×
له‌باسی ئه‌مجاره‌ماندا گفتگۆ له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌زۆر گرنگه‌وپه‌یوه‌ندی به‌دوارۆژی نه‌وه‌كانی ئێستامانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردنی خێزان ودیــارده‌ی ئــازاردانی منــداڵانه‌. گومانی تێدا نیه‌خێزان به‌یه‌كێك له‌پایه‌ئه‌ساسی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك داده‌نرێت، وه‌‌گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنیشی وه‌ستاوه‌ته‌سه‌ر ڕاده‌ی ڕۆشنبیری وبه‌ئاگایی خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌وپابه‌ندیان به‌په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاست ودروست وكامڵ له‌نێوان تاكه‌كانیدا ...

په‌روه‌رده‌كردنی خێزان ودیــارده‌ی ئــازاردانی منــداڵ

ئاماده‌كردنی : زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ندی

پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

﴿ تربية الأسرة وظاهرة إيذاء الأطفال ﴾

إعداد : زاكروس هموندي

مراجعة: بشتيوان صابر عزيز


 په‌روه‌رده‌كردنی خێزان ودیــارده‌ی ئــازاردانی منــداڵ

پاش سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ودرود وڕه‌حمه‌تی فراوان بۆ سه‌ر گیانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان محمد المصطفی.

خۆشه‌ویستان سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێ بێت وهه‌موو كاته‌كانتان هه‌ر شادی وخۆشی وكامه‌رانی بێت .

له‌باسی ئه‌مجاره‌ماندا گفتگۆ له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ زۆر گرنگه‌ وپه‌یوه‌ندی به‌ دوارۆژی نه‌وه‌كانی ئێستامانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردنی خێزان ودیــارده‌ی ئــازاردانی منــداڵانه‌ .

گومانی تێدا نیه‌ خێزان به‌ یه‌كێك له‌ پایه‌ ئه‌ساسی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك داده‌نرێت، وه‌‌ گه‌شه‌ كردن و پێشكه‌وتنیشی وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر ڕاده‌ی ڕۆشنبیری وبه‌ئاگایی خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ وپابه‌ندیان به‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاست ودروست وكامڵ له‌نێوان تاكه‌كانیدا .

خێزانیش ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌ پێدان وبه‌روه‌ پێشبردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ویش به‌‌ پارێزگاری كردن له‌و‌ فیطره‌ته‌ پاكه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ مرۆڤی له‌سه‌ر خه‌لق كردوه‌ له‌هه‌موو گۆڕین وده‌ستێوه‌ردانێك، له‌گه‌ڵ به‌هێز كردنی لایه‌نی خێر وچاكه‌ تیایدا، وه‌ بۆ ئه‌وه‌شی خێزان بتوانێت هه‌ڵسێت به‌و ڕۆڵه‌ی خۆی، پێویسته‌ خودی خێزان خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و بناغانه‌ دابمه‌زرێت كه‌ شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام فه‌رمانی پێكردوه‌ ونه‌خشه‌ی بۆ دراڕێژاوه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خێزانێك له‌ڕووی پێكهاته‌كانیه‌وه‌ به‌‌شێوه‌یه‌كی بته‌و گرێدراو به‌یه‌كه‌وه‌ دروست ببێت، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ڕووی كارو فه‌رمانه‌ په‌روه‌رده‌یی وكۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری وداب ونه‌ریته‌كانی ناو خێزانه‌وه‌ زۆر به‌ ڕوونی به‌دیار بكه‌وێت تاوه‌كو خێزان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی به‌هێز بنیان بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تاكێكی ئه‌ركی سه‌رشان ومافه‌كانی خۆی بزانێت، به‌مه‌ش ئامانجه‌كانی پێك هێنانی هه‌موو خێزانێك ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌رك وفه‌رمانی خێزان ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ ماف وئه‌ركه‌كانی نێوان پیاو ژن، به‌ڵكو مناڵانیش مافی خۆیان هه‌یه‌‌، هه‌ر له‌ كاتی له‌دایك بوونیانه‌وه‌ تا هه‌موو قۆناغه‌كانی تری ژیان، چونكه‌ ئه‌وانیش یه‌كێكن له‌ پێكهاته‌ ئه‌ساسیه‌كانی خێزان .

سه‌ركه‌وتنی هه‌موو خێزانێكیش له‌ پرۆسه‌ی پێشكه‌وتن وبه‌ره‌وپێشچوونی دامه‌زراندنی ڕیكخستنێكی تۆكمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌نده‌ له‌سه‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی :

یه‌كه‌م : سازاندنی كه‌ش وهه‌وایه‌كی له‌بار وگونجاوی خێزانی دوور له‌ هه‌موو كێشه‌ وگیر وگرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پێناو په‌روه‌رده‌ بوون وپه‌روه‌رده‌ كردنی مناڵان له‌ كه‌ش وهه‌وایه‌كی پڕ له ئارامی وئاسایش دوور له‌هه‌موو توند وتیژیه‌ك، تاوه‌كو مناڵان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست په‌روه‌رده‌ بكرێن كه‌ سوودو قازانج وخێر بۆ خۆیان و كۆمه‌ڵگاكه‌شیان بده‌نه‌وه‌ .

دووه‌م : له‌سه‌ر خێزان پێویسته‌ كه‌ هه‌موو هۆكاره‌كانی په‌روه‌رده‌ی ساغ ودروست بگرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست پێبگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ لێپرسراوی خێزانه‌كان له‌دایكان وباوكان زانیاری ته‌واویان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌، ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ڵسو كه‌وتی ڕۆژانه‌ وپه‌یوه‌ندی نێوان باوكان ودایكان له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانیاندا ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی جوان ڕه‌نگ بداته‌وه‌ .

به‌ڵام له‌به‌ر پێشكه‌وتن وگۆڕانكاری وگیر وگرفته‌كانی دونیای ئه‌مڕۆمان خێزان ولێپرسراوانی ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی كامڵ وته‌واو هه‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان به‌رامبه‌ر مناڵه‌كانیان، وه‌هه‌ندێك جار له‌به‌ر بارودۆخی جیاوازی نێو خێزانه‌كان ( كه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ به‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری وڕامیاری ) یه‌وه‌،  ئه‌م دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا ناتوانێت كه‌ش وهه‌وایه‌كی له‌بار وپڕ له‌ئارامی وئاسایش بۆ مناڵان فه‌راهه‌م بهێنن تاوه‌كو به‌وشێوه‌یه‌كی ته‌ندروست په‌روه‌رده‌ بكرێن، هه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ جیاوازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری وڕامیاری واده‌كه‌ن كه‌ خێزانه‌كان نه‌توانن هۆكاره‌ ساغ ودروسته‌كان بگرنه‌ به‌ر، جا هه‌ندێك جار ئه‌مه‌ له‌نه‌زانین وجه‌هلی خێزانه‌كانه‌وه‌یه سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌هه‌ندێك جاریش له‌ كه‌مته‌رخه‌می وگوێ پێ نه‌دانیانه‌وه‌، یان له‌ پیاده‌كردن وگرتنه‌به‌ری هۆكاری هه‌ڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك به‌كارهێنانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هۆكاری په‌روه‌رده‌كردنی‌ توند وتیژی ولێدان و هاواركردن وتووڕه‌ بوونی بێ هۆ،كه‌ كار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی به‌خراپ به‌سه‌ر مناڵه‌كاندا بشكێته‌وه‌ وكاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤانه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر سلوك ڕه‌وشتی ڕۆژانه‌یان، لێدان وهاواركردن وجنێودان وزبری نوادنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌گه‌ڵ مناڵدا، هه‌ندێك جار ده‌بێته‌ هۆی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ریان له‌لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و گوێ پێ نه‌دانه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌خێزانه‌كان گرتویانه‌ته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر مناڵه‌كانیاندا .

گومانی تێدا نیه‌ له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا قوربانی ئه‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ ئه‌و جیهانه‌ نه‌زیهو وپاك وبێگه‌رده‌ی مناڵانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێتو به‌شێوه‌یه‌كی دروست په‌روه‌رده‌ بكرێن، ژیانی خێزانی پڕ ده‌كه‌ن له‌ كه‌یف وخۆش وشادی، كه‌وابێت ئایا تاوان وگوناهی مناڵان چیه‌ له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا؟!

لێدان وئازاردان وبه‌هه‌ڵه‌ په‌روه‌رده‌كردنی مناڵان مێژویه‌كی دوور ودرێژی هه‌یه‌، خراپتیرنیان له‌ مێژووی كۆندا وه‌ك زینده‌ به‌چاڵكردنی كچان وئینكاری كردنی مناڵانی شیر خۆر وخۆنه‌كردن به‌خاوه‌نیان و وازلێهێنانیان تا ده‌مردن، یان خنكاندن وسوتاندنیان ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌‌ داب ونه‌ریتێكی نه‌گریس بوون كه‌ جێگای ڕه‌زامه‌ندنی خێڵ وهۆزه‌ جیاوازه‌كانی پێش هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوون له‌ته‌واوی جیهاندا، هه‌ر بۆنموونه‌ زینده‌ به‌چاڵكردنی كچان پێش ئیسلام له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانی سه‌رده‌می جاهلیه‌وه‌ زۆر باو بووه‌، یان جێهێشتنی ئه‌و مناڵانه‌ له‌ ده‌شت وچۆڵه‌وانیادا تا مردن یان خواردنیان له‌‌لایه‌ن ئاژه‌ڵانی دڕنده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاریان ببێت لێیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ جێگای ڕه‌زامه‌ندی دایك وباوكه‌كانیان نه‌بوون ، داب ونه‌ریتێك بووه‌ كه‌ ئیغریقه‌ كۆنه‌كان زۆر پیاده‌یان كردوه‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ مه‌بده‌ئو توجیهاته‌كانی پادشای ئیغریقه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ ( هلاریۆ ) ی پادشا فه‌رمانی كردوه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی كه‌ ناوی ( ئیلیس ) بووه‌ كه‌ كیژۆڵه‌كه‌یان له‌ ده‌شتێكی چۆڵدا به‌جێ بهێڵێت هه‌تاوه‌كو له‌برسانا ده‌مرێت یان ئاژه‌ڵێكی دڕه‌نده‌ ده‌یخوات بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ ڕزگاریان ببێت له‌ده‌ستی.

له‌گه‌ڵ هاتنی ڕۆژگار و گۆڕانی چه‌رخ وسه‌رده‌مه‌ یه‌ك له‌داوی یه‌كه‌كاندا، دیارده‌ی لێدان و ئازاردان وخراپ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ منالاندا شێوازی تری جیاوازی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، وه‌ك ده‌ستدرێژی كردنی سێكسی بۆ سه‌ریان  وفرشتن وبازرگانی كردن پێوه‌یان، یان فڕاندنیان له‌لایه‌ن بانده‌كانی مافیاو وبه‌كارهێنانیان له‌ كاری خراپ ونه‌شیاو چه‌ندان شتی تریش، به‌ڵام به‌ سه‌رنج دان ووردبوونه‌وه‌ له‌ بنه‌ما جوانه‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مناڵان جێگای گرنگی پێدان وخه‌مخواردنن له‌م ئاینه‌ ڕه‌بانی‌ وبه‌رز وبێ وێنه‌یه‌دا، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین ئاینی پیرۆزی ئیسلام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك حه‌رام وقه‌ده‌غه‌ی كردوه‌ كه‌ توند وتیژی وزه‌بر وزه‌نگ به‌كار بهێنرێت بۆ مناڵان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی پاك وبێگه‌ردی مناڵان تێكه‌ڵاو نه‌بێت له گه‌ڵ‌ هۆكاره‌كانی ترساندن وتۆقاندن كه‌ پاشتر كاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر سلوك وڕه‌وشتی له‌قۆناغه‌ جیا جیاكاندا، سه‌باره‌ت به‌مه‌ش فه‌رمووده‌یه‌كتان ده‌خه‌ینه‌ پێش چاو كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ووتانه‌ی كه‌ كردمان، ئه‌بوو هوره‌یره‌ ( خوای لێ ڕازی بێت ) ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) حه‌سه‌نی كوڕی ئیمامی عه‌لی ده‌لاوانده‌وه‌ وماچی ده‌كرد ( خوا له‌ خۆی وباوكی ڕازی بێت ) كه‌ ده‌كاته‌ كچه‌ زای پێغه‌مبه‌ر، له‌م كاته‌دا ئه‌قره‌عی كوڕی حابیسی لابوو، ووتی : من ئێستا ده‌ كوڕ وكچم هه‌یه‌ تا ئێستاش یه‌كێكیانم ماچ نه‌كردوه‌، پێغه‌مبه‌ریش ( صلی الله علیه وسلم ) به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ : ( من لا يَرحم لا يُرحم ) واته‌ : هه‌ركه‌سێك ڕه‌حم به‌كه‌سانی تر نه‌كات خوای گه‌وره‌ش ڕه‌حم به‌و ناكات ( ئیمامی بوخاری ئه‌م فه‌رموده‌یه‌ی ڕیوایه‌ت كردوه‌ ) .

كه‌واته‌ به‌ پێی ده‌قی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ سۆز وخۆشه‌ویستی نواندن ولاواندنه‌وه‌ی مناڵ هۆكارێكه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی خۆشه‌ویستی په‌روه‌ردگار، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو شه‌ریعه‌تی ئیسلام گرنگیه‌كی ته‌واوی داوه‌ به‌مافه‌كانی مناڵان هه‌ر له‌و كاته‌ی كه‌ دڵۆپه‌ ئاوێكه‌ له‌ ڕه‌حمی دایكیدا تا ئه‌و كاته‌ی باڵغ ده‌بێت وپاشتریش كه‌ له‌سه‌ر دایك وباوك پێویسته‌ ئافره‌تێكی داوێن پاكی ڕێك وپێكی گونجاوی بۆ ده‌ست بخه‌ن تاوه‌كو ئه‌وانیش خێزانێكی به‌خته‌وره‌یان لێ ده‌ربچێت، ئه‌م زنجیره‌ یه‌ك له‌داوی یه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو ده‌ستگرتن به‌ پاراستنی داب ونه‌ریت وخوو ڕه‌وشتی ئیسلامیمانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی دونیامان پڕ بێت له‌كامه‌رانی وژیانی دواڕۆژیشمان مسۆگه‌ر بكه‌ین به چوونه‌ به‌هه‌شتمان به‌ یارمه‌تی وئیزنی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست .

والسلام علیكم ورحمة‌ الله وبركاته