پاداشتی خوێندنی سورەتی الملك
پۆڵێنهكان
سەرچاوەکان
Full Description
الحمد لله حمدا يبلغ رضاه، وصلى الله على أشرف من اجتباه، وعلى من صاحبه ووالاه، وسلم تسليما لا يدرك منتهاه.
قورئان هەمووی وتەی خوای پەروەردگارە و لە ڕێگەی جبریلەوە – علیە السلام – ناردوویەتیە خوارەوە بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم )، بۆ ئەوەی خەڵكی لە:
گومڕاییەكانی كوفر و شیرك و ستەمەوە دەربكات بۆ ڕووناكیەكانی یەكخواپەرستی و باوەڕ و دادپەروەری.
خەڵكی لە بەندایەتی بەندەكان ڕزگاربكات بۆ بەندایەتیكردن بۆ خوای بەندەكان.
خەڵكی لە ڕەوشت نزمی و خراپەكاری دەربكات بۆ ڕەوشت بەرزی و چاكەكاری.
ئەم قورئانە پیرۆز و پڕ بەرەكەتە هەر سورەت و ئایەتێكی بخوێنیتەوە خێر و پاداشتی گەورەت دەست دەكەوێت بەڵام هەندێك سورەتی تێدایە تایبەتمەندی زیاتری هەیە و خوێنەرەكەی پاداشتی زیاتری دەست دەكەوێت، یەكێك لەو سورەتانەش سورەتی مولكە.
[سورەتی مولك باسی چی دەكات؟]
باسی چەندین بابەتی گەورە دەكات هەندێك لەوانە:
1. دەسەڵاتی خوا سبحانە لەوەی كە موڵكی بە دەستە و مردن و ژیانی بۆ تاقیكردنەوە دروست كردووە، و ئاسمانەكانی بەڕێك و پێكی بەدیهێناوە.
2. باسی سزای بێباوەڕان دەكات كە دەخرێنە ناو دۆزەخەوە لەكاتێكدا كە دۆزەخ ناڵەو قیژەی لێوە دێت، و لە ڕق و قینی بێباوەڕان و تاوانباراندا خەریكە پارچە پارچە ببێت، ئەوسا لەو بارە ناڕەحەتەدا دۆزەخیەكان دان بە تاوانەكانی خۆیاندا دەنێن و پەشیمانی دەكێشن و دەڵێن: ئەگەر گوێمان بگرتبایە و ژیریمان بە كاربهێنایە ئەوا لە جێنیشانی دۆزەخ نەدەبووین بەڵام پەشیمان بوونەوە لە كاتی خۆیدا نەبێت سوودی چیە ؟ هیچ...
3. باسی پاداشتی ئەو كەسانە دەكات كە لە پەنهانیدا و لەكاتێك دا چاوی خەڵكیان لەسەر نیە لە خوا دەترسن و خۆیان لە تاوان بە دوور دەگرن، لێخۆشبوون و پاداشتی زۆر گەورە چاوەڕوانیان دەكات كە بریتیە لە بەهەشتێك پانتاییەكەی ئەوەندەی پانتایی ئاسمانەكان و زەوییە و ئەوەی نەفس حەزی لێبكات و چاو پێی ئۆقرە بگرێت تێیدایە و بەهەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە.
[پاداشتی خوێندنی سورەتی مولك]
1. پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم ) فەرموویەتی:
«سورة من القرآن ثلاثون آية تشفع لصاحبها حتى تغفر له (تبارك الذي بيده الملك) » . ]صحيح الجامع: رقم 2027].
واتە: سورەتێك هەیە لە قورئاندا سی ئایەتە شەفاعەت و تكا بۆ خاوەنەكەی دەكات تاوەكو خوا سبحانە لێی خۆش دەبێت ئەم سورەتەش بریتیە لە (تبارك الذي بيده الملك).
2. (ابن مسعود) خوای لێ ڕازی بێت فەرموویەتی:
(هي المانعة بإذن الله – عزوجل - من عذاب القبر) ]إسناده حسن / السلسلة الصحيحة: رقم 1140].
واتە: ئەم سورەتە ڕێگرە لە سزای گۆڕ.
3. (جابر)ی كوڕی (عبدالله) دەفەرموێت: (كان رسول الله لا ينام حتى يقرأ (ألم تنزيل) السجدة، و (تبارك الذي بيده الملك) ]صححه الألباني في السلسلة الصحيحة: رقم 585].
واتە: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) نەدەخەوت تاوەكو ئەم سورەتەی نەخوێندایە (السجدة) و (الملك).
ئایا لە دوای بیستنی ئەم فەرموودانە دڵت داوای خوێندنی ئەو سورەتەت لێدەكات ؟
ئەگەر (بەڵێ) ئەوە نیشانەی زیندوویەتیەتی و بەقسەی بكە و شەوان پێش خەوتنت بیخوێنە بۆ ئەوەی لە سزای گۆڕ ڕزگارت ببێت و شەفاعەتت بۆ بكات.
ئەگەر (نەخێر) ئەوە نیشانەی نەخۆشیەتی بۆیە هەستە بە چارەسەركردنی پێش ئەوەی بمرێت.
والحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله