو تاوان له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵ

به‌شی یه‌كه‌م

 

 

  

ده‌با ئه‌و راستییه‌ چاك بزانین، كه‌گوناهو تاوان كارێكی زیان به‌خشه‌و  زیان‌و خراپیه‌كانی له‌سه‌ر دڵ‌و ده‌رونی مرۆڤ وه‌ك زیانی ژه‌هر وایه‌ له‌سه‌ر لاشه‌، ئایا له‌دونیاو قیامه‌تدا چ خراپه‌و  ده‌ردو به‌ڵایه‌ك هه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ی گوناهو تاوان نه‌بێت !؟ گه‌رئاوڕێك له‌مێژوی مرۆڤایه‌تی بده‌ینه‌وه‌ ئه‌م راستیه‌ به‌رجه‌ستانه‌ به‌سانایی هه‌ست پێده‌كه‌ین، ده‌با بپرسین :

- چی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی باوك و دایكی مرۆڤایه‌تی( ئاده‌م و حه‌وا) له‌به‌هه‌شتی به‌رین  ده‌ربكرێن !؟ له‌ به‌هه‌شتێكه‌وه‌ كه‌ خانه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و نازو نیعمه‌تی بێئه‌ندازه‌یه‌، بۆماڵی دونیای پر له‌ئێش و ئازارو خه‌م و په‌ژاره‌و چه‌رمه‌سه‌ری.

- ئه‌ی چی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی (ابلیس)له‌ئاسمانه‌كان وه‌ده‌رنێت و نه‌فره‌تی خودای لێبكرێت !؟

- ئه‌ی چی بوه‌هۆی ئه‌وه‌ی ( قه‌ومی نوح ) نغرۆ بن‌و بخنكێن، تا ئه‌وه‌ی ئاو بگاته‌ ئاستی شاخه‌كان و سه‌ر زه‌وی داپۆشێت !؟

- ئه‌ی بۆچی( قه‌ومی عاد) خوای گه‌وره‌ بای توندی بوناردن و له‌ناوی بردن، ماڵو سامان و كێڵگه‌و كشتوكاڵ و به‌روبوم و ئاژه‌ڵه‌كانیان تیاچوون، بوونه‌ په‌ندو ئامۆژگاری بۆ مرۆڤایه‌تی تاڕۆژی دوایی !؟

- ئه‌ی چی بوه‌  هۆی ئه‌وه‌ی ( قه‌ومی ثمود)  خوای گه‌وره‌ له‌ به‌ره‌ به‌یاندا ناڵه‌و شریخه‌و ده‌نگێكی سامناكیان  بۆ بنێرێ‌ و ناخ و دڵ و ده‌رونیان بهه‌ژینێ و سه‌ره‌نجام هه‌موو  تیا بچن !؟

- ئه‌ی چی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ( قه‌ومی لوط) خوای گه‌وره‌ گوندو شاره‌كه‌یانی وێران كردو سه‌رو ژێری كردو به‌ردی به‌سه‌ریاندا باراند و له‌ناوی بردن، خوای گه‌وره‌ به‌چه‌ندین جۆر سزای دان, ئه‌م جۆره‌ سزایانه‌ش دوور نین بۆ گه‌ل و ده‌سته‌ی سته‌م كاران !؟!

- ئه‌ی چی بوه‌هۆی ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ سزای ڕۆژی هه‌ورو  سێبه‌ر (كه‌له‌ژێریدا ئاگر باران كران ) بنێرێت بۆسه‌ر( قه‌ومی شوعه‌یب)و به‌و نركه‌و ناڵه‌ و سزا سه‌خته‌ له‌ناویان ببات  !؟

- ئه‌ی چی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی  فیرعه‌ون و قه‌ومه‌كه‌ی له‌ ده‌ریادا بخنكێن و گیانیان به‌ره‌و دۆزه‌خ بڕوات ,لاشه‌یان بۆ خنكان و ڕوحیان بۆ سوتان !؟!

- ئه‌ی چی بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی  قارون خۆی و ماڵ‌و موڵك و كه‌سوكاری تیا بچن و بچن به‌ناخی زه‌ویدا؟ !

- ئه‌ی چی بوه‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌نی ئیسرائیل توشی كوشتن و بڕین و تاڵان و له‌ناو چوون و زه‌لیلی و كۆیلایه‌تی و چه‌ندین ناڕه‌حه‌تی تر بن !؟!

هه‌موو ئه‌مانه‌ بێ‌ سێ‌ ودوو كردن به‌رهه‌م و ده‌ره‌نجامی گوناهو تاوان و یاخی بوون و سه‌ركه‌شی وبێباوه‌ڕین .

ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ له‌یاد نه‌كه‌ین هه‌رجۆره‌ تاوان و یاخی بونێك، میراتی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی پێشو كه‌خوای گه‌وره‌ له‌ناوی بردن و كردنی به‌په‌ندو ئامۆژگاری بۆئه‌وانی دوای خۆیان، ئه‌وه‌تا نێربازی میراتی( قه‌ومی لوط) ه‌  خۆبه‌ گه‌وره‌ زانین و لوت به‌رزی و بڵاوكردنه‌وه‌ی خراپه‌ كاری له‌سه‌ر زه‌ویدا میراتی قه‌ومی فیرعه‌ونه‌، خۆبه‌زل زانین و جه‌به‌روت میراتی (قه‌ومی هود)ه‌ ...هتد .                      

ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ر جۆره‌ تاوان و لادانێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌وا به‌رگی تاوانی یه‌كێك له‌نه‌ته‌وه‌كانی پێشوو ده‌پۆشن و هه‌مان زنجیره‌ تاوانی گه‌لانی پێشین چه‌ندباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ .

ده‌ره‌نجامه‌كانی گوناهو تاوان له‌ژیاندا :

گوناهو تاوان و یاخی بون له‌خواو په‌یام و به‌رنامه‌ پیرۆزه‌كه‌ی، ده‌ره‌نجام و كاریگه‌ری خراپ و زیان به‌خشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دڵ و ده‌رون و لاشه‌ی مرۆڤ. زیانه‌كانی له‌دونیاو رۆژی دواییدا ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ مه‌گه‌رهه‌ر خوا خۆی بزانێت، له‌م ده‌ست پێكه‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێك له‌و ده‌ره‌نجامانه‌ ده‌ده‌ین به‌كورتی :

1- بێبه‌ش بوون له‌زانست و زانیاری (حرمان العلم ) :

زانست و زانیاری روناكیه‌كه‌و خوای گه‌وره‌ ده‌یخاته‌ نێودڵ و ده‌رونی مرۆڤی باوه‌ڕداره‌وه‌،گوناهو تاوانیش ئه‌و ڕوناكیه‌ گه‌شه‌ ده‌كوژێنێته‌وه‌.ئه‌وه‌تا كاتێك ئیمامی شافعی له‌خزمه‌تی ئیمامی مالیك دا ده‌بێت (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت )، ئیمامی مالیك دوای ئه‌وه‌ی گوێ‌ بیستی ئاستی زانستی و تواناكانی ئیمامی شافیعی ده‌بێت، سه‌ری سوڕ ده‌مێنێت له‌به‌هره‌و تواناو زیره‌كی و تێگه‌یشتنی ئیمامی شافیعی و پێی ده‌ڵێت: وای ده‌بینم خوای گه‌وره‌ روناكی و نوری خستۆته‌ نێو دڵ و ده‌رونته‌وه‌ ده‌تۆش به‌تاریكی تاوان مه‌یكوژێنه‌وه‌ ، مه‌به‌ستیش له‌بێبه‌ش بون له‌زانست زانستی به‌سوده‌ وه‌ك پێغه‌مبه‌ری ئازیز فه‌رمویه‌تی:( اللهم انی اسالك علما نافعا ) هه‌روه‌ها فه‌رمویه‌تی: (اللهم انی اعوذ بك من علم لاینفع ).

2- بێبه‌ش بوون له‌رزق و ڕۆزی :

گوناهو تاوان مرۆڤ بێبه‌ش ده‌كات له‌رزق و ڕۆزی و، به‌ره‌كه‌ت له‌رزق و رۆزیدا ناهێڵێت وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رمویه‌تی: (ان العبد لیحرم الرزق بالذنب یصیبه ) اخرجه احمد. به‌ڵام خوا په‌رستی و ته‌قوا به‌دیهێنه‌ری به‌ره‌كه‌ته‌ له‌رزق و رۆزیدا وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی: { وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجًا (2) وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ }سورة الطلاق/2و3.

3- كاروباره‌كانی قورس و گران ده‌بێت :

روو له‌هه‌ر شوێنێك ده‌كات ده‌رگای به‌رودا داخراوه‌و كاره‌كانی مه‌یسه‌ر نابێت.به‌ڵام خواناسان  په‌روه‌ردگار كاره‌كانیان بۆ سانا ده‌كات ، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی:{ وَمَنْ يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَلْ لَهُ مِنْ أَمْرِهِ يُسْرًا }سورة الطلاق/ 4.

