×
ئیسلام‬ پەیامێکی پوخت سەبارەت بە ئاینی ئیسلام بەو شێوەیەی لە قورئان وسونەتدا هاتووە‬‬‬‬‬

به ناوی خوای بەخشندە ومیهرەبان

‫ئیسلام

‫پەیامێکی پوخت سەبارەت بە ئاینی ئیسلام بەو شێوەیەی لە قورئان وسونەتدا هاتووە

(چاپێک بە بێ باسکردنی بەڵگەکان)

كتێبێکی گرنگە پێناسەیەکی پوختی ئاینی ئیسلامی لە خۆ گرتووە وڕوونکردنەوەى گرنگترین بنچینە وڕێنمایی وجوانییەکانى ئاینی ئیسلامی تێدایە لە قورئان وسونەتدا، وئەم کتێبە بۆ مسوڵمانان وبۆ نامسوڵمانانیش دەگونجێت بە زمانەکانیان لە هەموو کات وشوێنێک سەرەڕای جیاوازی حاڵ وبارودۆخ.

1. ئیسلام پەیامی خودایە بۆ هەموو خەڵکی، کۆتا پەیامی خودایە بۆ مرۆڤایەتی هەتا قیامەت بەرپا دەبێت.

2. ئیسلام ئاینێکی تایبەت نییە بە ڕەگەزێکی دیاریکراو یان گەلێکی دیاریکراو بەڵکو ئاینی خودایە بۆ هەموو خەڵکی.

3. ئیسلام پەیامی خودایە کە تەواوکاری پەیامی پێغەمبەرانی پێشووە -علیهم الصلاة والسلام- بۆ ئومەتەکانیان.

4. پێغەمبەران -علیهم السلام- یەک ئاینیان هەیە، بەڵام شەریعەتەکانیان جیاوازە.

5. ئاینی ئیسلام بانگەشە دەکات هەروەکو بانگەشەی پێغەمبەرانی پێشوو: نوح وئیبراهیم وموسا وسولەیمان وداود وعیسا -علیه السلام- بە ئیمان وباوەڕهێنان بەوەى کە پەروەردگار (الله) یە وئەو زاتە خوڵقێنەرە -الخالق-ە وڕۆزیدەرەوە -الرزاق-ە وژیان دەبەخشێت -المحيي-ە وزیندووەکان دەمرێنێت -الممیت-ە وهەموو شتێک موڵکی ئەوە -مالك الملك- وهەموو کاروباری بوونەوەرەکان ئەو بەڕێوەى دەبات وئەو زاتە مەزنە زۆر بەسۆزە -بەڕەئفەتە:الرؤف-ە ومیهرەبانە -الرحیم-ە.

6. الله -سبحانه وتعالى- خۆی پەروەردگارە وخوڵقێنەرە -الخالق-ە، وتەنها ئەو شایەنی پەرستنە بە بێ هیچ هاوبەش وشەریکێک، ونابێت لەگەڵ پەرستنی خودا هیچ شتێکی تر بپەرسترێت.

7. الله خوڵقێنەری هەموو شتێکە کە لە گەردوون وئاسمانەکاندا هەیە لەو شتانەى دەیانبینین ولەو شتانەش کە نایان بینین، هەموو شتێک جگە لە (الله) دروستکراوە ومەخڵوقە، وخواى گەورە ئاسمانەکان وزەوی لە شەش ڕۆژدا دروستکرد.

8. وخودا -سبحانه وتعالى- هیچ شەریک وهاوبەشێکی نییە نە لە موڵکیدا، نە لە خوڵقاندندا، ونە لە بەڕێوەبردندا، ونە لە پەرستندا.

9. و (الله) -سبحانه وتعالى- باوکی کەس نەبووە، ولە دایک نەبووە، بەڵکو لە سەرەتاوە هەر بوونی هەبووە، وهیچ شتێک هاوشێوەى ئەو زاتە مەزنە نییە.

10. خوای گەورە تێکەڵی هیچ شتێک نابێت وبەرجەستە نابێت لە هیچ یەکێک لە بوونەوەرەکانیدا، بەڵکو زاتێکی مەزن وپیرۆزە لە سەرەوەى بوونەوەرەکانە لە سەرەوەى عەرشی مەزنە.

11. (الله) -سبحانه وتعالى- بە ڕەئفەتە ومیهرەبانە بەرامبەر بە بەندەکانى بۆیە پێغەمبەرانی ناردووە وکتێبە ئاسمانیەکانی دابەزاندووە.

12. خودا (اللە) پەروەردگارێکی میهرەبانە (الرحیم)ە، وتەنها زاتی مەزنی خۆی لێپرسینەوە لە بەندەکان دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا کاتێک زیندوویان دەکاتەوە لە گۆڕەکانیان، بۆیە هەر کەسێک پاداشت دەدرێتەوە بە پێی کردەوەکەى خێر یان شەڕ بێت، ئەوەى ئیماندار بێت وکردەوەى چاک ئەنجامبدات ئەوا نیعمەت وئاسوودەیی بەردەوامى بۆ هەیە، وئەوەى کافر وبێباوەڕ بێت وکردەوەى خراپ ئەنجامبدات ئەوا سزایەکی مەزنی بۆ هەیە لە قیامەتدا.

13. خودا (الله) -سبحانه وتعالى- ئادەمی دروستکردن لە خۆڵ (قوڕ: گڵ) ونەوەکانى لە پاش خۆی زۆر دەبن، بۆیە هەموو خەڵکی بنچینەیان وەکو یەکە، وهیچ ڕەگەزێک فەزڵی بە سەر ڕەگەزێکی ترەوە نییە وهیچ گەلێک فەزڵی بە سەر گەلێکی ترەوە نییە؛ مەگەر بە پێی پلەی ئیمان وتەقواداری ولە خودا ترسی نەبێت.

14. هەموو منداڵێک لەسەر فیترەت لە دایک دەبێت.

15. هیچ مرۆڤێک بە گوناهباری وتاوانباری لە دایک نابێت ونابێتە میراتگری تاوانی هیچ مرۆڤێکی تر.

16. ومەبەست وئامانج لە دروستکردنی خەڵکی: بۆ پەرستنی خودایە بە تەنها بە بێ بڕیاردانی هیچ شەریک وهاوبەشێک.

17. ئاینی ئیسلام ڕێزی لە مرۆڤ گرتووە (بە پیاوان وئافرەتانەوە)، وهەموو مافێکی بە مرۆڤ داوە وکردوویەتی بە بەرپرسیار لەسەر بژاردەکانى وکردەوەکانى وهەڵسوکەوتەکانى ولێپرسینەوە وبەپرسیاریەتی خستووەتە ئەستۆ سەبارەت بە هەرکردەوەیەک کە زیان لە خۆی یان بە خەڵکی بگەیەنێت.

18. ولە ئاینی ئیسلامدا ئافرەت وپیاو یەکسانن لە ڕوانگەى بەرپرسیاریەتی وپاداشت وسزادان.

19. ئاینی ئیسلام ڕێزی لە ئافرەت گرتووە وئافرەتانی بە هاوتای پیاوان داناوە (مەگەر لە هەندێک حوکمی شەریعەت وئەو شتانە نەبێت کە پەیوەندی بە سروشتی پیاو وئافرەتەوە هەیە)؛ واجبی کردووە لەسەر پیاو کە خەرجی بکات ئەگەر لە توانایدا هەبوو، بۆیە باوک واجبە خەرجی بکات لەسەر کچەکانى، وکوڕەکان لەسەر دایک وخوشکیان ئەگەر باڵغ بوون وتوانایان هەبوو، وئافرەت لەسەر مێردەکەى.

20. مردن نەمان وتیاچوون نییە بۆ هەتاهەتایە، بەڵکو دەرچوونە لە شوێنی کردەوە ئەنجامدان بۆ شوێنی پاداشت وەرگرتن بە چاکە وخراپە، ومردن لاشە وڕۆح دەگرێتەوە، ومردنی ڕۆح ئەو کاتەیە کە لە لاشە جیا دەبێتەوە وپاشان بۆ دەگەڕێتەوە لە پاش زیندووبوونەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، ولە پاش مردن ڕۆح ناچێت بۆ نێو لاشەیەکی تر ودووبارە ژیانی نوێ ناژێت لە نێو لاشەی مرۆڤێکی تردا.

21. ئاینی ئیسلام بانگەشە دەکات بۆ باوەڕهێنان بە بنچینە مەزنەکانى ئیمان کە بریتیە لە: باوەڕهێنان بە خودا وفریشتەکان وکتێبە ئاسمانییەکان وەکو تەورات وئینجیل وزەبوور -پێش دەستکاری کردنیان وگۆڕینیان- وبە قورئان، وباوەڕهێنان بە هەموو پێغەمبەران وباوەڕهێنان بۆ کۆتا پێغەمبەر کە موحەمەدە -صلى اللە علیە وسلم-، وباوەڕهێنان ڕۆژی دوایی -قیامەت-، ودەبێت بزانین کە ئەگەر ژیانی دونیا کۆتایی بووایە وببڕایەتەوە وژیانێکی تر نەبووایە ئەوا بوونمان تەنها بۆ گاڵتە وگەپ وبێ هۆ بوو، وباوەڕهێنان بە قەزا وقەدەر.

22. وپێغەمبەران -علیهم السلام- پارێزراون (مەعسومن) لەو پەیامانەى کە دەیگەیەنن لە لایەن خوداوە، وهەروەها پارێزراون لە توشبوون بە هەرشتێک کە پێچەوانەی ئەقڵی تەندروست وڕەوشتی جوان بێت، وپێغەمبەران گەیاندنی پەیامەکانی خودایان پێسپێردراوە بۆ بەندەکانى، وپێغەمبەران هیچ تایبەتمەندییەکی پەروەردگارێتی یان خودایەتی (ئولوهیەت:پەرستن)یان نییە، بەڵکو ئەوان مرۆڤێکن وەکو هەموو مرۆڤەکان بەڵام جیاوازییان لەوەدایە کە خودا وەحییان (سروشیان) بۆ دەنێرێت کە پەیامەکانى خودای تێدایە.

23. وئاینی ئیسلام بانگەوازى دەکات بۆ تەنها پەرستنی خودا ئەویش بە بنچینەى پەرستنە مەزنەکان کە بریتین لە؛ 1/نوێژ کردن: کە پێکهاتووە لە وەستان -قیام- وڕکوع بردن وسوجدە بردن ویادی خودا وستایشکردنی ونزاکردن، کە مسوڵمان لە ڕۆژێکدا دەبێت پێنج جار نوێژ بکات، وهەموو جیاوازییەکان نامێنێت لە نوێژدا کاتێک هەژار ودەوڵەمەند وسەرۆک وخەڵکی هەمووی پێکەوە لە یەک ڕیزدا ڕادەوەستن بۆ ئەنجامدانى نوێژ. 2/ وزەکاتدان: ئەمیش ڕێژەیەکی کەمە لە سامان -بە پێی چەند مەرج وڕێژەیەک کە خواى گەورە بڕیاری لەسەر داوە- کە واجبە لە ساماندارەکان دەربهێندرێت وبدرێت بە هەژارەکان وئەو چینانەى کە دیاریکراوە لە شەریعەتدا لە ساڵێکدا یەک جار. 3/ ڕۆژووگرتن: بریتیە لە خۆگرتنەوە لە ئەو شتانەى ڕۆژوو دەشکێنن بە درێژایی ڕۆژەکانى مانگی ڕەمەزان، کە مرۆڤ خۆی پەروەردە دەکات لەسەر ئیرادەت وتوانا وئارامگرتن. 4/حەج کردن: ئەمیش بریتیە لە مەبەستی سەردانیکردنی ماڵی خواى گەورە بۆ جێبەجێکردنی هەندێک دروشم وپەرستنی دیاریکراو لە شاری مەککەی پیرۆز لەسەر ئەو کەسانە واجبە کە لە توانایاندا هەیە (توانایی دارایی وجەستەیی)، یەکێک لە جوانییەکانى حەجکردن ئەوەیە کە هەمووی بە یەک ئاراستە داوا لە خودا دەکەن وهیچ جیاوازییەک نامێنێت لە نێوان مرۆڤەکاندا چونکە هەموویان هەمان جلیان لەبەردایە وبە یەک شێوە پەرستنەکان ئەنجامدەدەن.

24. مەزنترین تایبەتمەندی پەرستنەکان لە ئیسلامدا ئەوەیە کە چۆنیەتی وکاتی ئەنجامدان ومەرجەکانیان خواى گەورە لە شەریعەتدا فەرمانی پێکردووە وپێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- گەیاندوویەتی، ومرۆڤ بە هیچ شێوەیەک دەستکاری وگۆڕانکاری تێدا نەکردووە نە بە زیاد کردن ونە بە کەمکردن هەتاوەکو ئەمڕۆش، وهەموو ئەم پەرستنە مەزنانە هەموو پێغەمبەران -علیهم السلام- بانگەوازییان بۆ کردووە.

25. پێغەمبەری ئیسلام ناوى موحەمەدی کوڕی عبداللەیە لە نەوەى ئیسماعیل کوڕی ئیبراهیمە -علیهم السلام- لە شاری مەککە لە ساڵی 571ز لە دایکبووە، ولە مەککە وەحی بۆ نێردرا وبوو بە پێغەمبەر، ولە پاشان کۆچی کرد بۆ مەدینە وبە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان بەشداری قەومەکەى نەبوو لە بت پەرستی وکارەکانى سەردەمی جاهیلیەت، تەنها لە کردەوە باشەکان بەشداریان بوو، وهەر لەسەر ڕەوشتی مەزن بوو پێش ئەوەى ببێت بە پێغەمبەر، وقەومەکەى بە (صادق الأمین) واتە (ڕاستگۆی دەستپاک) ناویان دەبرد، وخواى گەورە لە تەمەنی چل ساڵیدا وەحی بۆی نارد وبوو بە پێغەمبەر وپشتیوانی لێی کرد ویارمەتی دا ئەویش بە بەخشینی چەندەها ئایەت ونیشانە وموعجیزە ولە مەزنترینیان قورئانی پیرۆزە کە مەزنترین ئایەت وموعجیزەى پێغەمبەرانە وموعجیزەیەکە کە هەتاوەکو ئەمڕۆ ماوەتەوە، وکاتێک خواى گەورە ئاینەکەى بۆ کامڵ کرد وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاینەکەى وەکو خۆی بە کامڵی وجوانی گەیاند لە تەمەنی شەست وسێ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد ولە شاری مەدینە لە گۆڕ دانرا، وپێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- کۆتا پێغەمبەرە کە خواى گەورە ناردی بە هیدایەت وڕۆشنایی وئاینی هەق بۆ ئەوەى خەڵکی دەربهێنێت لە تاریکایی کوفر وبت پەرستی ونەزانین بۆ ڕۆشنایی ونوری تەوحید (یەکخواپەرستی) وئیمان، وخواى گەورە شاهێدی بۆ داوە کە ناردوویەتی بۆ بانگەوازی کردن بۆ لای خواى گەورە بە ئیزنی ئەو زاتە مەزنە.

26. وشەریعەتی ئیسلام کە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە کۆتا پەیام وشەریعەتی خودایە، وشەریعەتێکە لە ئەوپەڕی کامڵیدایە لە هەموو ڕوانگەیەکەوە، وهۆکاری چاکبوونی دینداری ودونیای خەڵکیە، وبە پلەی یەکەم پارێزگاری دەکات لە: ئاینی خەڵکی، وخوێنیان (نەفسیان)، وسامانیان، وئەقڵیان ونەوەکانیان، وئاین وشەریعەتی ئیسلام هەڵوەشێنەرەوەى هەموو ئاین وشەریعەتەکانى پێشووە (واتە: نابێت چیتر شەریعەت وئاینەکانى پێشووتر پەیڕەو وکردەوەیان پێبکرێت)؛ هەروەکو چۆن شەریعەت وئاینەکانى پێشووتر یەکتریان هەڵوەشاندنەوە لە ڕوانگەى پەیڕەو کردن وکردەوە پێکردن.

27. لە ڕۆژی قیامەتدا؛ خواى گەورە -سبحانه وتعالى- هیچ ئاینێک قبوڵ ناکات جگە لە ئاینی ئیسلام، ئەو ئیسلامەى کە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- پێی هاتووە، وهەرکەسێک شوێنی ئاین وبەرنامەیەکی تر بکەوێت جگە لە ئیسلام ئەوا لێی قبوڵ ناکرێت ولە دۆڕاوەکان دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا.

28. قورئانی پیرۆز کتێبی خودایە کە بە وەحی ناردی بۆ پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- و وتەی خودای پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکانە، وخودا ڕکابەرایەتی مرۆڤ وجنۆکەکانى کرد کە کتێبێک هاوشێوەى قورئان یان سورەتێک هاوشێوەى سورەتەکانى بهێنن وڕکابەرایەتیەکە بەردەوامە هەتاوەکو ئەمڕۆ، وقورئانی پیرۆز وەڵامی زۆر پرسیاری گرنگ دەداتەوە کە جێگای سەرگەردانى وسەرسوڕمانیە لە لای ملیۆنەها مرۆڤ، وقورئانی پیرۆز پارێزراوە هەتاوەکو ئەمڕۆ بەو زمانەى کە پێی دابەزیووە ئەویش زمانى عەرەبیە وتەنانەت پیتێکیشی لێ کەم نەبووەتەوە وچاپکراوە وبڵاوکراوەتەوە، وکتبێکی مەزنە وپڕە لە موعجیزە ودەبێت مرۆڤ بیخوێنێتەوە یان واتا وەرگێڕاوەکانى بخوێنێتەوە، وهەروەها سونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وفەرموودەکانی وفێرکردنەکانى وسیرەتی پارێزراوە وگێڕدراونەتەوە بۆمان بە پێی زنجیرەیەک لە گێڕەرەوەى متمانەپێکراو ولە چەندەها کتێبدا چاپکراون بە زمانى عەرەبی ئەو زمانەی کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- قسەی پێی کردووە و وەرگێڕدراون بۆ سەر چەندەها زمان لە جیهاندا، وقورئانی پیرۆز وسونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تاکە سەرچاوەن بۆ ئەحکام ویاساکانى ئاین وشەریعەتی ئیسلام، ونابێت کردەوەى ئەو تاکانەى کە خۆیان دەدەنە پاڵ ئیسلام وەکو سەرچاوە دابنرێن؛ بەڵکو تاکە سەرچاوە کە دەبێتە لێیەوە فێری ئەحکامەکانى ئاینی ئیسلام بین بریتیە لە وەحی خودا: قورئانی پیرۆز وسونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-.

29. وئاینی ئیسلام فەرمان دەکات بە چاکەکار بوون بەرامبەر دایک وباوک، ئەگەرچیش مسوڵمان نەبن، وئامۆژگاری کردووە بە پەروەردە کردن وئامۆژگاریکردنی منداڵان.

30. ئاینی ئیسلام فەرماندەکات بە دادپەروەر بوون لە وتە وکردەوەدا تەنانەت ئەگەر بەرامبەر دوژمنانیش بێت.

31. ئاینی ئیسلام فەرماندەکات بە چاکەکار بوون بەرامبەر بە هەموو بوونەوەرەکان، وبانگەشە دەکات بۆ ڕەوشت وکردەوە جوانەکان.

32. وئاینی ئیسلام فەرمان بە ڕەوشتە جوانەکان دەکات وەکو ڕاستگۆیی وپاراستنی سپاردە (ئەمانەت) وداوێن پاکی وشەرم کردن وئازایەتی وبەخشندەیی وبەخشین وڕێزلێنان ویارمەتیدانی خاوەن پێویستیەکان ویارمەتیدانى کەسانی لێقەوماو وتێرکردنی برسیەکان وچاکبوون بەرامبەر دراوسێ وگەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی ونەرم ونیانی بەرامبەر ئاژەڵەکان.

33. وئاینی ئیسلام شتە پاکەکانى حەڵاڵ کردووە لە خواردن وخواردنەوەکان وفەرمانى کردووە بە پاکژکردنەوەى دڵ ولاشە وماڵ، وهاوسەرگیری حەڵاڵکردووە، و بەهەمان شێوە فەرمانى بە پێغەمبەران کردووە -علیهم السلام-، بۆیە ئەوان تەنها فەرمانى شتی پاک بە خەڵکی دەکەن.

34. وئاینی ئیسلام ئەو تاوانانەى حەرامکرد کە بە بنچینەی حەرامکراوەکان دادەنرێت وەکو: شیرک وهاوبەشدانان بۆ خودا وکوفر وبێباوەڕی، وبت پەرستی، وقسەکردن بەناوى خوداوە بە بێ زانست، وکوشتنی منداڵەکان، وکوشتنی ئەو نەفسانەى کە کوشتنیان حەرامکراوە، وخراپەکاری نانەوە لەسەر زەویدا، وتاوان وخراپە ئاشکرا ونهێنیەکان وزینا کردن ونێربازی، ومامەڵکردن بە ڕیبا (سوو)، وخواردنی گۆشتی ئاژەڵی مردارەوە بوو (جگە لە ئاژەڵانی نێو دەریا وکولە)، وخواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵەی بۆ -لەبەر- بتەکان وگۆڕەکان سەربڕاوە، خواردنی گۆشتی بەراز، وهەموو شتە پیس وبۆگەنەکان، وخواردنی ماڵی هەتیوەکان بەناهەق، وفێڵکردن لە تەرازوو وکێشان، وپچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتی، وپێغەمبەران -علیهم السلام- کۆک ویەک دەنگن سەبارەت بە حەرامکردنی ئەم تاوانە حەرامکراوەکانە.

35. ئاینی ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی نەهی لە هەموو ڕەوشتێکی خراپ وناشیرین دەکات وەکو درۆ وفێڵ وستەم وخیانەت و(پیلانگێڕی شەڕ وخراپە) ودزی وستەم ودەستدرێژی وهەموو ڕەوشتێک چەوت وپیس وبۆگەنی تر.

36. ئاینی ئیسلام نەهی دەکات لەو مامەڵە داراییانەى کە ڕیبا (سوو)، یان غەرەرە -مەترسیە یان قوماراوییە، یان نەزانینی سەرەنجامە یان پارە یان کاتە-، یان ستەم، یان فێڵیان تێدایە، یان هۆکارە بۆ تووشبوون بە زیان وکارەساتی گشتی بۆ سەر کۆمەڵگا وگەل وتاکەکان.

37. یەکێک لە ئامانجەکانى شەریعەتی ئیسلام بریتیە لە پاراستنی ئەقڵ وحەرامکردن وقەدەغەکردنی هەرشتێک ببێتە هۆی تێکچوون ونەمانی ئەقڵ وهۆش وەکو مەی خواردنەوە (خواردنەوەى سەرخۆشکەرەکان)، ئیسلام ئاینی وەکو ڕۆشنکەرەوەى ڕێبازی ئەقڵ ناساندووە؛ بۆ ئەوەى مرۆڤ خودا بپەرستێت بە چاوڕۆشنی وزانستەوە، وشەریعەتی ئیسلام باسی ئەقڵ وهۆشی بە مەزن داناوە وهەبوونی ئەقڵ وهۆشی بە مەرج داناوە بۆ واجب بوونی ئەرکە شەرعییەکان (تەکلیفە شەرعییەکان)، وئەقڵی ئازاد کرد لە کۆت وزنجیری خوڕافیات وبت پەرستی، لە ئاینی ئیسلامدا هیچ نهێنی وحوکمێک نییە کە تایبەت بێت بە چینێکی دیاریکراو جیا لە چینەکانى تر، وهەموو حوکم وشەریعەت ویاساکانى ئاینی ئیسلام ئەقڵی سەلامەت وتەندروست قبوڵی دەکات ودانی پێدا دەنێت، چونکە ئەم حوکمانە ئەوپەڕی دادپەروەری وحیکمەتی تێدایە.

38. ئەگەر شوێنکەوتووانى ئاینە پوچەڵەکان درک نەکەن بەو دژیەکی وشتانەى کە لە ئاینە پوچەڵەکەدا هەیە کە ئەقڵی سەلامەت ڕەتی دەکاتەوە ئەوا پیاوانی ئاینەکە شوێنکەوتووان بەوە هەڵدەخەڵەتێنن کە ئاین لە سەرەوەى ئەقڵە وئەقڵ بۆی نییە لە ئاین تێبگات ودرکی پێبکات، بەڵام ئیسلام ئاینی وەکو ڕێگایەکی ڕۆشنا بۆ ئەقڵ داناوە کە بەهۆیەوە ئەقڵ ڕێگا ومەبەستی خۆی دەزانێت لەم ژیانەدا، وئاینە پوچەڵەکان دەیانەوێت مرۆڤ واز لە ئەقڵ بهێنێت وشوێنیان بکەوێت، وئاینی ئیسلام دەیەوێت مرۆڤ هۆشی بێتەوە وئەقڵی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەى هەقیقەت وڕاستیەکانى بۆ دەربکەوێت بەو شێوەیەی کە هەیە.

39. ئاینی ئیسلام زانستی ڕاست ودروست بە مەزن دادەنێت وهانی گەڕانی زانستی دەدات کە دوور بێت لە هەوا وئارەزوو، وبانگەشە دەکات بۆ تێڕوانین وبیرکردنەوە لە دەروون ولاشەی مرۆڤ وگەردوون وبوونەوەرەکان وئەو شتانەى لە دەوروپشتمان، ودەرەنجامە ڕاست ودروستەکانى زانست تووشی هیچ پێکدادانێک نابن لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا.

40. وخواى گەورە تەنها کردەوەکان (پەرستنەکان) لە ئەو کەسانە قبوڵ دەکات کە باوەڕیان بە خودا هێناوە وملکەچی فەرمانەکانى بوون وباوەڕیان بە پێغەمبەران هێناوە -علیهم السلام- وخواى گەورە تەنها ئەو کردەوانە (پەرستنانە) قبوڵ دەکات کە لە شەریعەتدا فەرمانی لەسەر داوە، بۆیە چۆن مرۆڤ کوفر وبێباوەڕ دەبێت بە خواى گەورە وهیوای ئەوەیە کە پاداشتی بداتەوە؟ وخواى گەورە ئیمان وباوەڕی هیچ کەسێک قبوڵ ناکات ئەگەر باوەڕی بە هەموو پێغەمبەران نەبێت -علیهم السلام- ودەبێـت باوەڕی بە کۆتا پێغەمبەریش بێت کە موحەمەدە -صلى اللە علیە وسلم-.

41. ئامانجی هەموو پەیامەکانى خودا بریتیە لەوەی: کە ئاینی هەقی خودا مرۆڤ بەرز وبڵند وباڵا بکات کە مرۆڤ تەنها بەندەیەکی دڵسۆزی پەروەردگاری هەموو بوونەوەرەکان بێت وئەم ئاینە مرۆڤ ڕزگار دەکات لە کۆیلایەتی وبەندایەتی کردن بۆ مرۆڤەکان وبۆ ماددە وبۆ خوڕافەت، ئاینی ئیسلام -هەروەکو دەیبینین- بانگەشەی ئەوە ناکات کە مرۆڤەکان بێگەردن ودوورن لە کەموکورتی ولە ئەوپەڕی کامڵیدان ومرۆڤەکان بەرز ناکاتەوە بۆ سەرەوەى پلەوپایەی خۆیان بەشێوەیەک کە پەرستراو وپەروەردگار وخودا.

42. خواى گەورە لە شەریعەتەکەیدا ڕێگەی داوە بە تەوبە کردن: کە ئەمیش بریتیە لە گەڕانەوەى مرۆڤ بۆ لای پەروەردگار و وازهێنان لە تاوان وگوناهەکان، ومسوڵمان بوون وپەیڕەو کردنی ئاینی ئیسلام هۆکارە بۆ لێخۆشبوون لە هەموو تاوان وگوناهەکانى پێشوو، وهەروەها تەوبە کردن هۆکارە بۆ لێخۆشبوون لە هەموو تاوان وگوناهەکانى پێشوو، بۆیە پێویست ناکات تاوان وگوناهەکانى لای هیچ یەکێک لە مرۆڤەکان باس بکات ودانی پێدا بنێت لە لای ئەوان.

43. لە ئاینی ئیسلامدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ وخودا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە، بۆیە مرۆڤ پێویستی بە هیچ ناوەندێک -واستەیەک- نییە بۆ پاڕانەوە وداواکردن وپەرستنی خودا، ئاینی ئیسلام قەدەغەی دەکات کە مرۆڤ بکرێتە خودا یان هاوبەش وشەریکی خودا لە پەروەردگارێتی وپەرستنیدا (ئولوهیەتدا : خودایەتیدا).