4- تاریكییه‌ك ده‌بینێته‌وه‌ له‌دڵ و دورونیدا ،هه‌ستی پێ‌  ده‌كات  وه‌ك چۆن هه‌ست به‌تاریكی شه‌وی تار ده‌كات :

تاریكی تاوان له‌سه‌ر دڵ و ده‌رون وه‌ك تاریكی هه‌ستیار وایه‌ بۆچاوه‌كان ،گوێراِیه‌ڵی بۆخوا ڕوناكیه‌و تاوانیش تاریكیه‌. تا تاریكی دڵ و ده‌رون زیاد بكات سه‌ركه‌شی و یاخی بوون زیاد ده‌كات ومرۆڤ  ده‌كه‌وێته‌ نێو تۆڕی تاوان و لادانه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆی بكات، وه‌ك كوێرێك وایه‌ به‌شه‌وی تار به‌ته‌نهایی بڕوات. تاریكی دڵو ده‌رون گه‌ر به‌رده‌وام بێت شوێنه‌واری له‌ده‌م و چاوو ڕووی كه‌سه‌كه‌دا به‌سانایی ده‌رده‌كه‌وێت.

عبدالله ی كوڕی عباس خوایان لێ ڕازیبێت فه‌رمویه‌تی: (ان للحسنة‌ ضیاء في الوجه، ونورا في القلب ، وسعة‌ في الرزق ، وقوهة في البدن، ومحبة‌ في قلوب الخلق، وان للسیئة سواد في الوجة، وظلمة‌ في القلب، ووهنا في البدن، ونقصا في الرزق، وبغضا‌ في قلوب الخلق ).

5- هه‌ست كردن به‌ ته‌نیایی:

مرۆڤی تاوان بارو یاخی له‌خوای گه‌وره‌، هه‌ست به‌ته‌نهاییه‌ك ده‌كات له‌نێوان خۆی و خوادا هه‌روه‌ها له‌نێوان خۆی و خه‌ڵكانی تردا به‌تایبه‌ت كه‌سانی خواناس و چاكه‌ كار ،هه‌رچه‌ند ئه‌و ته‌نهاییه‌ (وحشه‌)زیاتر بێت ئه‌وا زیاتر دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌كۆڕو مه‌جلیسی پیاو چاكان و بێبه‌ش ده‌بێت له‌فه‌ڕو به‌ره‌كه‌ت و سود وه‌رگرتن لێیان، به‌پێی دور كه‌وتنه‌وه‌ی له‌حیزبی ره‌حمان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌حیزبی شه‌یتان .ئه‌و ته‌نهاییه‌ زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ریاو هه‌ست به‌ته‌نهایی ده‌كات له‌نێوان خۆی و خێزان و ماڵ و منداڵ و كه‌سوكارو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خۆشیدا، چونكه‌ دڵو ده‌رونی دڵنیایی و به‌خته‌وه‌ری له‌ده‌ست داوه‌،  ته‌نها به‌یادی خوا دڵه‌كان ئارام ده‌بن وهه‌ست به‌ته‌نهایی و خه‌مۆكی ناكه‌ن { أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ } سورة الرعد/28.

6- بێبه‌ش بون له‌عیباده‌ت و خوا په‌رستی :

گه‌ر تاوان هیچ سزایه‌ك و كاریگه‌رییه‌تیه‌كی تری نه‌بوایه‌، جگه‌ له‌بێبه‌ش بوون له‌عیباده‌ت و خوا په‌رستی ئه‌مه‌ی به‌س بوو، چونكه‌ به‌ تاوان خێرو عیباده‌ت و چا‌كه‌یه‌كی زۆر له‌كیس  ده‌چێت.

ده‌با به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خوا گیان، بگرینه‌ به‌رو خۆمان له‌گوناهو تاوان و گومڕایی بپارێزین و شه‌یتان فریومان نه‌دات، ئه‌م ووته‌ پرشنگداره‌ی خوا ناسانی پێشین بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی كارمان كه‌فه‌رموویانه‌: علیك بطریق الهدی ولا یضرنك قلة السالكین  وإياك وطرق الضلالة‌ ولا یغرنك كثرة‌ الهالكین.

به‌ڕێزان ده‌توانن به‌شی دووه‌م بخوێننه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی هاوپێچه‌كانی بابه‌ته‌كه‌دا.