44. لە کۆتایی ئەم پەیامەدا ئەوە بە بیری خەڵکی دەهێنینەوە کە خەڵکی سەرەڕای جیاوازى سەردەم وگەل وشوێنی نیشتەجێبوونیان بەڵکو هەموو کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی جیاوازە لە بۆچوون ومەبەستەکانى وجیاوازە لە ژینگە وکردەوەکانی بۆیە پێویستە کە هیدایەتێک هەبێت ئاراستەی بکات وڕێکخستەیەک هەبێت کۆیان بکاتەوە ودەسەڵاتدارێک هەبێت بیانپارێزێت، بۆیە پێغەمبەران -عليهم الصلاة والسلام- ئەمەیان جێبەجێ دەکرد بە وەحی خودا -سبحانه وتعالى- وخەڵکیان هیدایەت دەدات بۆ ڕێگای خێر وڕێنموێنی وخەڵکییان کۆ دەکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی شەریعەتی خودا ولە نێوانیاندا بە هەق حوکم وفەرمانڕەواییان دەکرد ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو حاڵ وگوزەرانیان باش بێت بە پێی وەڵامدانەوەیان بۆ بانگەوازى پێغەمبەران ونزیکیان لە سەردەمی ناردنی پەیامەکانى خودا، وخواى گەورە پەیامەکانى کۆتایی پێهێنا بە کۆتا پەیامی پێغەمبەر موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- ومانەوەى بۆ نووسی وکردیە بە هۆکاری هیدایەتدان وڕەحمەت ونور وڕۆشنایی وڕێنموێنی کردن بۆ سەر ئەو ڕێبازەى کە مرۆڤ نزیک دەکاتەوە لە خودا.

45. بۆیە ئەی مرۆڤ بانگت دەکەم بۆ ئەوەى خۆی یەکلایی بکەیتەوە لە پێناو خواى گەورە بە ڕاستگۆییەوە وخۆت بە دوور بگریت لە لاسایی کردنەوە وخوو ونەریت، وبزانیت لە پاش مردنت بۆ لای پەروەردگارت دەگەڕێیتەوە، وسەیری نەفس ولاشەی خۆت بکەیت وسەیری گەردوون بکەیت، ئەگەر مسوڵمان بیت ژیانت خۆش دەبێت پێش خۆشی نەبڕاوەى ڕۆژی دوایی، وئەگەر ویستت ببیت بە مسوڵمان ئەوا تەنها لە دڵەوە وبە زمانیش ئەم شاهێدیە بدەیت: (أشهد أن لا إله إلا الله وأشهد أن محمداً رسول الله) واتە: (شاهێدی دەدەم ودانیپێدا دەنێم کە هیچ پەرستراوێک هەق وڕاست نییە کە شایەنی پەرستن بێت جگە لە الله ، وشاهێدی دەدەم ودانیپێدا دەنێم کە موحەمەد نێردراو وپێغەمبەری خودایە)، ودەبێت بێباوەڕ بیت بە پەرستنی هەرشتێک یان کەسێک جگە لە خواى گەورە، وباوەڕت بەوە هەبێت کە خواى گەورە لە پاش مردنمان هەمووی زیندوو دەکاتەوە لە نێو گۆڕەکانەوە ولێپرسینەوە وپاداشت وسزا هەق وڕاستیە، ئەگەر ئەم شاهێدیە بدەیت ئەوا تۆ مسوڵمانیت، ولە پاش ئەمە دەبێت خودا بپەرستیت بەو شێوەیەی لە شەریعەتی ئیسلامدا هاتووە لە گرنگترین پەرستنەکانیش کە پایەی ئیسلامن: نوێژ کردن، ڕۆژوو گرتن، زەکاتدان، وحەجکردن بۆ ماڵی خودا ئەگەر لە تواناتدا هەبوو.

مێژووی چاپ: 19-11-1441

نوسینی: مامۆستا دکتۆر/ محمد عبدالله السحيم

مامۆستای عەقیدە (بیروباوەڕ) لە بەشی خوێندنەوە ئیسلامیەکان (لە پێشوودا)

کۆلێژی پەروەردە، زانکۆی (الملك سعود)

ریاز، شانشینی عەرەبستانی سعودیە

‫ئیسلام

‫پەیامێکی پوخت سەبارەت بە ئاینی ئیسلام بەو شێوەیەی لە قورئان وسونەتدا هاتووە